شوان كەریم كابان

یەكێتی دەوێ كوردستان

  2019-11-18 14:14      58 جار بینراوە        کۆمێنت

لەم بابەتەدا، هەندێ قسە دەكەم، هیوادارم نەڵێن ئەم قەوانە كۆنە چییە لێی دەدەیتەوە، یان بڵێین، سەیری ئەم قسانە بكە! یان بڵێن، ئەم برادەرە تێك چووە. نەخێر ئەم قەوان و قسانە چەند بكرێنەوەو لێبدرێنەوە باش و سوودی خۆیان هەیە، هەم بۆ یەكێتییەكان، هەم بۆ دۆستەكانی، هەم بۆ نەیار و دوژمنەكانیشی و دڵنیاشم تێك نەچووم كە باسی ئێستای یەكێتی دەكرێت و دەگوترێت، یەكێتی زەعیف بووە و جەماوەری كەمبۆتەوە و دەنگی زۆری لەدەست داوە و كەموكورتی زۆرە و هەندێ كادیری پلە باڵای خەریكی بازرگانین…هتد، ئەمە راستە، كەس ناڵێ وانییە، بەڵام یەكێتی هەروا لەخۆڕا گەیشتۆتە ئەم حاڵەتە؟ حزبێكە چەند ساڵێكی كەم دروست بووە؟ كێشە و گرفتی نەهاتۆتە رێگا؟ یان كەم حزب هەیە بەقەدەر یەكێتی توشی نەهامەتی و گرفت و قەیران بووبێت؟
با بزانین یەكێتی چۆن گەیشتۆتە ئێستا:
یەكەم: كاتێ یەكێتی دروست بوو، هەندێ كەس و وڵات پێكەنینیان دەهات و بەلایانەوە سەیر بوو ئەم حزبە بتوانێ مانگێ بڕ بكات.
دووەم: جگە لە سوریای ئەسەدو هەندێ تێكۆشەرو دڵسۆزی گەلەكەمان نەبێ لەپارچەكانی تری كوردستان، كەس نەبوو هاوكاری بێ.
سێهەم: پاش چەند ساڵێك لەدروستبوونی، تووشی كارەساتی هەكاری هات و تیایدا پێشمەرگەو فەرماندەی شەهید بوون و دەیانیشی بەناچاری تەسلیم بوونەوە.
چوارەم: پاش ماوەیەكی كەم لەكارەساتی هەكاری، ژمارەیەكی زۆر سەركردە و كادری لێ جیابۆوە و حزبێكی جیایان دروستكردو دواتریش لەشەڕی ناوخۆدا رووبەڕووی بوونەوە.
پێنجەم: بەر لەئەنفال بەشێك لەسەركردایەتی و كادرو پێشمەرگەی یەكێتی، لە یەكێتی جیابوونەوە.
شەشەم: لەشەڕی ناوخۆدا لە شاخ، دەیان كادیرو پێشمەرگەی شەهید بوون.
حەوتەم: لەمانگی 2ی ساڵی 1988 بارەگاكانی سەركردایەتی ی.ن.ك و زۆربەی دەزگا گرنگەكانی لەدۆڵی جافایەتی بەر شاڵاوی پەلاماری هێزی گەورەی بێشوماری رژێمی رووخاوی بەعس كەوت و بە تەواوبوونی ئەو شاڵاوە، رژێمی بەعس ناوی پەلامارەكەی نا ئەنفالی (1) و تا ئەنفالی (7)یش زۆربەی ئەو ناوچانەی كەوتنە بەر شاڵاو و تاوانی ئەنفال، بە پلەی یەكەم و سەرەكی، هەم ناوچەی رزگاركراوی ژێر دەسەڵاتی ی.ن.ك بوون، هەم زۆربەی هەرە زۆری دانیشتوانەكانی رێكخستن و ئەندام و لایەنگری ی.ن.ك بوون، دەرەنجام زەرەروزیانێكی گەورەی مرۆیی و ئابووری و كۆمەڵایەتی بەر ناوچەیەكی فراوانی كوردستان كەوت.
هەشتەم: جارێكی تر ساڵی 1994 رووبەڕووی شەڕی ناوخۆ بۆوە.
نۆیەم: 31ی ئابی 1996، تووشی كارەساتێكی سەربازی و سیاسیی گەورە بۆوە.
دەیەم: ساڵی 2008 بەڕەسمی خوالێخۆشبوو كاك نەوشیروان مستەفا جیابوونەوەی خۆی لەیەكێتی راگەیاندو بزووتنەوەی گۆڕان-ی دروست كرد.
بەوپێیەی كاك نەوشیروان جێگری سكرتێری گشتیی ی.ن.ك ‌و كەسێكی دیاری ناو ی.ن.ك بوو، دەیان ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی و كادیری پێشكەوتووی ی.ن.ك و سەدان كادیری سەربازی و پێشمەرگایەتی و سەدان ئەندامی ی.ن.ك و هەزاران لایەنگرو جەماوەری یەكێتی بەلای بزووتنەوەی گۆڕان-دا بردو كارێكی زۆری كردە سەر سەنگ و توانای یەكێتی، ئەم راستییە زۆر لەهەڤاڵانی سەركردایەتی و ئەندامانی یەكێتی خۆیانی لێ لادەدەن.
یانزەهەم: بەداخەوە یەكێتی دابەش بووە بەسەر چەند باڵێكدا.
دوانزەهەم: لەچەند ساڵی رابردوودا بەشێكی تری یەكێتی جیابۆوە.
سیانزەهەم: یەكێتی لەسنووری دەسەڵاتی خۆی رووبەڕووی زۆرترین رەخنەو گلەیی و گازندە بۆتەوە، تەنانەت زۆربەی زۆری ئەو حزب و گروپە سیاسی و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، لەسنووری ی.ن.ك دروست بوون و هەموو بایكۆت و خۆپیشاندان و روبەڕوبونەوەكان هەر لەسنووری یەكێتی بوون.
چواردەهەم: لەهەموو كاریگەرترو قورسترو زەحمەتترو پڕئازارتر ماڵئاوایی سەرۆك مام جەلال بوو كە گەورەترین زیان‌و خەسارەت بوو، هەم بۆ یەكێتی، هەم بۆ كوردو كوردستان و هەم بۆ عیراقیش.
پانزەهەم: یەكێتی بەدڵنیاییەوە لەسەر ئاستی ئیقلیمی، نەیاری زۆرەو ئەمەش كاریگەری خۆی هەیە.
هەموو ئەمانە، لە تەمەنی ی.ن.ك گرفت و كێشەو نەهامەتی گەورەن، گەر بەئینسافەوە مەسەلەكە هەڵسەنگێنین، دەبێ بڵێین، سەیرە یەكێتی ماوە.
بەداخەوە وێڕای هەموو ئەو كێشە و گرفت و نەهامەتیانەی تووشی یەكێتی هاتوون، هەندێ لەكادیرە باڵاكانەو هەندێ خوارتریش، خراپ سوودیان لەپلەو پایەكەیان وەرگرتووەو تۆمەتی گەندەڵی دراوەتە پاڵیان.
ئەمەش فرسەتێكی باشی رەخساندووە بۆ نەیارو ركابەرو دوژمنەكانی و تەنانەت هەندێ لەكادیرو ئەندامانی خودی یەكێتیش، بیكەنە بنێشتە خۆشەو بەردەوام بیدەنەوە بەڕوویداو لەهەموو بۆنەیەكدا سوودی لێ ببینن بۆ شكاندن و دژایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان. راستە ئەوە عەیبەیەكی گەورەیە بۆ یەكێتی و خاڵێكی رەشە لەتەمەنی خەبات و تێكۆشانیدا، بەڵام ناشكرێ یەكێتی لەو چەند كەسەدا بچووك بكەینەوە.
-یەكێتی، یەكێتیی هەزاران شەهیدی نەمرە.
-یەكێتی، یەكێتیی هەزاران تێكۆشەری دێرین‌و رێكخستنی تێكۆشەری سەردەمی رژێمی رووخاوی بەعسە.
-یەكێتی، یەكێتیی هەزاران كەمئەندامی سەنگەرو زیندانی سیاسییە.
-یەكێتی، یەكێتیی هەزاران پێشمەرگەی دێرین و پێشمەرگەی پاش راپەڕینە.
-یەكێتی، یەكێتیی ئەو پێشمەرگانەیە كە روبەڕوی داعش بوونەوەو زیاتر لە هەزار شەهیدیان بەخشییە كوردستان.
-یەكێتی، یەكێتیی هەزاران ژن و پیاو، كچ و كوڕ، گەنج و پیر، مامۆستا و ئەندازیار و كرێكار و كاسب و هونەرمەند و وەرزشكار و رووناكبیر و رۆژنامەنووسە.
-یەكێتی، یەكێتیی بەشێكی زۆری كەسوكاری شەهیدانی سەنگەرو زیندان و ئەنفال و كیمیابارانەكانە.
-یەكێتی، یەكێتیی 44 ساڵ خەبات و تێكۆشان و قوربانیدانی دەیان هەزار كوردستانییە، بە ژن و پیاو و كوڕ و كچ و هەموو چینوتوێژەكانەوە.
-یەكێتی، یەكێتی-یەكەی سەرۆك مام جەلال-ە.
-یەكێتی، یەكێتی-یەكەی فیدراڵی و پەرلەمان و پارێزەری دیموكراسی و ئەزموونەكەی هەرێمە.
بۆیە بچووككردنەوەی یەكێتی تەنها لە كەموكورتی و رەخنەكان و چەند كەسێكدا، ناهەقییەكی گەورەیە و زوڵمێكی ئاشكرایە لەم حزبە دەكرێ، بەڵام ناشكرێ تێكۆشەرەكانی یەكێتی، لە كادیر و ئەندام و جەماوەرەكەی، چاو لەكەموكورتییەكان‌و هەڵەكان بپۆشن، بەڵكو دەبێ هیممەتی یەكێتی-یانەی بۆ بكەن و حزبەكەیان بە سەربەرزی و نەبەزیی بهێڵنەوەو بیخەنەوە سەر ئەو راستە رێگایەی سەرۆك مام جەلال نەخشەی كێشاوە، تاكو ئەو ئەركەی لەسەرشانی ئەم یەكێتی-یە بگاتە ئەنجام. چونكە یەكێتی دەوێ كوردستان.

وتاری زیاتر

هەر هەلهولەكەی مابوو‬ شوان كەریم كابان
2019-12-06 11:48      52 جار بینراوە








رێكەوتن نەك تەسلیم بوون‬ شوان كەریم كابان
2019-09-30 14:52      81 جار بینراوە



ئەمجارەش یاسای چاكسازی*‬ شوان كەریم كابان
2019-09-07 19:31      81 جار بینراوە




بۆ وایە؟‬ شوان كەریم كابان
2019-08-10 19:42      108 جار بینراوە

روو لێرەو پشت لەولا‬ شوان كەریم كابان
2019-08-04 15:40      91 جار بینراوە

كوردو دۆسته‌كانی و شاخ‬ شوان كەریم كابان
2019-08-03 17:36      57 جار بینراوە

هه‌ر نابنه‌ پاڵه‌وان‬ شوان كەریم كابان
2019-07-21 16:34      118 جار بینراوە

قەرەبووكردنەوە‬ شوان كەریم كابان
2019-07-19 12:45      106 جار بینراوە


وس، كەس قسە نەكات‬ شوان كەریم كابان
2019-06-23 21:34      89 جار بینراوە


نۆرەی ئەمەیە!‬ شوان كەریم كابان
2019-06-12 16:45      103 جار بینراوە

مژده‌ چووینه‌ سه‌ر مانگ‬ شوان كەریم كابان
2019-06-09 17:36      101 جار بینراوە

كارێكی باشە، بەڵام!‬ شوان كەریم كابان
2019-06-08 18:34      77 جار بینراوە



لای سعودیە تیرۆریست چییە؟‬ شوان كەریم كابان
2019-05-25 18:28      89 جار بینراوە

هەڵەبجەی هەمیشە زیندوو‬ شوان كەریم كابان
2019-05-18 22:02      107 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو