محەمەد مێرگەسۆری

توێژینەوە لەبارەی ئاشتی

  2018-03-13 17:17      118 جار بینراوە        کۆمێنت

توێژینەوە لەبارەی ئاشتی ( دراسات السلام –Peace Studies )
لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، توێژینەوە لەبارەی ئاشتی و پرسە پەیوەندیدارەكان بە ئاشتیەوە، بووە ( گشتگە –حقل) ێكی سەربەخۆی ئەنیستیتۆ و ناوەندەكانی توێژینەوە و تیكتانك – TEK TANK. بەو سیفەتەی لایەنێكی مەعریفیە و پرۆفیشناڵی پراكتیكیە، دەتوانرێ‌ لە چەند لایەن و بابەتێكی هەمەلایەنەی بواری ژیانی سیاسی و كۆمەڵاتیدا پراكتیزە بكرێ‌.

 شارەزا و پسپۆرانی ئەنیستیتۆ و ناوەندەكان هەوڵ دەدەن، كە دان بە توێژینەوەكانی پرسەكانی ئاشتی بنرێ‌ و وەك پسپۆر و شارەزایەكی سەربەخۆ لەچوارچێوەی توێژینەوە فرەلایەنەكاندا مامەڵەی لەگەڵدا بكرێ‌. لایەكی تریش ناكرێ‌ پەیوەندی و رایەڵەی نێوان كۆی توێژینەوەكان لەبارەی ئاشتی و پرسەكانیەوە لەگەڵ توێژینەوە و لێكۆڵینەوەكانی بوار و زانستەكانی كۆمەڵناسی و سایكۆلۆجی و"كۆمەنیكەیشن- التواصل" و توێژینەوەكانی بواری ئاسایش و ئاسایشی نیشتمانی و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكان و سیاسەتی دەرەوە لەبەرچاو نەگیرێ‌. چونكە توێژینەوە لەبارەی ئاشتی و پرسەكانیەوە، توێژینەوەگەلێكی فرەپسپۆری و فرەلایەنە، پیشەمەندی خۆی دەوێ‌ و بابەت و پسپۆری و شارەزایەكی تازەیە لە نێوەندی توێژینەوە و لێكۆڵینەوەدا، كە بایەخ و پێگەكەی پێویستی بە دیاریكردنی چوارچێوەیەكی مێژوویی هەیە.

پێشینەی توێژینەوە لەبارەی ئاشتیەوە، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانێكی دێرین. بەڵام زۆرێك لە بۆچوونە مێژووییەكان دەربارەی توێژینەوەكانی پەیوەندار بە ئاشتی و پرسەكانی ئاشتیەوە، بە ئەوانەشەوە كە باس لە رووداوەكانی سەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی دەكەن. ئەم توێژینەوانە دەبەستنەوە بە دەرئەنجامی كاریگەری و لێكەوت یان ئاسەوارەكانی هەردوو جەنگی جیهانی یەكەم و دووەم و پەیگیری لەسەر ئەم بۆچوونە دەكەنەوە. ئەو وێرانكاری و ترس ولەرز و ئازارەی لەو هەردوو جەنگەدا هاتنەئاراوە، وای كرد كە هەموو لایەنەكان و براوە و دۆراوەكانی ئەو جەنگانە، بەدوای ئەڵتەرناتیڤی لۆجیكی و واقیعی بگەرێن، كە هەر ئەو ئەڵتەرناتیڤەش بەسەر سیاسەتی پەیوەندی نێودەوڵەتیدا زاڵە. هەر ئەو لۆجیكە و توێژینەوانە بوونە دەستپێكی چەندین هەنگاو و كۆششی هەمەلایەنە و بەرێوەچوون و سازكردنی كۆنگرە و كۆنفرانس و پانێڵ لەبارەی: رەگوریشەی چەمكی ململانێ‌ و پرسەكانی، سروشتەكەی و دینامیكیەتی و دەربارەی هاوپشتی و هاوكاریە لەوبارەیەوە تا ئێستا هەیە. ئەوەش بەسەر توێژینەوەكانی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكاندا باڵادەستە.

هەموو ئەو سەرچاوانەی هەن و باس لە گەشە و پێشكەوتنی توێژینەوە لەبارەی ئاشتی و پرسەكانیەوە دەكەن، هەموویان ئاماژە بە كاریگەریەكانی هەردوو جەنگی جیهانی دەكەن. بەڵام بەشێوەیەكی بنەرەتی باس لە كاریگەریەكانی جەنگی دووەمی جیهانی دەكەن. هۆكارە بنچینیەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو قوربانی بێ ژمارە و ئەو وێرانكاریەی بەدواوەی هات، كە پێشتر نە تۆماركراوە و نەبینراوە، كە هەندێ‌ سەرچاوە ئاماژە بە كوشتنی 17 ملیۆن كەسی سەربازی دەكات. لە كاتێكدا ژمارەی كوژراوانی كەسانی سیڤیل لە جەنگی دووەمی جیهانیدا، حەوتجار زیاتر بووە لە جەنگی یەكەمی جیهانی، كە دەگاتە 35 ملیۆن كەس. لەگەڵ باسكردن و ئاماژەدان بە كاریگەریەكانی جەنگی دووەمی جیهانی لە كۆر و كۆبووەنەكان لەبارەی ململانێی و دەمارگیری هەمەچەشن و چۆنیەتی هاریكاری و پاڵپشتی لەیەك كردن بۆ بونیاتنانی ئاشتی، لەبەر ئەوەی هەندێ لە زانا و شارەزایان دەڵێن: جەنگی دووەمی جیهانی بە ڕاستی لەوكاتەوە دەستیپێكرد، كە جەنگی یەكەمی جیهانی گەیشتە خامۆش بوون، بە پێچەوانەی بڕیارە مشتومرئاساكانی ڕێكەوتننامەی ڤێرسای ساڵی 1919؟.

وتاری زیاتر



لیبرالیزمی نێودەوڵەتی‬ محەمەد مێرگەسۆری
2018-03-28 18:13      140 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو