مەلا بەختیار

بێ‌ هەڵوێستی سۆسیال – ئینتەرناسیۆنال لەدوا كۆبونەوەیاندا

  2019-10-04 15:19      101 جار بینراوە        کۆمێنت

لە 25/ی سێبتەمبەری 2019 – نیۆرك، دەستەی سەرۆكایەتی و سەرۆكی دەوڵەت ‌و حكومەتەكانی سۆسیال – ئینتەرناسیۆنال، كۆبونەوەی ساڵانەیان بەستووە. راگەیەندراوی كۆبونەوەكەشیان، بەزمانی ئینگلیزی و عەرەبی لەدوو لاپەڕەدا، بڵاوكردۆتەوە.
لەم راگەیەندراوەدا، زۆرتر باسی مەترسیەكانی سەر ژینگە كراوە، كە كارێكی بەجێیە. كەمێكیش باسی نشونمای ئابوری هەمیشەیی كراوە. ئەمیش گرنگە. هەروا، باسی هاوكاری لایەنە سۆسیال – دیموكراتەكان لەسەر ئاستی دونیاش هێنراوەتە ئاراوە. لە كۆتاییشدا، بیرۆكەیەك لەسەر كێشە ئاڵۆزەكانیش كە كۆسپن لەبەردەم ئاشتی جیهانی، رونكراوەتەوە.
ئەم كۆبونەوەیە، لە كاتێكدا سازدراوە، كە سۆسیالیستەكانی جیهان، دوچاری پاشەكشەی سیاسی و جەماوەری هاتون. لە هەڵبژاردنەكاندا شكست دەخۆن. هەفتەی رابوردوو لە نەمسادا، پارتی سۆسیال دیموكرات شكستی گەورەیان خوارد و بونەتە هێزی سێهەم. خودی سۆسیال – ئینتەرناسیۆنال، دەهەیەكە دوچاری جیابونەوە بۆتەوە و چارەسەریان بۆ نەدۆزیوەتەوە. ئێستا سۆسیالیستەكانی ئۆروپا رێكخراوی جیایان هەیە. لە هەموشی نالەبارتر، كۆبونەوەی ناوبراو دورو نزیك، باسی راپەڕینە كڵپەسەندوەكانی وڵاتانی عەرەبی نەكردووە، ئەمە لە كاتێكدا، چەندین حكومەت روخێندراون، لەناویاندا، حكومەتەكەی بەرەی رزگاری خوازی جەزائیر، كە ئەندامی سۆسیال – ئینتەرناسیۆناڵیشەو سەركردەكانیشیان لەسەر گەندەڵی لە زینداندان. هەروا، دەهەیەك زیاتر، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سۆسیال ئینتەرناسیۆنال، خەریكی كۆنگرەی پارتە سۆسیال – دیموكراتەكانن ‌و لە میسر و تونس و لوبنان و ئوردن، كۆنگرەیان بۆ بەستون، بەڵام، لەبەرئەوەی ئەمانیش لە روانگەی كێشەی فەلەستینەوە، سەیری روداوەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان دەكرد، ئەم لایەنە تازە دروستكراوانەی دوای بەهاری عەرەبیش، شكستیان خواردوە و لە خۆپیاشندانەكاندا، لایەنی كەمی رۆڵیان نییە!!
لەم كۆبونەوەیەشدا، كێشەی كوردستان لە هەر چوار بەشەكەی كوردستان، فەرامۆشكراوە، ئەمە لە كاتێكدا، لەناو رێكخراوی ناوبراودا، هەموو بەشەكانی كوردستان ئەندامی هەمیشەیی یان چاودێریان هەیە.
تائێستا، ئەم رێكخراوە نێونەتەوایەتیە، نەیتوانیوە وەكو بزوتنەوەیەكی جیهانی، پشتیوانی راستەقینەی خەباتی دیموكراتخوازان بێ‌. بەڵكو، هێندەی لایان گرنگە، سەرۆكی وڵاتان ‌و حكومەتەكان، لە كۆنگرەكانیاندا بن، زۆر زۆر كەمتر ئاوڕ لە خەباتی دیموكراسی سەردەمەكە دەدەنەوە. بۆیە، دورو نزیك، رێكخراوەكە ناهاونە ناو كێشمە كێشە چارەنوسسازەكانی دیموكراسی و دادپەروەری. لەبری ئەوەی رێكخراوێكی تێكۆشەری نێونەتەوەیی بن، زۆرتر چاودێری جیهانین!!

 

وتاری زیاتر
















یادی كوردستانی نوێ‬ مەلا بەختیار
2020-01-12 17:34      68 جار بینراوە


بە چ پێوەرێك دەنگم دا؟!‬ مەلا بەختیار
2019-12-23 19:31      166 جار بینراوە




كۆنگرە لەنێوان پلەو پرۆگرامدا‬ مەلا بەختیار
2019-11-25 16:21      97 جار بینراوە



وتاری سواو كۆتایی هاتووە‬ مەلا بەختیار
2019-11-06 13:12      176 جار بینراوە



ناكۆكیەكانی سەرۆك ترامپ‬ مەلا بەختیار
2019-10-13 21:53      234 جار بینراوە



نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو