د.سەردار عەزیز

جۆن بارکۆ واز دەهێنێت

  2019-09-13 19:23      137 جار بینراوە        کۆمێنت

چەند جارێک بەکاری جیاواز رۆشتوومەتە پەرلەمانی بەریتانی یان وێستمینیستەر، جارێک دەرفەتی ئەوە رێککەوت کە سەرۆکی پەرلەمان ببینم، بەڵام کارێکی بەپەلە لەوڵاتێکی تر، ناچاری کردم لەندەن بەجێبهێڵم. ئەم نووسینە لێرەدا مەبەستی گێڕانەوەی یادەوەری نییە، بەڵکو بەبۆنەی وازهێنانی جۆن بارکوە دەمەوێت تیشک بخەمە سەر چەند خاڵێک کە بۆ ئەزموونی پەرلەمانی ئێمە گرنگە.
یەکەم، پەرلەمان گەرچی دەزگایەکی باڵایە، بەڵام بە دەست چەند گرفتێکەوە دەناڵێنێت، یەکەم، کەس نییە نوێنەرایەتی بکات و دووەم، زۆرن ئەوانەی کە خۆشییان لەچارەی نایەت. لەسیستەمی پەرلەمانیدا ئەندامی پەرلەمان نوێنەری بازنەی هەڵبژاردنەکەیەتی، ستافی پەرلەمان بۆیان نییە قسە بکەن، حکومەت وەک دەسەڵاتێکی چاودێریکراو رکابەری پەرلەمانە، ئەوەی دەمێنێتەوە سەرۆکی پەرلەمانە کە ئەرکی ئەوەی دەکەوێتە سەر کە داکۆکی لە دەزگای پەرلەمان بکات وەک پەرلەمان و هەروەها لەناوەندەکانی دەرەوەی نوێنەرایەتی پەرلەمان بکات.
دووەم، باجی نوێنەرایەتی پەرلەمان قورسە، لەساڵی (1642) پادشای بەریتانیا چارلسی یەکەم بەخۆی و چوارسەد سوارەوە دەچێتە پەرلەمان بۆ ئەوەی پێنج ئەندامی پەرلەمان دەستگیر بکات بەتاوانی خیانەت، بەڵام سەرۆکی پەرلەمانی ئەو کاتە کە ناوی لێنتاڵ بو داواکەی چارلس قبوڵ ناکات و لەئەنجامدا ململانێی نێوان پەرلەمان و پادشا دەستپێدەکات و شەڕی ناوخۆی بەریتانیا دەستپێدەکات، دیارە ئەمە هۆکاری شەڕ نییە، هۆکاری شەڕ باوەڕی چارلس بوو کە ئەو دەسەڵاتی لەلایەن خوداوە پێبەخشراوە، بۆیە زۆر بێزار بوو لەڕێگرییەکانی پەرلەمان بەتایبەت لەبواری خەرجکردندا.
دیارە کاری یەکەم و هەرە سەرەکیی پەرلەمان بودجەیە. ئەم دیدە بەشێوازی جیاواز لەشۆڕشی فەرەنسیدا دووبارە دەبێتەوە، کاتێک ململانێی نێوان نوێنەران و پادشا چڕ دەبێتەوە.
ئەمڕۆ بەریتانیا لەدۆخێکی هەمان شێوەدا دەژی. پەرلەمان وەک ناوەندێک بۆ کۆکردنەوەی جیاوازەکان هەمیشە فرە نەیار بووە، هەردوو چەپڕەوو راستڕەوەکان لەوەدا هاوڕان کە دژ بە پەرلەمان بن، چونکە هیچ کامیان بڕوایان بەجیاوازی نییە. بۆیە سەرۆکی پەرلەمان ئەرکی هێشتنەوەی جیاوازییە لەپێناو سەرهەڵدانی تاكڕەوەی یان دیکتاتۆرییەتدا.
سێیەم، ئەم دۆخە وەها دەکات پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، گەر پەرلەمانیانە پیادە بکرێت، پۆستێکی بێ هاوڕێ و تەنیا بێت، ئەم تەنیاییە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە هەموو لایەک هەوڵ بۆ خواستی خۆی دەدات، هیچ لایەک خواستی گشتی لەبەرچاو ناگرێت. بۆیە هەمیشە خواستی گشت رێگرە لەهاتنەئارای خواستی تەنها بەشێک، ئەم زاڵکردنی بەش بەسەر گشتدا نادادپەروەری سیاسی و ئابووری و نوێنەرایەتی لێدەکەوێتەوە.
چوارهەم، لێرەدا پێگەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەبێتە مایەی پرسیار، بۆئەوەی سەرۆکی پەرلەمان سەرۆک بێت، دەبێت بێلایەن بێت، بەڵام بێلایەنی بەمانای ئەوە نایەت کە دەبێت دەستبەرداری پڕۆسەی پەرلەمانیی بێت، بەڵکو ئەرکی سەرەکی ئەوەیە کە نەریتی پەرلەمانی چۆنە، بەو شێوەیە بەڕێوە بچێت، ئەم داکۆکیکردنە لە نەریت هەمیشە سەرۆکی پەرلەمان دەخاتە خانەی لایەنگرییەوە لای هەموو هێزەکان، بەبێ ئەوەی هیچ هێزێک رازی بێت لەلایەنگرییەکەی، ئەمە وەها دەکات کە کەسایەتی کەسی سەرۆکی پەرلەمان رۆڵێکی گەورە بگێڕێت لەپیادەکردنی ئەم پۆستە.
پێنجەم، جۆن بارکو، کەسایەتییەکی خاوەن مێژوویەکی تایبەتە، کە هاوکاری بوو ببێتە کەسێکی کارا لەساتەوەختی قەیراندا، گەرچی کە لێی دەڕوانیت هیچ خەسڵەتەکانی کاریزمای تەقلیدی تیادا نییە، بەڵام بەدەنگ و شێوازی دەربڕینی بەزمانێکی باڵاو خەتیبێکی باش، وەهایکرد کە بتوانێت زاڵ بێت بەسەر رێگرییەکاندا، بەڵام لەپاشخانی ئەمەوە، هەبوونی ئەزموونی هەردوو پارتی سیاسی گەورە، بارکو سەرەتا پارێزەران بوو، لەتەمەنی شانزە ساڵیدا دەکەوێتە ژێر کاریگەری تاتچەرەوە، لەخێزانێکی جولەکە لەناوچەی هەندۆنی نزیک زانکۆی میدلسێکس گەورە بووە، باوکی ئۆتۆمبیل فرۆش بووەو ژیانیان ئاسایی بووە. جۆن لەتەمەنی لاویدا زیاترو زیاتر بەرەو بەرەی راستڕەو دەڕوات و دەبێتە ئەندامی چەند یانەیەک کە ئەمڕۆ خۆی وەک شەرمێک باسی دەکات. پاشان (سالی)ی هاوسەری دەناسێت. (سالی) لەبەرەی چەپ یان پارتی کارە، ئافرەتێکی دەرکەوتووەو باڵای لەجۆن بەرزترە. جۆن لەسەردەمی بلێردا سەنگەر دەگوێزێتەوە بۆ پارتی کارو دەبێتە ئەندام پەرلەمان، لەساڵی (2009) دەبێتە سەرۆکی پەرلەمان، پاش دە ساڵ لەسەرۆک، بڕیار وایە مانگی داهاتوو کۆتایی بەژیانی سیاسی بهێنێت.
ئامانجی هەرە سەرەکیی جۆن ئەوەیە کە ئەم پەرلەمانە سەرۆکێکی نوێ هەڵبژێرێت، لەعورفی پەرلەمانی بەریتانیدا، سەرۆک، ئەندامان هەڵیدەبژێرن بەدەنگدانی نهێنی.

وتاری زیاتر




کۆرۆناو لەدایکبوونی جڤات‬ د.سەردار عەزیز
2020-03-30 19:42      36 جار بینراوە

دیواری مەزنی چین؟‬ د.سەردار عەزیز
2020-03-29 15:22      35 جار بینراوە

کورەکە ماڵییە!!‬ د.سەردار عەزیز
2020-03-27 12:08      54 جار بینراوە

پرسیارەکانی سەردەمی کۆرۆنا‬ د.سەردار عەزیز
2020-03-24 20:39      51 جار بینراوە

جەنگی کۆرۆنای چین و ئەمریکا‬ د.سەردار عەزیز
2020-03-22 20:49      61 جار بینراوە

نرخی نەوت و ئابووری ئێمە‬ د.سەردار عەزیز
2020-03-21 18:23      47 جار بینراوە

رۆژانەکانی کۆرۆنا‬ د.سەردار عەزیز
2020-03-12 15:26      51 جار بینراوە

شەڕی نرخی نەوت ‬ د.سەردار عەزیز
2020-03-10 10:30      57 جار بینراوە

کۆمەڵگای پڕ دوکتۆرا‬ د.سەردار عەزیز
2020-03-07 18:26      50 جار بینراوە

ڤایرۆسی کۆرۆناو دین‬ د.سەردار عەزیز
2020-02-28 12:13      61 جار بینراوە

بیرکردنەوە لەچەکوش‬ د.سەردار عەزیز
2020-02-22 18:50      67 جار بینراوە

مێژووی ئازار‬ د.سەردار عەزیز
2020-02-15 15:37      79 جار بینراوە

فەلسەفەی ڕێكردن‬ د.سەردار عەزیز
2020-02-05 18:05      42 جار بینراوە


لەم هەرایەدا چۆن تێبگەین؟‬ د.سەردار عەزیز
2020-01-27 13:50      67 جار بینراوە

ئێران و ئەمریکا بەرەو کوێ؟‬ د.سەردار عەزیز
2020-01-19 14:11      71 جار بینراوە


دانپیانان لەیاسای چاکسازیدا ‬ د.سەردار عەزیز
2019-12-14 17:47      112 جار بینراوە

تێزی خاک و کورد‬ د.سەردار عەزیز
2019-12-07 21:36      99 جار بینراوە

تورکیاو ناتۆو کورد‬ د.سەردار عەزیز
2019-12-01 18:18      114 جار بینراوە

دیدی کورد لە دونیای ئەمڕۆدا‬ د.سەردار عەزیز
2019-11-27 18:21      116 جار بینراوە


ئەردۆغان لە واشنتۆن‬ د.سەردار عەزیز
2019-11-15 10:53      97 جار بینراوە




چی دەگوزەرێت؟‬ د.سەردار عەزیز
2019-10-20 14:46      144 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو