ئالان عەزیز

بەرژەوەندی حزب یان نیشتمان؟

  2018-05-17 17:43      80 جار بینراوە        کۆمێنت

زۆرسەیرە عیراقێك هەڵدەقوڵێ لەناو كێشەو گیرو گرفتەكانی گەندەڵی و سیاسی و مەزهەبی و دەستتێوەردانی وڵاتان و فشاری ئقلیمی … هتد، نوقمی هەموو ئەم كێشانەیەو لەخنكاندایە، بەڵام هەستی نیشتمانپەروەریی سەركردەی قەوارەكان زاڵە بەسەر هەموو ئەم كێشانەو ڕازین بەئەنجامەكانی هەڵبژاردن و هیچ تومەت و تانەیك لەهیچ قەوارەیەك نەدراوەو سەرقاڵی ئاهەنگ گێڕان و دروستكردنی گەورەترین قەوارەی هاوپەیمانین بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نیشتمانی هاوبەش. بەداخەوە لەهەرێمی كوردستانیش خاوەنی یەك زمان و یەك نەتەوەو یەك ئایین و یەك رێبازین ئەویش دیاریكردنی سنووری كوردستان وڵاتێكی سەربەخۆیە. كەچی هەر زوو چەن لایەن و قەوارەیەكی بەشدار بوو لەهەرێمی كوردستان تۆمەتی ساختەكاری و هاككردنی ئامێرەكانیان خستە پاڵ پرۆسەكەو كەوتنە خۆئامادەكردن و ڕاگەیاندنی بەیانامەیەك بۆ رەتكردنەوەی ئەنجامەكان و دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكان لەهەرێمی كوردستان و پارێزگای كەركوك پەنجەی ئەم تۆمەتانە تەنها رووی لەسنووری دەسەڵاتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو جێی سەرسورمان ئەوەیە كە كەركوكە خۆ ئەگەر كوردستانی بووونی كەركوك دروشمی سەرەكیان بێت ئەوە كورد دەنگی یەكەمی هێناوە لەكۆتاییدا هەر دەنگی كوردە كەواتا رووی راستەقینەی ئەو لایەن و قەوارانە تەنها بەرژەوەندی پێگەو قەبارەی حزبییانە نەك ئەم نیشتمانە ئەو دروشمانە تەنها بۆ ڕاكێشانی هەست و سۆزی جەماوەرە .ئەم بابەتە بووە مانشێتی هەواڵی میدیا و راگەیاندنە ناوخۆیی و جیهانییەكان كەكاریگەرییەكی نەرێنی زۆر خراپ دەكاتە سەر پرۆسەی سیاسی و پێڕەوی دیوكراسی لەهەرێمی كوردستان، خاڵێكی تری ئەم بەرژەوەندیخوازانە ئەوەیە كەچەن رۆژێكە دوژمنە سەرسەختەكانی كوردی كەركوك رژاونەتە سەر شەقامەكان و دروشمە ناڕازییەكانیان بەرزكردووەتەوەو خەریكی خۆپیشاندانن دژ بەقەبارەی دەنگەكانی كوردی كەركوك بۆ جەماوەری كەركوك روونبووەوە كە ئەو لایەنە كوردانە هیچ جیاوازیان نییە لەگەڵ ئەو ناحەزانەی كورد كەدەمێكە شەڕی خاك و نەتەوەو زمان و سنوورمان لەگەڵ دەكەن و بەردەوام لەپیلانگێڕیدان و هەموو رێگا نەخوازراوەكانیان گرتووەتەبەر لەو پێناوەداو جەنگی رۆحی و جەستەییمان لەگەڵ دەكەن، دەبێت نەوەكانمان چ داهاتوویەكی نیشتمانپەروەریان هەبێت و چۆن بەرگریكاربن بۆ خاك و شوناسی نەتەوەییمان و چۆن یەكپارچەیی كوردستان بپارێزن، كەئەم سەركردانە رابەرایەتیان بكەن كەهاوڕای بیرو بۆچونی دوژمنی سەرسەختی كوردن لەپێناو ئامانجی حزبیان بەداخەوە دەڵێم ئاگایەكیان لەئینتیمای نیشتمانی خۆیان بێت و لەخەونی دەسەڵات بەخەبەر بێن، چونكە مێژوو رەحم بەهیچ كەس ناكات ئەوەی ئەوان پیلانگێڕیی بۆ دەكەن كەركوكە ئەو كەركوكەیە كەدەستە خوشكی سنەو دیاربەكرو عەفرین و قامشلیە دەمێكە بۆ دیدەنی خەبات دەكەن و خوێنی بۆ دەڕێژن كوردێك نییە لەسەر ئەم نیشتمانە دابەشبووەم نەبێت خەون بەئازادیی كەركوكەوە نەبینێت باپاشگەزببنەوە لەو بابەتە هەستیارە، چونكە كەركوك لەهەموو بەرژەوەندییەك پیرۆزترە، هەست و ویژدانتان چۆن ئاسوودە دەبێت لەكاتێدا چەندین سەركردەی كورد شۆڕشیان كردووە لەپێناو بستێكی ئەم خاكەو سازشی لەسەر نەكراوەو خوێنی پیرۆزی كردووەتە قوربانیی لەپێناو كوردبوون و خۆنەویستانە دەستبەرداری هەموو خۆشییەكانی ژیان بوون بۆ سەربەخۆیی كوردستان، ئەوە هەڵوێستی شۆڕشگێڕی سەركردەكانمان بووە ئێوەیش دەیكەنە قوربانیی لەپێناو بەدەستهێنانی بەرژەوەندی خۆتان. لەكاتێكدا هەریەك لەئەمریكاو ئێران و عیراق و نەتەوە یەكگرتووەكان دانیان ناوە بەئەنجامی هەڵبژاردنەكان و كێشەی یاسایی نییە.

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو