مەلا بەختیار

یەكەمین كۆبونەوەی كۆمیتەی هەرێمەكان دور لە رق‌و ئیرەیی

  2018-12-17 18:08      94 جار بینراوە        کۆمێنت

ئەمڕۆ (2018/12/17) رێك (43) ساڵ بەسەر (1975/12/17) یەكەمین كۆبونەوەی كۆمیتەی هەرێمەكاندا، تێدەپەڕێ‌.
كۆمیتەی هەرێمەكان، دوای دەیان ساڵ‌و ئەو هەموو روداو و گۆڕانكاریانە، هێشتا، نەك لایەنی كەمی مافە مێژوییەكانی پێنەدراوە، بەڵكو، سەنگی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی، بەهۆی ئەوەی یەكێتییان لەدەرەوەی وڵات دامەزراندووەو ئۆردوگای مەشقیان پێكهێناوەو پەیوەندیەكانیان دروستكردووە، بەراورد لەگەڵ كۆمیتەی هەرێمەكان، زۆر زیاتر گەورەتر كردووە. لەكاتێكدا:
دوای رۆشتنی شەهید شیهاب‌و هاوڕێكانی بۆ ئێران‌و گرتنی (37) كادری شارەكانی كوردستان، كۆمەڵەی رەنجدەران شیرازەی رێكخستنی پسا. هەتا دوای ساڵی (1976)یش، یەكێتی تاقە شانەیەكی لەكوردستاندا دروستنەكردبوو. دەستەی دامەزرێنەر پەیوەندیشیان بەكۆمەڵەوە نەبوو. نەشیاندەزانی كۆمەڵە چی ماوەو چی پێدەكرێ‌. خۆیشیان لەدەرەوەی وڵات، بە كێشەی چەشناوچەشن لەدیمەشق‌و ئۆردوگای مەشقی (قامشلۆ) چاوەڕوان بون، لەناو وڵات كۆمەڵە، هەروا، بزوتنەوەی سۆسیالیست، چییان پێدەكرێ‌‌و ناكرێ‌.. خوا خوایان بوو، هەواڵی ناو وڵات بزانن. تایبەت كۆمەڵە.
مەفرەزە سەرەتاكانی برایم عەزۆو هەڤاڵەكانیان كە ناردنەوە، هەر زوو كرانە قوربانی رقەكانی شەڕی ناوخۆ. دوای ئەوە، هێزێك زیاتر لە (50) كەس‌و (200) چەك بەسەرپەرشتی شاد رەوان (نەوشیروان مستەفا) هاتنەوە، ئەمانیش شكستیان خواردو سەرجەم چەكەكانیان تەسلیم كرانەوە، بەڵكو یەكێكی دەستەی دامەزرێنەریان لەگەڵدا بوو، بەهۆی دورە تەقەی رەبایەی سنورەوە، چەكەكەی فڕێدابوو، گوتبوی من پیاوی پارتیزانی نیم.
كۆمیتەی هەرێمەكان، لەمڕۆدا (43) ساڵ لەمەوبەر، بەبێ‌ ئەوەی ئۆردوگای مەشق‌و چەكی سوری‌و لیبی‌و فەلەستینی هەبێ‌، بەبێ‌ پارە، بەبێ‌ پەناگاو تروسكایی ئومێد، میراتی رێكخستنێكی راوەدونراوی بۆ مابوەوە (4) هەڤاڵی موختەفی (ئارام، ئازاد هەورامی، سالار عەزیز‌و مەلا بەختیار) شەهید (عەبدولرەزاق)یش موختەقی نەبوو. پێكەوە لەمڕۆدا، لە شەوە زستانێكی سەختدا، لەماڵی كاك (ئەمین حاجی عەزیز) كۆبوینەوە، كە بەهەزار دەردەسەری یەكیشمان بینیەوە. شەهید ئارام‌و كاك سالار، لە دوو شوێنی جیا پەیوەندیمان پێوەكردن، شەهید ئازادمان لە كەركوك‌و شەھید عەبدولرەزاقیش لەهەولێر دۆزرانەوەو ژوانی كۆبونەوە دیاری كرا. لەو كۆبونەوەدا، پەژارەو رەخنە زۆر بون. ئەركێكی دژوارو ئاڵۆزو سەخت بوو، تەنها ئیرادەو بیروباوەڕمان هەبوو، رایبپەڕێنین. بەڵام هەستكردن بە بەرپرسیارێتی‌و گیانی بەرزی چەپگەرایی‌و داكۆكی لە چارەنوسی كوردستان‌و كۆمەڵە، دورنمای خەبانمان بوو. لەو كۆبونەوەیەدا، شەهید ئارام، سەنگین، ورد، تیژبین، دوربین‌و كێوێك لە ورەی شۆڕشگێڕانە بوو. سور بوو لەسەر مانەوە لەكوردستان‌و نەفرەتی لە هەڵهاتن دەكردو جەختی لە بەرپاكردنەوەی شۆڕش دەكردەوە. پەیتا پەیتاش دەیفەرموو: لەپیاوان دەقەومێ‌.
لەو كۆبونەوەیەدا، بڕیاردرا، شەهید ئارام راپۆرتی هەڵسەنگاندن بنوسێ‌‌و لەسەری ساڵدا، كە حكومەت سەرقاڵی ئاهەنگە، دیسان كۆببینەوە. چاوەڕوانبن سەری ساڵ، باسی ئەو كۆبونەوەیەش دەكەم.
بەم كورتە باسەو باقی باسەكەش سەری ساڵ روندەكەمەوە، ئینجا، ئومێدەوارم ، بەراوردێكی ئەركە سەختەكانی كۆمیتەی هەرێمەكان لەخەباتی ژێرزەمینی‌و ئەركە گشتیەكانی دەستەی دامەزرێنەر، لە خەباتی ئاشكراو سوریاو لوبنان‌و لیبیاو دەرەوەی وڵات، دەخەمە ویژدانی وشیاران!
بەندە دڵنیام، راستیەكانی مێژوو، چۆن بون‌و چۆن رویاندا، لەدوا سەرەنجامدا، ساغدەبنەوە. نە بە سۆزی فراوان‌و نە بە رقی كوێرانەو نە بە تاوان‌و نە بە تەكەتول، راستیەكان تا سەر چەواشە ناكرێن.

 

وتاری زیاتر







یەکی ئایارو عائیدون!‬ مەلا بەختیار
2019-05-01 17:48      50 جار بینراوە




رۆژی شانۆ پیرۆزبێ‌‬ مەلا بەختیار
2019-03-27 14:47      51 جار بینراوە

(11)ی ئازار و پەندەكانی مێژوو!‬ مەلا بەختیار
2019-03-11 17:17      109 جار بینراوە





پاساوی تاڵانكردن مەهۆننەوە!!‬ مەلا بەختیار
2019-01-15 13:52      94 جار بینراوە







كابینەی نوێ‌ و كێشە كۆنەكان‬ مەلا بەختیار
2018-12-11 09:36      83 جار بینراوە





سەرۆكێكی باش، یان دەستەبەر؟‬ مەلا بەختیار
2018-10-30 19:05      239 جار بینراوە


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو