مه‌ریوان عه‌لی محه‌مه‌د

هه‌ڵبژاردنی عیراق له‌ كه‌شێكی ئاڵۆزدا

  2018-04-15 11:29      56 جار بینراوە        کۆمێنت

هه‌ڵبژاردن وه‌ك پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسی بۆ به‌ده‌ستخستنی ده‌سه‌ڵات، پێویستی به‌ كه‌شێكی ره‌خسێنراوی له‌بار هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی زامنی ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات بكات، به‌ده‌ر له‌ ره‌خساندنی كه‌شی ئارام له‌ رۆژانی پرۆسه‌ی بانگه‌شه‌ی لایه‌نه‌كاندا بۆ هه‌ڵبژاردن، هه‌ر ده‌رئه‌نجامێكی لێبكه‌وێته‌وه‌ ئه‌سته‌مه‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ی رێژه‌ی به‌ده‌ستهاتووه‌كانیان له‌ئاستی چاوه‌روانی خۆیان نه‌بێت په‌سه‌ندی بكه‌ن، هه‌ڵبه‌ته‌ دۆراندنه‌كانیشیان ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی خراپی كه‌شی بانگه‌شه‌ یان ساخته‌و ته‌زوییكردن، بۆیه‌ بونیادی سه‌ركه‌وتنی كۆی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن، پشت به‌پایه‌كانی پرۆسه‌ی بانگه‌شه‌ ده‌به‌ستێت چونكه‌ دوورنییه‌ لایه‌نێك كه‌ خۆی به‌ به‌هێز له‌ گۆره‌پانه‌كه‌دا ناساندبێت ئه‌گه‌ر هه‌ستبكات له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوه‌ ده‌كرێت بیر له‌ ته‌زویرو ساخته‌كردن بكاته‌وه‌، ئاماژه‌كانی رۆژانی داهاتوو بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقیش له‌ كه‌شێكی زۆر ئاڵۆز چ له‌ناوخۆ چ له‌ده‌ره‌وه‌ گوزه‌ر ده‌كات.

له‌ناوخۆدا! مه‌به‌ستم له‌ چوارچێوه‌ی عیراقدا، قینێكی شاراوه‌ی نه‌دركێنراوی نێوان سونه‌و شیعه‌ی عه‌ره‌ب په‌نگی خواردۆته‌وه‌و هه‌ردوولایان له‌پێناوی ئه‌وه‌ی لایه‌نی سێیه‌م كه‌ كورده‌ سودی لێنه‌بینێت ئاماده‌ن تاڵاوی یه‌كتر قووتبده‌ن و بۆكاتێكی دیكه‌ی دوابخه‌ن، له‌دۆخی ئاشكرای ئه‌و دوو لایه‌نه‌دا، لایه‌نی كوردی چ ئاماده‌گییه‌كی كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌نگی رابردوی خۆی له‌دوای 2003 ه‌وه‌ له‌ عیراق بپارێزێت.

گومانی تیانییه‌ له‌ ئێستادا كارته‌ سیاسییه‌كانی ده‌ستی كورد له‌ چوارچێوه‌ی عیراقدا زۆر بێهێزو بێكاریگه‌رن به‌تایبه‌تی له‌دوای ئه‌نجامدانی ریفراندۆم و رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر، بۆیه‌ ده‌كرێت كورد پشت به‌ خاڵه‌ لاوازه‌كانی عیراق به‌گشتی و هه‌ردوو لایه‌نی سونه‌و شیعه‌ به‌تایبه‌تی ببه‌ستێت و كارت و فشاری سیاسی پێ دروستبكات بۆ گێرانه‌وه‌ی سه‌نگی كورد له‌نێوپرۆسه‌ی سیاسی عیراقدا.. له‌وانه‌:-
1- له‌ شه‌ری قاعیده‌دا شاره‌ عه‌ره‌به‌ سونه‌نشینه‌كانی عیراق هێزی (سه‌حوه‌)یان دروستكردو هه‌زاران كوژراو برینداریان له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆری (ئه‌بوموسعه‌ب زه‌رقاوی) كرده‌ قوربانی، كه‌چی هیچ له‌و كه‌سانه‌ی ئه‌و شه‌ره‌یان كرد نه‌خرانه‌ نێو لیستی سوپای عیراق، به‌ڵام هێزه‌كانی حه‌شدی شیعی له‌شه‌ری داعشدا به‌ره‌سمی بوون به‌ به‌شێك له‌ مه‌نزومه‌ی سوپای عیراق و كوژراوه‌كانیشیان ئیمتیازاتی شه‌هیدانه‌یان پێدرا، ئه‌مه‌ خاڵێكی لاوازی شیعه‌یه‌ كه‌ حكومه‌ت به‌رێوه‌ده‌بات به‌رامبه‌ر به‌ سونه‌ی عه‌ره‌ب.
2- له‌شه‌ڕی داعشدا حكومه‌تی عیراق پشتی به‌ دروستكردنی هێزی سه‌حوه‌ نه‌به‌ست بۆ له‌ ناوبردنی تیرۆرستان، بۆ ئه‌وه‌ی بیانویان هه‌بێ تا گورزی سه‌ربازی له‌ده‌ره‌وه‌ ئاراسته‌ی شاره‌ سونه‌نیشنه‌كان بكه‌ن و به‌وه‌ش سیاسه‌تی (الارچ المحروقه‌)یان پیاده‌كردو، به‌هۆیه‌وه‌ 80 له‌سه‌دای شاری موسڵ به‌تایبه‌تی و شاره‌كانی دیكه‌ی سونه‌ نشین خاپوربوون و تائێستاش حكومه‌تی عیراق هیچ هه‌نگاوی جددی نه‌ناوه‌ بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتووان، ئه‌مه‌ش خاڵێكی لاوازی دیكه‌یانه‌.

3- خستنه‌رووی مه‌ترسییه‌كانی ئه‌و لایه‌نه‌ی هه‌وڵ بۆ دروستكردنی حكومه‌تی زۆرینه‌ ده‌دات له‌عیراق كه‌ بێگومان له‌هێنانه‌ كایه‌ی سستمی له‌وجۆره‌ زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م هه‌ردوو لایه‌نی كوردو عه‌ره‌بی سوونه‌یه‌، به‌ڵام كورد ده‌توانێت سیاسه‌تی په‌رتكه‌وزاڵه‌به‌ به‌كاربێنێت بۆ ناچاركردنی ملدانی یه‌كێكیان بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی هه‌رێم، ئه‌م هه‌نگاوانه‌ش له‌ فه‌رهه‌نگی حكومرانیدا پێیانده‌وترێت سیاسه‌تكردن.

له‌ ده‌ره‌وه‌شدا! مه‌به‌ستم له‌ گرژی و كێشه‌ هه‌رێمایه‌تییه‌كانی وڵاتانی دراوسێی عیراقه‌. ئاشكرایه‌ دوای بڵاوبونه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی له‌ شاری دۆما له‌لایه‌ن سوپاكه‌ی به‌شار ئه‌سه‌ده‌وه‌، ئه‌مریكاو به‌ریتانیاو فه‌ره‌نسا به‌نیازن گورزی سه‌ربازی كوشنده‌ له‌ دامه‌زراوه‌ سه‌ربازییه‌كانی سوریا بوه‌شێنن، حكومه‌تی سوریاش بۆ پاراستنی فرۆكه‌ سه‌ربازییه‌كانیان داوایان له‌ حكومه‌تی عیراق كردووه‌ داڵده‌ی فرۆكه‌كانیان بدات و له‌ فرۆكه‌خانه‌كانی عیراق بنیشینه‌وه‌، هه‌تا ئێره‌ ئاساییه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌تی عیراق ئه‌وكاره‌ بكات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نائاساییه‌ گره‌نتی چییه‌ ئه‌و فرۆكه‌ سه‌ربازیانه‌ بۆ هه‌میشه‌ له‌عیراق جێگیرناكرێن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ فرۆكه‌خانه‌كانی عیراقه‌وه‌ هه‌ڵفرن بۆ وه‌شاندنی گورزی سه‌ربازی له‌ هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی نێو خاكی سوریا ، چونكه‌ پێشتر كاری له‌وجۆره‌ كراوه‌و باشترین به‌ڵگه‌ش ئێرانه‌ كه‌ پارساڵ فرۆكه‌خانه‌یه‌كی خۆی بۆ فرۆكه‌ سه‌ربازییه‌كانی روسیا كرده‌وه‌ بۆ به‌كارهێنانیان له‌شه‌ری نێوخۆی سوریادا، بێگومان ره‌خساندی ده‌رفه‌تی له‌وجۆره‌ بۆ به‌شار ئه‌سه‌د، عیراق ده‌خاته‌ نێوگێژاوێكی هه‌رێمایه‌تی تاقه‌تپرۆكێن، بۆیه‌ ده‌كرێت بێده‌نگبوونی كورد له‌پرسی واهادا به‌رامبه‌ر به‌ نرخێكیسیاسی دیاریكراودا بێت كه‌ قازانجه‌كه‌ی بۆ كورد بشكێته‌وه‌..

له‌نێو خۆشماندا مه‌به‌ستم له‌ناو هه‌رێمه‌كه‌ماندا، ته‌نیا كارتی به‌هێز به‌ده‌ستی كورده‌وه‌ مابێت بۆ هه‌لبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق و كه‌ تیایدا بتوانرێت پێگه‌ی كورد لاوازتر نه‌بێ، بریتیه‌ له‌یه‌كریزی نێوخۆیی، ئه‌و یه‌كریزییه‌ش ته‌نیا به‌ره‌خساندنی كه‌شێكی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی دروستده‌بێت له‌ رۆژانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا، باشتره‌ لایه‌نه‌ كوردیه‌ به‌شداربووه‌كانی پرۆسه‌ی هه‌ڵژاردنه‌كه‌ی عیراق له‌بری ناشیرینكردنی یه‌كتر كار بۆ جوانكردنی به‌رنامه‌و پرۆژه‌كانیان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كه‌شێكی هێمن و ئارام بره‌خسێنرێت بۆ ئه‌وه‌ی په‌رۆشی له‌لای ده‌نگده‌ر دروستببێت له‌رۆژی ده‌نگداندا به‌شداری ده‌نگدان بكه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ با كاندیدو لایه‌نه‌كان درك به‌و حه‌قیقه‌ته‌ بكه‌ن ئه‌مرۆ گه‌ل وشیاره‌و چاك و خراپ به‌ئاسانی لێكجیاده‌كاته‌وه‌و پێشتریش له‌ ویژداندا خۆیان یه‌كلاییكردۆته‌وه‌ بۆیه‌ ئه‌گه‌ر به‌نیازن ده‌نگی زیاتر بهێنن، ئه‌وا با به‌هێمنی و ته‌ندروست بانگه‌شه‌ بكه‌ن بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگ.

وتاری زیاتر




نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو