د.مه‌دیحه‌ سۆفی

سەدەی بیست و یەك و وەرچەرخانی وزەی سەوز

  2019-07-14 17:11      189 جار بینراوە        کۆمێنت

 ( بەشی یەکەم)
ئاشکرایە، کە ئەم گەشەسەندن و پێشکەوتن و گۆڕان و تەکنەلۆژیا و داهێنانە بەردەوامەی جیهان، هەموو بوارەکانی ژیانی گرتووەتەوەو هەموویشی هەر لەسەر بنەمای پشتبەستن بەبوارە جیاوازەکانی زانستن، بوونی زانست وەکو کۆڵەکەی کارکردن و گۆڕان و بەردەوامی، واتە نەمانەوە لەیەك دۆخ و چەق نەبەستن لەیەك حاڵەت و یەك قۆناغ و یەك ئاستدا.
بەردەوامی توێژینەوە زانستییەکان ، واتە بەردەوامیدان بەخستنەڕووی نهێنی و دۆزینەوەی تواناو ئەگەرەکانی پێشکەوتن، ئەگەرچی بواری توێژینەوەش ناتوانێ بەردەوام بێت بەبێ بوونی بودجەیەکی باش و لەبار کە بتوانێ تێچووی ئەو دیراسات و بەدواداچوونانەی، لەهەر بوارێکی زانستیدا دەکرێت، بگرێتە خۆی، ئەو تێچووە زۆرەو تەرخانکردنی ئەو بودجەیەش خۆی دەبێتە هۆکاری بەردەوامی ئەو هەوڵ و کۆششە زانستیانەی کە دوور یا نزیك قەرەبووی ئەو تێچووە دەکەنەوە، لەبەرئەوەی پێشکەوتنیش لەسەر بوونی وزە وەستاوەو هەر بوونی وزە داهێنان دەخوڵقێنێ و ئابووری پتەو دەکات و پاشتر دەسەڵات فەراهەم دەکات و کورسی و پێگە دیاری دەکات، بۆیە شەڕی جیهان لەسەر بوونی وزە شەڕێکی ئاشکرا و ڕوونە، نمونەش زۆرن لەوانە، ڕژێمی سەدام بەبوونی وزە بووە دیکتاتۆر، هەر لەبەر بوونی وزەش ڕوخێنرا، هەر ئەو نا، ئەوە موسەددیق لە ئێران و قەزافی لە لیبیاو مارۆدۆ لە ڤێنزوێللا و ئەوە شەڕەی سوریا لەساڵی ٢٠١١ وە و زۆر نموونەی دیکە، کە پێگەی وزە بۆ دەسەڵات و بۆ شەڕ دەسەلمێنن، بە پاڵپشتی وزە نەبێ چۆن ئێران دەتوانێ ببێ بەو هێزەی ئێستا هەیە. لە پێناوی گەڕان بەدوای وزەدا، چەندەها فرەزیندەوەر لەناوچوون، ژینگەی زۆربەی زیندەوەران ناهەموار کرا، بە قوڵایی چەندەها کیلۆمەتر بە بندینی دەریاو زەریادا ڕۆچوون، چەندەها کێشەی ژینگەیی وا لەئارادان بێ ئەوەی ستراتیژێکی دروست بۆ چارەسەرکردنی پەیڕەو بکرێ، ئەگەرچی کۆنفڕانسە نێودەوڵەتیەکانی جیهان بۆ ژینگە بەردەوام جەخت لەسەر وەرگرتنی هەڵوێستێکی گشتی دەکەن بۆ چارەسەر.
لەوەتەی چینیش لەخەوی کۆمۆنیستی بەخەبەر هاتووەتەوە، شەڕ لەسەر پێگەی ئابووری، کە مەرجی دیاریکردنی ڕیزبەندیە لەدەسەڵاتدا، گەرمتر بووەو جیهان لە یەکجەمسەریەوە وا دەبێتە فرەجەمسەری و شەڕی ئابووری تەنیوەتەوەو هاوسەنگی دژەکانی ناهاوسەنگ کردووە، لەگەڵ سەرەتای هەزارەی سێیەمیش دیاردەی وشك بوونی چاڵەنەوت و کێڵگەکانی بەرهەمهێنان لەهەندێ وڵاتدا بووەتە دیاردەیەکی بەڵگەنەویست و بەشی پێداویستی نێوخۆ ناکات.
بۆیە گەڕان بەدوای ئەڵتەرناتیڤەوە بووەتە ئەگەرێکی بێ گەڕانەوە، نەوت و غازو خەڵوز، سێ سەرچاوەی بنەڕەتی بەدەستهێنانی وزە، کە زیانێکی زۆری بۆ ژینگەو قەتیسبوونی گەرماو گەرمبوونەوەی ئەتمۆسفێری بەرگە هەوای گۆی زەوی هەیە، ووزەی ئەتۆمیش ئەگەرچی هەرزان دەکەوێ، بەڵام پاشماوەکەی ترسناكە و دڵنیایی لە لەناوبردنی نیە، جگە لەوەی نمونەی کارەساتی چەرنۆبل ساڵی ١٩٨٦ لە ئۆکرانیاو سونامیەکەی یابان ساڵی ٢٠١١ نمونەی ئەو کارەساتە ترسناکانەن، کە زیانەکانی درێژخایەنن بۆ مرۆڤایەتی و هەموو بوونەوەر بە گشتی.لە میانەی گەڕان بەدوای ئەڵتەرناتیڤدا ووزەی دوبارە یا وزەی سەوز دەبێتە بابەتێکی گرنگ و شایان بە بەدواداچوون، سەرچاوەکانی وزەی سەوزیش بریتین وزەی خۆر و وزەی با و وزەی ئاوو وزەی بایۆلۆژی و وزەی گەرمی ژێر زەوی و ووزەی شەپۆلی دەریا.
لەمیانەی تێچووی توێژینەوە زانستییەکانی وزەدا لەوڵاتی ئەڵمانیا بۆ ساڵی ٢٠١٦ دا، بەشێکی زۆری خەرجیەکەی لەبواری توێژینەوە لەوزەی سەوز یا وزەی دووبارەدا بوو، بەتایبەت وزەی خۆرو هەوڵدان بۆ عەمبارکردنی ئەو وزەیە لەسێرڤەرێکدا.
تەرخانکردنی ئەم تێچووە بۆ توێژینەوە زانستیەکانی بواری وزە، دەبێتە پشتێکی باش بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی وزەی بەبەرد بوو وەکو ( نەوت و گازو خەڵوز ) و زیانی کەمتریش بەژینگە دەگەیەنێ.خۆر وزەیەکی سەوزی هەمیشەییە، لە بن نایات، وزەیەکی پاك و خاوێنەو کارکردن بۆ زیاتر سودوەرگرتن لێی هێشتا بەردەوامە، گرنگترین گرفتیش کە ئێستا هەیە چۆنیەتی عەمبارکردنی ئەو وزەیەیە بۆ ماوەیەکی زیاتر. ئەم سەدەیە سەدەی خۆئامادەکردنە بۆ گلدانەوەی تیشکی خۆر و گۆڕینی بۆ ووزەی کارەبا، کە بەشێکی گرنگی وزەی سەوز دەگرێتەوەو هیچ خاشاکێکی نابێ و سوودی زۆری بۆ ژینگەو تەندروستی دەبێ و باشترین دەرفەتە بۆ کەمکردنەوەی هۆکارەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەلایەکەوەو قۆرخکردن و کەم بەکارهێنانی سامانی سروشتی و دەرامەتی وزەی تەقلیدی.
ڕێگەو پرنسیبی کارکردنی دامەزراوەکانی سیستەمی شانەی خۆر ( فۆتۆڤۆلتایك ) لەسەر بناغەیەکی زانستی تۆکمەو ئاسان کار دەکەن، ئەویش بریتیە لە یەکەی شانەی خۆر کە لە چەند خانەیەك پێك دێن و لەگەڵ بەرکەوتنی تیشکی خۆر و گلدانەوەی گەرمیەکەی، ئەو خانەیە بارگە ئەلیکترۆنیەکان لە یەك جیادەکاتەوە بەرەو دوو چینی جیاواز، چینێك بۆ بارگەی پۆزێتیڤ و چینێك بۆ بارگەی نێگەتیڤ، بوونی ئەم دوو بارگەیەش لە کایەیەکدا پێکهێنانی تەزووی کارەبا دروست دەکات.
تێکڕای بڕی ئەو تەزووی کارەبایەی لەنێو ئەو سیستەمی شانەی خۆرەدا پێكدێت، لەسەر بڕو تینی ئەو خۆرە دەوەستێ کە دەگاتە شانەکە ، واتە چەند ساتەکانی خۆرو وەرزەکەی گونجاو بێت، ئەوەندە شانەی خۆرەکە ئەو گەرمی تیشکە هەڵدەمژێ و بۆ بارگەکان جودای دەکاتەوە، لە ئەوروپا بەهەڵهاتنی خۆرێکی ئاسایی دەتوانرێ هەزار وات تەزووی کارەبا لەیەك مەتر دووجادا بێتە بەرهەم، بە بەستنەوەی چەند خانەیەك پێکەوە، دەتوانرێ بڕی وزەی کارەبای زیاتر عەمار بکرێ و بەکاربهێنرێت و بوونی ڕووبەری زیاتر لەشانەی خۆرو بەردەستبوونی تیشکی خۆر، دەبنە هۆی بەرهەمی وزەی کارەبای زیاتر بۆ بەکارهێنان، وزەی خۆر وزەیەکی و پاك و بەردەستە، دۆستێکی باشی ژینگەیە، سەرچاوەیەکی هەمیشەییەو تەواوبوونی بۆ نییە، دەتوانرێ وەکو وزەیەکی دووبارە ڕۆڵێکی گەورە لەبواری پاراستنی ژینگەدا ببینێ.
*هاوسەرۆکی ڕێکخراوی سەوزی ئەوروپی – کوردستانی

وتاری زیاتر

پەتای کۆرۆنا (کۆڤید-١٩)‬ د.مه‌دیحه‌ سۆفی
2020-03-22 19:08      274 جار بینراوە



نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو