مەلا بەختیار

کوردە هاوار، بەهانای ڕۆژئاواوە بچین!

  2019-10-12 21:09      94 جار بینراوە        کۆمێنت

رۆژئاوای کوردستان، بەچاوپۆشینی ئەمریکای رابەری ناتۆ، کەوتووەتە بەر هێرشی دەوڵەتێکی ناتۆ. ئامانجیشی، لەڕەگوڕیشەوە هەڵکەندنی ئەزموونی دیموکراسیی بەشێکی کوردستانە... بەڵام بەهەموو کەموکورتییەکانییەوەو لەم تەمەنە کورتەدا، ئەم ئەزموونە باشترە لەنەبوونی دیموکراسی لەسووریاو لەو دۆخە پڕ لەسەرکوتکردنەی ئازادی لەتورکیاو لەو ئاڵۆزییەی وڵاتانی عەرەبی و لەسەپاندنی عەقڵییەتی تایفەگەری و دیکتاتۆرییەتی نەتەوەپەرەستیی ناوچەکەش. 
ئەم دۆخەی ڕۆژئاوای کوردستان، سەراپا جیاوازە لەو دۆخەی لەسەد ساڵی ڕابردوودا، راپەڕینەکانی بەشەکانی کوردستان دووچاری بوون.
لەسەردەمی (سیڤەر-لۆزان)دا ڕاپەڕینەکانی باکوورو ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان، لەدوای جەنگی یەکەمی جیهانەوە، بۆ سەرەتای سییەکان، یەک لەدوای یەک لەناو بران. بەبێ ئەوەی زۆربەی ڕاپەڕینی بەشەکان بتوانن بەهانای بەشێکی دیکەوە بچن; لەو مێژووەدا، تەنها سمکۆی شکاک، خۆی و بەشێکی لەشکرەکەی هاتنە سلێمانی و ئامادەبوون بچنە ڕیزی سوپای کوردستانەوە، بەڵام شێخ لەبەر سیاسەتی بەریتانیاو ئێرانی شا، بەڕێزەوە بەڕێی کردنەوە.
دوای پانزە (١٥) ساڵ، لەکۆتایی جەنگی دووەمدا، کۆماری مەهاباد دادەمەزرێ و لەهەموو بەشەکانی کوردستانەوە، بەتایبەت لەباشوورەوە، بارزانییەکان و چەندین ئەفسەری ئازادیخواز، لقی (ژ.ک) بە بەرپرسیارێتیی برایم ئەحمەدو هەزاران کەس، پشتیوانیی کۆماریان کردووەو بەتایبەتی هێزی بارزانییەکان بوونە بەشێکی کاریگەری سوپای کۆمار، بەڵام کاتێک ڕووخێنرا، بەداخەوە، کورد لەهیچ بەشێکدا هیچی پێنەکرا. تەنها بارزانییەکان بەشەڕ خۆیان بۆ شۆرەوی دەرباز کرد، وەکوو تر، پێشەواو هاوڕێکانی لەبری ئەوەی خۆیان دەرباز بکەن، سۆزی گەل بەسەریاندا زاڵ بوو، دڵیان نەهات مەهاباد بەجێ بهێڵن، بەڵام لەژێر فشاری ئەمریکاو بەریتانیا لەسێدارە دران.
شۆڕشی ئەیلوول، دوای چواردە ساڵ، خیانەتی ٦ـی ئازاری ١٩٧٥ی جەزائیری دژ کرا، سەرەڕای ئەوەی جێگەی ئومێدی هەر چوار بەشەکەی کوردستان بوو، بەڵام کە ڕووخا، لەهەموو بەشەکانی کوردستان، هیچیان بۆ نەکراو نەدەکرا!
لەشۆڕشی نوێ و لەگەرمەی جەنگی ساردیشدا، ڕاگواستنی دێهات، دەرکردنی گوند، کیمیاباران و ئەنفال لەباشووردا سەپێنرا، هیچ بەشێکی کوردستان، سەرەڕای ئەوەی لەڕۆژهەڵات و باکووردا شۆڕش هەبووە، هیچیان بۆ شۆڕش و لێقەوماوان پێ نەکرا. بەڵکو حزبی سیاسیی وا هەبوو، لەبەشێکی تری کوردستان، کۆمەکی بێشووماری لەهەندەران بەناوی هەڵەبجەوە کۆکردەوە، هیچ ماڵە هەڵەبجەییەکیش سوودی لێ وەرنەگرت. 
دوای ڕاپەڕین، لەکۆڕەوەکەداو پاشەکشەی عەسکەری، لەبەر بارودۆخی نالەباری ئەو کاتە، یەک پێشمەرگەی بەشەکانی دیکەی کوردستان، ئاشکرا هیچیان بۆ ڕاپەڕین نەکرد، بەڵام خەڵکی ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان، بێدرێخ بەهانای لێقەوماوانەوە چوون. ئەمە لەکاتێکدا ساڵی (١٩٨٢) هێزی یەکێتی بەپیر هێزەکانی ڕۆژهەڵاتەوە چوون و ساڵی (١٩٨٤)ـیش هێزی پارتی بەپیر هێزەکانی باکوورەوە چوون.
ئێستا، سەردەمی جیهانگرییەو لەباشووری کوردستاندا، حکوومەت هەیە. لەباکووردا، شۆڕش بەردەوامە. لەڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، دیموکراتەکان و کۆمەڵەکان، ٣٧ ساڵە، لەپێنج بارەگای باشوورن. ڕۆژئاوای کوردستان کە بەدرێژایی مێژوو، خەباتی چەکداریی نەکردووە، لەدەیەی ڕابردوودا، دژی داعش ڕاپەڕیی، بەهەق شەڕڤانان، سەنگەری پێشەوەی بەرەنگاری و قوربانیدانن. لە(کۆبانی) سەریان بەرزکردین و لە(عەفرین) دوای قوربانییەکی زۆر سەر نەکەوتن.
ئێستا کە داعش، تا ڕادەیەکی زۆر لەڕۆژئاوادا تێک شکێنراوەو زیندانییەکان پڕن لەدیلی داعش، تورکیا، چاوی شۆڤێنییەتی بەرایی نادات، ئەم سەرکەوتنە عەسکەرییە پەرە بسەنێ بۆ سەرکەوتنی سیاسی. بۆیە، پێش ئەوەی لەکۆنگرەی ژنێفدا، مافی کورد لەدەستووردا دەستەبەر بکرێت، یان کوردو حکومەتی سووریا گفتوگۆی ڕێککەوتن بکەن، تورکیا، نەک ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵکو ناوچەکەشی شڵەژاندووە.
چەند ڕۆژێکە شەڕ گەرمە، پرسیار ئەوەیە: لەم سەردەمەداو لەسایەی ئازادییەکاندا، بەشەکانی کوردستان، ئەرکیانە چی بکەن؟ لەوەڵامدا دەڵێین:
هەقە، هەموو لایەنە سیاسییەکان، لەهەر بەشێکدا کۆبوونەوەی بەرپرسانە بکەن و بەچاوپۆشین لەوەی ڕێبازی پەیەدەیان قبووڵە یان نا، هەڵوێستی هاوبەشیان بۆ پشتیوانیی سەنگەرەکانی بەرەنگاریی ڕۆژئاوا هەبێت. 
هەق وایە، بۆ کۆمەککردن، تەواوی توانای حزبی و میللی و ئابووری و ڕاگەیاندنی بۆ بخرێتە کار، بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی ڕۆژئاواو بۆ شەڕڤانانیش... بەهاناوەچوونی کۆبانیی گەمارۆدراو شانازییەکی گەورەی نەتەوەیی بوو. ئێستا نەک کۆبانی، بەڵکو هەموو ڕۆژئاوا کەوتووەتە بەر هێرشێکی فراوانی مەترسیداری چارەنووسساز. دەزانین بەبێ ئەمریکا، کاتی خۆی پێشمەرگە نەدەگەیشتە کۆبانی. ئێستا ئەمریکا، لەبەر تورکیا، هەمان کاری پێ ناکرێ. بەڵام...
ناکرێ، ئەم ئەزموونە جێئومێدەی ڕۆژئاوا، لەم سەردەمەی جیهانگیریدا، بەدەردی ڕاپەڕینی سمکۆ، شێخ مەحمود، بارزانییەکان، کۆماری مەهابادو شۆڕشی ئەیلوول ببرێ و پاساو بهێنرێتەوە بۆ هەڵوێست وەرنەگرتن یان کۆمەک نەکردن. بۆ ڕابردوو، پاساو زۆرە، کە کورد بۆ لە کاتی تەنگانەدا، هیچی بۆ هاونەتەوەکەی لەکاتی شکستدا پێ نەکراوە. بەڵام لەم سەردەمەدا، پاساوهێنانەوە بۆ خۆدزینەوە، لەپشتیوانیکردنی ڕۆژئاوای کوردستان شەرمەزارییە. بۆیە، کوردە هاوار... هاوارە!

وتاری زیاتر



وتاری سواو كۆتایی هاتووە‬ مەلا بەختیار
2019-11-06 13:12      133 جار بینراوە



ناكۆكیەكانی سەرۆك ترامپ‬ مەلا بەختیار
2019-10-13 21:53      195 جار بینراوە







روسیای لینین و روسیای پوتین‬ مەلا بەختیار
2019-09-11 18:42      100 جار بینراوە


31ی ئاب؛ یادێكی شوم‬ مەلا بەختیار
2019-08-31 13:33      110 جار بینراوە












یەکی ئایارو عائیدون!‬ مەلا بەختیار
2019-05-01 17:48      96 جار بینراوە




نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو