شوان كەریم كابان

عیراق لەنێوان دیموكراسی و دیكتاتۆرییەتدا

  2020-02-10 15:12      57 جار بینراوە        کۆمێنت

ئەوەی ئێستا پێی دەوترێ دەوڵەتی عیراق لەساڵی 1921دا ئینگلیز لەسەر میراتیی دەوڵەتی رووخاوی عوسمانی دروستیكرد و پێشتریش لەژێر سایەی دەوڵەتی عوسمانیدا چەند ویلایەتێك بوو، بەر لەوەش دەوڵەتی ئەمەوی و عەباسی و حوكمی تری تێدابووە، بەردەوام بەوە ناسراوە كە پڕبووە لە ئاژاوە و شەڕ و كێشە و نائارامی و زۆرترین شەڕ و كاولكاری و قەتڵوعام لەو پانتاییە جوگرافییەدا كراوە كە ئێستا پێی دەوترێ عیراق و بەتایبەتیش لە عیراقی عەرەبیدا و كوردستانیشی پێوە گیرۆدە بووە. بەردەوام خەڵكی ئەم جوگرافیایە بەتایبەت عەرەب، پێدەچێ، كەسیان بەدڵ نەبووبێ، لە كەس رازی نەبووبن، بە هەق و ناهەق بڕوایان بە یەكتر نەبووە، بەردەوام لە روبەڕوبونەوەی یەكتردا بوون.
كاتێك ساڵی 1921 بەریتانیای مەزن دەوڵەتی عیراق دروست دەكات، بڕوای بەوە نابێ كەسێك هەبێ خەڵكی عیراق خۆی بێت بیهێنێت بیكات بە سەرۆك، یان مەلیك، بۆیە فەیسەلی كوڕی شەریف حسێن-یان هێنا و كردیانە شای عیراق، كە خەڵكی حیجاز بوو.
سەردەمی مەلەكی لە عیراق كە لە 1921 تاكو 1958 بەردەوام بوو، وێڕای ئەوەی عیراق لەژێر سایەی بەریتانیادا بوو، بەڵام لەچاو خۆیدا و بە پێوانەی ئەو سەردەمە كە هێشتا ناوی دیموكراسیەت لەم ناوچەیەدا ناوێكی نامۆ بوو، ئاهێكی تیادا بوو، پەرلەمان هەبوو، ناڕەزایی هەبوو، هەندێ حزب هەبوون، رەخنە هەبوو، رۆژنامە و گۆڤار و بڵاوكراوە هەبوو، خۆپیشاندان هەبوو، لە هەمان كاتیشدا روبەڕوبونەوە و زیندان و سەركوتكردن و ئیعدامیش هەبوو.
لە ماوەی ئەو 37 ساڵەدا، 40 جار سەرۆك وەزیران و وەزارەت گۆڕاوە، بەشێك لەو سەرۆك وەزیرانە كەمتر لە ساڵێك دەسەڵاتیان بەدەستەوە بووە، لە هەموویان زیاتر نوری سەعید زۆرترین جار سەرۆك وەزیران بووە، 14 جار ئەو پۆستەی وەرگرتووە.
37 ساڵ و 40 جار وەزارەت گۆڕین، بۆ خۆی ئاماژەیەكی روونە كە ئەو سەردەمە ناڕەزایی بە هەق و ناهەق زۆر بووە، حزبەكان كەم بووبن یان زۆر بەشی خۆیان رۆڵیان هەبووە، لە هەمووشی گرنگتر، كەس كەسی بەدڵ نەبووە و بیانوو بە هەموو كەسێك گیراوە.
ساڵی 1958 كە زەعیم عەبدولكەریم قاسم كودەتا دەكات و ناوی دەنێن شۆڕش، بە كوشت و كوشتار دەستپێدەكات، ساڵی 1963 كە بەعسییەكانیش كودەتا دەكەن، بە هەمان شێوە عەبدولكەریم قاسم دەكوژن و بە كوژراوی وێنەكەی لە تەلەفزیۆنەوە پەخش دەكەن.
پاش كەوتنەخوارەوەی كۆپتەرەكەی عەبدولسەلام عارف و تیاچوونی، عەبدولڕەحمان عارفی برای دەبێتە سەرۆك.
1968 كودەتایەكی تر دەكرێت و عەبدولڕەحمان عارف؛ نەفیی دەكرێت و ئەحمەد حەسەن بەكر دەبێتە سەرۆك، ساڵی 1979 بە بیانووی نەخۆشی، ئەحمەد حەسەن بەكر لادەبرێ و سەدام حسێن دەبێتە سەرۆكی عیراق و لە ساڵی 1979 تاكو 2003 كە بە زەبری هێز لادەبرێت، پێشتریش لە هاتنی دووەم جاری بەعسەوە لە 1968ەوە، بەعس و سەدام بە ئاگر و ئاسن حوكمی عیراقیان كرد و ئەوەی پێی بوترێت حزبایەتی و فرەیی و ئازادی رۆژنامەگەری و رادەربڕین و ناڕەزایی لە عیراقدا نەبوو، سەدان هەزار كەس لە زیندانەكاندا گیانیان لەدەستدا و بۆ كوردیش ئەنفال و كیمیابارانی هەڵەبجە و شەهیدكردنی هەزاران تێكۆشەر لە نێو زیندانەكان و لە شۆڕشدا و رووخاندنی زیاتر لە 4500 قەزا و ناحیە و گوند و دێ، باشترین نموونەی چەوساندنەوە ‌و لەناوبردن بوون.
ساڵی 2003 پاش رووخاندنی رژێمی سەدام، عیراق پێی نایە قۆناغێكی تازەوە، عیراقییەكان بە كورد و عەرەب و توركمان و ئاشووری و كلدان ‌و هەموو پێكهاتەكانی تریەوە، دەستوورێكیان بۆ عیراقی نوێ نووسییەوە، بە شێوەیەك كە بە بەری عیراقی نوێ بێ و عیراق بووە عیراقێكی فیدراڵیی دیموكراسی كە مافی هەموو كەسێكی تیادا پارێزراوە و ئازادی پێكهێنانی حزب و گروپ و تاقم تیایدا فەراهەمە و هەموو عیراقییەك ئازادە لە رادەربڕین و رەخنە و مافی مرۆڤ تیایدا پارێزراوە.
لەم عیراقە تازەیەدا لە ساڵی (2003)ەوە تاكو ئێستا چوار سەرۆكی هەبووە:
-غازی یاوەر، لەلایەن دەسەڵاتی بریمەرەوە دانرا.
-سەرۆك مام جەلال، دوو جار بە هەڵبژاردن بووە سەرۆكی عیراق و یەكەم سەرۆكی هەڵبژێردراوی عیراق بوو، جگە لەوەی یەكەم سەرۆكی كوردیش بوو.
-د.فوئاد مەعسوم، هەڵبژێردرا.
-د.بەرهەم ساڵح، هەڵبژێردرا.
هەروەها لە 2005ەوە كە یەكەم هەڵبژاردن كرا، تاكو 2019 چوار هەڵبژاردن كراوە، یەك ریفراندۆم بۆ دەستوور كراوە، یانی لە ماوەی 14 ساڵدا چوار هەڵبژاردن و یەك ریفراندۆم كراوە، شەش سەرۆك وەزیران هەبووە، گەر 14 ساڵەكە دابەش بكرێ بەسەر شەشدا، هەر دوو ساڵ و سێ مانگ، سەرۆك وەزیرانێكی بەردەكەوێ، ئەمە جگە لە محەمەد تۆفیق عەللاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو.
ئەمەش جارێكی تر سەلمێنەری ئەو راستییەیە كە خەڵكی ئەم عیراقە زۆر كەسیان بەدڵ نییە، یان راستتر وایە بڵێین، بە كەڵكی دیموكراسی نایەن، دەنا چۆن دەكرێ، لە دوو قۆناغی تەمەنی ئەم دەوڵەتەدا گەر بە رێژەیەكیش دیموكراسی بەرقەرار بێ، كە دەكاتە 53 ساڵ، 46 جار وەزارەت گۆڕاوە ‌و دیكتاتۆریەتیش 35 ساڵ حوكمی كرد.

وتاری زیاتر


نەورۆزو كۆرۆنا‬ شوان كەریم كابان
2020-03-21 22:58      40 جار بینراوە

پێشنیاز لەزەمەنی کۆرۆنادا‬ شوان كەریم كابان
2020-03-19 23:00      57 جار بینراوە


فۆبیا نییە، رقە!‬ شوان كەریم كابان
2020-03-08 16:00      53 جار بینراوە

یادێكی رۆژە مەزنەكان‬ شوان كەریم كابان
2020-03-07 13:52      51 جار بینراوە

شارەزا لە بواری كۆرۆنادا‬ شوان كەریم كابان
2020-03-01 15:03      70 جار بینراوە

مووچەی هات و نەهات‬ شوان كەریم كابان
2020-02-28 16:20      104 جار بینراوە

چاوێكتان لەزمانەكەمان بێت‬ شوان كەریم كابان
2020-02-23 18:40      55 جار بینراوە



غەزەبی ترەمپ‬ شوان كەریم كابان
2020-02-15 18:32      74 جار بینراوە

سەفعەت ئەلقەرن‬ شوان كەریم كابان
2020-01-31 11:52      73 جار بینراوە

سیاسەت لەسەر شەقام‬ شوان كەریم كابان
2020-01-26 15:00      74 جار بینراوە


هەر هەلهولەكەی مابوو‬ شوان كەریم كابان
2019-12-06 11:48      101 جار بینراوە


یەكێتی دەوێ كوردستان‬ شوان كەریم كابان
2019-11-18 14:14      94 جار بینراوە







رێكەوتن نەك تەسلیم بوون‬ شوان كەریم كابان
2019-09-30 14:52      99 جار بینراوە



ئەمجارەش یاسای چاكسازی*‬ شوان كەریم كابان
2019-09-07 19:31      113 جار بینراوە



نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو