قادر عەزیز

لەیادی‌ داستانی‌ (ده‌شتێو)‌و شه‌هیدبوونی‌ سه‌ركرده‌ سه‌عدی‌ گچكەو هاوڕێكانیدا

  2019-03-07 13:47      167 جار بینراوە        کۆمێنت

قادر عه‌زیز*
رۆژی‌ 8-3-2019، 41 ساڵ به‌سه‌ر شه‌ڕی‌ (ده‌شتێو) كه‌ دواتر به‌هۆی‌ گرنگی‌ شه‌ڕه‌كه‌وه‌ بەداستانی‌ (ده‌شتێو) ناویده‌ركرد، تێده‌په‌رێت.
داستانی‌ ده‌شتێو به‌پێی‌ هاوسه‌نگی‌ هێز له‌وكاته‌دا‌و ئه‌و زه‌ره‌ر‌و زیانه‌ زۆره‌ی‌ كه‌ له‌و شه‌ڕه‌دا به‌ دوژمن كه‌وت بەیه‌كێ لەشه‌ڕ‌و داستانه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌كانی‌ شۆڕشی‌ نوێی‌ گه‌له‌كه‌مان ئه‌ژمار ده‌كرێت، ئه‌و شه‌ڕه‌ كاتێك روویدا كه‌ كاك سه‌عدی‌ بەیاوه‌ری‌ سه‌ید كاكه‌ فه‌رمانده‌ی‌ هه‌رێمی‌ خۆشناوه‌تی‌‌و ژماره‌یه‌ك لەكادیر‌و پێشمه‌رگه‌كانی‌ هه‌ردوو‌و هه‌رێمی‌ ده‌شتی‌ هه‌ولێر‌و خۆشناوه‌تی‌ كه‌ ژماره‌یان 42 كه‌س بوو بۆ به‌شداریكردن لەكۆبوونه‌وه‌كانی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان‌و كۆبوونه‌وه‌ی‌ فراوانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ سۆسیالیستی‌ كوردستان به‌ره‌و نێوزه‌نگ‌و نۆكان باره‌گای‌ سه‌ركردایه‌تی‌ شۆڕش به‌ڕێوه‌بوو، پێشمه‌رگه‌كانی شه‌ڕی‌ (ده‌شتێو) به‌هۆی‌ پلانی‌ پێشوه‌ختی‌ سوپای‌ رژێم‌ و نه‌شاره‌زایی‌ ناوچه‌كه‌ لەهه‌ر چوارلاوه‌ گه‌مارۆدرابوون، شه‌ڕه‌كه‌ش له‌لایه‌ن خودی (ئیسماعیل تایه‌ النعێمی‌) فه‌رمانده‌ی‌ فیرقه‌ی ‌1ی‌ ئه‌و كاته‌ی سوپای‌ عیراق سه‌رپه‌رشتی‌ ده‌كرا، له‌و شه‌ڕه‌دا كه‌ له‌ به‌ره‌به‌یانی‌ ئه‌و رۆژه‌ تا دره‌نگانی‌ ئێواره‌ی‌ خایاند به‌ قسه‌ی‌ (ئیسماعیل تایه‌ النعێمی‌) كه‌ سه‌رپه‌رشتیاری‌ شه‌ڕه‌كه‌ی‌ ده‌كرد زیانی‌ دوژمن بریتی بوو لەكوژرانی‌ 160 سه‌رباز‌و ئه‌فسه‌ر‌و برینداربوونی‌ 250ی‌ تر‌و پێكانی‌ 8ی ته‌یاره‌ی‌ هه‌لیكۆپته‌ر‌و كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ی‌ دووانیان لەمه‌یدانی‌ شه‌ڕه‌كه‌دا، به‌داخه‌وه‌ ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ گه‌وره‌یه‌ بەشه‌هیدبوونی‌ كاك سه‌عدی‌ خۆی‌‌و 16 كادیر‌و پێشمه‌رگه‌ی‌ قاره‌مان نووسرایه‌وه‌ كه‌ 12 یان لەمه‌یدانی‌ شه‌ڕه‌كه‌ شه‌هید بوون‌و 4یشیان دوای‌ برینداری‌‌و به‌دیلگیران، دواتر لەسێداره‌دران.
گرنگی‌ شه‌ڕی‌ (ده‌شتێو) له‌وه‌دابوو كه‌ (ئیسماعیل تایه‌ النعێمی‌) دوای‌ شه‌ڕه‌كه‌ نامیلكه‌یه‌كی‌ بەناوی‌ (بساط ناجح في‌ منظقة قلعدزة) (تجربتی‌ مع القیاده) نووسیوه‌‌و لەڕیزه‌كانی‌ سوپادا بڵاویكردۆته‌وه‌، لەنامیلكه‌كه‌دا هۆشداریده‌داته‌ سوپا كه‌ پێشمه‌رگه‌ شه‌ڕی‌ له‌گه‌ڵ سوپا قۆناغی‌ پارتیزانی‌ تێپه‌ڕاندووه‌‌و چۆته‌ قۆناغی‌ شه‌ڕی‌ گه‌رۆك (الحرب المتحركه‌) كه‌ ئه‌مه‌ش بۆ سوپا له‌مه‌ودوا رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ دژوارده‌كات.
ژیاننامه‌كه‌ی
شه‌هید سه‌عدی عه‌زیز، ناسراو به‌ سه‌عدی گچكه‌، ساڵی 1946 له‌ دێی (سێبیران) ی نزیك قوشته‌په‌ی هه‌ولێر لەبنه‌ماڵه‌یه‌كی هه‌ژارو نیشتیمانپه‌روه‌ر چاوی بەدونیا هه‌ڵهێناوه‌. ساڵی 1963ریزی سوپای عیراقی به‌جێهێشتوه‌و په‌یوه‌ندی بەشۆڕی ئه‌یلوله‌وه‌ كردووه‌، سه‌ره‌تا له‌ناوچه‌ی‌ ده‌شتی كۆیه‌‌و چه‌می ڕێزان‌و پاشان لەناوچه‌ی‌ خۆشناوه‌تی‌و باڵه‌كایه‌تی درێژه‌ی‌ به‌كاری پێشمه‌رگایه‌تیداوه‌ به‌هۆی ئازایه‌تی‌و لێهاتوویی لەشه‌ڕونه‌به‌ردیه‌كاندا هه‌رزوو پله‌ی‌ سه‌رپه‌ل‌و پاشان سه‌رلق‌و دواجاریش فه‌رمانده‌ی‌ به‌تالیۆنی به‌ده‌ستهێناوه‌.
له‌زۆربه‌ی‌ شه‌ڕه‌كانی ده‌شتی هه‌ولێر، خۆشناوه‌تی، كۆیه‌، باڵه‌كایه‌تی به‌شداری دیارو كاریگه‌ری هه‌بووه‌،‌ ساڵی 1974 یه‌كێك لەفه‌رمانده‌ مه‌یدانییه‌كانی شه‌ڕه‌كانی ماكۆك بووه‌، دوای 3 مانگ له‌به‌رگریكردنی به‌رده‌وام بریندار بووه‌.
هه‌ره‌سهێنانی شۆڕشی ئه‌یلول له‌ 1975 وره‌ی‌ به‌كاك سه‌عدی به‌رنه‌داوه‌‌، به‌ڵكو هه‌رزوو له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌ به‌شداربووانی شۆڕشه‌كه‌ خولیای دروستكردنه‌وه‌ی‌ مقاوه‌مه‌ت‌و سه‌رله‌نوێ تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ بووه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌ر له‌مانگه‌كانی هه‌وه‌ڵی دوای هه‌ره‌س، لەمهاباد‌و ئورمیه‌ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ كادیر‌و سه‌ركرده‌ تێكۆشه‌ره‌كانی‌ شۆڕشی‌ ئه‌یلول لەمشوری دروستكردنی ڕێكخراوێكی تازه‌دا بووه‌‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌موو لایه‌كیان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ عێراق‌و دواتر له‌ به‌غدا ئه‌و رێكخراوه‌یان به‌ ناوی‌ (بزوتنه‌وه‌ی‌ سۆسیالیستی كوردستان) دامه‌زراندوه‌.
دوای‌ دامه‌زراندنی‌ (بزوتنه‌وه‌ی‌ سۆسیالیستی كوردستان) ‌ بەچه‌ند مانگێك له‌سه‌ر راسپارده‌ی‌ مام جه‌لال‌و به‌ هه‌ماهه‌نگی‌ و هاوبه‌شی یه‌كێتی‌و بزووتنه‌وه‌‌و كۆمه‌ڵه‌ به‌مه‌به‌ستی به‌شداریكردن لەهه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی‌ شۆڕشی نوێی گه‌له‌كه‌مان لەڕۆژی 8-8-1976 له‌گه‌ڵ تێكۆشه‌ران (عه‌لی عه‌سكه‌ری، عومه‌ر ده‌بابه‌، دكتۆر خالید، ملازم تایه‌ری علی والی، یاسین قادر، سه‌ید كاكه‌، قادر عه‌زیز، جه‌عفه‌ر ئه‌سوه‌د)‌و چه‌ندین كادیر‌و پێشمه‌رگه‌ی‌ تری بزوتنه‌وه‌ گه‌یشتونه‌ته‌ ‌ چیاكانی‌ كوردستان‌و ده‌ستیان به‌دروستكردنی مه‌فره‌زه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی پارتیزانی كردووه‌، له‌دوای چه‌ند مانگێك لەهاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ بووه‌ بەفه‌رمانده‌ی‌ هه‌رێمی ده‌شتی هه‌ولێرو سه‌ركردایه‌تی یه‌كه‌م مه‌فره‌زه‌ی‌ پارتیزانی بۆ ناوچه‌كانی خۆشناوه‌تی‌و ده‌شتی هه‌ولێر كردووه‌‌و یه‌كه‌م چالاكی پێشمه‌رگانه‌شی له‌ 4-1-1977، لەجاده‌ی‌ نێوان به‌ستۆره‌و مه‌لا ئۆمه‌ری هه‌ولێر بووه‌ كه‌ بووه‌ هۆی كوشتی به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌منی پیرمام (سابیر زێدان)‌و پارێزه‌ره‌كانی‌و هه‌ر له‌و چالاكیه‌شدا بریندار بووه‌.
شه‌هید سه‌عدی یه‌كێك بووه‌ لەسه‌ركرده‌ هه‌ره‌ئازاو شاره‌زاكانی شه‌ڕی پارتیزانی‌و له‌ماوه‌ی‌ ساڵێك‌و حه‌وت مانگدا لەده‌سپێكی هه‌ڵگیرساندنی شۆڕشدا سه‌ركردایه‌تی چه‌ندین شه‌ڕی قاره‌مانانه‌ی‌ دژ بەڕژێمی ره‌گه‌زپه‌رستی به‌غدا كردووه‌، له‌ناویاندا شه‌ڕه‌كانی (خانزاد، هه‌ورێ، سه‌فین، دیده‌وان، شیوه‌شان)، له‌شه‌ڕی (حسن موترب)ی (بناری‌ دێده‌وان)یش جارێكی تر برینداربووه‌.
شه‌هید سه‌عدی لەڕێگه‌ی‌ چوونی بۆ سه‌ركردایه‌تی، به‌مه‌به‌ستی به‌شداریكردن لەكۆبونه‌وه‌كانی كۆمیته‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان كۆبوونه‌وه‌ی‌ فراوانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ سۆسیالیستی‌ كوردستان لەڕۆژی 8-3-1978 لەدیارترین‌و به‌ناوبانگترین شه‌ڕی ده‌سته‌ویه‌خه‌ كه‌ به‌شه‌ڕی (ده‌شتێو) ناسراوه‌ له‌ناوچه‌ی‌ قه‌لادزێ لەته‌ك 12 كادیر‌و پێشمه‌رگه‌ی‌ تردا شه‌هید بووه‌ بەشه‌هیدبوونی زه‌ره‌رو زیانێكی گه‌وره‌ لەشۆڕش كه‌وت.
خوالێخۆشبوو مام جه‌لال به‌بۆنه‌ی ئه‌و شه‌ڕه‌وه‌ به‌یاننامه‌یه‌كی بەزمانی عه‌ره‌بی له‌ژێر ناونیشانی (معركة بطولية من الشفق الي‌ الغسق) واته‌ شه‌ڕێكی قاره‌مانانه‌ لەكازیوه‌وه‌ بۆ تاریكی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ لەده‌ره‌وه‌ی كوردستانیش ده‌نگدانه‌وه‌ی زۆری هه‌بوو.
شه‌هید سه‌عدی له‌دوای خۆیدا ژنێك‌و چوار منداڵی به‌ناوه‌كانی (هێرش، هێمن، ماكۆك، له‌نجه‌) به‌جێهێشتووه‌.
هه‌زاران سڵاو له‌گیانی پاكی شه‌هیدی سه‌ركرده‌ سه‌عدی گچكه‌و هاوڕێكانی.
ناوی شه‌هیده‌كانی شه‌ڕی ده‌شتێو
سه‌عدی عه‌زیز ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی بزووتنه‌وه‌‌و ئه‌ندامی كۆمیته‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان‌و فه‌رمانده‌ی‌ هه‌رێمی ده‌شتی هه‌ولێر.
فاروق سدیق ئه‌ندامی پێشكه‌وتووی‌ كۆمه‌ڵه‌‌و رابه‌ر سیاسی هه‌رێم (هه‌ولێر- گوندی‌ قوشاعلۆ).
فه‌رخ قادر- پێشمه‌رگه‌ (هه‌ولێر – قه‌راج ).
فه‌ریق هه‌مزه‌-پێشمه‌رگه‌ (كه‌ركوك – ساڵه‌یی‌).
شاهێن عیزه‌دین-پێشمه‌رگه‌ (پردێ).
تاهیر محه‌مه‌د عه‌لی-پێشمه‌رگه‌ (هه‌ولێر – قه‌راج).
جه‌بار ئیسماعیل-پێشمه‌رگه‌ (هه‌ولێر).
عوسمان باوه‌- پێشمه‌رگه‌ (هه‌ولێر).
سامی عوبێد-پێشمه‌رگه‌ (هه‌ولێر).
سه‌باح جه‌میل-پێشمه‌رگه‌ (هه‌ولێر).
ئه‌حمه‌د محه‌مه‌ دئه‌مین-پێشمه‌رگه‌ (هه‌ولێر-چه‌مرگه‌).
ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د پێشمه‌رگه‌ (هه‌ولێر-پیره‌ره‌ر).
هه‌روه‌ها له‌و شه‌ڕه‌دا 4 پێشمه‌رگه‌ بەبرینداری به‌دیلگیران كه‌ پاشان لەڕۆژی‌ 21-6-1978 لەزیندانی موسڵ لەسێداره‌دران، ئه‌وانیش (جه‌عفه‌ر مام ئه‌سوه‌د كۆیی‌، جه‌واد كه‌ریم گۆمه‌شینی‌، كه‌مال واحید گۆمه‌شینی‌، حسێن عه‌بدولڕه‌حمان گۆمه‌شینی‌.
هه‌روه‌ها عه‌زیز باپیر ناسراو بەسه‌ید عه‌زیز گۆمه‌شینی‌ دوای‌ گیرانی‌ بەماوه‌یه‌ك به‌هۆی‌ بچووكی‌ ته‌مه‌نییه‌وه‌ بەلێبوردنی‌ گشتی‌ ئازادكرا.
*به‌شداربوویه‌كی شه‌ڕه‌كه‌

وتاری زیاتر

داستانی کۆرێ‬ قادر عەزیز
2020-04-12 14:34      136 جار بینراوە


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو