ئاوات كۆكه‌یی

لەیادی 35 ساڵەی شەهیدبوونی مامە ریشەو سەردارو موحسین-دا

  2020-01-25 14:50      153 جار بینراوە        کۆمێنت

لەم رۆژەدا، كوردستان یادی شەهیدبوونی پیاوێكی ئازا و رۆڵەیەكی لەخۆبووردووی خۆی دەكاتەوە، كە ئەویشە مامەریشەی پاڵەوانی ئەفسانەئاسایە.
مامە ریشەی هەوێنی ورە، بەوری چاوتیژ و پڵنگی چنگ بەگڕی (نەك تەنها گەرمیان) بەڵكوو هەموو كوردستان، درەوشەیەكی تیژو رەق و رێكی خەڵكی كوردستان بۆ مشتی داگیركەر، بەربەستێكی بەهێزی بەردەم تەعریبكردنی خاكی گەرمیان بەتایبەت و كوردستان بەگشتی و پشتیوانێكی دڵسۆزو كاریگەریی خەڵكی ناوچەكانی گەرمیان لە كاتی گێچەڵی دەستوپێوەندەكانی بەعس و سیاسەتی دەرپەڕاندن، ئەو لاوە دڵسۆزەی كە غەیری ئازادی و سەرفرازی كوردستان و خەڵكەكەی چی تری نەدەویست و خۆی نەزری گەل كردبوو، دوژمنی هارو داگیركەری زۆردار چەند هەوڵیدا لەخشتەی بەرێ، بۆی نەكرا، چەند هەوڵیدا لەناوی بەرێ، شكستی هێنا، چی كردی و كۆشا بۆ كوژانەوەی ئەستێرەی ریشە، لوتی شكاو هات بەچۆكا، كەچی لە رێی خۆفرۆشانێكەوە بەسەرۆكایەتی تەحسین شاوەیسی سەرۆك جاشی ئەوێ رۆژێ، لە پەنای دۆستایەتی و بەفێڵ و ناپاكی، لە پیلانێكی بێ رەوشتانەدا، 35 ساڵی رێك پێش ئێستا و لە 24/1/1985 لە (گوندی حەسەن ئاوا)ی سنووری كەركوك، لە بۆسەیەكدا مامەریشە و دوو پێشمەرگەی ئازاو قارەمان، هەردوو هاوڕێ و هاوسەنگەر و متمانەپێكراوی مامە ریشە (سەردارو موحسین بیكەیسی)یان شەهیدكردو بەو كارە چەپەڵەیان گورزێكی كوشندەیان لە شۆڕشی نوێ و شورای بەرگریی خەڵكی كوردستان دا و لەبەرامبەردا خزمەتێكی بێوێنەیان پێشكەشی دوژمنی داگیركەری ئەوسای عیراق كرد.
سڵاو بۆ گیانی پیرۆزتان ئەی شەهیدانی بەعس بەزێن مامەریشەو سەردارو موحسین، یادتان هەر بەرزو یادەوەرییتان رۆشن بێت.
ژیاننامەی مامەڕیشە لە ئینسكلۆپیدیای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دا
مامە ریشە، نەجمەددین مام شوكر تاڵەبانی، لەدایكبووی ساڵی 1953 گوندی تاڵەبان لە سنووری چەمچەماڵ.
لەبەر هەژاری خێزانەكەی نەیتوانیوە بچێ بۆ خۆێندنگە، لەمنداڵیدا شوانی و دواتریش كرێكاریی لەكارگەی كورە گەچەكانی چەمچەماڵ و جەوەل بۆر كردووە.
ساڵی 1973 پەیوەندی بە فەڵەستینییەكانەوە كردووە و لە رێكخراوێكی بەرگریی فەڵەستینییەكاندا بووەتە فیدایی و لە یەكێ لە شەڕەكان برینداربووە.
ساڵی 1978 لە دەستپێشخەرییەكی دانسقەدا بە تفەنگی خۆی و سەربەخۆ كەوتە گەڕان بەچیاو گوندەكاندا، بەبێ ئەوەی سەر بەهیچ حزب و رێكخستنێكی سیاسی بێت، بەتاقی تەنیا، ژیانێكی سەخت و دژواری پێشمەرگانەی بۆخۆی هەڵبژارد.
دواتر چووە سەر ئەو باوەڕەی كە شۆڕش كارێكی بەكۆمەڵەو بە یەك كەس ناكرێت، بۆیە لەكۆتاییدا پەیوەندیی بە هەرێمی 5ی قەرەداغەوە كردوو بووە پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
لە ژیانی پێشمەگایەتیدا پشوو درێژو خاوەنی نەخشەی وردو سەركەوتووبوو.
هەمیشە هەوڵی دەدا چالاكییەكانی نائاسایی بێت، هەڵسوڕان و ئازایەتیی بەجۆرێ دەنگی دایەوە كە سەربازەكانی سوپای عیراق لەو ناوچەیەی ئەوی لێبوو، وەك ئەفسانە باسیان دەكرد.
بەشداریی لە چەندین شەڕی گەورەی ناوچەكەدا كردووە.
لە ساڵی 1982 كرایە فەرماندەی كەرتی چواری جەباری، رژێمی بەعس زۆر لێی داخ لە دڵ بوو، لە رقی ئەو هەموو چالاكییەی كە لەناوچەكەدا ئەنجامی دەدا، دەزگا ئەمنییەكانی رژێمی بەعس، باوكیان گرتوو پاشان شەهیدیان كرد، خێزانەكەشی بۆ ئەوەی بەهەمان چارەنووس نەگات، دەربەدەر بوو.
لە 24ی مانگی كانوونی دووەمی 1985 لە گوندی حەسەن ئاوای سنووری كەركووك، كەوتە بۆسەی جاشەكانەوەو لە گەڵ دوو پێشمەرگەدا شەهید كران.
لە میمۆری نەتەوەیی كورددا مامە ریشە وەك پاڵەوانێكی ئەفسانەیی خۆی دەنوێنێ و لەم رووەوە چەندەها سەربووردەو بەسەرهاتی بۆ داهێنراوە، كەتێیدا وەكوو ئەو پاڵەوانە دەردەكەوێ كە تەنگی بەداگیركەران هەڵچنییوەو هەراسانی كوردوون، تۆڵەی هەژارانیان لێدەكاتەوەو سزای شایستەیان دەدا.
لە گێڕانەوەكاندا هیچ بەربەستێك لەبەردەم وزەی مامە ریشەدا نییە و مامە ریشە لەچالاكی و مێرخاسیدا توانای پێشمەرگەی ئاسایی تێپەڕاندووە، بۆتە ئەوپێشمەرگەیەی كە دەشێ لە هەموو شوێنێكدا و لەهەموو كاتێكی ناچاوەڕوانكراو لە دووژمن دەركەوێ و دەستی لێبووەشێنێ.
بەم پێیە، مامە ریشە وەك پاڵەوانی چیرۆكە ئەفسانەییەكان، نوێنەرایەتی هەموو بەها جوانەكان دەكاو لە خودی خۆیدا راستگۆیی و بوێری و وڵاتپارێزی و لە خۆبووردووی و پاكی و سادەیی و جوامێری كۆ دەكاتەوە.

وتاری زیاتر






نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو