مەلا بەختیار

هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئۆروپا و كوردستان

  2019-05-23 14:07      54 جار بینراوە        کۆمێنت

لە (23/5 بۆ 26/5) لە (28) وڵاتی ئۆروپادا و لە ناو (427) ملیۆن دەنگدەر، كە لەدوای هیندستان، دووەمین گەورەترین پرۆسەی هەڵبژاردنە، بۆ پەرلەمانی ئۆروپا ئەنجام دەدرێ. ژمارەی كورسیەكانی پەرلەمان، بەپێی ریژەی دانیشتوانی وڵاتانە. بچوكترینیان ماڵـتایە، كە دانیشتوانەكەی (460397) كەسەو (6) كورسی بەردەكەوێ. گەورەترینیان ئەڵمانیایەو 82 ملیۆن كەسن و (96) كورسی بەشێتی. تائێستا (751) ئەندامی پەرلەمان تێكڕا هەڵدەبژێردرێن. بریتانیا تەڵاق بدرێ دەبێتە (705) ئەندام.
ئەمساڵ كێشەی گەورەی پرۆسەكە، سیاسەتی راستڕەوە توندڕەوەكان و پۆپۆلیستەكانە. كێشەكانیش بەگشتی، هەستی دەنگدەری ساردكردۆتەوە. دوژمنایەتی لیبرالیزم و دادپەروەری، راستڕەوەكان و پۆپۆلیستەكانی خستۆتە بەرەیەكی بابەتی. ئەگەر لەم هەڵبژاردنەدا، ئەمانە زۆرینە بەدەستبهێنن، پرۆسەی پەرلەمانی ئۆروپا دوچاری كێشمەكێشی زۆر دەكەن. كۆچ و كۆچبەرانیش، ئەم دوو رەوتە توندڕەوەی نێرتر كردوەو شادەمارەكانی ناسیۆنالیزم دەبزوێنن. مەترسی تریش هەیە، ئەویش رێككەوتنی راستڕەوە توندڕەوەكانە لەئۆروپا، لەناو بزوتنەوەیەكی ناوكۆیدا. ئەگەر ئەمەشیان بۆ بچێتەسەر، بێگومان پۆپۆلیستەكانیش دەچنە پاڵیان.
پەرلەمانی ئۆروپا بودجەی یەكێتیی ئۆروپا پەسەند دەكات، كە بڕەكەی دەگاتە (165,8) ملیار یۆرۆ. بەشێكی ئەم بودجەیە، بۆ ژینگەپارێزی و چالاكی رێكخراوە ناحكومیەكان و لێقەوماوان سەرف دەكرێ. بەڵام بەشی بەرچاویش بۆ بیرۆكراسیەت و كاری رۆتینە. بۆ نمونە: هەموو كۆبونەوەیەكی پەرلەمانەكە زیاتر لەسەد ملیۆن دۆلاری تێدەچێ.
بیرۆكەی پەرلەمانەكە ساڵی (1952) سەریهەڵداوە. بەڵام لە دوای جەنگی یەكەمی جیهانەوە قسەی لێوەدەكرێ. لینین، بە توندی دژی بووە. ساڵی (1979) یەكەمین پەرلەمان هەڵبژێردرا.
لەوساوە، كێشەی نەتەوەیی كوردستان، لەكێشە پەراوێزخراوەكانی پەرلەمانەكەدایە. لەدوای راپەڕینی (1991)وە، بەرە بەرە یەكێتی و پەرلەمانی ئۆروپا، قسە لەسەر كێشەی كورد دەكەن. هۆڵەكانیان بۆ سیاسەتمەدارەكان دەكەنەوە. لەسەر روداوەكانمان دێنە دەنگ. بەڵام ئەم پەرلەمانە دیموكراسیە، بەگشتی هێشتا لەچوارچێوەی جیهانبینی جەنگی سارد، بۆ چارەسەركردنی كێشە ستراتیژیەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نەترازاوە. زۆتر بەرژەوەندی لەبەرچاو دەگرێ. خۆی دەپارێزێ لە هەڵوێستی لێبڕاو بەرامبەر كێشەی نەتەوە بێبەشەكان لە دیموكراسی. رەخنەكانیان بەرامبەر دیكتاتۆر و كۆنەپەرستان، (دیبلۆماسیانەیە. هێزە سیاسیەكانی كوردستانیش، پرۆژەیەكی هەمەلایەنەیان نییە، باشتر لەگەڵ پەرلەمانەكەدا كار بكەن. ئەمە لەكاتێكدایە، كار كردن لەگەڵ ئەمانەدا، ئاسانترە لە نەتەوە یەكگرتوەكان.
لایەنی كەمی رێككەوتنی لایەنە سیاسیەكان لەسەر ئاستی دیپلۆماسیەتدا نییە لەجیهاندا. ئەمەش لەم سەردەمەدا زیانی زۆر زۆرە.
نوێنەرایەتی حكومەت هەیە، جار جاریش چالاكی هەیە. بەڵام پرۆسەكە قورسترەو گرنگتریشە.
گرنگترین كاری پەرلەمانەكە، فشاری سیاسیە، بەرامبەر حكومەتی توركیا سەبارەت بە دیموكراسی و مافی مرۆڤ، كە ئەمەش لەقازانجی باكوری كوردستانە.
پەرلەمانی كوردستان و حكومەتی باشور، پێش لایەنە سیاسیەكانی بەشەكانی كوردستان، دەتوانێ، پرۆژەیەكی هەمەلایەنەی شیاوتری هەبێ بۆ پێگە دانان لەناو ئەم دەزگا زەبەلاحەی تەشریع و سیاسەتی جیهانی.
هێزە سیاسیە ئازادیخوازەكانی تری كوردستانیش، دەبێ، چالاكتربن لەناو پەرلەمان و لەگەڵ لایەنەكانی پەرلەماندا.
لایەنە دۆستەكانی كوردستان، كەم نین، نەك سۆسیال- دیموكرات و دیموكراتەكان و چەپەكان بەتەنها، بەڵكو راستڕەوە ناڤینەكانیش سۆزیان لەگەڵماندا هەیە كە (216) ئەندامیان لەو پەرلەمانەدا هەیە.
بەگرنگیشی دەزانم، كوردانی تاراوگە، هاوكاری كاندیدە كوردەكان بن، بەچاوپۆشین لە شوناسی ئایدیۆلۆژی و هاونیشتمانی چ بەشێك بن، گرنگ ئەوەیە كوردن و توانایان هەبێ. بەهیوای سەركەوتن.

وتاری زیاتر






یەکی ئایارو عائیدون!‬ مەلا بەختیار
2019-05-01 17:48      50 جار بینراوە




رۆژی شانۆ پیرۆزبێ‌‬ مەلا بەختیار
2019-03-27 14:47      51 جار بینراوە

(11)ی ئازار و پەندەكانی مێژوو!‬ مەلا بەختیار
2019-03-11 17:17      109 جار بینراوە





پاساوی تاڵانكردن مەهۆننەوە!!‬ مەلا بەختیار
2019-01-15 13:52      94 جار بینراوە








كابینەی نوێ‌ و كێشە كۆنەكان‬ مەلا بەختیار
2018-12-11 09:36      82 جار بینراوە





سەرۆكێكی باش، یان دەستەبەر؟‬ مەلا بەختیار
2018-10-30 19:05      239 جار بینراوە


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو