مێژوو

کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستان

سەرەتاى بیرۆکەى دامەزراندنى (کۆمەڵەى مارکسى لینینى کوردستان ) دەگەرێتەوە بۆ سردەمى جیابوونەوەى باڵى موکتەبى سیاسى / پدک ، بە تایبەتى بۆ کەسایەتى مام جەلال کە ئەو کات ئایدۆلۆژیاى ماوێزم پرەنسیپەکانى سۆسیالیزمى چین کارى تێکردبوون ،مام جلال پێی وابوو ئەو ڕێبازە گونجاوترە لەگەڵ بارودۆخى باشورى کوردستان و باشترە لە ئەزموونى سۆفیەت کە زێتر پشت بە چینى کرێکار دەبەستێ ، چونکە بەلاى ئەوەوە کۆمەڵى کوردەوارى سروشتێکى جوتیارانەى هەیە و زیاتر لە کۆمەڵگەى چینى دەچێت . مام جەلال زیاتر کاریگەرى بیرو باوەڕەکانى ( کورش لاشائی ) بەسەرەوە بوو ، پێی وابوو پێویستە کار بۆ ئەوە بکرێت کە شانەو ئەڵقەى مارکسى دروست بکرێت و وردە وردە زەمینە خۆش بکات بۆ هاتنە کایەى حزبێکى شۆرشگێڕ و جەماوەرى بە توانا ئەمەش لە دوو لاوە بە دەستدێ .
1 _ بوونى مینبەرێکى ڕاگەیاندن کە بیرو باوەڕەکە لە ناو جەماوەردا بڵاو بکاتەوە ڕێگە خۆش بکات بۆ حزبە شۆڕشگێڕەکە .
2 _ شانەى ڕێکخستنى نهێنى دروست بکرێت بۆ ڕۆشنبیرکردنى کادیران و لەسەر بەرنامەى ئەو بابەتانەى مینبەرە ڕاگەیاندنەکە بڵاوى دەکاتەوە پەروەردە بکرێن .
سەرەتا مام جلال بۆ جێبەجێ کردنى ئەم بۆ چوونە لە کارى سیاسی و ڕێکخستن دا چەند ڕۆشنبیرێکى هەڵبژارد لەوانەى کە لایەنگر یا ئەندامى ( باڵى مەکتەبى سیاسی /پدک ) بوون و ئەڵقەى مارکسى لێ پێک هێنان بۆ کۆبوونەوەى ڕۆشنبیران لە دەوروبەریان . گرنگترین ئەو کەسانەى کە ئەو سەردەمە ڕۆلیان بینى ( نەوشیروان مستەفا ، شازاد ێائیب ، مەحمودى ملاعزەت ، رفعت ملا محمود عبدالرحمن ) بوون . ئەوانەش بە نهێنى لە ناو ( باڵى مەکتەبى سیاسی /پدک ) دا کایان دەکرد و وردە وردە شانەى نهێنییان دروست دەکرد ،بەڵام لە بەدەستهێنانى لایەنى دووەمدا لە ساڵى 1969 دا گۆڤارى ( ڕزگارى ) یان دەرکرد ، ڕزگارى ئەو مینبەرە بوو کە جەماوەرى کوردى بە بیرۆکەى مارکسى ئاڕاستە کرد .
دواى ئەوەى بەیانى ئازارى 1970 ڕاگەیەندرا و هەردوو باڵى ( پدک ) تێکەڵکرانەوە ، هەر ئەو دەمە مام جلال پێی وابوو پێویستە ڕیکخستنێکى مارکسى نهێنى بێتە کایەوە .بۆ ئەم مەبەستە لە ساڵى 1970 دا لە بەغدا چەند کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا ،لە کۆتایی کۆبونەوەکاندا لە 10 / 6 / 1970 دا بڕیارى دروستکردنى ( کۆمەڵەى مارکسى لینینى کوردستان )یان داو ئەمەش ئەلتەر ناتیڤى ( حزبى شیوعى کوردستان بوو ) بوو ، پێڕەوى ناوخۆ و بەرنامەى کارکردنى ڕێکخستنەکان مام جلال نووسى کە بـــــــە ( کوردایەتى ) ناسراوە . کۆمەڵەى مارکسى لینینى کوردستان سەرەتا بە شێوەى تەیارێکى فکرى لە ئارادا بوو ، یەکەمین دەست پێشکەرى بۆ ئەم کارە بە سەرپەرشتى مام جلال و بەشدارى کردنى ( شیهابى شێخ نورى ، فازلى مەلا محمود و فەرەیدون عبدالقادر ) ئەنجامدراو وردە وردە پەرەى سەند . ئەم ڕێکخراوە بە ڕەنگدانەوەیەکى تێرو پڕى بیرو باوەڕى ( ماوتسی تۆنگ ) تێزەکانى جەنگى گەلی یەوە هاتە مەیدانى تێکۆشانەوە . کۆمەڵە زوو بەناو زۆربەى خوێندکاران و لاوانى بەغدا و سلیمانى و هەلێر و کەرکوک و خانەقین دا تەنییەوە و پاش ماوەیەکى کەم جەماوەرێکى باشى پەیدا کرد کە ئەندامەکانى وەک کادر پەروەردە ئەکرد. بە تایبەتى ئەو سەردەمە ، قۆناغێک بوو کە سەرجەمى بزوتنەوە چەپڕەوەکان و گەلانى ژێردەستە دوواڕۆژى چارەنوسى خۆیان لەبەرەى سیۆسیالیزمدا دەدرێتەوە کە مخابن لە ئەنجامدا خەباتى گەلانى ژێر دەستە و چەپڕەوەکان بوونە قوربانى بەرژەوەندییەکانى ئەو بەرەیە .
بە درێژایی ئەو ماوەیە ( 1970 _ 1975 ) مام جلال سکرتێرى کۆمەڵەکە بوو ، گەرچى لە ڕووى فکرى و نووسینەوە کاریگەرى زۆرى هەبوو ، بەڵام بە هۆى هەلو مەرجى ئەو کاتانەوە لە ڕێکخستنەکانى کۆمەڵەوە دوور بوو ، زۆربەى کات لە هاندەرانەوە ئامۆژگارى ئەکرد و نوسینى خۆى بە پەروەردەکردنى ڕێزەکانى کۆمەڵە ئەنارد ، ناوەندى کۆمەڵ و ( شیهابى شێخ نورى ) لە نزیکەوە کارە ڕێکخراوەییەکانیان ئەنجام ئەدا .
ئەندامەکانى سەرکردایەتى کۆمەڵە لە ساڵى 1970 دا لەمانە پێکهاتبوون : 
شیهابى شێخ نورى _ سکرتێرى کۆمیتەى سەرکردایەتى ( لە ناوەوەى وڵات ) 
محمد میرزا سعید عباس _ لێپرسراوى لێژنەى بەغدا .
جعفر عبدالواحید _ لێپرسراوى لێژنەى هەولێر .
فەرەیدون عبدالقادر _ لێپرسراوى لێژنەى کەرکوک .
کۆمەڵە سودى لەو کەشە حەماسیە وەرگرت کە لە دواى بەیانامەى ئازارى 1970 هاتبووە کایەوە ، لاوانیش ئەو کاتە سودیان لەو ئاڕاستەیە فکرییە بینى کە لە ناوچەکەدا وەک ئاڕاستەیەکى مارکسى _ نەتەوەیى باوى هەبوو لە شەستەکان و حەفتاکاندا . وە زۆر بەى ئەوانەى پەیوەندییان بە کۆمەڵەوە دەکرد ، خوینکاران و کرێکاران بوو .
کارکردنى ڕێکخراوەیى کۆمەڵە لەم قۆناغەدا ، لە چاو ئەوە دا کە دەیان هەزار کەس بەشدار بوون لە جوڵانەوەى شۆڕشگێڕاندا زۆر کەم بوون ، بەڵام لە چاو هەلو مەرجى ئەوساى کوردستاندا کە ( بیرو باوەڕى ڕاستڕەو زاڵ بوو بەسەر بیرو بۆچونى خەڵکى و دام و دەزگاى پارتى و پاراستن دەستى گرتبو بەسەر کوردستاندا ) زۆر باش بوو .
ئەندامانى کۆڵە لەم قۆناغەدا بەو پەڕى ژیرى و هۆشیاریەوە کاریان دەکرد ، بە جۆرێکى ئەوتۆ کە ناحەزو دوژمنەکانى کۆمەلە نەیانتوانى سەرەداوێکى ڕێکخستنەکەى بدۆزنەوە ، هەرچەندە جار و بار هەستیان بە بوونى ڕێکخراوێک دەکرد ، بەڵام هیچ بەڵگەیەکیان لەو بارەیەوە نەکەوتە دەست .
لەم قۆناغە دا کۆمەڵە دەیان ئەدامى پەیدا کرد و پێی گەیاندن ، رێکخستنى لە زۆربەى شارە گەورەکانى کوردستان و بەغداد دا دامەزراندبوو . تەنانەت لە ناو هەندێ لە ڕێکخراوە دیموکراتیەکاندا وەها جێگەى خۆى کردبووەوە کە لە هەڵبژاردنى ئازاددا ئەندامەکانى کۆمەڵە دەرئەچون و ئیشیان ئەگرتە دەست ، بە تایبەتى لە ( یەکێتى قوتابیانى کوردستان ) و لە ( یەکێتى لاوان ) دا . هەرچەندە کەسانى ڕاستڕەوى ناو پارتى و پاراستن بە توندى ئەچونەوە بە گژیاندا .
لە دەست پێکردنەوەى شەڕى کوردو حکومەتى عێراق لە ( 1974 _ 1975 ) دا ، کۆمەڵەش کادرەکانى خۆى ناردە ناو شۆرش و نەیتوانى لە ڕوداوەکانى کوردستان خۆى داببڕێت و بەشدارى جوڵانەوەکەى کرد .ئاوات عبدالغفور لەم بارەیەوە دەڵێت " هەرچەند بزوتنەوەى ئەو کات ( 1974 ) لە ڕووى فکرىیەوە ، زۆر جیاوازبوو لە فیکرى کۆمەڵە ، بگرە پێچەوانەشى بووین خۆمان بە ئەلتەر ناتیڤیش ئەزانى ڕۆژێک لە ڕۆژان خەبات بکەین بۆ ئەوەى سەرکردایەتى شۆرش بگرینە دەست . بەڵام لەبەر ئەوى شەڕ لە لایەن بەعسەوە ناڕەوایە و لە بەرامبەردا سەرکردایەتى بارزانیش ڕەوایە و بەرگرى یە لە کوردستان . کۆمەڵە داواى لە هەموو ئەندام و پاڵیوراو و دۆستەکانى کرد کە بەشدارى ئەو بزوتنەوەیە بکەن و لە ڕێزى پێشەوەش بن . بەم پێ یە ئێمە لەڕێزى پێشەوەى شۆرش بووین و لە شەڕێشدا دەیان ئەندامى چاڵاکى کۆمەڵەمان شەهید بوون ، هەر بۆردومانى قەڵادزێ و بەرەکانى شەڕ و بەرگرى کە بە پێ ى ئامارى ئەو کاتەمان دەگەنە ( 40 ) شەهید " . لە نامەیەکى مام جلال دا کە سەرەتاى ئازارى 1975 بۆ سەرکردایەتى کۆمەڵەى ناردبوو " داواى خەباتێکى بارتیزانى درێژخایەنى لێ کردبوون و بیرۆکەى دامەزراندنى ڕیکخراوێکى نیشتمانى فراوانیشى بۆ خستبونە بەر باس و لێکۆڵینەوە . ئەم مەسەلەیەش بەلاى سەرکردایەتى کۆمەڵەوە پێشنیازێکى باش بوو کە بەگەرمى پێشوازى لێکرا چونکە هەل و مەرجەکە زۆر لە بار بوو بۆ باس کردن و ئەنجامدانى کارێکى لەم جۆرە .
بۆ ئەنجامدانى ئەم کارە ، ( شیهاب شێخ نورى ) و هەڤاڵانى ترى پەیوەنییان بە (فەتاح ئاغا ) وە کردو داواى هاوکارى و پشتیوانیان لێکرد ، بەڵام وەڵامى (فەتاح ئاغا ) ئەوە بوو کە " بێ ڕەزامەندى سەرۆک بارزانى ناتوانێت ئەو کارە بەئەنجام بدات " . هەروەها هەر بۆ ئەم مەبەستەسەرکردایەتى کۆمەڵە پەیوەندییان بە ( عەلى عەسکەری )شەوە کرد تا قسە لەگەڵ بـــــارزانی دا بکات ، و لــــەگەڵ ئیبراهیم ئەحمەد یش گفتوگۆ کرا تا هەوڵ بدرێت بەرگرى بکرێت و سەنگەرى خەبات چۆڵ نەکرێت ، بەڵام بێ سوود بوو . پاش ئاشکرا بووون و سوربوونى سەرکردایەتى ( پدک ) لەسەر قبوڵ کردنى واقعى هەرەسهێنان و ئاشبەتاڵ کردن ، سەرکردایەتى کۆمەڵە بێ ئومێد بوون ، بۆ باسکردنى هەلو مەرجى پڕ لە مەترسى تازەى جوڵانەوەى کورد ، بۆ بیرکردنەوە لە باشترین شێوە و کاتى درێژەدان بە بەرگرى ، بۆ دانانى رێ و شوێنى تاکتیکى دروست بڕیارى کۆبوونەوەیەکى فراوانى کادرەکانیان دا . بۆ ئەم مەبەستە هەموویان چوونە گوندى ( کێلو ) لە ڕۆژ ئاواى پێنجوێن . ماوەى دوو ڕۆژ کۆبوونەوە بە مەبەستى ڕێکخستنى کارى ئایندە ، دواى ڕاوێژێکى زۆر بڕیاریاندا هەموویان بگەڕێنەوە عێراق و ڕێگا نەدەن ئەندام و لایەنگرانى کۆمەڵە بچنە ئێران ، چونکە مەیدانى خەبات تەنها سەر گۆڕەپانى نیشتمان و ناو میللەتە چونە ئێران و ئەوروپا دابڕانە لە جەماوەر و خۆ دزینەوەیە لە خەبات . لە دواى ئەم کۆبوونەوەیە ، کادرانى کۆمەڵە دەستیان کرد بە کۆکردنەوەى چەک و شاردنەوەیان ، داوا لە هەموو ئەندامان کرا کە هەرچى دەزگاى چاپ و چەکیان بۆ پەیدا ئەکرێ لەشوێنی ئەمین بیشارنەوە .
لە نێوان 27/3__ 5/4/ 1975 دا زۆربەى کادرو ڕێکخستنەکانى کۆمەڵ لە شاخ گەڕانەوە بۆ شارەکان . سەر لە نوێ ڕێکخستنەکان لەگەڵ هەلومەرجى نوێ دا داڕێژرانەوە ، حسابى پاراستنى نهێنیەکان ، پاراستنى کۆمەڵە لە یەکترو ناسینى ماوەى ڕبردووى لە شاخ و لە یەک جیاکردنەوەى ئەو ڕێکخستنانەى کە ئەبوو لە هەڵگیرسانەوەى شوڕشدا لە شارەکاندا کار بکەن لە وانەى کە نیاز بوو بۆ کارى هەڵسانەوەى جوڵانەوەى چەکدار و بۆ مەفرەزە سەرەتایەکان و گەشەپێدانیان سودیان ئەبێ ، هەردووکیان لەیەک جیا بکرینەوە .
کۆمەڵە لەو بارو دۆخە سەخت و دژوارەى دواى هەرەس سورتر بوو لەسەر بەگژا چوون و بەرگرى کردن لە شاڵاوى نا مرۆڤانەى ڕژێمى عێراق ، دەستى کرد بە خۆئامادەکردن و نەخشەکێشان بۆ هەڵگیرساندنى ئاگرى شۆڕش . سەربارى کەم ئەزموونى ، کۆمەڵە بارو دۆخى هەڵسەنگاند وپەرەى بە خەبات دا. زیاتر کەوتە چالاکى نواندن و خۆى لەبەرگرى کوردستان دوور نە خستەوە ، هەر لەسەر پێشنیازى شیهاب شیخ نوورى سەرکردایەتى کۆمەڵە لە هەمان کاتدا بڕیارى دا نەخشەى هەڵگیرساندنەوەى شۆڕش دەست پێ بکاتەوە و لە هەمان کاتدا :پڕۆژەکەى ( مام جلال ) سەبارەت بە دامەزراندنى ڕِِِِِیکخراوێکى نیشتمانى فراوان قسەى لێ بکرێت و کارى پێ بکەن . مەفرەزەکان دیار بکرێن بۆ ئەو ناوچانەى کە لە توانادایە ، بۆ ئەم مەبەستە پێشنیاز کرا کە (عەلى بچکۆل ، عبدالرزاق سێگردکانى ، بێستون ، غەریب سەعید ، عەلى ساڵح . حەمید پۆلیس و عەلى مغاویر ) بۆ ناوچەکانى قەڵا سێوکەو بەرى کۆیەو ( فەیسەڵ تاڵەبانى ) بۆ بەرى قەراغ و قسەش لەگەڵ (تاهیر عەلى والى بەگ ) بکرێ بۆ شەمێران و ڕێکخراوى هەڵەبجەش مەفرەزەى هەورامان و سلێمانی و هى شارباژێر دیارى بکەن . لە هەمان کاتدا سەرکردایەتى کۆمەڵە ( فەرەیدون عبدالقادر )ى ڕاسپارد کە سەفەرى دەرەوە بکات ، بەمەبەستى پەیوەندى کردن لەگەڵ مام جلالدا کە پێشتریش ( شازاد ێایب ) سەردانى کرد بوو بیروڕاکانى ناوەوەى بۆ بردبوون و بیروڕاى دەرەوەشى بۆ ناوەوە هێنابوەوە .
لە تەموزى 1975 ( فەرەیدون عبدالقار ) سەفەرى کرد و ڕۆژى 14 / 8 / 1975 لە بەرلینى ڕۆژ ئاوا دا چاەى بە مام جلال دەکەوێت و نامەى سەرکردایەتى کۆمەڵەى پێ دەگەیەنێ و بیرو ڕاکانى سەرکردایەتى کۆمەڵە لە مەڕ دامەزراندن و پێکهاتەى ( ى . ن . ک ) و دەستکردنەوەى بە خەباتى چەکدارانە بۆ مام جلال باس دەکات . هەر دوو لایەن لە کێشەو گیروگرفتەکانى ناوەوە دەدوێن ، مام جلال داواى باسکردنى بیروڕاو ئامۆژگارى خۆى لەسەر چۆنیەتى دەستپێکردن و پەرەپێدانى مەفرەزەکان و گەشەکردنیان ڕاى خۆى بەم جۆرە دەربڕى :-
• کۆمەڵە بەنهێنى داینەمۆى ( ى . ن . ک ) ئەبێ و کار تێ ئەکا .
• سەرکردایەتى ( ی . ن . ک ) لە ناوەوەى وڵات لە ( على عسکرى ، عمر دەبابە ، شازاد ێائب ، رسول مامەند و ناوەندى کۆمەڵە ) پێک بێت .
پەیوەندى بکرێ بە کادیرە سەربازەکان و فەرماندەکانى پێشمەرگەى پێشووەوە ، بە مەبەستى دەست پێکردنەوەى خەباتى چەکدارانەى دژ بە رچێمى بەعس ڕێک بخرێن .
بەهیچ شێوەیەک کوردستانى عێراق جێ نەهێڵن تەنها لە کاتى زۆر زەرور و ناچارى دانەبێَ .
بەڵام دواى ئەوەى ( فەرەیدون عبدالقادر ) دەگەرێتەوە عێراق بۆ لاى هاوەڵانى ، شاڵاوى دەسگیرکردنى سەرکردایەتى و رێکخستنەکانى کۆمەڵە دەستى پێ کردبوو ، بڕیارى گرتنى هەموو سەرکردایەتى کۆمەڵەش دەرچوبوو ، ( فەرەیدون عبدالقادر ) بەهۆى شێخ سالارى حەفیدەوە ، هەواڵ بۆ ( عــــلى عســکرى ) دەنێرێ . و ( جعفر عبـــدالواحــید )یـش ڕادەسپێرێ کە قسە لـەگــەڵ ( د . خالد سعید ) بکات سەبارەت بە ( ى . ن . ک ) . بەڵام هەلومەرجی ڕاونان و گرتنى ئەندامانى کۆمەڵە و سەرکردایەتیەکەى بوارى ئەوەى نەدا ئیشەکان جێ بەجێ بکرێ .
لە ئەیلولى 1975 ڕێکخستنەکانى کۆمەڵە ئاشکرا بوون ، بەهۆى ڕێکخراوى بزەتنەوەى سۆسیالیستى عەرەبى یەوە ( الحرکە الاشتراکیە العربیە ) کە پەیوەندى توندو تۆڵى لەگەڵ ( ى . ن . ک )دا هەبوو ، یەکێ لە ئەندامەکانى ئەم ڕێکخراوە لە لایەن حکومەتى عێراقەوە دەگیرێ و ئیعتراف لەسەر ڕێکخستنەکانى کۆمەڵە دەکات . سەرەتا ( ئەنوەر زۆراب ) دەسگیردەکرێ و لە ماڵەکەى دا دەمانچەیەک و چەندین بەیان و بەڵگەنامە و ناوى هەندێ لە هاوڕێکانیشى دەکەوێتە دەست بەعس .ئیتر لەمەوە ڕژێمى بەعس شاڵاوێکى گرتن و راونانى دەست پێ کرد لە شارەکانى کوردستان و بەغدا . لە شارى بەغدا " ئەنوەر زۆراب ، جەبار فەرمان ، سەعدون فەیلى ، دارۆى شێخ نورى ، ئەنوەر حەسەن ، خدر سەوز ، محمد میرزا سعید و سەلام برزۆ " دەستگیر کران . لە شارى سلیمانیش " ئاسۆى شیخ نورى ، عـــلى بچکۆڵ ، عوسمان نانەوا ، مامۆستا حسێن ڕەزا ، کەمال على ، فاروق احمد ، د . جمیل ، کاکە حەمەى عەتیە ، نورالدین فتاح ، جەمیل و على مراد " دەسگیرکران ، کە ئەم شاڵاوە دەست پێ دەکات ، هەڤاڵانى تر بەنیازى خۆ دەربازکردن لەو شاڵاوى گرتنەى ڕژێم دەستى پێکردبوو ڕۆژى 23 / 9 / 1975 بەرەو ئێران دەکەونە رێ ، تا لەوێشەوە بەرەو سوریا بڕۆن کە پێک هاتبوون لە ( شیهاب شێــخ نـورى ، جعفر واحــید ، فریدون عبدالقادر ، عمرى سید على ، عەلى بچکۆڵ ) بەڵام ئەمانە لە ئێران ئاشکرا دەبن و دەگیرێن ، هەروەها دەوڵەتى ئێران لە تشرینى دووەمى هەمان ساڵدا دووکەسى ترى لە سەرکردەکانى کۆمەڵە گرتبوو کە ( ئەرسەلان بایز و ئاوات عبدالغفور) بوون . ئێران بە پێ ى ڕێککەوتنى جەزائیر کە لەگەلڕ عێراقدا ئیمزاى کردبوو ، لە ڕۆژى 1/ 1 / 1976 هەموو ئەو کەسانەى تەسلیم بە دەوڵەتى عێراق کردەوە ، دەوڵەتى عێراقیش لە دادگایەکى ڕوکەشدا لە ( 11 / 7 / 1976 ) بڕیارى لە سێ دارە دانى سێ سەرکردەى کۆمەڵەى دا کە بریتى بوون لە ( شیهاب شێخ نورى ، جعفر عبدالواحید و ئەنوەر زۆراب ) . هەڤاڵانى تریش هەریەکەیان بە ( 6 ) سالڕ زیندانى حوکم دران . دەسگیرکردنى سەرکردایەتى کۆمەڵە لە لایەن ڕژێمى بەعسەوە بە کارەساتێکى گەورە دەژمێردرێت لە مێژووى کۆمەڵەدا . بە تایبەتى لەو کات و ساتە ناسکەدا کە چارەنووسى کورد نا دیار بوو . چونکە تا ڕادەیەک بوو بە هۆى پچڕان و لەبەر یەک ترازاندنى ڕیزەکانى ڕێکخستن بۆ ماوەیەکى دیارى کراو . لە ئەنجامدا ڕیزەکانى ڕێکخستن پەشێوییەکى زۆریان تێ کەوت و کۆمیتەکان لە یەک دابڕان و بەشێکى ئەندامان لە یەکترى بزر بوون .
لەم بارودۆخە سامناکەدا ، بۆ هەڵسانەوەى ڕێکخراوەکەو ئاسایى کردنەوەى بارو دۆخى ڕێکخستنەکانى کۆمەڵە ، شاسوار جەلال ( ئارام ) کە نە ئەندامى سەرکردایەتى کۆمەڵە بوو ، وە نە لەلاى سەرکردایەتیەوە ڕاسپێردرابوو ، چووە مەیدانى خەباتەوەو دەست پێشخەریەکى گرنگ و کاریگەرى کرد ، ئەوەى کە سەرکردایەتى کۆمەڵە بە ڕێکخراوێکى ڕێک و پێک ئەبوو ئەنجامى بدایە ئەم بە ڕێکخراوێکى لێدراوو لەت و پەت کەوتە جێ بەجێ کردنى . تەقەلاکانى ئارام بە کۆمیتەو ڕێکخراو و شانەکانى کۆمەڵەوە بەردەوام بوو ، ئەوەندەى بۆى دۆزرانەوەو بۆى بەیەکەوە گرێ درانەوە کۆى کردنەوەو ڕێکى خستن و ئەو سەردەمە هەر .. شارێکى گەورە لیژنەیەکى هەبوو بە ناوى کۆمیتەى هەرێمەوە ، لە نوێنەرایەتى هەر کۆمیتەیەک لیژنەیەک پێکهێنرا بە ناوى کۆمیتەى هەرێمەکانەوە . ئەم کۆمیتەیەش لەمانە پێکهاتبوو :- 
1- شاسوار جەلال ( ئارام )
2- نجم الدین عزیز ( سالار )
3- ئازاد هەورامى ( عادل ) 
4- حکمەت محمد کریم ( مەلا بەختیار ) 
5- عبد الرزاق محمد سێگردکانى 
ئەم کۆمیتەیە ڕۆڵێکى مێژوویى گرنگى بینى و کەوتە ڕێکخستنەوەى کۆمەڵەو سازدانى پێشمەرگەو ئامادە کردنى مەفرەزەى چەکدار . بەڵام کۆمیتەى هەرێمەکان سەرکردایەتیەکى کاتى و لاواز بوو ، چونکە ئەندامەکانى جگە لە ( ئارام ) ئەوانى دیکەیان لە ڕووى تەمەن و کارى سیاسى و سەربازییەوە گەنج و کەم ئەزمون بوون و لە ئاستى پێویستیەکانى جوڵانەوەى گەلى کوردو گەشەپێدانى کۆمەڵەو پێکهێنانى دام و دەزگاى پێویستى شۆڕشدا نەبوون ، بۆیە تا ماوەیەکى درێژ خایەن نەیانتوانى باوەڕ و متمانەى بەشى زۆرى ئەندامەکانى کۆمەڵەو جەماوەرى کورد بە دەست بێنن ، بە تایبەتى لەو کاتەدا کە ئیدى کۆمەڵە کەوتبووە خەباتى چەکدارى سیاسى ئاشکرا بەڵام لەگەلڕ ئەوەشدا کۆمیتەى هەرێمەکان چەند کارێکى گرنگیان ئەنجام دا : 1- ئەندامەکانى کۆمەڵەیان رێکخستەوە و لەگەڵ زۆرى ئەوانەى خۆیان شاردبۆوە و ئەوانەى ئاشکرا نەبوو بوون ، پێوەندییان دروست کرد و هەموو ئەو شانە و هێڵانەیان پێکەوە گرێ دایەوە کە مابوون و کۆمیتەیان لە شارەکاندا دامەزراندەوە و کەوتنە ڕاکێشانى تێکۆشەرانى تازە . 2- پێوەندیان لەگەلڕ چەندین ئەفسەرى شۆڕشگێڕو کادرى پێشمەرگایەتى دروست کرد و داوایان لێ کردبوون خۆیان ئامادەبکەن بۆ چوونە شاخ . 3- پێوەندییان لەگەلڕ دەستەى دامەزرێنەرى ( ى.ن.ک ) لە دەرەوەو بە تایبەتى لەگەلڕ مام جەلال دروست کرد . جگە لە ئەندامانى کۆمیتەى هەرێمەکان ، چەند کەسێکى تریش هاوکارى زۆرو کاریگەریان کردبوون بۆ بەجێ هێنانى ئەرکەکانیان لەوانە : جەمالى على مەعروف ( جەمالە ڕەش )و ابراهیم ئەحمەد هەریەکەى جارێک چوون بۆ سوریا و نامەى کۆمەڵەیان بردبوو بۆ دەستەى دامەزرێنەر و ( عوسمانى مام برایم )یش چەند جارێک چوو بۆ عەممان . لەو ماوەیەدا ( ئارام ) ژمارەیەک لە بەیاننامەو بڵاوکراوەى دەرکرد ، لەوانە ( پەیڕەوى ناوخۆى دەستەى چەکدارەکان ) .

 

 

 

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو