د. یاداشت ساڵح

ئازادی و سنوورەکانی حکومەت

  2018-10-10 22:57      165 جار بینراوە        کۆمێنت

بەشی یەکەم
ئەوەی لێرەدا قسەی لەسەر دەکەم بریتییە لەوەی، کە ئایا فەزایەک لە ئازادی تاک هەیە لەو دیو سنووری دەسەڵاتەکانی حکومەتەوە بێت؟ فەزایەک لە ژیانی مرۆڤ، کە حکومەت مافی دەست بۆ بردنی نەبێت؟ ئەم بیرۆکەیە ( چەمکی ئازادی و حکومەتی سنووردار)، حکومەتێک کە مافی ئەوەی نەبێت بە بیانوی جیاوازەوە لە هەموو سوچ و قوژبنێکی ژیانی مرۆڤدا ئامادە بێت، چەند سەدەیەک پاش  نیگارە بەناوبانگەکەی نیگارکێشی ئیتاڵی-ئامبرۆجیۆ لۆرێنزێتی- لەسەر "حکومەتی باش و خراپ" دەرکەوت. ئەم چەمکانە، کە چەقی ڕوحی ئایدۆلۆژیای لیبراڵیزمە، لەو سەردەمەی لۆرێنزێتی نیگاری تێدا دەکێشا لە ئارادا نەبوو. دەرکەوتنیشی لەو پێکدانە ئاینییەی پاش ڕیفۆرمی ئەروپیەکان هات لە سەدەی ١٦ز. ئەو دەمەی دەسەڵاتی کڵێسای کاسۆلیکی ڕۆما بەسەر ژیانی ئاینی کۆمەڵگا مەسیحیەکان شکێندرا و لە ئەنجامدا بڕیاردرا هەر کۆمەڵگایەک بۆ خۆی ئاینێکی دامەزراوی تایبەت بە خۆی هەبێت. ئیدی کاسۆلیک بێت یان پرۆتستانت ئازادبێت لە هەڵبژاردنی، بەڵام دابەشبوونی زیاتری پرۆتستانت بۆ چەند مەزهەبێکی تری وەک لۆسەریزم و کاڵڤینیزم و...هتد، بووە هۆکاری سەرهەڵدانی ئازادی زیاتری ئاینی. لەوێوە خەڵک هێندەی تر ئازاد بوو چ ڕێگایەک هەڵدەبژێرێت بۆ گەیشتن و پەیوەندی بەستن لەگەڵ خودا، و حکومەتیش مافی ئەوەی نەبوو خۆی تێ هەڵقورتێنێت.

دواتر و لەگەڵ کاتدا، خواستی ئاینی فراوانتر بوو. فۆرم و شێوازی تری وەرگرت و داوای 'ئازادی تاک'یش بوو بە یەکێک لە هەرە داوا سەرەکیەکان. ئازادییەک، کە هەموو مرۆڤێک مافی ئەوەی هەبێت خۆی بیروباوەڕ و شێوازی ژیانی خۆی هەڵبژێرێت تا ئەو شوێنەی ئەم هەڵبژاردنە نەبێتە چەکوشێک بۆ شکاندنی ئازادی ئەوانی تر. دواتریش ئەو سەردەمە ڕۆمانتیکیەی کۆتایی سەدەی ١٨ و سەرەتای سەدەی ١٩، ئەو تۆوەی لە هزری مرۆڤدا چاند، کە هەموو مرۆڤێک ناوازە و تایبەتە و بۆ ئەوەی ئەم ناوازەییەش بە پراکتیکی لە کۆمەڵگەدا بەرجەستە بێت دەبێت مرۆڤ سەربەست بکرێت لە چۆنیەتی ژیان گوزەراندنی، ئازادبێت لە هەڵبژاردنی کاردا، لە شێوازی نوێی دەربڕیندا، لە بەستنی پەیوەندییە کەسیەکاندا...هتد.
پاشتریش دیدگای جۆن ستیورات میل لەسەر ئازادی، بەشێکی گرنگی ئەو هەوڵانە بوو بۆ دروست بوونی فەزایەکی تری نوێ. جۆن ستیورات لە کتێبەکەیدا بەناوی "لەسەر ئازادی"، دەنووسێت:

هیچ هۆکارێک نییە پێویست بکات بۆ ئەوەی هەموو ژیان و بوونی مرۆڤ لەسەر شێوازێک یان چەند شێوازێکی کەمی دیاریکراو بونیادبنرێت. هەر مرۆڤێک ئەگەر خاوەن کەسایەتییەکی هۆشیار بێت و ژیرییەکی گشتی هەبێت، دەبێت خۆی شێوازی ژیانی خۆی هەڵبژێرت. ئەو شێوازەش، کە هەڵی دەبژێرێت باشترینە، نەک لەبەرئەوەی لە بنەڕەتدا شێوازەکە خۆی باشترینە، بەڵکو لەبەرئەوەی هەڵبژاردەی خۆیەتی. خۆ مرۆڤ مەڕ نییە تا هەمووان بە یەک ڕێگادا بڕۆن، تەنانەت مەڕەکانیش هەموویان وەک یەک نین.
لیبراڵەکان گوتیان بەهۆی ئەوەی ئازادی تاک هێندە گرنگ و بە بایەخە، گەر هەرچۆنێکیش بونیادنرابێت، پێویستە ڕێگری بکرێت لە حکومەتەکان دەست بخەنە ناو ئەم بەشانەی ژیانی مرۆڤەوە. تەنانەت گەر حکومەت باشیش بێت، بە باشترین شێوە و بۆ باشترین مەبەستیش دامەزرابێت، هێشتا بەس نییە بۆ ئەوەی تەواو متمانەی پێ بکرێت. لەبەر ئەوەی حکومەتیش ، وەک سروشتی مرۆڤ، بۆ هەر مەبەستێک بێت هەمیشە خواستی کەشف کردن و چوونە ناوەوەی ئەو دیوی سنوورەکانی هەیە.

دوو پرسیاری سەرەکی هەن، کە ڕەنگە وا پێویست بکات بیان پرسین: 
یەکەم، ئەو ئازادییە چییە، کە ئێمە لەسەری دەوەستین؟ مەبەستمان چییە کاتێک دەڵێین، کەسێک ئازادە لەوەی چی دەکات و چۆن دەژی؟
دووەم، سنوورەکانی ئازادی تاک کامانەن؟ چی ڕوودەدات کاتێک ئازادییەکەی من دەچێتە سنووری ئازادی کەسێکی ترەوە؟ ئایا پرەنسیپێک هەیە ئەم سنوورە دیاری بکات؟

سەرەتا با لە چەمکی ئازادی خۆیەوە دەست پێبکەین، کە مشتومڕ و لێکدانەوەی فرەجۆری لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە. لە یەکەم هەنگاوماندا وا دادەنێین ئازادی تاک پەیوەستە بە ژمارەی ئەو بژاردانەی بەڕووی کەسێکدا کراوەیە و توانستی هەڵبژاردنی بژاردەیەک لە بژاردەکانە. بۆ نموونە، کەسێک کە بۆ هەڵبژاردنی کارێک پێنج بژاردەی لەبەردەمدایە، ئازادی زیاتر هەیە لە کەسێک، کە دوو بژاردەی لەبەردەمدا کراوەیە. بێگومان تەنها چەندێتی ژمارەی کارەکانیش بەس نییە، بەڵکو چۆنیەتی کارەکانیش گرنگە. دەشێت دوو بژاردەکە فرە باشتربن لە پێنج بژاردەکە، بە تایبەتی ئەگەر پێنج  بژاردەکە چەند کارێکی زەحمەتی کەم مووچەی هاوشێوەی یەک بن. هەربۆیە، لە پاڵ ژمارەی بژاردەکان، هەبوونی جیاوازی، چۆنیەتی و بەهای بژاردەکانیش گرنگن. لەگەڵ ئەوەشدا، توانای سەربەخۆیانە بڕیاردان لەسەر بژاردەکان بەشێکی ترە لە پێکهاتەی ئازادی، چونکە دەشێت کەسێک چەند بژاردەیەکی لە بەردەمدا بێت، بەڵام لەبەر چەند هۆکارێک نەتوانێت خۆی خاوەن بڕیار بێت لە هەڵبژاردنی یەکێک لەوانە. بۆ نموونە، وامەزندەی بکە هاوڕێکەت بۆ تەماشاکردنی یەکێک لەو فیلمانەی ئەمڕۆ لە سینەما پەخش دەکرێت بانگهێشتت دەکات، لێ لە جیاتی ئەوەی کورتەیەک لە سێ فیلمەکەت بۆ باس بکات، تەنها تایتڵی فیلمەکانت پێ دەڵێت. ئیدی تۆش پێویستە هەڕەمەکیانە یەکێکیان هەڵبژێریت. ڕەنگە ئەو فیلمەشی، کە تۆ هەڵتبژاردووە زۆر چێژبەخش نەبووبێت بە بەراورد بەوانی تر. ئەمەش بەهۆی ئەوەی بڕیاردانەکە لەو ڕوانگەیەوە نەبووە، کە فیلمەکانت بۆ ڕوون کرابێتەوە  وئەو دەم بڕیارت دابێت، بەڵکو لە نێوان ٣ فیلمدا کە نەتزانیوە باسی چی دەکەن یەکێکیانت هەڵبژاردووە. یان وای دابنێ، کەسێک بە تەواوی لەژێر هەژموونی باوکیدایە و بەردەوام دەبێت ئەو فەرمانە جێ بەجێ بکات، کە باوکی دەیڵێت. ئێستا ئەو کەسە کۆمەڵێک کاری لەبەردەستدایە، کە دەبێت یەکێکیان هەڵبژێرێت، بەڵام بەهۆی زاڵبوونی باوکی ئەو دانەیە هەڵدەبژێرێت، کە باوکی پەسەندی دەکات.
ئەگەر وردبینەوە دەبینین لە هەردوو نموونەکەدا، کارەکتەرەکان لەسەرێکەوە ئازادن، بەڵام لەسەرێکی ترەوە ئازاد نین. بەسەرنج دان لەمە دەکرێت بڵێین: چەمکی ئازادی لە دەرگایەک دەچێت، کە دیوی دەرەوە و ناوەوەی هەیە. لەسەرێکەوە پەیوەستە بە ژمارەی ئەو دەرگایانەی بەڕووی کەسێکدا کراونەتەوە، لەسەرێکی ترەوە پەیوەستە بەوەی تا چ ڕادەیەک بکەرەکە دەتوانێت ئازادانە بە نێو یەک لە دەرگاکاندا گوزەر بکات.هەنووکە، وادەخوازێت بڕێک زیاتر بچینە ناوە و تیشک بخەینە سەر ئەوەی مەبەست لە کراوەیی ژمارەی دەرگاکان و ڕۆیشتنی سەربەستانە بەنێو یەکێکیاندا چییە.
لە چ کاتێکدا ئێمە دەتوانین بڵێین بژاردەمان لە بەردەمدایە؟ یاخود بە پێچەوانە بپرسم، لە چ دۆخێکدا بژاردەمان لە بەردەمدا نییە؟ 
سادەترین وەڵام دەشێت ئەوەبێت، کاتێک کە لەرووی فیزیاییەوە ئازاد نەبین لەمەڕ هەڵبژاردنی بژادەکانمان. بۆ نموونە، کەسێک کە  لە ماڵەوە بەستراوەتەوە یان لە یەک لە زیندانیەکانی دەوڵەتدا زیندانی کراوە، ئازادی نییە لە هەڵبژاردنی هەریەک لەو بژاردانەی لەبەردەمیدایە. بەهۆی ئەوەشی لە ئاستە فیزیاییەکەیدا  ئازادی نییە، ناتوانێت لەو رووبەرە بچووکەی بۆی دیاریکراوە زیاتر بڕوات. هەندێک لە فەیلەسوفەکان، لەوانە فەیلەسوفی ئینگلیز- تۆماز هۆبز- تا ئەو شوێنە دەڕوات کە بڵێت "تاکە شتێک، کە ئاستەنگ بێت لەبەردەم ئازادی تاکدا بەربەستە فیزیاییەکانن". لێ هەمووان لەم گۆشە نیگایەوە دیاردەکان نابینن. مرۆڤ بە گشتی کاتێک پێیوایە بژاردەکان کراوەنین و تەنها ڕەمزین، کە چەندین مەرجی فرەجۆری پێوە لکابێت. ڕێکخراوێک، کە بانگەوازی دۆزینەوەی هەلی کار بۆ بێ کارەکان دەکات و داوای چەند کارمەندێک بۆ پڕکردنەوەی چەند پۆستێک دەکات و دەرفەت بە هەمووان دەدات فۆڕمەکان پڕ بکەنەوە، کارێکی باش دەکات، بەڵام کاتێک فۆڕمەکە پڕ دەکەیتەوە نووسراوە وەرگیراو پێویستە چەند زمانێک بزانێت، ئەزموونی کاری زیاد لە ٥ ساڵی هەبێت،  لە تەمەن و ڕەگەزێکی دیاریکراویش بێت. سەرەنجام ژمارەیەکی فرە کەم دەتوانن ببنە خاوەن کار. 
لە لایەکی ترەوە، یاسا بۆ خۆی بەربەستێکی ترە بەڕووی ئەوانەی دەخوازن ئازادانە هەموو شتێک  بکەن. بۆ نموونە، هیچ بەربەستێکی فیزیایی نییە لەوەی ڕێگربێت یان بموەستێنێت لەوەی جامی ئوتومبێلی بەڕێوبەرەکەم بشکێنم یاخود لەو خێرایە زیاتر بڕۆم، کە بۆئوتومبێلەکەم دیاری کراوە، لێ گەر بیکەم دڵنیام لەوەی دەگیرێم و سزا دەدرێم. بۆیە، هەرچەندە من لە ڕووە فیزیاییکەوە ئازادم، بەڵام بە دیوێکی تردا بەهۆی ئەوەی چەندین سزای فرەجۆر لەبەردەممدایە، ئازادنیم. گەنجێکیش، کە بژاردەی یانەیەکی شەوانەی لەبەردەمدایە، بەڵام باوکی هەڕەشەی نەفی کردن و بەکارهێنانی زەبری لێدەکات گەر لەو کافتریایەدا ببینێت، مانای وایە چیتر ئەو بژاردەیە لەبەردەمیدا کراوە نییە و گەنجەکە ئازاد نییە، گەرچی کافتریاکەش بە کراوەیی لە هەمان جێی خۆیدا بمێنێتەوە.

ئاستەنگ و ڕێگرە فیزیاییەکان بە گشتی وەک بەشێک لەو بەربەستانە وێنا دەکرێن لە کەم کردنەوەی ئازادیدا. بەڵام شان بە شانی ئەمانە، بەربەستی ئابووریش بەشێکی تری وێنەکە تەوە دەکەن. ئایا دەتوانین بڵێین هەر کاتێک نرخی شتێک، کە گەیشتە ڕێژەیەکی دیاریکراوی وا کە لە توانای ئێمەدا نەبوو بیدەین، ئیدی ئازاد نین؟  
با سەرنجمان بخەینە سەر نموونەیەک، کە مرۆڤ بە هۆی نرخەکەیەوە ناتوانێت ئەنجامی بدات. دوو کەسمان هەیە، کە هەردووکیان خاوەن ئابوورییەکی مام ناوەندن. ئەوەی یەکەمیان دەیەوێت گەشتێکی یەک مانگە بۆ وڵاتانی ئەوروپا بکات، بەڵام بەهۆی ئەوەی ١٠ هەزار دۆلاری تێدەچیت و ئەم بڕە پارەیەش لەسەروی توانای ئابووری کەسەکەوەیە، ناتوانێت گەشتەکەی بکات. کەسی دووەم، یەک گورچیلەی هەیە، گورچیلەکەی لە کارکەوتووە و پێویستیشی بە چاندنی گورچیلەیەک هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەهەمان شێوە ١٠ هەزار دۆلاری تێدەچێت ناتوانێت نەشتەرگەرییەکە ئەنجام بدات. ئەم دوو کەسە کامیان لەڕووی ئابوورییەوە ئازاد نین؟ دەکرێت بڵێین هەردووکیان ئازادنین، چونکە خواستی کردنی کارێکیان هەیە تێچووەکەی لەسەروی توانای ئەمانەوەیە؟ بێگومان وەڵامەکەی زۆر سادەیە، لەم دووانە تەنها یەکێکیان ئازاد نییە. گەشت کردن بابەتێکی پەیوەست بە خۆشگوزەرانی و خولیای مرۆڤەکانەوە هەیە. مرۆڤ، کە گەشت بۆ وڵاتێکی تر دەکات، لە ئامادەگی ئابوورییەکی باشدا گەشت دەکات. هیچ مرۆڤێک لە نەبوونیدا ناتوانێت گەشت بۆ خۆشی خۆی بکات. بۆیە لە کەیسی یەکەمیاندا، مرۆڤەکە ئازادە، گەشتکردنەکەی پەیوەندی بە پێویستییەکی مەجبورییەوە نییە، یانی گەر گەشتەکەش ئەنجام نەدات هیچ مەترسییەک یاخود گۆڕانێکی نەرێنی بەرچاو لە بکەرەکەدا دروست ناکات. لێ لە کەیسی دووەمدا، ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە پەیوەندی بە ژیانی نەخۆشەکەوە هەیە و پیویستییەکی مەجبورییە، بەجۆرێک گەر ئەنجامی نەدات دەشێت گیان بسپێرێت. لە دۆخی یەکەمدا، کەس لە ژێر فشاردا نییە و هیچ لەیەنێک مەجبور نییە پارەی گەشت کردن بۆ کەسەکە دابین بکات، لە کاتێکدا بە پێچەوانەوە لە حاڵەتی دووەمدا ئەرک و بەرپرسیارێتی لایەنی پەیوەندیدارە بڕی پارەکەی بۆ دابین بکات. لایەنی پەیوەندی داریش دەشێت کۆمپانیایەکەی دڵنیایی تەندروستی بێت لەو وڵاتانەی، کە تەندروستی بەرپرسیارێتی کەرتی تایبەتە، یان دەوڵەت تێچووەکەی دەگرێتە ئەستۆ گەر هاتوو نەشتەرگەریەکە لە نەخۆشخانەیەکی حکومی ئەنجامدرا. هەربۆیە، گەر کەسێک  بۆ بژاردەیەک یان ئەنجامدانی کارێک تونای پێدانی تێچووەکەی نەبوو ناتوانین یەکسەر بڵیین کەسەکە ئازاد نییە، بەڵکو پێش بڕیاردان لە ئازادی کەسەکە پێویستە سەرنجێک بخەینە سەر چییەتی و پێویستی ئەنجامدانی کارەکە، و هەبوونی لایەنێکی پەیوەندیدار بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتییەکە.
لێرەوە دەردەکەوێت، کە ئەو تێڕوانینە باوەی دەربارەی حکومەت هەیە و دەڵێت " تا حکومەتەکان بەهێزتربن ئازادی مرۆڤ بەرتەسکتر دەبێتەوە"، هەڵەیە. ڕاستە حکومەت هەندێکجار ئازادی تاک بەرتەسک دەکاتەوە بە بیانوی جیاواز و لاواز [بەتایبەتی لە وڵاتە تازە پێگەیشتوو و نا دیموکراتەکاندا]، لێ لە زۆر دۆخ و هەلومەرجدا تا دەوڵەت بەهێزتر و جێگیرتربێت، نەک هەر نابێتە هۆکاری  کەم بوونەوەی ئازادی، بەڵکو پانتایی ئازادی زیاتر دەکات، تا ئاستێک کە ڕەنگە بە بێ دەوڵەت مرۆڤ توانای ئەنجامدانی هەندێکیانی نەبێت.

بەشێک لە کتێبی " پێشەکییەکی زۆر کورت لەسەر فەلسەفەی سیاسی"
نووسینی: داڤید میلەر-تیۆریناسی سیاسی بەڕیتانیا
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە بە دەستکارییەوە: د. یاداشت ساڵح

وتاری زیاتر

ئازادی و سنوورەکانی حکومەت‬ د. یاداشت ساڵح
2018-11-10 17:11      43 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو