شوان كەریم كابان

بەڵێ بۆ دادپەروەریی، بەڵام …

  2018-03-07 12:01      127 جار بینراوە        کۆمێنت

چەند سەرنج‌ و تێبینییەكی برایانە‌و دۆستانە‌و هێمنانە لەسەر ئەو گلەیی‌ و گازندانەی لەیاسای چاكسازی لەخانەنشینی‌ و مووچە‌و دەرماڵە‌و ئیمتیازاتەكان هەن.
یەكەم: هەموو مرۆڤێك مافی خۆیەتی بژێویی ژیانی دەستەبەر بكرێت‌و شكۆمەند‌و شەرەفمەندانە بژی، ئەمەش ئەركی حكومەتی ئەو وڵاتەیە ئەو كەش‌و هەوایەی بۆ دابین بكات.
دووەم: فەرمانبەران‌و مووچەخۆران‌و خانەنشینان‌و هەموو ئەو كەسانەی تر كە لە هەرێم، موچە یان خانەنشینی یان مینحەیان هەیە، بەپێی یاسا مافی خۆیانە داوا‌و گلەیی‌و گازندەیان لەحكومەتەكەی خۆیان هەبێ لەسەر كەمی موچەكەیان، یان دواكەوتنی موچەكەیان یان لێبڕینی موچەكەیان.
سێهەم: لەهەموو وڵاتە بەرقەرار‌و لەسەرپێ وەستاوو پشتبەستوو بە یاساكان، دادپەروەری لە موچە‌و خانەنشینیدا هەیە، بەشێوەیەك كەس گلەیی لە بەختی خۆی نییە، ئەمەش لەقەدەر بەهێزی یان بێهێزیی ئابووری ئەو وڵاتە رێكخراوە‌و دیقەت لەو مەسەلەیەدا كراوە.
چوارەم: بەداخەوە لەبەر كۆمەڵێك هۆكار حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك پێویست خاڵی سێهەمی جێبەجێنەكردووە، ئەگەرچی سیمای رێكخستنی موچە‌و دۆزینەوەی سیستمێكی گونجاو بۆ موچە‌و ئیمتیازاتی كەس‌وكاری شەهیدان‌و قوربانیانی كیمیایی‌و ئەنفال‌و زیندانیانی سیاسی‌و پێشمەرگە دێرینەكان لەپاش ساڵی 2005 تاكو كۆتایی 2013 خەریك بوو دەردەكەوت‌و تاڕادەیەك هەندێك گرفت كە لەو رووەوە هەبوون، بەرەو چارەسەر دەچوون.
پێنجەم: من وەكو هاووڵاتییەكی ئەم هەرێمی كوردستانە، پێشنیاز بۆ بەڕێز سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان دەكەم یاسای چاكسازی لە خانەنشینی‌و موچە‌و دەرماڵە‌و ئیمتیازەكان ئیمزا نەكات ‌و بیگێڕێتەوە بۆ نێو دانیشتنێكی تایبەتی پەرلەمان‌و ئەو مادەیەی كە ئەو هەموو هەڵڵایەی لەسەرە لەیاساکەدا كە بە بڕوای من لە خراپی باش وردنەكردنەوەی بۆ خەڵك‌و چەند هۆكارێكی تر، كە دوایی دێمە سەری گەیشتۆتە ئەو حاڵەتە، لەڕێی پێشكەشكردنی هەمواركردنێكەوە، ئەو ماددەیە لاببرێ بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە موچەی خانەنشینی پەرلەمانەوە بەڵكو قەیرانی دارایی هەرێم بەبڕینی خانەنشینی ئەو ژمارە پەرلەمانتارە خانەنشینە چارەسەر بێ. لەراستیشدا حكومەتی هەرێم نەدەبوو ئەو یاسایە بەو شێوەیە بنێرێت‌و نەشدەبوو پەرلەمان قبوڵی بكردایە، ئەو یاسایە دەبوو بەیەك بڕیار‌و دوو یاسای جیا بنێردرایە، بڕیارەكە بۆ بڕینی خانەنشینی نایاسایی بوایە‌و یاسایەكیش بۆ رێكخستنەوەی موچە‌و خانەنشینی پەرلەمان ‌و یاسایەکیش بۆ بابەتەکانی تر. یان ئەوەی پەیوەست بوو بە خانەنشینی نایاسایی، دەبوو حکومەت هەرخۆی بە بڕیارێک هەڵیبوەشاندایەتەوە، چونکە لەبنەڕەتدا ئەوە بە بڕیاری خۆی کراوە.
شەشەم: بەداخەوە لە ساڵی 2008ەوە تاكو ئێستا، بەبەرنامە‌و مەبەست هەوڵی بەردەوام لە ئارادایە بۆ شكاندنی شكۆی دام‌و دەزگا رەسمییەكانی ئەم هەرێمە لەسەر هەموو ئاستەكان، بەتایبەت پەرلەمان‌و پەرلەمانتارانیش موچە‌و خانەنشینی پەرلەمانیش باشترین دەروازە بووە بۆ ئەو شكاندن‌و سوككردنە.
حەوتەم: پێم باشە‌و پێشم خۆشە هەندێ روونكردنەوە‌و زانیاری بخەمە بەردەم خوێنەرانی بەڕێز‌و ئازیزی كوردستانی نوێ بە ئومێدی بەرچاوڕوونی زیاتر‌و رەواندنەوەی بەشێك لەو تەم‌ومژ‌و بەلاڕێدابردنانەی كە لە ماوەی رابردودا لەم رووەوە هەن:
أ/پەرلەمانی كوردستان تائێستا چوار خولی تێپەڕاندووە، لەم چوار خولەدا:
1-ژمارەیەك خوشك‌و برای پەرلەمانتار دوبارەبونەتەوە، یانی بۆ دوو خول ئەندام پەرلەمان بوون.
2-لە خولی یەكەمدا، ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامی م.س‌و سەركردایەتی ی.ن.ك‌و پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەندام پەرلەمان بوون. دواتر بەشێكی زۆری ئەو بەڕێزانە پلە‌و پۆستی حكومەتیان وەرگرت لە هەرێم‌و بەغدا، یانی وەك خانەنشینی لە كۆڵ پەرلەمان بونەوە، هەروا ئەم حاڵەتە لەخولەکانی تریشدا کەمتر هەبوو.
3-لەهەموو خولەكاندا ژمارەیەكی زۆر لەپەرلەمانتارانی بەڕێز خاوەن دكتۆرا‌و ماستەر بوون‌و زۆربەشیان مامۆستای زانكۆ‌و پەیمانگاكان بوون، ئەوانە گەر لەسەر پەرلەمانتارییەكەشیان خانەنشین نەبن، ئەوا لەسەر وەزیفە حكومییە كۆنەكەیان مافی خۆیانە خانەنشین بن.
4-ژمارەیەكی بەرچاوی پەرلەمانتارانی هەر چوار خولەكە، بەڕێوەبەری گشتی، بەڕێوەبەر، فەرمانبەر بوون، یانی هەموو ئەوانە، مافی یاسایی خۆیان هەیە وەك خاوەن وەزیفە خانەنشین بن گەر خانەنشینی پەرلەمانیش نەبن.
5-ژمارەیەك لەپەرلەمانتارانی هەر چوار خولەكە، پێشمەرگەی دێرینن لەهەموو حیزبەكان، ئەو بەڕێزانە خانەنشینی پەرلەمانیش نەبن، بەپێی یاسای ئیمتیازاتی پێشمەرگە، مافی خانەنشینییان هەیە.
6-بەوپێیە ژمارەیەكی كەم دەمێنێتەوە كە وەك پەرلەمانتار خانەنشین بن.
7-بەپێی ئەو شەش خاڵەی پێشەوە، ژمارەیەكی كەم لە چوار خولەكە ئەمێنێت كە خانەنشین نەكرێن گەر یاسای خانەنشینی پەرلەمانتاران نەمێنێت وەك منیش داوام كردووە، ئەوانی تر بەشێوەیەك لە شێوەكان لەو وەزیفانەی تری خۆیان یان بەپێی هەندێ یاسای تری بەركار لە هەرێم، وەزیفەی حكومەتی هەرێمە موچەی خانەنشینیان بداتێ، یانی حكومەت هەر دەبێ ئەو بڕە پارەیە سەرف بكات.
ب/هەندێك نموونەی پەرلەمانتارانی دنیا تەنیا بۆ بەرچاوڕوونی‌و هیچی تر:
-موچەی پەرلەمانتاری سویسرا ساڵانە 60100 یۆرۆ لەگەڵ پەنجا هەزار یۆرۆ بۆ مەسروفی هاتوچۆ، مانەوە، كرێ خانوو، تەلەفۆن، خواردن. پەرلەمانتار دەتوانێ جگە لە كارەكەی خۆی كارێكی تر بكات بە مەرجێ 50%ی كاتی خۆی بۆ پەرلەمان تەرخان بكات و ئەندامی ئەنجومەنی پیران دەبێ 70%ی كاتی خۆی بۆ پەرلەمان بێ. جگە لە موچەكەی بۆ هەر دانیشتنێك 440 فرەنكی سویسری وەردەگرێ.
-موچەی پەرلەمانتاری ئوردن 3800 دۆلارە. پارەی كرێ خانوو ‌و میوانداری‌و تەلەفۆن‌و هەندێ مەسرەفی تری بەجیا دەدرێتێ، ساڵانە هەر پەرلەمانتارێك 5 فیزای حەجی دەدرێتێ. بۆ هەر پەرلەمانتارێك بڕێك پارەی بۆ تەرخان دەكرێت تاكو بیدات بە ژمارەیەك خوێندكار بۆ خوێندنی زانکۆ.
-موچەی پەرلەمانتاری فەلەستین 3000 دۆلارە، بۆ یەك جاریش سەرۆك‌و ئەندام بڕی 15 هەزار دۆلار وەردەگرن.
-مەغریب موچەی پەرلەمانتار 5300 دۆلارە‌و خانەنشینان 900 دۆلار.
-سوید موچەی پەرلەمانتار 7300 دۆلارە، سەرۆك پەرلەمان 160000 كرۆن وەردەگرێ‌و وەك موچەی سەرۆك وەزیران، موچەی سەرۆك لیژنەكان 20%ی موچەكەیانی دەچێتە سەر.
-تونس موچەی پەرلەمانتار 9000 دۆلار.
-سعودیە ساڵانە 64 هەزار دۆلارە.
-توركیا 4400 دۆلار جگە لەپارەی هاتوچۆ‌و پەیوەندی‌و مانەوە‌و كرێ خانوو.
-ئێران 2000 دۆلار.
-میسر 11 هەزار جنیە، بۆ هەر دانیشتنێكیش 150 جنیە‌و بۆ دانیشتنی لیژنەكانیش 75 جنیە.
-ئیتالیا 165 هەزار یۆرۆ ساڵانە جگە لە مەسرەفی هاتوچۆ‌و مانەوە لە ئوتێل‌و موخەسەساتی خواردن.
-فەرەنسا 85200 یۆرۆ موچەی ساڵانە، جگە لە بڕی 70 هەزار یۆرۆی تر پارەی مەسرەفی ترە دەدرێتە پەرلەمانتار، ئەمە جگە لەوەی بێبەرامبەر سواری شەمەندۆفێر دەبێ‌و بێبەرامبەر بۆی هەیە 80 سەفەری ناوخۆی فەرەنسا بە فرۆكە بكات.
-موچەی پەرلەمانتاری بەریتانیا 93 هەزار یۆرۆ، جگە لە 14500 یۆرۆی تر بۆ مەسرەفی جۆراوجۆری تر، جگە لە دابینكردنی ئامرازی هاتوچۆ‌و خانوو بۆ مانەوە.
-ئەندامی ئەنجومەنی پیران‌و ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا 153 یۆرۆیە ساڵانە، جگە لە مەسرەفی هاتوچۆ‌و خواردن‌و مانەوە، هەندێك جار كۆی مەسرەفی پەرلەمانتاری ئەمریكا دەگاتە نزیكەی یەك ملیۆن یۆرۆ. ئەمە لەكاتێكدایە ئەندامانی كۆنگرێس ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا هەموویان ملیۆنێرن، ئەگەر ملیاردێریش نەبن.
-موچەی پەرلەمانتاری كوێت نابێ لە 5 هەزار دیناری كوێتی كەمتر بێ. هەر ئەندامێك بۆی هەیە پێنج كەس لە سكرتاریەتەكەی دامەزرێنێ‌و بەكارهێنانی تەلەفۆن بێبەرامبەرە، سەرۆك‌و جێگری پەرلەمان 50% داشكاندنیان بۆ دەكرێت بۆ بلیتی سەفەر.
-موچەی ئەندام پەرلەمانی ئەوروپا 149316 هەزار یۆرۆیە ساڵانە، هەروا بۆ هەر دانیشتنێكیش 306 یۆرۆ وەردەگرن.
-موچەی ئەندام پەرلەمانی ئیسپانیا 33756 یۆرۆیە، ساڵانە.
-موچەی ئەندام پەرلەمانی پورتوگال 44200 یۆرۆیە، ساڵانە.
-ئەندام پەرلەمانی ئەڵمانیا ساڵانە 109 هەزار یۆرۆ.
-ئەندام پەرلەمانی یابان ساڵانە 124 هەزار یۆرۆ.
-ئەندام پەرلەمانی نەمسا ساڵانە 120 هەزار یۆرۆ.
-ئەندام پەرلەمانی بەرازیل ساڵانە 110 هەزار یۆرۆ.
-ئەندام پەرلەمانی لوبنان مانگانە 5667 دۆلار.
-ئەندام پەرلەمانی جەزائر مانگانە 6150 دۆلار، جگە لەوەی سەرۆك‌و جێگری سەرۆكی پەرلەمان موخەسەساتی تریان هەیە، لەگەڵ سەرۆك لیژنەكان. هەروا پارەی خواردن‌و تەلەفۆن‌و سەفەر‌و مانەوەیان بۆ سەرف دەكرێت.
زۆربەی زۆری ئەو وڵاتانەی ناومان هێنان، خانەنشینی پەرلەمانیان هەیە‌و لە هەندێ وڵات بۆتە جێی ناڕازی بون‌و رەخنەگرتن. بۆ نمونە لە بەحرێن خانەنشینی پەرلەمان پێنج ئەوەندەی خانەنشینی فەرمانبەرە، لە بەریتانیا هێندەی ئەوەندەی فەرمانبەرانە، لە ئەمریكا خانەنشینی كۆنگرێسمان‌و پەرلەمانتار هێندەی فەرمانبەرانە، لە مەغریب موچەی خانەنشینی پەرلەمانتار 900 دۆلارە.
لە نیوزلەندا ساڵی 2009 پەرلەمانتاران بڕیاریاندا مووچە وەرنەگرن لەبەر خراپی باری ئابووری وڵاتەکەیان.
دیارە ئەوە لەسەرەوە، ئاماژەم پێداوە نمونەی هەندێك وڵاتە‌و هەر وڵاتەش بەپێی بارودۆخی ئابوری خۆی‌و سیستمی موچەی وڵاتەكە‌و رەچاوكردنی دادپەروەری رێكیخستووە‌و بۆ ئەوەش نەم نوسیوە لە كوردستانیش وا بكەین، نەخێر، من بەش بە حاڵی خۆم، وەك هاووڵاتییەكی ئەم كوردستانە، تا سەرئێسقان لەگەڵ دادپەروەری كۆمەڵایەتیم، لەگەڵ دادپەروەریم لەدابەشكردنی داهاتی وڵاتەكەم، لەگەڵ دادپەروەریم لەجێبەجێكردنی یاسادا، بۆ ئەوە نووسیومە كە بەرچاوڕوونییەك بدەمە خوێنەرانی بەڕێز‌و هەموو ئەو ناهەقی‌و ناڕاستیانە، روونبكەمەوە كە چەند ساڵێكە لەبارەی موچە‌و ئیمتیازاتی پەرلەمانتارانەوە دەگوترێن، بەتایبەت كە زۆر پێداگری لەوە دەكرا پەرلەمانتار لە هیچ شوێنێك موچە‌و خانەنشینی نییە. ئومێدەوارم لەم وڵاتەی ئێمەدا دەرەنجام دادپەروەری‌و یەكسانی‌و یاسا بچەسپێ‌و مافی هەموو هاوووڵاتیەك وەك خۆی بدرێ.
تێبینی:
– لەو سایتانەی ئەو زانیاریانەم لێ وەرگرتوون پارەكان زۆربەی بە یۆرۆ ،نوسرابون.
-ئەم وتارە بەر لە بڕیاری گێڕانەوەی یاساكە لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە، نوسراوە.

وتاری زیاتر





كوا وەڵامی حكومەت؟!‬ شوان كەریم كابان
2018-03-14 20:26      123 جار بینراوە



فه‌وزای دیموكراسی‬ شوان كەریم كابان
2018-01-09 10:45      146 جار بینراوە



نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو