مەلا بەختیار

تکایە.. لەسەر (سەرکردایەتى سیاسى کوردستان– عێراق) وردببنەوە !

  2017-10-03 13:36      468 جار بینراوە        کۆمێنت
ساڵەهایە، حزبە کوردستانییەکان، پێش سەرهەڵدانى ئۆپۆزسیۆن و دواى ئەوەش؛ پێش داخستنى پەرلەمان و دواى ئەوەش، ناوبەناو کۆبونەوەى سیاسییان کردووە، بەفراکسیۆنەکانى گۆڕان و کۆمەڵیشەوە. هاوکات پەرلەمانیش لەگەرمەى راپەڕاندنى ئەرکەکانى بووە.. دواى داخستنى پەرلەمان، زۆربەى کۆبونەوەکان کە دەکران، بۆ چارەسەرکردنى کێشەى لایەنە سیاسیەکان و چۆنیەتى کاراکردنەوەى پەرلەمان بووە. هەمیشە یەکێتى لەو کۆبونەوانەدا، جەختى لەسەر یەکڕیزى نیشتمانى وکاراکردنەوەى پەرلەمان (بێ مەرج) کردۆتەوە. لەم رێبازەشدا، سەرکەوتن بەدەست هات
کاتێک، بۆچونەکانى ساڵەهاى هەموولایەک (بآ جیاوازى) سەبارەت بە ریفراندۆم و سەربەخۆیى، لەسەرەتاى ئەمساڵەوە، هاتەوە گۆڕآ، سەرەنجامى گفتوگۆکان، ئێمەى نوێنەرانى یەکێتى، بەردەوام دەمانگوت:
ریفراندۆم و سەربەخۆیى، مافى ستراتیژى و  چارەنوسى گەلەکەمانە، بەڵام لەدیاریکردنى کاتەکەى، دەبآ وریا بین. بەڵام دەشمانگوت: ناکرآ، رێکەوتنە نێودەوڵەتیەکان لەسەر ناوچەکە، لەنێوان حکومەتەکان و  زلهێزەکاندا، مۆربکرآ و دواى کۆتایى شەڕى داعش، ئیتر هەلەکەمان لەدەستبچآ. دەشمانگوت: کورد، جەنگاوەرى ئازا نییە، هەتا دواى شەڕ خەڵاتمان بکەن و  بچینەوە ماڵى خۆمان. دەمانگوت: لەشەستەکانەوە، تێکۆشەرى پێناوى ئازادى بوین و هەین.
لەو کۆبونەوانەدا، کە زۆربەى لایەنەکان بەئامادەبونى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەوە، (7/6/2017) بڕیارى ریفراندۆم درا، نوێنەرایەتى یەکێتى هەندێک رونکردنەوەى پێویستمان سەبارەت بە دۆخە سیاسیەکە دا. کە بڕیارى رۆژى ریفراندۆمیش پەسەند کرا، ئیتر ناوى (ئەنجومەنى باڵاى ریفراندۆم) هاتەئارا. لەکۆبونەوەیەکى ئەنجومەنى ناوبراویشدا، یەکێتى جەختمان کردوە کە: (مادام پێشنیازى بەدیل لەم وڵات و ئەو وڵات.. پێشکەش دەکرێن و گەورەبەرپرسانى وڵاتانى گەورەش. دێن، هەقوایە پرۆژەیەکمان بۆ بەدیلى ریفراندۆم هەبآ).. بەگشتى ئەم بۆچونەمان پەسەند کراو پەیگیرى بەدیل لەگەڵ وڵاتانى دۆستى ئیقلیمى و دەرەوە، لەلایەن گروپێکى باڵاوە لەبەرێزان (نێچیرڤان بارزانى، قوباد تاڵەبانى، د.فوئاد حسێن) پەیتا پەیتا دەکرا. کە بەداخەوە، حکومەتى عێراق، بەربەستى لەبەردەم ئەو بەدیلە دڵخوازەى لیژنەى باڵاى ریفراندۆم دادەنا. کورتیەکەى:
حکومەتى عێراق، بەتایبەتى هەندێکى هێزە شیعەکان، دەیانویست وەکو ساڵانى رابوردوو، گفتوگۆ بکرآ و قسە تەنها لەسەر دەستکەوت و چارەسەرى کێشەکانى رابوردوو بکرآ، لیژنەى باڵاى ریفراندۆمیش، جەختیان دەکردەوە، کە متمانە لەنێوان هەرێم و بەغدادو ئەم چەشنە حوکمڕانى و سیستەمەو چۆنیەتى شەراکەتە، زۆر لاوازە. بۆیە، پێویستە بگوازینەوە بۆ قۆناغى باڵاى گفتوگۆو رێکخستنەوەى عێراق. مەخابن، تائێستا، لەنێوان هەرێم و بەغداد، بۆ تێگەیشتنى هەمەلایەنە لەسەر دۆخى دواى شەڕى داعش و ناوچەکانى دەرەوەى هەرێم و رێکخستنەوەى عێراق و هەرێم و مافە دەستورییە راستەقینەکانى گەلى کوردستان، بۆچونى هاوبەش گەلاڵە نەبووە. هەموو ئەو هەوڵانەى دراشن، بۆ دۆزینەوەى چارەسەرى دیموکراسییانەى راستەقینە، سەریان نەگرت.
لەو ماوەیەدا، یەکێتى، پاشەکشەى لەئامانجەکانى ریفراندۆم نەکرد، بەڵام تایبەتمەندى سیاسەتەکانى خۆشى دەربارەى بەدیل، لەکۆبونەوەکاندا، قەت نەدەشاردەوە.
کە ریفراندۆمیش ئەنجامدرا، یەکێتى، بەرپرسیارێتى نەتەوەیى و دیموکراسى خۆى، ئەنجامدا.
ئەنجومەنى باڵاى ریفراندۆم، کارەکانى کۆتاییهات. لەکۆبونەوەى (30/9/2017) دا، لەنێوان (پارتى، یەکگرتوو، یەکێتى) بەئامادەبونى بەرێز بارزانى، تەنها وەکو بیروڕایەک باسى ئەوە کرا، ئایا، ئەنجومەنى باڵاى ریفراندۆم بمێنآ، یان هەڵبوەشێتەوە. وەکو بیرۆکە وا پەسەند کرا، بەهەندێک تێبینیشەوە لەسەر چۆنیەتى (ئەنجومەنە باڵاکە!) کە کێشەکانى دواى ریفراندۆم، بەردەوام پێویستیان بە راوێژى سیاسى لایەنە سیاسیەکان هەیە. بەبآ ئەوەى بڕیارى پێشوەخت لەئارادا بآ. یان بەرنامەو پرۆگرام بۆ ئەنجومەنەکە ئامادەکرابآ، یاخود تەنانەت بیریش لە رێساى سەرکردایەتیەکەو رابەرایەتیەکەى، یان پەراوێزخستنى هیچ لایەک کرابآ، نەخواستە بیر لەوە کرابێتەوە، شکۆى پەرلەمان کەمبکرێتەوە، لە دوا کۆبونەوەى ئەنجومەنى باڵاى ریفراندۆم، ناوى ئەنجومەنەکە بە (سەرکردایەتى سیاسى کوردستان-عێراق) گۆڕدرا.
ئەم ناوگۆڕینە، بەبآ ئەوەى لە دێڕێکیشدا، پرەنسیپى بۆ دانرابآ، یاخود هەر پێشنیازیش کرابآ، هەتا ببێتە مایەى ئەم هەموو نیگەرانییە. قبوڵ کراوە.
ئێستا.. ئەم سەرکردایەتیە سیاسییەش، وەکو هەموو روداوێکى ترى کوردستان، گەورە بآ یان گچکە، لێکدانەوەى جیاوازى بۆ کراوە. بەڵکو ناکۆکیەکانى پآ قوڵدەکرێتەوە.
ئێمە دەزانین لەمێژوو، لەدۆخى نەخوازراودا، بەمەرام، لایەنەکان ئاراستەى ململانێکان هەڵدەگێڕن.. روداوى نەخوازراویش لەناو ئەم کێشمەکێشە سیاسى-سایکیۆلۆژیەدا، زۆرجار کارەساتیشیان لێکەوتۆتەوە.
بۆئەوەى، هەر هەڵەتێگەیشتنێک، بەرامبەر ئەم سەرکردایەتییە سیاسییە، یان هەر کاڵ و کرچییەک لەچۆنیەتى پێکهێنانیدا هەبآ، بڕەوێتەوەو پێشگیرى لە روداوى نەخوازراویش بکرآ، پێشنیاز دەکەم، سەرکردایەتی سیاسى کوردستان-عێراق کۆببێتەوەو ئەم پیشنیازانەش بۆ کۆبونەوەکە دەخەمەڕوو:
یەکەم: سەرکردایەتییەکە، تەنها بۆ ماوەیەکى کاتیى بآ، هەتا دانوستانەکان دەربارەى ریفراندۆم، ساغدەبنەوە.
دووەم: لەو ماوەیەدا، دەسەڵاتە سیاسیەکانى سەرکردایەتیەکە، لەچەند پێشنیازێکدا، بخریتە بەردەم پەرلەمانى کوردستان.
سێهەم: پەرلەمانى کوردستان، سەرپشک بآ لە قبوڵکردنى سەرکردایەتیەکە یان رەتکردنەوەى، یاخود هەر ئاڵوگۆڕێک لەدەسەڵاتەکانى، تەنانەت لە پێکهاتەى سەرکردایەتیەکەش.
ئومێدەوارم، کۆبونەوەکە هەر ئەم هەفتەیە ئەنجامبدرآ، هەتا لەم دۆخە هەستیارەدا، کات بەفیڕۆنەدرآ و بواریش نەدەین، نان و تەڕەپیاز، بەکێشەى لاوەکیەوە بخورآ. کێشەى سەرەکى ئێمە، لەم دۆخەدا، چۆنیەتى بەدیهێنانى ئامانجەکانى ریفراندۆمە. ئەمەش، بە دەستپێکردنى سیاسەتێکى دیپلۆماسى و پرۆژەیەکى هەمەلایەنەى دانوستان و چارەسەرکردنى تەنگوچەڵەمە ئابورى و سیاسیەکان دەکرآ. نەک رێگاى ترى نەخوازراو!
 

وتاری زیاتر



وتاری سواو كۆتایی هاتووە‬ مەلا بەختیار
2019-11-06 13:12      133 جار بینراوە



ناكۆكیەكانی سەرۆك ترامپ‬ مەلا بەختیار
2019-10-13 21:53      195 جار بینراوە








روسیای لینین و روسیای پوتین‬ مەلا بەختیار
2019-09-11 18:42      99 جار بینراوە


31ی ئاب؛ یادێكی شوم‬ مەلا بەختیار
2019-08-31 13:33      110 جار بینراوە












یەکی ئایارو عائیدون!‬ مەلا بەختیار
2019-05-01 17:48      96 جار بینراوە



نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو