هێمن ئەحمەد

یەكێتی، دەبێ چی بكات بۆ كەركوك؟

  2018-05-17 12:48      34 جار بینراوە        کۆمێنت

لەدوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكانی پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ئەوەبوو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەو پرۆسەیە‌و لەكەركوك سەركەوتنی گەورەی بەدەستهێناو بووە خاوەن شەش كورسی، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە كەركوك‌و كەركوكییەكان یەكێتی-یان خۆشدەوێت‌و متمانەیان پێی هەیە، بەڵام ئەوەی لەسەر یەكێتی-یە چی بكات بۆ كەركوك‌ و دانیشتوانەكەی بەبێ جیاوازی، مەبەستیش لەعەرەب‌و توركمانە.
سەرەتا دەبێ یەكێتی سەرجەم ئەو كادیرو لایەنگرانەی كە لەپێش‌و لەدوای شانزەی ئۆكتۆبەرەوە لەیەكێتی‌و سەركردەكانی زوویربوون، ئاشتیانبكاتەوە‌و بیانهێنێتەوە نێو ریزەكانی، چونكە ئەوەی كوردی كەركوك بۆ یەكێتی كردی، لەهیچ شارو شارۆچكەیەك بۆی نەكردووە.
ئەو نەهامەتیەی ئێمەی كەركوكی لەدوای رووداوەكانی شانزەی ئۆكتۆبەرەوە لەشارەكە چێشتمان بەدەستی ناحەزانی كوردەوە، كە مەگەر هەر خۆمان بیزانین، چونكە ئەوەی لەكەركوك بێ دەسەڵات بوو تەنیا كەركوكییەكان بوو، بۆیە لەسەر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێویستە تاك بەتاكی كوردی ئەم شارە قەرەبووی مادی‌و مەعنەوی بكاتەوە، لەبەرئەوەی شارەكەیان جێنەهێشت.
دواتر دەبێ كار بۆ رازیكردنی عەرەب‌و توركمانیش بكات، چونكە ئەوانیش بوونیان لەم شارەدا هەیە، هەموو كات سەرۆك مام جەلال؛ باسی تەبایی‌و برایەتی لەنێوان پێكهاتەكانی كەركوك دەكرد، بۆیە لەسەر یەكێتی پێویستە كە ئەو تەباییە بپارێزێت، باسەكە زۆر لەوە زیاتر هەڵدەگرێ، سەركەوتنی ئەم هەڵبژاردنە كە كوردو بەتایبەتی ئەو شەش كورسییەی كە یەكێتی بەدەستیهێنا، سەرجەم كوردانی كەركوكی دڵخۆشكرد، بەو كوردانەشەوە كە دەنگیان بۆ لیستە كوردییەكانی تر بوو، ئێمەی كەركوكی دەبێ یەك دەنگ بین.
ئیتر بۆ پێشەوەو پیرۆزە  لەدانیشتوانی كەركوك
هێمن ئەحمەد
ئەندامی یەكێتی‌ و رۆژنامەنووس

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو