مەلا بەختیار

دژایەتی گەندەڵی و راپەڕینی بەردەوام

  2019-05-08 13:56      73 جار بینراوە        کۆمێنت

-1-
راڤەی راپەڕینی بەردەوام
راپەڕینی بەردەوام، دەستەواژە، یان چەمكێكە، بەندە ساڵی (1989) دامڕشتووە. راپەڕین، لەسەدەی سەرمایەداریەوە هەیە. بەڵام پاشگری (بەردەوام) دوای راپەڕینی گەلانی ئێران ‌و فەلەستین، لەهزرماندا گەڵاڵە بوو. لە كتێبی (شۆڕشی كوردستان ‌و گۆڕانكاریەكانی سەردەم)دا، وەكو تێزێكی شۆڕشگێڕانەی نوێ‌، لە رشتەی (7) و لەلاپەڕە (228)ەوە هەتا (265) چەمكەكەم راڤە كردووە. لەم تێزەدا، بۆ یەكەمین جاریش، لەئەدەبیاتی سیاسی كوردایەتی دا، شۆڕشی چەكداری وەكو ستراتیژی رزگاری، دوای ئەنفالەكان ‌و هەرەسهێنانی بلۆكی شورەوی و پەیمانی وارشۆ، رەتكراوەتەوە (دەیڵێمەوە وەكو ستراتیژ نەك سەراپا رەتكردنەوە!) لە (8) پاشكۆی كتێبەكەشدا، بەئاماری سەرجەم بزوتنەوە چەكداریەكان، دیسان بۆ یەكەمین جار لەناو ئەدەبیاتی چەپەكاندا، سەلمێندراوە كە زۆربەی خەباتی چەكداری لەدوای جەنگی یەكەمەوە، شكستی خواردووە. كە دەكاتە (18) بزوتنەوەی چەكدار، بزوتنەوە بەردەوامەكانیشمان باسكردووە كە دەكاتە (16) دانە، بەسێ‌ بەشی كوردستانەوە. بزوتنەوە چەكدارە بەزێندراوەكانیشمان ژماردووە كە (24)ن. ئەمەش پێچەوانەی ئەو یاساو رێسایەی باس دەكرا، گوایە خەباتی چەكداری تاقە رێبازی رزگاری گەلانی ژێر دەستەیە.
سەرەنجامەكانی تێكڕای خەباتی چەكداری لە مێژودا، سەركەوتن، شكست ‌و بەردەوامەكانیان، لەگەرمەی ئەنفال ‌و نیمچە هەرەسی خەباتی چەكداری باشوری كوردستاندا، ئێمەی گەیاندە ئەو باوەڕە كەبەدرێژایی مێژوو، بەرپاكردنی خەباتی چەكداری، بەپێی هاوكێشە سیاسی، عەسكەری، هاوپەیمانی و دوژمنەكان نەبووە، هەتا شۆڕشی ئەیلولی (1961) بزوتنەوەكان لۆكاڵی بوون. لەشۆڕشی ئەیلولدا پەرەیسەند، سەرەڕاش، وەكو ستراتیژی چەكداری شكستی خوارد. 
(شۆڕشی نوێ‌)یش، دیسان وەكو ستراتیژی رزگاری شكستی خوارد. ئەگەر داگیركردنی كوێت‌و راپەڕین نەبونایە، ئەنفال لەسەرانسەری باشوری كوردستاندا دەسپێنرا. گەلی كوردستان، بەدەردی گەلی ئەرمەنستان دەبرا. كە راپەڕینی (1991) بەرپاكرا، ئەمیش دەریخست، ستراتیژی چەكداری، تەنها دەتوانێ‌ لە خزمەتی راپەڕیندا، كاریگەری هەبێ‌. نەك وەكو ستراتیژی عەسكەری بەتەنها سەركەوتن بەدەستبهێنێ‌!
ئەم مشتومڕە لەناو یەكێتی و شۆڕشدا لەساڵی (1982) ەوە، سەریهەڵداوە. هەبووە پێیان وابوو، بەخەباتی چەكداری پەتی سەركەوتن بەدەست دێ‌. تەنانەت هەشبون، باوەڕیان وابوو، بەستراتیژی چەكداری هەر چوار بەشەكەی كوردستان پێكەوە، كورد سەردەكەوێ‌. تا ئێستاش هەمان ئایدۆلۆژیەت و پاشماوەكەی ماوە.
-2-
جیاوازی دۆخی راپەڕینە بەردەوامەكان
راپەڕینی گەلانی ئێران (1978) بەرپاكرا، بەبێ‌ ئەوەی شۆڕشی چەكداریان لەئارادا هەبێ‌. یان لەكاتی راپەڕیندا هانایان بۆ چەك بردبێ‌. راپەڕینی فەلەستین، دوای (23) ساڵ لە خەباتی چەكداری (1965-1988) بەرپاكرا. واتا: شۆڕشی چەكدرای هەبێ‌ ‌و نەبێ‌، ئەگەری راپەڕین لە ئارادایە.
كە شۆڕشی گەلانی ئێران بەرپابوو، هێشتا دەهەیەك بۆ كۆتایی جەنگی سارد مابوو. كە راپەڕینی فەلەستینیش بەرپاكرا، سەرەتای هەرەسی بلۆكی شورەوی و كۆتایی جەنگی سارد بوو. بەم هەرەسەی شورەوی و پاشكۆكانی، پشتیوانی ستراتیژی نێودەوڵەتی فەلەستین، شكستیان خوارد، بەڵام راپەرین هەر بەرپاكرا. كەوابێ‌: هەلومەرجی جیهانیش، هەرچیەك بێ‌، كەزەمینەی راپەڕین رەخسا، بەرپا دەكرێ‌.
هاوزەمان، ئۆروپای رۆژهەڵات رابوون ‌و بەكەمترین قوربانی، زۆرترین دەوڵەتیان لەداگیركاری و هەژمونگەری زلهێزێكی جیهان (شورەوی) رزگار كرد.
نە لەئێراندا پارتی پێشڕەو هەبوو (ئیمام خومەینی رابەر بوو). نە لەئۆروپای رۆژهەڵاتیشدا، حیزب كاریگەری چارەنوسسازی مابوو. سەرۆكی سەندیكای پۆلۆنیا، نەخوێنەوار و نەناسراو بوو، رابەرایەتی راپەڕینەكەی كرد و سەریشكەوت. چونكە كلتوری دەسەڵاتیان هەبوون خۆیان گرت. وڵاتانی دیكە، تەنانەت سەندیكاشیان نەبوو، سەركردەی ناوداریشیان نەبوو، هەریەكی تایبەتمەندێتی خۆیان هەبوو، لەبەرپاكردن و سەرخستنی راپەڕیندا.
دوای زیاتر لەسێ‌ دەهە، بەهاری عەرەبی سەریهەڵدا. مەخابن، گەلـێ‌ هۆكار شكستیان پێ‌ دێنێ‌. تونسی لێدەركەین، باقیەكەی (لیبیا، سوریا، یەمەن) بەتراژیدیا كۆتاییان هات. میسریش، سوپا چارەسەری تایبەتی سەپاند. هۆی سەرەكی شكستەكەیان، زاڵبونی هێزە ئیسلامگەراكان ‌و تێكەڵاوكردنی خەباتی چەكداری و راپەڕینە.
دەهەیەك دوای بەهاری عەرەبی، لەباشوری ئەفریقیا، سودان و جەزائیر، پارسەنگی شكستی راپەڕینی بەردەوامیان دایەوە، بەبێ‌ ئەوەی هانا بۆ چەك ببەن، توانییان بەكەمترین قوربانی دوو سیستەمی دەیان ساڵە سەپێنراو بكەنە مەسخەرەی رۆژگار. هەتا ئێستاش بۆ پاكژكردنەوەی پاشماوەی رژێمەكان بەردەوامن. ئەمەش لەم سەردەمەدا كە:
جیهان فرە جەمسەرییە. كۆنترۆڵی نێودەوڵەتی نەماوە. بازاڕەكان دەروازەی بەرژەوەندییە جیهانی و ئیقلیمییەكانیان كردۆتەوە. كورتیەكەی دوو دەهەیە، سەردەم سەردەمی جیهانگیرییە. 
رژێمەكان، سوپای بەهێزو دەزگای موخابەراتی تۆكمەیان هەس. كەچی لەم سەردەمەدا و لەكاتێكدا، بەهاری عەرەبی، كراوەتە قوربانی سیاسەتی نەریتخوازی‌و هەڵەی تێكەڵاوكردنی خەباتی چەكداری و راپەڕینی بەردەوام، دەبینین، راپەڕین، بە ناوەرۆكە راستەقینەكەی و بەگیانە هاوچەرخەكەی، لەقۆناغی یەكەمدا و بۆ گۆڕینی دوو رژێمی بەهێز، یەكێكیان جەزائیرە، كە بە شۆڕشی ملیۆنێك شەهید، هاتۆتە دی، سودانیش بە كودەتاو (30) ساڵ حوكمڕانی، دەڕوخێنن. راپەڕینەكانیش بەبێ‌ هێزی چەكدار، بەردەوامن. كە پێ‌ دەچێ‌، پەندیان لەشكستی راپەڕینەكانی بەهاری عەرەبی وەرگرتبێ‌، بۆیە، نە راپەڕینەكان تێكەڵاوی خەباتی چەكداری دەكەن ‌و نە رێگەش بەلایەنە ئیسلامگەراكان دەدەن، جڵەوی راپەڕینە بەردەوامەكە بگرنە دەست. هەردوو ئەم راستیەش، وەكو پرنسیپ، نهێنی سەركەوتنی راپەڕینی ئەمجارەن لەسودان ‌و جەزائیر.
(3)
دوژمنایەتی گەندەڵی و ئامانجی سەرەكی
راپەڕینی گەلانی ئێران، بۆ روخاندنی رژێمی شا و راپەڕینی گەلی فەلەستین، بۆ رزگاری فەلەستین بوو. راپەڕینی گەلانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا، بۆ سیستەمی دیموكراسی و راپەڕینی كوردستان، بۆ رزگاری و دیموكراسی بوو. راپەرینی بەهاری عەرەبی، بۆ روخاندنی دیكتاتۆرەكان و سیستەمی دیموكراسی و تاڕادەیەكیش دژایەتی گەندەڵی. بەڵام..
راپەڕینی بەردەوامی جەزائیر و سودان، ئامانجە سەرەكیەكەیان زۆرتر، دوژمنایەتی گەندەڵییە. ئەویش بەدەرس وەرگرتن لە شكستی راپەڕینەكانی بەهاری عەرەبی، دەیانزانی، بەبێ‌ گۆڕینی سیستەم ‌و دەسەڵات، مەحاڵە گەندەڵی ریشەكێش بكرێ‌. با سوكە پێناسەیەك بۆ گەندەڵی بكەین:
گەندەڵی، لە زۆربەی فەرهەنگ و لێكدانەوەكاندا، وا لێكدەدرێتەوە كە دەسەڵات بۆ كاری ناڕەوا، خراپ بەكاردەهێندرێ‌، ئەویش لە پێناو دەستكەوتی تایبەتی و مشەخۆری. دزێوترین دیاردەكانی گەندەڵیش: خزم خزمێنە، بەرتیل وەرگرتن، سەرانە سەندن، بەكارهێنانی پێگە، دەسەڵات، هێزی چەكدار، فرت و فێڵ، بۆ دەستكەوت و بۆ كەسوكارو دەستەگەری. دەسەڵاتداری گەندەڵ و مشەخۆرەكانی دەسەڵات، لەماوەیەكی كەمدا، دەبنە ملیۆنێر، بەڵكو ملیاردێریش. هەركاتێكیش دەسەڵاتداری گەندەڵكار، مەترسی بكەوێتە سەر، هانا بۆ تیرۆر و تۆقاندن و خۆسەپاندنیش دەبات. زەق و رەق، تەواوی پرنسیپەكانیش پێشێل دەكات.
گەندەڵی، هەروەكو مادە بێهۆشەكان، وەكو ئافات وایە. زوو چارەسەر نەكرێ‌، سەراپا سیستەم ‌و دەسەڵات دەگرێتەوەو دەبێتە مایەی ئەوەی دەسەڵات ‌و سەكردەكان، لە بەرچاوی رای گشتی دا، دابڕزێن. سەرەنجام خەڵك یان لە هەڵبژاردندا، حیزبە گەورەكان دەخات. یاخود لە راپەڕیندا تەفروتونایان دەكات. بۆ نمونە، عومەر بەشیر، سەرۆكی سودان، پارتەكەی ناوی كۆنگرەی حوكمڕانییە (31) ملیار دۆلاری هەیە. (5) هەزار سەیارەی مودیل بەرز و سێ‌ هەزار كۆمپانیای بازرگانیان هەیە. ئەم پارتە خاوەن (1500) بارەگاو ماڵە. كە تەنها لە پایتەختدا تەلاری پارتەكە بە (50) ملیۆن دۆلار كڕاوە. لە هەموشی سەیرتر (1185) بارەگاو لقی حیزبەكە هەیە. بەڵام كە جەماوەر لێیان راپەڕی، یەك بارەگاو یەك كۆمپانیاو یەك كاروانی سەیارەی گوللە نەبڕ، فریایان نەكەوت، ئێستا سەرۆك زیندانە و هاوڕێ‌ و خزم و شەریكە گەندەڵەكانیشی گیراون. تەنانەت هەڵیان كوتایە سەر ژوری نوستنەكەشی!! لە جەزائیری یەك ملیۆن شەهیدیشدا زیاتر لە (180) كاربەدەستی گەندەڵ زیندانن. زۆربەیان تێكۆشەر بون، بەڵام ئێستا سەرشۆڕی كەسوكاری شەهیدانیشن!!
-4-
گەندەڵی و هزری رای گشتی
گەندەڵی، لەم هەلومەرجەدا، بۆتە ناونیشانی سەرەكی رای گشتی گەلان. تایبەت نەوەی دوای جەنگی سارد. تەواو چەسپیووە، هەتا سیستەم ‌و حكومەتەكان، لە بنەڕەتەوە نەگۆڕێن، مەحاڵە، گەندەڵی و گەندەڵكاران، سزا بدرێن. چ مەعقولیەتێكی تیایە، لە عیراقدا زیاتر لە (600) ملیار دۆلار دزرابێ‌ و (6) ملیۆن ئاوارەی هەبێ‌ و دوو ملیۆن بێوەژن و بێكاری بێڕادە، خەڵك چۆن دژی حوكمڕانی وا راناپەڕێ‌، ئەگەر چارەسەری دەست‌و برد نەدۆزرێتەوە.
لەم هەلومەرجەی سەردەمی جیهانگیریدا، دەستەواژەی گەندەڵی، تازە هەرگیز لە هزری رای گشتی دەرناچێ‌. بەڵكو بۆتە ئامانجی سەرەكی راپەڕیوان ‌و ناڕِەزاكان.
رەوایی و ناڕەوایی حیزبە سیاسیەكان، هەروەها كەسایەتیە سیاسیەكانیش، بەندە بە رادەی ریشەكێشكردنی گەندەڵی. نە مێژوو، نە بنەماڵە، نە دەسەڵات و نە هێزی چەكدار، تەنانەت قوربانیەكانیش، دادی هیچ لایەك نادات، ئەگەر راستگۆ نەبن لە ریشەكێشكردنی گەندەڵیدا. سەرەڕای ئەوەی كە خەسڵەتی هاوبەشی كاربەدەستە گەندەڵكارەكان، ئەوەیە هەتا لەخۆیان نەقەومێ‌، ناكاونە خۆیان. كاتێك لێشیان دەقەومێ‌، تازە فریای پارەی ژێرزەمینەكانیان ناكەون.
هەر ئەم دیاردە (سیاسی – كۆمەڵایەتیە) نوێیەش، لەدژایەتی گەندەڵی دا، وەكو وشیاریەكی رای گشتی، لەم سەردەمەدا، وا دەكات دەهە و دوو دەهەی ئایندە، دادپەروەری (ئابوری – كۆمەڵایەتی – سیاسی – گەشكردنی ناوەندو دەوروبەر) ببێتە ئامانجێكی سەرەكی تری خەباتی (دیموكراسی - دادپەروەری) هاوچەرخ. واتا: 
دژایەتی گەندەڵی، دەبەسترێتەوە بەگۆڕانكاری ریشەیی لە سیستەمی حوكمڕانی. گۆڕانكاری لە سیستەمی حوكمڕانیش، دەبەسترێتەوە بە ئامانجی دادپەروەری، ئەمەش، تایبەتمەندی رووداوی سیاسی دیاردەو دەركەوتە كۆمەڵایەتی نوێەكانی سەردەمەكەیە. كە چاوەڕوان بین، شانۆی سیاسی دەهەو دوو دەهەی ئایندە، بزوتنەوەو ململانێی كۆمەڵایەتی، هەروا هێزی كارەكتەری سیاسی، بە بەرنامەو ستراتیژی نوێش بێنێتە ئاراوە. كە سەراپا جیاواز دەبێ‌، لە دیاردە كۆمەڵایەتیە كۆنەكان و سیاسەتە بەسەرچوەكان، لەتەواوی ناوچەكەدا. ئیدی چەمكە چینایەتی و نیشتمانیە كلاسیكیەكان، كاژی كۆنیان توڕ دەدەن ‌و چەمكی نوێ‌، بە ئاراستە و ستراتیژی دادپەروەری، دەبنە ئایدیۆلۆژیەت ‌و فەلسەفەی سیاسی، بۆ دەوڵەتە سەربەخۆكان ‌و هێزە رزگاریخوازەكانی نەتەوە ژێر دەستەكات.
راپەڕینی بەردەوامیش، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەكرێنە شا رێبازی سەركەوتنی ستراتیژیە نوێكە. بێ‌ جیاوازی ناسنامەی ناسیۆنالیستی و تایفەگەری حكومەتەكان. تەنانەت هی شۆڕشگێڕەكانی رابردوش!!

وتاری زیاتر










یەکی ئایارو عائیدون!‬ مەلا بەختیار
2019-05-01 17:48      69 جار بینراوە




رۆژی شانۆ پیرۆزبێ‌‬ مەلا بەختیار
2019-03-27 14:47      69 جار بینراوە

(11)ی ئازار و پەندەكانی مێژوو!‬ مەلا بەختیار
2019-03-11 17:17      127 جار بینراوە





پاساوی تاڵانكردن مەهۆننەوە!!‬ مەلا بەختیار
2019-01-15 13:52      111 جار بینراوە








كابینەی نوێ‌ و كێشە كۆنەكان‬ مەلا بەختیار
2018-12-11 09:36      103 جار بینراوە



نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

نرخی دراوەکان

# دراو نرخ بە د.ع
1 $100 120,500
2 €100 133000
3 £100 145,000
4 100 لیرەی توركی 21,750
5 100,000 تمەن 10,000
6 به‌رمیلێك نه‌وتی‌ خاوی‌ برینت 61.22
7 به‌رمیلێك نه‌وتی‌ خاوی‌ خۆرئاوی‌ تیكساس 55.21

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو