ئاری عومەر

كێ دەوێرێت كۆنگرە دوابخات؟

  2019-11-15 19:18      145 جار بینراوە        کۆمێنت
پاش فشار‌و خواستێكی زۆر دواجار دیاریكردنی رۆژی كۆنگرە بوو بە خواستێكی گشتی‌و لە خواستی گشتیشەوە بووە بڕیار، خەونی نوێكردنەوەی یەكێتی لەوە تێپەڕیووە چیتر بەهیچ پاساوێكی سیاسی دوابخرێت، هەربۆیە ملدان‌و رەزامەندی كۆی سەركردایەتی لە دیاریكردنی رۆژەكە، ئەگەر دیوێكی بریتی بێت لە وەڵامدانەوە بە خواستی رای گشتی یەكێتیانە، ئەوە دیوەكەی تری بریتییە لە خۆپاراستن لەو پەرچەكردارانەی كە بەهۆی دواكەوتنی لەوە زیاتری كۆنگرەوە لە رێزی یەكێتی دەكەونەوە، چونكە راستە لە رواڵەتدا ئەوەی یەكێتی بەڕێوە دەبات، بەرپرسەكانیەتی، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەوەی خاوەندارییەتی ئەو هێزە دەكات، ئەو نەوەو تیمەیە كە لەكۆی جوگرافیای جەستەی یەكێتی ملی داوەتە بەر بەرگری لەو هێزە.
ئێستا بڕیاری بەستنی كۆنگرە لەوە تێپەڕیووە تەنها بە بڕیار مابێتەوە، بەڵكو میكانیزمی دیاریكردنی ئەندامانی كۆنگرەو هەڵبژاردن‌و دەستنیشانكردنی پێوەرەكانی بەشدارانیش یەكلایی كراوەتەوە، كەچی بە پێچەوانەی ئەو رێكارانەوەش، هێشتاش بەدگومانی‌و سڵەمینەوە هەیە، سڵەمینەوەكە لەئاستی ناوخۆیی‌و خوارەوەیە، كە پێیانوایە كۆنگرە لەدوا چركەساتەكانیش بێت دوادەخرێت‌و بەدگومانییەكەش لەریزی سەركردایەتییە، كە پێیانوایە ئەو وێستگە گرنگەی رێ‌و رێبازی مام جەلال بۆ تەسفیەو یەكلاییكردنەوەی ململانێكان بەكاردێت، بەدڵنیاییشەوە لەسەر هەردوو ئاست، ئەوەی بە رۆشنی خۆی بەیاندەكات هەم ترس‌و سڵەمینەوەكەیەو هەمیش بەدگومانییەكە، چونكە ئەوەی دەبیسترێ‌و باسدەكرێت ئەو نیەتییە كە دەشێت دوای تەواوكردنی ئامادەكارییەكانی بەستنی كۆنگرە، لەدۆخێكدا ئەگەر جەمسەرەكان نەگەنە ئەنجام، ئەو پرۆسەیە دوابخرێت‌و لەوەشدا بەدڵنیاییەوە چەندین كاراكتەری كاریگەر ئەو خواستەیان نەك نەشاردۆتەوە، بەڵكو كردویانە خواستێكی ئاشكراو بە رۆژی روناكیش بانگەشە بۆ ساردكردنەوەی خەڵك ‌و رای گشتی یەكێتییەكان دەكەن تا ئومێدیان بە دوا ئومێدی یەكێتیش نەمێنێ كە كۆنگرەیە.
گریمانەكانی بەستن‌و نەبەستنی كۆنگرە، ئەگەرەكانی دواخستن‌و ئەنجامدانی بەدڵنیاییەوە تا رۆژی كۆتایی هەر دەمێنێتەوە، بەڵام پرسی گشتی‌و سەرەكی بریتییە لەوەی كە ئەگەر خۆدزینەوە لە دیاریكردنی رۆژی كۆنگرە لادان‌و سەركێشی بووبێت لەیاساو رێسا حزبییەكان‌و فەرمایشتەكانی مام‌و پەیڕەوی ناوخۆ، ئەوە دوای دیاریكردنی ئەو رۆژە‌و تەواوكردنی ئامادەكارییەكان دەچێتە بواری خیانەت‌و پشتكردن لە نەریت‌و ئاكاری جەلالیانە، چونكە بەدڵنیاییەوە، چیتر كۆمیتەو ئۆرگانەكانی یەكێتی هەمان ئەو ئۆرگانانەی پێش ئامادەكارییەكان نامێنن، بەڵكو بەدەستهێنانی شەرەفی نوێكردنەوەی یەكێتی‌و بەشداریكردن لەكۆنگرە جۆرێك لە دابەشبوون دروستدەكات، ئەو دابەشبوونە بەشێوەیەكی كاتی زیان لە یەكێتی دەدات، هەروەك چۆن زیان لەهەموو هێزێكی سیاسی تریش دەدات كە لە قۆناغی بەستنی كۆنگرەدایە، بەڵام ئەوەی ئەو نیگەرانی‌و دڕدۆنگی‌و دڵڕەقیە خاڵی دەكاتەوە، تەنها بریتی دەبێت لەبەستنی كۆنگرەیەكی سەركەوتوو,
لەراستیدا خواستی بەستنی كۆنگرە، بەتەنها ئێستا بەوە نەماوەتەوە كە بەدیهاتنی خەونی یەكێتییەكان بێت، بەڵكو دواجار بۆتە بەشێك لە ململانێش لە پێناو بەدەستهێنانی شەرەفی نوێكردنەوەو بەدیهێنانی خەونەكان، هەربۆیە هەركەسێك‌و هەر ئۆرگانێك بیهەوێت ئەو خواستەمان زەوت بكات‌و ئەو دەستپێشخەرییەی تەنها بۆ كاتكوژی بەكارهێنابێ‌و لەدوا چركە ئەو دەستكەوتە مێژووییە بە هەر پاساوێك پەك بخات، دەبێت روبەڕووی دادگا بكرێتەوە، چونكە دواجار راستە ناكۆكییە حزبییەكانی ناو جەستەی یەكێتی پێشتر تەنها لە ئاستی سەركردایەتی بوو، بەڵام وەك سروشتی ژیانی حزبی پێش كۆنگرە، ناكۆكیەكان دەبنە بەشێك لە ركابەرییە ناوخۆییەكان‌و ئاستەكانی خوارەوەش دەگرێتەوە، هەر حزبێكیش ئاستەكانی خوارەوەی بەریەككەوتنی بەو جۆرەی تێدا دروست ببێت دەبێت فاتیحەیەكی گەورەی لەسەر بخوێنرێت، لەبەرئەوەشە دواخستنی ئەو دەستكەوتە، یەكێتی نەك هەر بەبیماری جاران دەهێڵێتەوە، بەڵكو هەڕەشەی لەناوچونیشی روبەڕوو دەكاتەوە. پرسیارە جەوهەرییەكەش ئەوەیە كە داخۆ كێ دەوێرێت كۆنگرە دوابخات‌و یەكێتی روبەڕووی ئەو ماڵوێرانییە بكاتەوە.
 

وتاری زیاتر

‎تیۆری ماڵتۆس‌و میدیای كۆڕۆنا ‬ ئاری عومەر
2020-03-04 09:02      84 جار بینراوە

چیم دیت لەبازگەكانی هەولێر ‬ ئاری عومەر
2020-02-05 08:23      107 جار بینراوە

تەقدیسكردنی دڕندە ‬ ئاری عومەر
2019-11-05 19:14      161 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو