كاروان یاروەیس

عیراق لە قەراغی گۆمەكە!

  2018-06-11 11:50      79 جار بینراوە        کۆمێنت

(1)

ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە ئاخرو ئۆخری تەمەنی ئەم خولەیدا، بەو رێوشوێنە بەناو یاساییانەی گرتیەبەر بۆ ئەژماركردنەوەی دەنگەكان ‌و پوچەڵكردنەوەی دەنگی پێشمەرگە، عیراقی بردە قەراغی گۆمە خوێنەكە.

ئەگەر تەزویركردن كارێكی نەگونجاو و نایاسایی بێت، كاردانەوە‌ و گرتنەبەری رێوشوێنی نادەستوری‌ و نایاسایی بەتامی كودەتا بەسەر دامەزراوە دەستورییەكانی وڵاتدا، نەك نەگونجاوە بەڵكو زۆر مەترسیداریشە.
بۆ ئەو پەرلەمانتار ‌و لایەنە سیاسیە كوردستانیانەیشی بەشداریان كرد، یان كەواسووری پێش ئەم پیلانگێڕییە بوون، هەقە ئەو ڕاستیە بزانن، چوونە ریزی شۆڤێنی‌ و نەیارانی كورد ‌و ئەوانەی بەناو دەستورەوە سزای گەلی كوردستانیان داو «ئاو كردن بە ئاشی پیلانگێڕی بەرامبەر بە كەمكردنەوەی سەنگ‌ و دەنگی كورد لە كەركوك» هەڵەیەكی مێژووی مەترسیدارە.

(2)
لە سەرانسەری عیراقدا تێكرا كەمتر لە (50%)ی خەڵك دەنگیانداوە، لە بەغدای پایتەخت ناگاتە (30%)، لە هەرێمی كوردستانیش سەرووی (50%).
ئەوانەی دەهۆڵی دووبارە ئەژماركردنەوە و تەزویرات دەكوتن، هەقە بپرسن: نیوەی زیاتری دەنگدەران بۆ نەهاتن بۆ دەنگدان؟ لە كێ‌‌ و بۆچی نیگەرانن؟ ئایا ئەمەیش تەزویر بوو یان لەماڵەوە هاككران‌ و نەهاتنە دەرەوە؟
لە كەركوك توركمانەكان لە سیاسەتی بەرەی توركمان‌ و سیاسیە بازرگان‌ و دۆراوەكانی توركمان ناڕازین، عەرەبی سوننە لەماڵوێرانی ‌و ئاوارەبوون‌ و ئەتكردنیان بەهۆی هێنانی داعش بۆ ناوچەكانیان‌ و لە سیاسەتی هەڵەی سیاسیەكانیان نیگەرانن، بۆیە یان نەهاتن، یان كە هاتن بۆ تۆڵەكردنەوە و عاقڵكردنی سیاسیەكانیان دەنگیان بە كورد‌ و یەكێتی دا.
لە كوردستانیش هەڵە لەدوای هەڵەی ستراتیژی لایەنە سیاسیەكان، بێ‌ متمانەیی لە بەرامبەر سیاسیەكانی دوێنێ‌ ناو دەسەڵات ‌و ناڕازی ئەمڕۆ، نیوەی دەنگدەران نەهاتنە سەر سندوقی دەنگدان. لەبەرامبەردا، دەنگدەرانی لایەنە براوەكان، كە رێژەی نەگۆڕن‌و پابەندێتیان بە حزبەكانیانەوە هەیە، بەلێشاو دەنگیاندا.

(3)
بە بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشووی عیراق (نیسانی 2014)، یەكێتی چوار كورسی‌ و دەیان هەزار دەنگی لە دەستداوە، بەڵام لە ئەنجامدا سەرباری كێشە ناوخۆیی‌ و گەلەكۆمەكانی سەری‌ و ئەو هەلومەرجەی هاتبووە ئاراوە، دوو سەركەوتنی گەورەی تۆماركرد.
بۆ كورد‌و كوردستان، ژمارەی كورسیەكانی كوردی لە كەركوك پاراست‌ و ناسنامەی كوردستانیەتی شارەكەی سەلماندەوە، بۆ پێگەی خۆیشی لە سلێمانی، كە ناوەندی سیاسی‌و چالاكی حزبیەتی، نەك كورسیەكانی پاراست بەڵكو زیادیشی كرد.
پرسیار ئەوەیە، سەرباری كەمبوونەوەی دەنگەكانی یەكێتی، بۆچی لایەنەكان هێشتا ئەم كورسی ‌و دەنگانەش بۆ یەكێتی بە زۆر دەزانن ‌و پێانوایە تەزویركراوە، لە كاتێكدا جەماوەری یەكێتی دەخوازن حزبەكەیان كۆنگرە بكات‌ و چاكسازی‌ و نوێبوونەوە بهێنێتە ئاراوە و سەنگی ڕاستەقینەی خۆی وەربگرێتەوە، كە پێویستە كورسیەكان لە پارتی زیاتر نەبێ‌ كەمتریش نەبێ‌.
حاڵەتێكی دەروونی هەیە، ئەم لایانانە لە خەیالی خۆیان بڕیاریانداوە، یەكێتی وردە وردە بچوك ببێتەوەو نەمێنێ‌، بۆیە كە یەكێتی وەك هەمیشە هەڵدەسێتەوە، لە (19) پارێزگاكەی عیراق‌و سەدان حزب‌و لیست، تەنها سلێمانی‌و كەركوك‌و یەكێتی دەبینن.

(4)
چارەنوسی كەركوك بەندە بەهەموو كوردستانەوە، بەڵام بەرپرسیارێتی پاراستنی كەركوك لە سەر شانی یەكێتی-یە، جگە لەوەی وەك ناوچەی هەژموونی سیاسی‌و حوكمڕانی‌و جەماوەریی هی یەكێتی-یە‌و بە سیاسیەت‌و بە شەڕیش هەر یەكێتی پێشەنگی پاراستنێتی، لەم هەڵبژاردنەیشدا لایەنێك بایكۆتی هەڵبژاردنی كەركوكی‌ و كرد ‌و لایەنەكانی تریش لە بەغدا لە (6)ی حوزەیران بە بیانووی پۆچەڵكردنەوەی تەزویر چوونەپاڵ نەیارانی كورد‌و كەركوك.
بۆیە لەمەودوا ئەركی یەكێتی‌و جەماوەری كەركوك قورستر دەبێت، لە پاراستنی كەركوك ‌و ناسنامەی كوردستانیەتی كەركوك ‌و ناوچەی كەركوك.

وتاری زیاتر


وەرەقەی كورد بۆ دانوستان‬ كاروان یاروەیس
2018-06-03 21:04      93 جار بینراوە




بەهاری نوێبوونەوە!‬ كاروان یاروەیس
2018-03-12 19:00      113 جار بینراوە

مووچەی نوێنەرانی گەل!‬ كاروان یاروەیس
2018-03-04 12:06      148 جار بینراوە

فایلی تەعریب ببەن بۆ بەغدا‬ كاروان یاروەیس
2018-02-25 15:39      169 جار بینراوە




كورد خەریكی چیە؟‬ كاروان یاروەیس
2017-12-03 10:59      279 جار بینراوە


گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر! ‌‬ كاروان یاروەیس
2017-10-23 10:05      282 جار بینراوە

پەیامەكەی سیستانی‬ كاروان یاروەیس
2017-10-01 15:49      185 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو