ئاسۆ شێخ نوری

بەرەو کۆنگرەی چوارەم

  2018-01-10 12:26      168 جار بینراوە        کۆمێنت

بابەتی بەستنی کۆنگرەی چوارەم بۆتە داخوازی سەرجەم ئەندام و ئۆرگانەکانی یەکێتی. هیچ ئەندامێکی کارای یەکێتی نییە کە دەرک بەو ڕاستییە نەکات، کە تەنها دەریچەیەک بۆ دەربازبوونی یەکێتی لەم پاشاگەردانی و بارودۆخە نا تەندروستەی تێیکەوتووە تەنها کۆنگرەیە.
ئەندامان و کادیران و سەرکردەو بەرپرسە باڵاکان، هەموو تێکڕا داوای بەستنی کۆنگرە دەکەن، بێ ئەوەی بەکردار هەنگاو بنێن بۆ فەراهەمکردنی ئامادەکاریەکانی بەستنی کۆنگرە.
لە کەس شاراوە نییە کە هەندێک لەناوماندا هەن، ویستیان مانەوەی یەکێتیە بەم بارودۆخە شڵەقاوەی ئێستایەوە، بۆیە هەرگیز چاوەڕوانی ئەوەیان لێناکرێت هەنگاوی جدی بۆ بەستنی کۆنگرە بنێنن ، بەهەر پاساوێک بێت هەوڵی دواخستن و لەباربردنی خواستی بەستنی کۆنگرە دەدەن. لێرەدا پرسیارێک لەو بەڕێزانە بکەین ئایا جەخت کردنەوە لەپێکهێنانی کۆمسێۆنی باڵای ئامادەکاری کۆنگرەیان بکردایەتەوە باشتر نەبوو لەهەڵوەشاندەوەی مەکتەبی سیاسی؟ راستە مەکتەبی سیاسی لەنێوان ئەندامانی سەرکردایەتیدا هەڵدەبژێررێن و متمانەیان پێ دەبەخشرێت و هەر سەرکردایەتیش دەسەڵاتی لێسەندنەوەی ئەو متمانەیەی هەیە.
نزیکەی حەوت ساڵ بەسەر کۆنگرەی سێیەم دا دەگوزەرێت و متمانە بە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی بەخشراوەو تا ئێستاش دەست بەکارن و هیچ کەس ناڕەزایی دەرنەبڕیوە، خێرە ئێستا لەسەرو بەندی بەستنی کۆنگرەی چوارەم و نزیکبوونەوە، لەهەڵبژاردنە گشتییەکاندا ئەم بابەتە دەجوڵێنرێت و مەکتەبی سیاسی هەڵدەوەشێنن بەجۆرێک دۆخەکە ئاڵۆزدەکەن و سەرکردایەتی لەکاردەخەن و خۆشیان ناتوانن پێکەوەی گرێ بدەنەوەو کۆبونەوەیەکی سەرکردایەتی ئەنجام بدەن. چی دەبوو ئەگەر چەند مانگێکی تریش سەبریان بکردایە تا بەستنی کۆنگرە ئەم بابەتەیان نەوروژاندایە؟
ئێمە بەسەرکردایەتیە ماوە بەسەرچووەکەش ڕازی بووین، کەچی ئەوەشتان پێ ڕەوا نەبینین بە یەکجاری لەبارتان برد، بفەرموون چۆنتان تێکدا ئا بەو جۆرەش ڕێکیبخەنەوەو کۆبوونەوەکانتان سازبدەن تا هەموومان پێکەوە بەرەو کۆنگرەو هەڵبژاردنە گشتییەکان بڕۆین.
*لە ئەکاونتی نووسەرەوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو