مەلا بەختیار

(11)ی ئازار و پەندەكانی مێژوو!

  2019-03-11 17:17      110 جار بینراوە        کۆمێنت

عەممان- (11)ی ئازار

 (11)ی ئازار، دوای حوكمڕانی شێخ مەحمود‌و پەیمانی سێڤر، سێهەمین بەیاننامەی رەسمی‌و سەلماندنی مافی ئۆتۆنۆمی كوردستان بوو. گەرچی رژێمی عیراق نەیگەیاندە رێككەوتن (بەیاننامە‌و رێككەوتن، جیاوازن).
دەستكەوتە مەعنەوییەكانی بەیاننامەكەو چارەسەری كێشەی دووبەرەكی (مەلایی- جەلالی)م، پێ‌ لەدەستكەوتە مادییەكانی دیكە، گرنگترە. وەكو:
یەكەم: كوردو كوردایەتی، لەبەرگری نەگەتیڤەوە، وەرچەرخا بۆ شانازی سەركەوتنی پیشمەرگایەتی- سیاسی. بەمەش ورەی كورد لەباشورو بەشەكانی دیكەی كوردستان، هەڵچوو.
دووەم: گەورەترین كێشەی دووبەرەكی دوو باڵی پارتی، كە (6) ساڵ شەڕی بێهودەیی ناوخۆییان دەكرد، چارەسەركرا. لێرەدا دەوەستم‌و دەڵێم:
(پارتی- جەلالی) كارێكی مێژوویان كرد كە، بایەخی بەیاننامەی ئازاریان زانی‌و لەفیتی رژێمیش تێگەیشتن. بۆیە، بڕیاری رێككەوتنیان لەتەك (پارتی- مەلایی)داو دەرگایان لەڕووی رژێم داخست، گەمەی تری خوێناوی بەكورد بكات.
(پارتی- مەلایی)یش، لەسەرویانەوە بارزانی، بڕیارێكی مێژوویاندا، دەرگای رێككەوتن لەگەڵ بەشەكەی تری پارتەكەیان بكەنەوە. ئیتر برینێكی قوڵی كێمداریان ساڕێژ كردو رژێمیان لەنەخشەی چەواشەی دووبەرەكی، نائومێد كرد.
پرۆسەی یەكگرتنەكە، لەئۆرگانەكان‌و لەناو ویژدانی هەموولایەك، بەتایبەتی سەركەوتووەكانی پارتی، موتوربە نەبوو. بۆیە، كەمترین سوود لەتواناكان وەرگیراو كاردانەوەی دەرونیشی هەبوو.
باوەڕ ناكرێ‌، سیاسییەك هەبوبێ‌، پێشتر پێشبینی هەرەسی شۆڕشی ئەیلولی كردبێ‌. بەڵام روویدا. ئاخر ئەمەش دونیای سیاسەتە، ئەوەی نەخشەی بۆ دەكێشرێ‌، زۆرجار نایەتەدی، ئەوەی پێشبینی ناكرێ‌، هەندێجار دێتەدی!! لێرەوە، كارەساتەكان دووبارە بونەوە..
رووداوەكات، دراماتیكی بوون. لەشەش ساڵدا: بەیانی ئازار، یەكگرتنی هەردوو باڵ، هەرەسی شۆڕش، ئینجا دروستكردنی یەكێتی، هاوكات بوژانەوەی پارتی- قیادەی موەقەتە. زوو شۆڕشیش بەرپاكرایەوە. لەم پرۆسەیەدا، بواری هەڵسەنگاندن نەبوو. سەركەوتن، هەرەس، هەڵسانەوە‌و هەڵگەڕانەوە بۆ گۆمی خوێناوی شەڕی ناوخۆ.
لەناو ئەم هاوكێشانەدا، پەندەكانی مێژوو فەرامۆش كرانەوە. دیسان گەڕانەوە بۆ قەتماغە هەڵدانەوە.
لەدۆخی بەیاننامەی ئازاردا، لایەك سەردەكەوێ‌‌و لای ژێركەوتوو قبوڵ دەكات. بەڵام لەدۆخی هەرەسی شۆڕشی ئەیلولدا (1975) لەبەرامبەر دامەزراندنی یەكێتیدا (1-6-1975) لۆژیكی رێككەوتنی ئازار، بەكارناهێنێ‌. ئەمە لەكاتێكدا، پارتی پاشەكشەی كردووەو خیانەتننامەی (6)ی جەزائیری بە بەرەنگاری عەسكەری رەتنەكردۆتەوە. یەكێتیش لەمەلۆتكەدایە‌و پرشنگی ئومێدی دەدا.
بەندە نامەوێ‌ دەرسی مێژوویی دابدەم. بەڵام لام مەبەستە بڵێم: وەرنەگرتنی پەندە مێژووییەكان، كارەساتی گەورەیان لێدەكەوێتەوە. بەغروری سەركەوتن‌و هێزی چەكداری، پێش لەكارەسات ناگیرێ‌. بەڵكو كارەساتیش روودەدات.
لایەنەكان، وانەزانن بڕیارو كاردانەوەكان، ئەگەر لەزەمانێكدا بچێتەسەر، ئیدی ئەم چوونەسەرە دەستەبەرە. لۆژیكی سیاسی كاتێك ئەقڵ‌و بڕیارەكان دەخاتە ناو گۆڕانكاریی‌و متمانەی سیاسی، كە سەركردەكان، سەری كردەی راستەقینەبن. پەندی سیاسیش، بۆ بڕیاری ئازایانەی چارەسەری كێشە گەورەكانە، چارەسەری گەورەش، بەهزرە نەزۆكەكان، بەرهەم نایەت!!

 

وتاری زیاتر







یەکی ئایارو عائیدون!‬ مەلا بەختیار
2019-05-01 17:48      50 جار بینراوە




رۆژی شانۆ پیرۆزبێ‌‬ مەلا بەختیار
2019-03-27 14:47      51 جار بینراوە





پاساوی تاڵانكردن مەهۆننەوە!!‬ مەلا بەختیار
2019-01-15 13:52      95 جار بینراوە








كابینەی نوێ‌ و كێشە كۆنەكان‬ مەلا بەختیار
2018-12-11 09:36      83 جار بینراوە





سەرۆكێكی باش، یان دەستەبەر؟‬ مەلا بەختیار
2018-10-30 19:05      240 جار بینراوە


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو