د.سەردار عەزیز

لاڤرۆڤ و سەربەخۆیی كورد

  2018-10-15 15:39      89 جار بینراوە        کۆمێنت

روس وەك ئەمریكاییەكان نین، ئەوان پەیوەندیەكی دێرینیان هەیە لەگەڵ كورددا، بە تایبەتی كوردانی ئێزیدی. یەكەم كەس باس لە ئەوان ئەكات شاعیری گەورە و ناسراوی روس پۆشكینە. لە كتێبی سەفەرێك بۆ ئەرزروم پوشكین كوردە ئێزیدیەكان بە خەڵكی تاوس ناودەبات. لە بەر بوونی كورد لە نێوان روس و توركدا ئەم پەیوەندیە لە قۆناغی جیاوازدا ڕۆڵی جیاوازی لێدەكەوێتەوە. 
لەڕۆژانی كۆتایی ئیمپراتۆریەتی روسیدا عبدالرزاق بدرخان دەبێتە عاشقە روس و هەوڵ ئەدا بە پشتیوانیان دەوڵەتێك دروست بكات. ئەم پاشخانە، بە تایبەتی كە كوردناسی ئەمڕۆ بنەماكەی دەگەڕێتەوە بۆ روسەكان، بۆ من جێگای سەرنج بوو كاتێك لاڤرۆڤ باس لە كورد ئەكات بە وشەی minion، ئەم وشەیە بە مانای ئەوە دێت كە كەسێكی بێ بایەخ، بێ هیچ گرنگیەك دوای كەسێكی گرنگ یان گەورە دەكەوێت. لاڤرۆڤ ئەم وشەیە بەكاردەهێنێت بۆ كورد لە پەیوەندیدا بە ئەمریكاوە. بەو مانایە ئەمریكا دەیەوێت لە خەڵكیك كە هیچ گرنگیەكیان نیە كارێك ئەنجام بدات.
بەكارهێنانی ئەم زمانە، وەك سوكایەتی بۆ كورد، دەربڕی چەند ئاماژەیەكە:
یەكەم، سوككردنی پەیوەندی كورد و ئەمریكا لە ڕۆژئاڤا
دووەم، گەیاندنی پەیامی ئەوەی كە كورد خەڵكانێك نین كە ئەهلی دەوڵەت بن، ئەوان تەنها پاشكۆی هێزێكی گەورەن. ئەم سوكایەتیە بەشێكی زۆری سەرچاوەكەی كورد خۆیەتی. كورد تەنها لە یەك شتدا باڵایە ئەویش خۆ سوككردن. 
سێیەم، دەربڕی بێزای روسەكانە لە دۆخەكە.
بەڵام ئایا روس یان لاڤرۆڤ بۆچی پرسی دەوڵەتی كوردی دەوروژێنێت لە ئێستادا. وەك دەزانین كە روسەكان هێندە دژ نەبوون لە بەرامبەر ریفراندۆمدا، چونكە بە پێی دۆخەكە هەڵوێستیان وەرگرت نەك بە دیدی ئایدەلۆژی و هەڵوێست، بەڵكو زیاتر پراگماتیست و یاریكەر بوون.
روسەكان لە وروژاندنی ئەم پرسە چەند ئامانجێكیان هەیە:
یەكەم، پەیامی ئەوەیە كە ئەمریكا نابێت تەنها ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆی ئاوەدان بكاتەوە بەڵكو دەبێت هاوكاری ئاوەدانكردنەوە بێت لە هەموو سوریادا.
دووەم، دەیانەوێت لەڕێگای سیاسەتی ئاوەدانكردنەوەوە، كە لە سەرەتاوە ئەمریكا پلانیەتی وەك چەكێك بەكاری بهێنێت، پەیوەندی و دانپیانانی شەرعیەت بۆ ئەسەد دابین بكەن. 
سێیەم، روسەكان بە گرێدانی ڕۆژئاڤا و باشورەوە دەیانەوێت پەیامێك بۆ ئەوروپا و تورك و ئەوانیتر بنێرن كە پشتیوانی ئەمریكا مەكەن لە كارەكانیاندا، تەنها دەبێتە مایەی توندوتیژی ناسەقامگیری تر.
چوارهەم، ئەمانە هەموو لە ساڵیادی 16ی ئۆكتۆبەردا دەوروژێنرێت، وەك پاشخانێك بۆ ئەوەی یادەوەری هێزەكان ختۆكە بدات كە هەوڵی جیاكردنەوە كێشەی لێدەبێتەوە.
بەڵام سەرباری ئەمە چەند ڕاستیەك هەیە:
یەكەم، ئەمریكا جگە لە ناوچەی كوردی هیچ دەسەڵاتێكی بەسەر پارچەكانی تری سوریادا نابێت. بۆیە ڕۆژئاڤا بۆ ئەمریكا بریتی نیە لە پاراستنی كورد، بەڵكو بریتیە لە هەبوونی پێگە بۆ ئەوەی بەشێك بیت لە یارییەكە، لە وڵاتێكدا كە ئەمریكا هەمیشە تەنها لە ڕێگای سیخوڕەوە كاری كردوە.
دووەم، روسەكان دەزانن شەڕی ئاوەدانكردنەوە، ئەگەر ئەمریكاییەكان بیكەن، ئەوا ئەگەر ڕۆژئاڤا ئاودان بكەنەوە و بەشەكانی تری سوریا بە وێرانە بمێنێتەوە لە ئەنجامدا دەبێتە كارتێك بۆ ئەمریكاییەكان لە سەر مێزی دانوستان.
شەڕی ئاوەدانكردنەوە دەمێكە دەستی پێكردوە. من لە بەیروت بەشداربووم لە گەڵ ئەوروپاییەكان لەمبارەوە، دۆخێكی ئێجگار ئاڵۆزە. ئاوەدانكردنەوە تەنها ڕەهەندی ئابوری نیە، بەڵكو رەهەندی تری زۆرە.

 

وتاری زیاتر

بن رۆدۆس: دونیا وەک خۆی‬ د.سەردار عەزیز
2018-07-25 13:26      40 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو