مەلا بەختیار

یه‌كهه‌ڵوێستی‌و سه‌ركه‌وتنی فراكسیۆنه‌كان‌و پاشه‌كشه‌ی موزایه‌ده‌خوازان

  2019-01-25 10:50      131 جار بینراوە        کۆمێنت

خۆشحاڵم، شەوی (23/1/2019) فراكسیۆنه‌ كوردستانییەكان، به‌ یه‌كهه‌ڵوێستی كوردایه‌تییان، داكۆكییان لەزیادكردنی بودجه‌ی كوردستان، له‌بواره‌كانی مووچه‌و فه‌رمانبه‌ران‌و پێشمه‌رگه‌ كردو سه‌ره‌نجام، توانییان، یه‌كێك لەكێشه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی نێوان هه‌رێم‌و به‌غداد، كه‌ ساڵه‌هایه‌، به‌ناكۆكی ماوه‌ته‌وه‌، چاره‌سه‌ربكه‌ن. ئه‌مه‌ش هاوكاتی هه‌نگاوه‌ سیاسییه‌كانی تری دوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق، ده‌ریانخست چاره‌سه‌ری ستراتیژی ئابووری، به‌غداده‌.
ئه‌م یه‌كهه‌ڵوێستییه‌، ره‌گ‌و ریشه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و سیاسه‌ته‌ ئابوورییه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمیش، وه‌كو شایسته‌ داراییه‌كانی كوردستان، ساڵه‌هایه‌ داوای كردووه‌، به‌ڵام كاریگه‌ری تایفه‌گه‌ری له‌سه‌ر حوكمڕانی عێراق، وایان كردبوو، پێچه‌وانه‌ی ئه‌و شایسته‌ بژێوییه‌ بسه‌پێنێ‌. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا، پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، له‌كاتی تێكشكانی سوپای عێراقدا، سه‌نگه‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی به‌ره‌نگاری گرتبوو. كه‌چی ده‌وڵه‌تمه‌دارانی عێراق زه‌ق زه‌ق خوێنی رژاوی پێشمه‌رگه‌و كه‌ژاوه‌ی به‌ڕێكراوی شه‌هیدانیان ده‌دی، به‌ڵام ئه‌قڵیه‌تی تایفه‌گه‌ری‌و پیلانگێڕی، رێی نه‌ده‌دان، ته‌نانه‌ت بژێوی ماڵ‌و مناڵی پێشمه‌رگه‌ش دابین بكه‌ن.
فه‌رمانبه‌رانی كوردستانیش، له‌كاتی داڕمانی نرخی نه‌وت‌و، قه‌یرانی ئابوری جیهانی‌و ناوچه‌ییداو به‌ناچاریی گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی پاشه‌كه‌وتی موچه‌دا، مه‌ینیه‌تیه‌كی بێڕاده‌یان ته‌حه‌مول كردو ئه‌و پشوودرێژیه‌شیان، وه‌كو شانازییه‌كی به‌ره‌نگاری سه‌ختییه‌كانی ژیان‌و گوزه‌ران ده‌ژمێردرێ‌. هه‌رچه‌نده‌ ده‌شویسترا، ئه‌م قۆناغه‌ سه‌خته‌، بەڕێگه‌ی ئاژاوه‌و سیاسه‌تی پۆپۆلیستی، حكومه‌تی هه‌رێم (سه‌ره‌ڕای هه‌ڵه‌كانیان) به‌ره‌و هه‌ڵدێر ببرێ‌‌و كوردستان چه‌شنی لیبیاو یه‌مه‌ن لێبكرێ‌، به‌ڵام زۆرینه‌ی گه‌له‌كه‌مان، به‌ دركی نه‌ته‌وایه‌تییان، پشوودرێژییان هه‌ڵبژارد، نه‌ك پشێویی سیاسی‌و هه‌ڵدێری ده‌سه‌ڵاتدارێتی.
هه‌شبوون، دۆخی داراییان به‌ هه‌ل ده‌زانی بالوره‌ی دوو ئیداره‌یی لێبده‌ن‌و دڕكی هه‌لپه‌رستییان لێره‌و له‌وێ‌ بچه‌قێنن؛ كه‌میش نه‌بوون ئه‌وانه‌ی خۆڵه‌مێشی موزایه‌ده‌یان به‌پاساوی به‌رگری له‌ یه‌كێتی ده‌پرژانده‌ چاوی به‌شێكی رای گشتی، تایبه‌تی نه‌وه‌ی دوای راپه‌ڕین.. به‌ڵام هه‌موو ئه‌و سیاسه‌ته‌ دوور له‌ ئه‌قڵانیه‌ته‌ی سیاسه‌ت، له‌به‌رده‌م سیاسه‌تی ریالیستی شكستی خوارد، ئه‌گه‌رچی هێشتا پاشماوه‌ی زیانبه‌خشی ئه‌و سیاسه‌ته‌ هه‌ڵبه‌زو دابه‌زه‌، له‌ناو هه‌موو لایه‌نه‌كاندا، بێ كاریگه‌ر نین. هه‌ربۆیه‌، حكومه‌تی نوێی كوردستان، دوای نزیكه‌ی چوار مانگه‌، پێكنایه‌ت!
له‌كاتێكدا، ده‌ستخۆشی لەفراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌ په‌رۆشه‌كانی باشتركردنی گوزه‌رانی خه‌ڵك ده‌كه‌ین‌و ئومێد ده‌خوازین، له‌سه‌ر ئه‌ركه‌ دیموكراسی‌و نه‌ته‌وایه‌تی‌و ده‌ستوریه‌كانیان، هه‌روا به‌یه‌كهه‌ڵوێستی بمێننه‌وه‌و ناكۆكی له‌كوردستان جێبهێڵن‌و كۆكی له‌به‌غداد بپارێزن.
ئیدی.. پاساو له‌به‌رده‌م حكومه‌تی هه‌رێمیش نه‌ما، كه‌ ده‌ستبه‌جێ‌، دوای پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ‌، بەكۆی سیسته‌می حوكمڕانی‌و دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی‌و مشه‌خۆریدا بچێته‌وه‌و چاكسازی بنچینه‌یی له‌ حوكمڕانیدا بكات. دیاره‌ په‌رله‌مانی كوردستانیش، له‌ ئه‌ركه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی دوای هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی، كاراكردنه‌وه‌ی كارنامه‌ی ته‌واوكردنی ده‌ستووری كوردستانه‌.. هه‌روه‌ها، وردتر چاودێریكردنی پابه‌ندبوونی حكومه‌ته‌ لەجێبه‌جێكردنی پرۆژه‌و به‌رنامه‌ی راگه‌یه‌ندراویان له‌ناو ئه‌و لایه‌نانه‌ی حكومه‌ت پێكدێنن.
پێشمانوایه‌، دوای جێگیربوونی مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌و فه‌رمانبه‌ران، زه‌مینه‌ی سه‌قامگیری سیاسی‌و حوكمڕانی باشتر ده‌ڕه‌خسێ‌، بۆئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن. ته‌نها چاره‌سه‌ركردنی ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ی خه‌ڵكیش، ده‌سته‌به‌ری قوڵكردنی پرۆسه‌ی دیموكراسییه‌.. نه‌ك بێباكیی سیاسی‌و حوكمڕانیی.. چونكه‌ هه‌موو بێباكییه‌ك، له‌ جومگه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی سه‌روه‌ری یاساو ژیانی خه‌ڵك، مه‌ترسی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ له‌سه‌ر چاره‌نووس، نه‌خوازه‌ڵڵا له‌م هه‌لومه‌رجه‌ هه‌ستیاره‌ی ناوچه‌كه‌دا!!

وتاری زیاتر



وتاری سواو كۆتایی هاتووە‬ مەلا بەختیار
2019-11-06 13:12      133 جار بینراوە



ناكۆكیەكانی سەرۆك ترامپ‬ مەلا بەختیار
2019-10-13 21:53      195 جار بینراوە








روسیای لینین و روسیای پوتین‬ مەلا بەختیار
2019-09-11 18:42      100 جار بینراوە


31ی ئاب؛ یادێكی شوم‬ مەلا بەختیار
2019-08-31 13:33      110 جار بینراوە












یەکی ئایارو عائیدون!‬ مەلا بەختیار
2019-05-01 17:48      96 جار بینراوە



نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو