عەتا كەریم

دۆڕانەكانی ژێر بەڕە!

  2018-01-17 12:22      564 جار بینراوە        کۆمێنت

دەستكەوت، لەكورتترین مانادا سەركەوتنە، ئەم لێكدانەوەیەش بەگوێرەی بوارەكان پێناسی تایبەتمەندێتی پێویستە، كوردیش وتەنی» سەركەوتن خاوەنی زۆرە و شكستیش بێخاوەن».
دەستكەوت،شتێك نییە،نەبینرێت، لەدەستدان و شكستیش دیوە هاوتەریبەكەی دیكەیەتی، بەڵام كێشە و بیركاڵی ئەوەیە كارەكتەریی سیاسیی و حوكمڕانی هەبێت، شكست و دەستكەوت لێكجودا نەكاتەوە!، شكست بەڕەنگی سەركەوتن سواغ بدات!!.
هەرێمی كوردستان، تۆمارێكی زۆری لەشكست و كەم لە دەستكەوتدا هەیە، بۆیە پێویستە بەڕوونی «خاڵ» بخرێتە سەر «پیتەكان» و شكستەكانی ژێر بەڕەی سەركەوتنیش نەشاردرێنەوە!.
راپەڕینی ئاداری 1991 سەركەوتنی مێژووییە لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد لە باشوور، ئەگەر سەری نەگرتایە، دەبووە شكست!، دوای ئەو پێكهێنانی یەكەم كابینە لە مێژوودا دەستكەوتە، بەڵام ئەوەی لە ژمارە هەشت دا دەكرێت و پێی گەیشت، شكستە!، یەكەمین خولی پەرلەمانی كوردستان لە 1993 دەستكەوتی گەورەی دیموكراسیی بوو، ئەوەی لەساڵی 1996 و 2015 بەسەر پەرلەماندا هێنران، شكستی گەورەن!
ئەوكاتانەی پانتایی ئازادی كاری رۆژنامەنووسی و رێكخراوە مەدەنییەكان فراوان كرا، دەستكەوت بوو، بەڵام كە كەناڵ دادەخرێ و رۆژنامەنوس و چالاكوان دەرفێندرێن و دەكوژرێن، تاوانە، بەرێوەبردنی هەڵبژاردنی پاك و بێگەرد بۆ پرۆسەی سیاسیی و پەرلەمانی دەستكەوتە، بەڵام پێچەوانەكەی دەستكەوت نییە، هەروەها دەستاودەستكردنی دەسەڵات، دەستكەوتە، بەڵام خۆسەپێنی و تاكڕەوی دەستكەوت نییە!!.
بیرلێدان و نەوت دەرهێنان و هەناردەكردنی دەستكەوتە، بەڵام ئەگەر نەبووە بنەمای بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووری و هەڵكشانی داهاتی تاك، شكستە. سەربەخۆیی ئابووریی و شەفافیەتی دارایی دەستكەوتن، بەڵام سەرخۆریی ئابووری و حساب و كتابی دارایی لە تاریكیدا شكستن!.
ریفراندۆمی 25ی ئەیلوول بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە، دەستكەوتە، بەڵام لەدەستدانی نیوەی خاك و گەڕانەوە و پارانەوە بۆ باوەشی عیراق بەهۆی دەرهاویشتە شكستەكەیەوە، شاشكستە!!.
ئەمانە مشتێكن لە خەرواری نمونەی بەراوردكاریی، بەڵام بەمەبەستی كورتبینی و داخی سیاسیی، مودەتێكە بە تایبەت كە له‌ پرسی هەڵبژاردنداین، بەڵام لێكەوتە خراپەكانی تێكچڕژاویی و نالەباریی سیاسیی و خۆبەڕێوەبردنیش لە هەرێم بەدەركەوتوون، تاكتیكی هەژارانەی كاراكتەری شكستەكانیش پەنا بۆ دروستكردنی مێژووی چندرواو و رەنگكردنی دۆرانەكان دەبەن، بۆیە لە كەناڵی «سەر-بە-خۆ»یان و بەر سێبەران، سەمەرەی وادەهۆننەوە، كۆستكەوتووش دەخەنە پێكەنین!.
دیسان لەنمونەی ئەمجۆرە كە ریفراندۆم بە دەستكەوتی گەورەی مێژوویی كورد ناودەنێت، بەڵام دیوەكەی تری باس ناكات كە بەهۆیەوە كورد كەوتۆتە «مەترسیەكی مێژووییەوە» كە لەماوەی 27 ساڵی حوكمڕانی كورد لەم پارچەیە بێهاوشێوەی شكست و لەدەستدانە كە(44) بیرەنەوت و دوو فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی و خاڵە سنوورییەكان و كەركوكی قودس و دڵ-ی كوردستان و نزیكەی 40 شار و شارۆچكە بەرووبەری 50%ی خاكی هەرێمی لەدەستداوە، دوای ئەوەش دروشمی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، هەڵگەڕێنرایەوە بۆ رێزگرتن لە دەستوور و بڕیاری دادگای فیدرالێی عیراق و پەرۆشی یەكپارچەیی و كەچی بە»دەستكەوت» تەعریف دەكرێت!!.
لەدۆخێكی ئاوادا «مێژوو» غەدری گەورەی لێدەكرێت، بەڵام رەفەی شكست و دەستكەوت، تێكەڵ ناكرێن! رابردوو دۆڕان و نسكۆی زۆری تێدایە و هەوڵی زۆریش بۆ جوانكردن و شاردنەوە و سڕینەوەیان دەدرێت، بەڵام هەرماون، پەند ئەوەیە وانە لە دۆڕان و شكستەكان وەربگیرێن، ئەڵمان خاوەنی جەنگی جیهانی دووەم و گەورەترین دۆڕاندن و تاوانە، بەڵام خاڵی كۆتایی دانا، لە پەرەیەكی نوێدا سەركەوتن بەدوای سەركەوتن و پێشكەوتن تۆمار دەكات.

وتاری زیاتر

ئەگەر مووچەخوراوان یەكگرن!‬ عەتا كەریم
2020-05-22 15:48      48 جار بینراوە

لە مەركەزی بترسن‬ عەتا كەریم
2020-05-09 15:13      66 جار بینراوە

هەڵەكە لەكوێدایە؟‬ عەتا كەریم
2019-02-27 10:10      173 جار بینراوە

جریوە لەسەر پشتی فیل!‬ عەتا كەریم
2018-08-16 17:36      297 جار بینراوە

جووتپایەی داڕووخاو!‬ عەتا كەریم
2018-08-09 14:08      261 جار بینراوە

ته‌ندروستی له‌ چنگی بازرگاندا!‬ عەتا كەریم
2018-07-28 12:46      188 جار بینراوە

لیرەو دەمیرتاش و میراڵ!‬ عەتا كەریم
2018-05-30 13:58      250 جار بینراوە

ماراسۆنی حكومەت و جەدەلی تەزویر!‬ عەتا كەریم
2018-05-23 13:09      293 جار بینراوە

سانتلیگۆ شۆكێكی دیكەی قەوارەكان‬ عەتا كەریم
2018-05-17 19:10      404 جار بینراوە

كەركوك بردیەوە‬ عەتا كەریم
2018-05-15 12:31      274 جار بینراوە


كەركوكیان بەنەوتەوە گەرەكە!‬ عەتا كەریم
2018-05-02 16:17      277 جار بینراوە


كورد چ جۆرە گەمەكارێکە؟‬ عەتا كەریم
2018-04-11 15:56      243 جار بینراوە

عەفرین كەوتن و سەركەوتن!‬ عەتا كەریم
2018-03-21 13:00      245 جار بینراوە

هەڵەبجە قوربانیی بێبەڵێنی‬ عەتا كەریم
2018-03-14 12:19      340 جار بینراوە

نەوەی یاخی!‬ عەتا كەریم
2018-03-06 20:29      329 جار بینراوە

لێكترازاوی بەردەم بەغدا!‬ عەتا كەریم
2018-01-09 10:18      355 جار بینراوە

كورد لەبەرگی داعش دا‬ عەتا كەریم
2017-12-12 19:23      465 جار بینراوە

شەڕی گەندەڵكارە گەورەكان‬ عەتا كەریم
2017-11-21 13:40      455 جار بینراوە

مام و رەخنە و رۆژنامەنووس‬ عەتا كەریم
2017-10-10 17:30      441 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو