شوان كەریم كابان

بەغدادی كوژراو لەگەڵ خۆیدا دەیان دۆسێی نهێنی برد

  2019-10-30 11:47      151 جار بینراوە        کۆمێنت

بەغدادیش كوژراو حیكایەتەكەی ئەویش تەواو، وەزیفەكەی كۆتایی هات و چاوەڕوانی حیكایەتی یەكێكی ترین،
یەكەم رێكخراوی توندڕەوی ئیسلامی ئاشكرای جیهانی، ئەلقاعیدە بوو كە جیهادی لە سەرتاسەری دونیادا دژی بەقسەی خۆیان «كافرەكان» راگەیاندبوو بەڕەسمیش لەئەفغانستانەوە دەستیان پێكرد، كاتێك ساڵی 1979 یەكێتیی سۆڤێتی ئەوسا ئەفغانستانی داگیركردو لەناوەڕاستی هەشتاكاندا چەندین گروپی چەكدار لەناو ئەفغانستان دروست ببوون و هەریەك لەئەمریكاو بەریتانیاو چین و سعودیەو پاكستان و چەند دەوڵەتێك پشتیوانیی لێ دەكردن و بەئاگاداریی ئەمریكا دەوڵەتە عەرەبییەكانی كەنداو بەتایبەت سعودیەو موجاهیدە عەرەبیەكانیان دەنارد بۆ شەڕی سۆڤیەت بەپێی ئەو سەردەمە گەرمەی شەڕی ساردی نێوان ئەمریكاو سۆڤیەت بوو، شەڕە گەرمەكانیان لەشوێنی تر دەكرد.
لەگەرمەی شەڕی ئەفغانستاندا «ئوسامە بن لادن»، كە لەبنەڕەتدا بەڕەچەڵەك باپیرانی یەمەنین و خەڵكی (حەزرەمەوت) بوون و كوڕی پیاوێكی ملیاردێر بوو، خۆشی ملیۆنێر بوو، رێكخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدەی دامەزراندو بەقسەی خۆی جیهادی لەدژی جولەكەو خاچ پەرستەكان راگەیاند.
پاش تەواوبوونی شەڕی ئەفغانستان، بن لادن ساڵی 1991 روویكردە وڵاتی سودان و لەساڵی 1996 پاش گوشارێكی زۆری نێودەوڵەتی جارێكی تر گەڕایەوە ئەفغانستان و لەوێ لەسایەی تاڵیبان دا كە ئەوسا حوكمی ئەفغانستانیان دەكرد، كەوتەوە خۆ بەهێزكردن و لەوێ دژایەتیكردنی رێكخراوەكەی بۆ ئەمریكا راگەیاند، لەكاتێكدا ئەمریكا بەوردی ئاگاداری ناردنی بن لادن بۆ ئەفغانستان و دروستبوونی ئەلقاعیدە بوو، هەموو ئەو راستیانەش بەبەڵگەوە، شازادە توركی بن فەیسەڵ سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی سعودیە لەساڵانی شەڕی ئەفغانستان و ساڵانی دواتر، لەدیدارێكی سێ بەشیدا كەناڵی تەلەفزیۆنی ئەلجزیرەی قەتەری ئاشكرای كرد كە چۆن بن لادن-یش و هەموو چەكدارەكانی ئەوسای ئەلقاعیدە، نێردراون بۆ ئەفغانستان و چۆن هاوكاریی كراون و هەروەها كێ و چ وڵاتێك هاوكاریی كردوون.
بن لادن لەمانگی ئایاری ساڵی 2011 لەخانوویەكدا لەنزیك بنكەیەكی سەربازیی لەپاكستان وەك وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا رایگەیاند، لەلایەن هێزێكی تایبەتەوە لەگەڵ چەند هاوكارێكیدا كوژراو دواتر تەرمەكەیان خستە دەریاوەو لەگەڵ كوژرانیدا، چەندین دۆسێی گرنگ بەنهێنی مانەوەو پەردەیان بەسەردا درا.
بەمردنی بن لادن، قاعیدە لاواز بوو، بەڵام كۆتایی نەهات، لەپاش رووخانی رژێمی سەدام لەعیراق، قاعیدە بەهێزەوە لەبەرامبەر سوپای ئەمریكا لەعیراق دەركەوت و لەچەندین ناوچەی عیراق بەتایبەت لەپارێزگا سوننە نشینەكان، موسڵ، ئەنبار، سەلاحەدین شەڕێكی بێ ئامانیان لەبەرامبەر سوپای ئەمریكاو هەموو عیراق رایگەیاندو ماوەیەك ئەبومسعەب ئەلزەرقاوی سەرپەرشتی دەكردو بەكوشتنی ئەویش، چەندین دۆسێی تری پڕ نهێنی بەبێ ئاشكرابوون داخران، پاش ئەویش ئەبو حەمزەی موهاجر _ ئەبو حەمزە ئەلمیسری _ بووە بەرپرسی ئەلقاعیدەی عیراق _ ئەویش پاش ماوەیەك كوشتنی راگەیەندراو لەگەڵ ئەویشدا چەندین نهێنی تر بێ ئاشكرابوون مانەوە.
پاش چەند ساڵێك لەكزبوونی ئەلقاعیدە لەعیراق داعش دروست بوو، داعش كورتكراوەی عەرەبی دەوڵەتی ئیسلامی لەعیراق و شام، بەرلەوەش ناوی دەوڵەتی ئیسلامی بوو لەعیراق، وەك خۆی رێكخراوەكە دەڵێت: «ئامانجی گێڕانەوەی خەلافەتی ئیسلامییە».
داعش لەقاعیدەی عیراقەوە دروست بوو كە ئەبو مەسعەبی زەرقاوی ئوردنی دروستی كردبوو و ئەبو عومەر ئەلبەغدادی بووە خەلیفە. پاش كوژرانی ئەبو عومەر لەگەڵ ئەبو حەمزەی موهاجیر لەساڵی 2010 دا مەجلیسی شورای داعش ئەبوبەكر بەغدادی بەخەلیفە ناساند.
ساڵی 2011و پاش تێكچوونی بارودۆخی سوریاو دروستبوونی دەیان گروپی چەكدار بۆ شەڕكردنی دژی حكومەتی سوریا، بەرەی نوسرە- جبهە النصرە- دروست بوو، هەر لەو ساڵەدا ئەبوبەكر بەغدادی رایگەیاند كە جەبهەی نوسرە بەشێكە لە دەوڵەتی ئیسلامی لەعیراق و بە هەردووكیان دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام پێكدەهێنن و بەمەش – داعش -ی ئێستا دروست بوو.
ساڵی 2014 داعش بەبەر چاوی هەموو زلهێزەكانی دونیاوە بەزیاتر لەسێ سەد ئوتومبێلی پڕ چەك و چەكدار لەسوریاوە هاتە نێو خاكی عیراق و پەلاماری شاری موسڵیداو داگیری كردو دواتر هەردوو شاری رومادی و تكریتی داگیركردو لەبەغدا نزیك بووەوەو لەسوریاش پانتاییەكی زۆری داگیركردو لەهەردوو وڵات هەزاران كەسی كوشت و سەربڕی، بۆ ئەو مەبەستە هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتی بەسەرۆكایەتی ئەمریكا بۆ شەڕی داعش راگەیەندرا.
لەشەڕی دژی داعشدا، هەرێمی كوردستان پشكی شێری بەركەوت، لەو شەڕەدا نزیكەی دوو هەزار پێشمەرگە شەهیدبوون و چەند هەزارێكیش بریندار بوون و هەزاران كوردی ئێزیدیش شەهیدو بێ سەروشوێن كران.
پاش هەزاران تاوان و داگیركردنی هەزاران كیلۆمەتری چوارگۆشەو پاش چوار ساڵ شەڕو كاولكاری، توانرا هەم لەعیراق، هەم لەسوریا، بەهاوكاریی هەمەلایەنە داعش تێكبشكێنرێت.
رۆژی (26/10/2019) و وەك ئەمڕۆ سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترامپ رایگەیاند، ئەبوبەكر بەغدادی خەلیفەی داعش لەنزیك شاری ئیدلبـی سوریا لەلایەن هێزێكی تایبەتی سوپای ئەمریكاوە كوژراوە.
جێی خۆیەتی دەستخۆشی لەو هێزەی ئەمریكاو لەخودی ئەمریكاش بكرێ، كە دڕندەو تاوانكارێكی گەورەی تریان لەكۆڵ مرۆڤایەتی كردەوەو لەهەمان كاتیشدا، ئاساییە بپرسین، ئایە بەڕاستی ئەبوبەكر بەغدادی لەو شوێنە بووە؟ هەروەها بشڵێین، لەگەڵ ئەبوبەكریش دا كۆمەڵێك نهێنی تر، لەدروستكردنی داعش، لەهاوكاریكردنیان، لەسەرچاوەی داراییان، لەبەرپرسی هێنان و بردنیان بەهەموو دونیادا لەگەڵ خۆیدا، دەچێتە ئەو شوێنەی تەرمەكەی تێدا دەشارنەوە.

وتاری زیاتر

ئازادی لەئەمەریكا ‬ شوان كەریم كابان
2020-06-02 16:38      9 جار بینراوە

لەكۆرۆناوە بۆ داعش‬ شوان كەریم كابان
2020-05-16 22:44      47 جار بینراوە

ئاسۆیەك كە روون نییە!‬ شوان كەریم كابان
2020-04-27 23:02      54 جار بینراوە



حکومەت دەبێ چی بکات؟‬ شوان كەریم كابان
2020-04-24 14:21      48 جار بینراوە


دەستان خۆش و ماندوونەبن‬ شوان كەریم كابان
2020-04-06 23:06      78 جار بینراوە


دڵگران و غەمبارین‬ شوان كەریم كابان
2020-04-05 15:11      74 جار بینراوە



نەورۆزو كۆرۆنا‬ شوان كەریم كابان
2020-03-21 22:58      68 جار بینراوە

پێشنیاز لەزەمەنی کۆرۆنادا‬ شوان كەریم كابان
2020-03-19 23:00      79 جار بینراوە


فۆبیا نییە، رقە!‬ شوان كەریم كابان
2020-03-08 16:00      90 جار بینراوە

یادێكی رۆژە مەزنەكان‬ شوان كەریم كابان
2020-03-07 13:52      88 جار بینراوە

شارەزا لە بواری كۆرۆنادا‬ شوان كەریم كابان
2020-03-01 15:03      102 جار بینراوە

مووچەی هات و نەهات‬ شوان كەریم كابان
2020-02-28 16:20      141 جار بینراوە

چاوێكتان لەزمانەكەمان بێت‬ شوان كەریم كابان
2020-02-23 18:40      82 جار بینراوە



غەزەبی ترەمپ‬ شوان كەریم كابان
2020-02-15 18:32      100 جار بینراوە


سەفعەت ئەلقەرن‬ شوان كەریم كابان
2020-01-31 11:52      111 جار بینراوە

سیاسەت لەسەر شەقام‬ شوان كەریم كابان
2020-01-26 15:00      107 جار بینراوە


هەر هەلهولەكەی مابوو‬ شوان كەریم كابان
2019-12-06 11:48      131 جار بینراوە


یەكێتی دەوێ كوردستان‬ شوان كەریم كابان
2019-11-18 14:14      114 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو