مەلا بەختیار

سەرۆكێكی باش، یان دەستەبەر؟

  2018-10-30 19:05      240 جار بینراوە        کۆمێنت

لەعێراقدا، زۆربەی وەزیرەكانی كابینەكەی بەرێز (عادل عەبدولمەهدی) لەدانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا (19/10/2018) پەسەند كران. باقیەكەی كەوتۆتە گرێكوێرەی ململانێی لایەنە سیاسیەكان. هەر لە سوێندخواردنەكەوە دەركەوت كەوا:
كێشەی بنچینەیی بەرێز عەبدولمەهدی، ئەوەیە، كە كاندیدی رێك نەكەوتنی لایەنە شیعەكانە، لەسەر كاندیدی دڵخوازیان. واتا: رێك نەكەوتون لەسەر بەرێز سەرۆك وەزیران رێك بكەوون. بەڵكو دوای ئەوەی لەناوخۆیاندا، لەسەر ئەو كاندیدانەی ناویان بۆ سەرۆك وەزیران، لەئارادا بوون، (عادل)یان بەگونجاوترینیان زانیووە.
بەندە، وەكو زۆر لەسیاسەتمەدارانی تری شارەزای هێزو كەسایەتیە سیاسیەكانی عێراق، دڵنیام كە بەرێز (عادل) كەسێك‌و كەسایەتیەكی شیاوە. راستە، لەسەردەمی سەرۆك مام جەلالەوە، ناوی بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق لەناوانا بووە، بەڵام هەرگیز هەڵپەیەكی ئەوتۆی نەنواندووە بۆ ئەو پۆستە، كەسایەتیە سیاسیەكەی شەرمەزار بكات. بەڵكو، كاتێك دەیزانی پۆست‌و پایە، كەسایەتیەكەی دەشكێنێ‌، وازی لەجێگری سەرۆك كۆمارو لەسەركردایەتی ئەنجومەنی باڵای شیعەكانیش هێنا. دانیشتنی لەماڵەوە، زۆر پێ شەرەفمەندانەتر بوو، لەوەی گرەو لەسەر كەسایەتی خۆی بۆ پۆست‌و پایە بكات.
ئێستا، كە سەرۆك وەزیرانی عێراقی بەشایستەیی خۆی پێ رەوا بینراوە، ئەركێكی زۆر قورسی كەوتۆتە ئەستۆ. لەپێشەوەیاندا، كێشەو بێشەی لایەنەكانی شیعە. پاشان، پاشماوەی سەرجەم كێشە چارەسەرنەكراوەكانی سەردەمی كابینەكانی پێشوو. هەر پەیوەست بەعێراق، ململانێی نێوان عێراق‌و دەوڵەتانی سونیگەرای ناوچەكە، لەسەروی هەموشیانەوە، كێشەی هەرە گەورەی ئەمریكاو ئێران، فشاری هەمەلایەنەی لەسەر كابینەكەی (عادل) هەیەو لەناو هاوكێشەو روداوەكانی ئایندەشدا، مەترسیەكان فرە رەهەند دەبن!
ئەو كێشانە چۆن بەلای بەرژەوەندییە حیزبی‌و ئیقلیمی‌و زلهێزەكاندا، دەشكێنەوە، با ئەمانەیان بۆ سەرەنجامەكان هەڵبگرین.
سەبارەت بە كوردستان، كێشەكە رەهەندی دیكەی هەیە. ئەویش بەرای ئێمە، لەمەی خوارەوەدا، خۆی دەبینێتەوە:
سەرەڕای ئەوەی (عادل) نیو سەدەیە، ئەزمونی لەگەڵ كێشەی كورددا هەیە. لەو ساڵانەدا، بچوكترین پەشمی لەناو كوردستان‌و لەعێراق‌و ناوچەكە، بۆ مافی كورد، نەهێناوەتە سەر خۆی. لەناو كاندیدەكانیشدا، پێموایە، بۆ كوردیش، باشترین كەسیانە. واتا سەرۆكێكی باشە. بەڵام:
لەدونیای سیاسەتداو لەناو كێشەو هاوكێشە جیهانی‌و ئیقلیمی‌و ناوخۆییەكاندا، سەرۆكێكی باش، چەند باش بێ‌، ئەمە ناتوانێ‌ دەستەبەری مافە سیاسی‌و یاسایی‌و ئابوریەكانمان بێ‌. تەنهاو تەنها، رێكەوتنی لایەنە سیاسیەكان، لەپێشەوەدا، لەگەڵ بەرێز سەرۆك وەزیران، دەستەبەری مافە دیموكراسی‌و دەستوریەكانمان دەبێ‌. نەك تەنها كەسایەتی باشی سەرۆك وەزیران. كە ئەمەش بۆ خۆی زۆر گرنگە.
مەخابن، هێزە كوردستانیەكان، لەسەرەتای دانوستانەكاندا، دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، باشمان بۆ هەڵكەوت‌و هەوڵی هاوبەشی باشیش، بە پرۆژەی هاوبەشیشەوە، دران؛ بەڵام ریزی یەكگرتویی كوردستان، خراپ پاشەكشەی كرد. ئێستا، لەباتی سازان، ترازان بۆتە سیاسەتی باوی كوردستانی. كەڵبەی هەڵپەی دەستكەوتی حزبی، جێگەی هەڵمەتی دەستكەوتی كوردستانیی، لەبەغداد گرتووە. وەزارەتی كەم بەر كورد دەكەوون. ناوچە كێشە لەسەرەكان دۆخیان تەمومژاوییە. كەركوك بە (6) پەرلەمانتاری كوردەوە، بەپشتیوانی سیاسەتی تایفەگەری، خرایەوە گرەوی شۆڤێنیەتەوە..تاد.
بەدڵنیاییەوە، ئەگەر هەرێمی كوردستان، لەم ماوەیەدا، لەناو خۆیدا كێشەی لایەنە سیاسیەكان چارەسەر نەكات‌و جارێكی تر، بەیەكگرتویی، بەپێی پرۆژە پێشكەشكراوەكەمان، نەكەوێتەوە دانوستاندن بۆ رێكەوتنێكی دەستەبەر، لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان‌و كابینەی نوێ دا، بێگومان، بەم ترازانەی لایەنە سیاسیەكان، هەرگیز، هەرێم، ناتوانێ‌ كێشەكانی مادەی (140)، گفتوگۆی نەوت‌و گاز، بودجەو موچەو تەیاركردنی پێشمەرگە، لەهەلومەرجی ئیداری‌و سیاسی‌و یاسایی، كابینەكەی بەرێز (عادل)یشدا، چارەسەرێكی شیاوی بۆ بدۆزرێتەوە. ئەوەتا، لە بودجەی گەڵاڵەكراوی حكومەتدا پشكی كوردستان (12%) دانراوە. ئەگەر ئەم پشكە، وەكو خۆی لەپەرلەماندا تێبپەڕێنن، ئیدی ئاشكرا دەبێ‌، هەر داخوازیەكی هەرێم، بچێتە ناو ئەم پەرلەمانە، سەرەنجامەكەی چی بەسەردێنن. بەتایبەتی جێبەجێكردنی مادەی (140)و پرسی نەوت‌و گاز.
چارەسەری سیاسی ناوخۆیی كوردستان، تاقە رێگەیە، بەرەو دەستەبەری سیاسی‌و ئابوری‌و یاسایی لەعێراقدا، ئەگینا، سەرۆكێكی باشی وەكو (عادل) ناتوانێ‌ لەبەرامبەر ئەو هەموو كێشانەی هەن‌و ئەو هێزانەی هەژمونیان لەپەرلەماندا هەیە، مافەكانمان لەم چوار ساڵەدا، دابین بكات!!

وتاری زیاتر







یەکی ئایارو عائیدون!‬ مەلا بەختیار
2019-05-01 17:48      50 جار بینراوە




رۆژی شانۆ پیرۆزبێ‌‬ مەلا بەختیار
2019-03-27 14:47      51 جار بینراوە

(11)ی ئازار و پەندەكانی مێژوو!‬ مەلا بەختیار
2019-03-11 17:17      109 جار بینراوە





پاساوی تاڵانكردن مەهۆننەوە!!‬ مەلا بەختیار
2019-01-15 13:52      94 جار بینراوە








كابینەی نوێ‌ و كێشە كۆنەكان‬ مەلا بەختیار
2018-12-11 09:36      83 جار بینراوە






نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو