مەلا بەختیار

یەكێتی‌و دەستاودەستكردنی دەسەڵات

  2018-01-10 23:07      169 جار بینراوە        کۆمێنت

لەسەر رستەیەكی قسەكانمان لە(رووداو)دا، كاكە شاخەوان برایم عەبدوڵڵا، بەگشتی وتارێكی جوانی نوسیووە. شرۆڤەی چاوپێكەوتنەكەی كردووە، وەڵامی هەندێك لەڕەخنەكانیشی داوەتەوە. بەڵام لەمەڕ دەستاودەستكردنی دەسەڵات‌و دەسەڵاتی یەكێتی، دیقەتی لەقسەكان نەداوە. ئەم كورتە نووسینەم بەپێویستزانی، هەتا بەهەڵە بۆچوونەكانی من‌و شاخەوان، بەسەر خوێنەری وشیاردا تێ نەپەڕن.
جەخت دەكەمەوە كە، یەكێتی، دەنگ زۆر بهێنێ یان كەم، هەر یەكێتییە. مەبەستمە بڵێم: خۆ ئەگەر رێژەمان دابەزی، یەكێتی هەڵناوەشێتەوە. یان ناوەكەشی ناگۆڕین. حزبی گەورە گەورە لەمێژوودا هەڵبژاردنی دۆڕاندووە، خۆی بۆ هەڵبژارنی تر سازداوە. پرۆسەی بردنەوەو دۆڕان لەجیهانی دیموكراسیدا بەردەوامە. هەتا پرۆسەی دیموكراسیش بمێنێ، دەستاودەستكرنی دەسەڵات بەردەوام دەبێ.
بۆ هێزی چەكداریش؛ ئەوەی هاوكێشەكانی كوردستان لەم قۆناغەی نەبوونی دەستووری كوردستان‌و پڕۆژەی ستراتیژی یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگەو ئاسایش باش بخوێنێتەوە، بۆی دەردەكەوێ كە یەكێتی چۆن دەتوانێ هێزەكانی تەسلیم بەهێزی تر یان وەزارەت بكات، كە جارێ دەستەبەری هێزی یەكگرتووی نیشتمانی لەڕووی یاساو دەستوورەوە نەبێ؟
دۆخی گەلانی وەكو ئێمە رێك وایە، ئەزمونی شۆڕشە چەكدارەكانی جیهانیش وان، لە كوردستانیشدا:
هێشتا لەچارەكی یەكەمی سەدەی دامەزراندنی سیستەمی دیموكراسیداین. ئەویش لەچوارچێوەی فیدراڵدا، نەك كوردستانێكی سەربەخۆ.
ئێمە لە قۆناغی گوزەری دیموكراسیداین، ئەم قۆناغە كێشمەكێشی زۆرە، بە عەسكەریشەوە. هەتا دەگەینە سەقامگیری دیموكراسی، لەهەمووی سەیرتر، ئەوانەی رەخنە لەو بۆچوونەم دەگرن، لەسەر یەكێتی‌و هێزەكەی، زۆرتر، رەخنەیان لەپارتیە. دەشزانن پارتی لەناوچەكانی خۆیان، ئەگەری سەركەوتنی زیاترە لەلایەنەكانی تر، كەچی دەشڵێن: یەكێتی با هێزەكەی تەسلیم بكات، واتا تەسلیم بە لەشكرێكی بكات، كە پارتی دەسەڵات‌و هەژمونگەری لەسەری هەیە. ئەمەیان چەندی بە چەن؟!
پرسیار هەیە، كە بۆچی لەدوای هەڵبژاردنی پێشوو، پۆستی پارێزگار نەدرایە گۆڕان، لەوەڵامدا دەڵێین، چونكە:
 گۆڕان پێش یەكێتی حكومەتی لەگەڵ پارتیدا پێكهێنا. دوو وەزارەتی گرنگی یەكێتیشیان وەرگرت. دواییش رێككەوتبون كەپارتی پشتیوانی گۆڕان بكات بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگار. یەكێتی، ئەمەی بەپیلانی هاوبەشی پارتی‌و گۆڕان لێكدەدایەوە. بۆیە، وترا:
گۆڕان بەدەنگی خۆی لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیدا، بتوانێ بیباتەوە، پیرۆزیان بێ. بەڵام بەپیلانی هاوبەشی پارتی‌و گۆڕان، یان هەر لایەكی تر، بیانەوێ دژی یەكێتی یەكبگرنەوە، بەبێ ئەوەی هاوپەیمانی سیاسی لەنێوانیاندا هەبێ، ئەمەیان یەكێتی قورسە قبوڵی بكات.
لەكۆتاییشدا.. پێویستە بڵێم: هەموو ئەو بۆچوونانەم كوتومت، زادەی سیاسەتی یەكێتییە. بەڵام، بەدڵنیاییەوە، باوەڕی نەگۆڕم بەدەستاودەستكردنی دەسەڵات هەیە. رادەستكردنی دەسەڵاتیش دوای بردنەوەی هەر لایەك،بە بەشێكی پرۆسەی دیموكراسی دەزانم.
دوای ئەوەی رێژەی دەنگەكانیشمان لەدوا هەڵبژاردندا دابەزی، من‌و هەڤاڵێكی تری مەكتەبی سیاسی، سوور بووین لەبەیاننامەیەكی كورتدا، ئەنجامەكە قبوڵ بكەین‌و پیرۆزبایی لەهەموو لایەك بكەین. ئەو كاتەش. هەر دەبێ بیر لەپرۆژەی ستراتیژی یەكخستنی هێزەكان، لەسەر بنەمای تەواوكردنی پرۆژەی دەستووری كوردستان، بكرێتەوە.

 

وتاری زیاتر








سعودیه‌و توركیاو مافی كورد !‬ مەلا بەختیار
2017-11-24 13:36      385 جار بینراوە

خانه‌قینه‌ ئازیزه‌كه‌م‬ مەلا بەختیار
2017-11-12 13:40      375 جار بینراوە




نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو