مەلا بەختیار

به‌شی پێنجه‌م : هه‌ڵسه‌نگاندنی كتێبی (من العالم الثالث الى الأول)

  2020-02-15 12:43      63 جار بینراوە        کۆمێنت

هه‌تا قوڵبیته‌وه‌ له‌ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌ی (لیی كوان یو) (من العالم الپالپ الی اڵاول- قصە سنغافورە 1965-2000) راستی ئه‌وتۆت بۆ ده‌رده‌كه‌وێ‌، شانازی به‌ سه‌ركرده‌ی هه‌ڵكه‌وتوو بكه‌یت‌و تێش بگه‌یت، سه‌ركه‌وتنه‌ مێژوییه‌كان، په‌یوه‌ندی به‌ وڵاتی دواكه‌وتوو، یان پێشكه‌وتوه‌وه‌ نییه‌. به‌ڵكو به‌ توانای سه‌ركرده‌كان‌و په‌روه‌رده‌كردنی ئه‌قڵ، له‌پێناوی داڕشتنی ستراتیژی ئابوری‌و زانستی‌و گۆڕانكاری كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ هه‌یه‌. نوسه‌ر ده‌ڵێ‌:
"كاتێك سه‌ردانی كۆمپانیا گه‌وره‌كانمان ده‌كرد، به‌رێوه‌به‌ره‌كانیان نه‌یانده‌زانی سه‌نگاپوره‌ ده‌كه‌وێته‌ كوێ! ده‌بوایه‌ له‌سه‌ر نه‌خشه‌ ئاماژه‌ به‌شوێنه‌كه‌ی بكرێ‌، كه‌ خاڵێكی بچوكی سه‌ر رێگه‌ی دورگه‌ی مه‌لایۆ بووه‌. جاری وا بووه‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌كانمان سه‌ردانی چل یان په‌نجا كۆمپانیایان ده‌كرد، پێش ئه‌وه‌ی قه‌ناعه‌ت به‌ یه‌كێكیان بكه‌ن، سه‌ردانی سه‌نگاپوره‌ بكه‌ن".
بڕواننه‌ لاپه‌ڕه‌ (93).. من له‌په‌راوێزی هه‌مان لاپه‌ڕه‌دا نوسیومه‌:
"وڵاتێكی نه‌ناسراو، پێشنه‌خراو، دان پێنه‌نراو، به‌ پرۆژه‌و په‌روه‌رده‌ی ئه‌قڵ‌و په‌رۆشیی‌و پاكیی، ده‌كرێته‌ وڵاتێكی نمونه‌یی".
له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا، چین، سه‌رگه‌رمی هه‌ڵدێرترین به‌ناو شۆڕشی رۆشنبیری بووه‌. كه‌ من له‌ كتێبی (شۆڕشی كوردستان‌و گۆڕانكاریه‌كانی سه‌رده‌م-1989)دا ناووم ناوه‌ (شۆڕشی ره‌شبیری(.
شۆڕشی رۆشنبیری به‌سه‌رۆكایه‌تی ماوتسیتۆنگ، گوایه‌ بۆ پاراستنی شۆڕشی سۆسیالیستی بوو له‌سه‌رهه‌ڵدانی بۆرژواو لاده‌ره‌كانی ئایدیۆلۆژی (ریڤیژنیزم). ساڵی (1966-1967) ماو ده‌ستپێكرد، هه‌تا ناوه‌ڕاستی حه‌فتاكان درێژه‌ی كێشاو بووه‌ مایه‌ی له‌ناوچونی زیاتر له‌ (25) ملیۆن هاوڵاتی، به‌زۆری جوتیاران. هه‌روا، سه‌ری سه‌دان سه‌ركرده‌و هه‌زاران كادری پارتی كۆمۆنیستی چینی خوارد. گوایه‌ سۆسیالیزم ده‌پارێزن‌و ده‌شسه‌پێنن. له‌گه‌رمه‌ی ئه‌و روداوانه‌دا كه‌ چین به‌ره‌و كاره‌سات هه‌ڵده‌دێرا، دروشمه‌ بریق‌و باقه‌كانی شۆڕشی رۆشنبیری‌و پروپاگه‌نده‌ ئایدیۆلۆژیه‌كانی ماوتسیتۆنگ، ده‌یان هه‌زار شۆڕشگێڕی خسته‌ ژێر هه‌ژمونگه‌ری خۆیه‌وه‌، به‌ره‌و شۆڕشی درێژخایه‌تی چه‌كداری. (كۆمه‌ڵه‌ی ماركسی-لینینی-ئه‌ندێشه‌ی سه‌رۆك ماوتسیتۆنگ) كوت‌ومت له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا (10/6/1970) دامه‌زرا. هه‌روه‌ها قیاده‌ی مه‌ركه‌زی حیزبی شیوعیش پێشتر (1967) جیابونه‌وه‌و هه‌مان رێبازیان گرته‌ به‌ر. چه‌ندین رێكخراوی فه‌له‌ستینی لێكترازان. هه‌روه‌كو سه‌دان رێكخراوی چه‌پ‌و خه‌باتی چه‌كداری دیكه‌. به‌ڵام مێژوو ده‌ریخست، ئه‌و رێبازه‌ هه‌ڵدێر بوو. وڵاتی چینیش لێی پاشگه‌زبویه‌وه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ بازاڕی ئازاد. دوای ماوتسیتۆنگ (تینگ سیاو پنگ) كرایه‌ سه‌رۆكی پارتی كۆمۆنیست‌و ده‌وڵه‌تی چین، كه‌ یه‌كێك بوو له‌و كه‌سانه‌ی له‌كاتی شۆڕشی رۆشنبیریدا، دادگاییان كرد‌و له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان، رسوایان ده‌كرد. كه‌ شۆڕشه‌ رۆشنبیریه‌كه‌ شكستی خوارد، هه‌تا ماوتسیتۆنگ مابوو، له‌ترسی ئایدیۆلۆژیه‌تی تۆتالیتاری، هیچ كه‌سێك نه‌یده‌وێرا ره‌خنه‌ش بگرێ‌ له‌شكست‌و كاره‌ساته‌كانیان. به‌ڵام دوای مردنی ماو، چین ناچار بوو تینك سیاو پنگی رسواكراوی ده‌ستبه‌سه‌ر، بكاته‌وه‌ سه‌رۆكی وڵات. له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا، كه‌ ده‌یان هه‌زار چه‌پ له‌خشته‌ی شۆرشی رۆشنبیری بران، سه‌رۆكی سه‌نگاپوره‌ ده‌ڵێ‌:
"له‌و ماوه‌یه‌دا چین دوچاری ئازارو ژانی شۆڕشی شێتانه‌ی رۆشنبیری ماو كرابوو. وه‌به‌رهێنه‌كان تایوان‌و هۆن كۆنكیان نزیك له‌چین ده‌زانێ‌‌و رویان كرده‌ سه‌نگاپوره‌و پیشوازیمان لێكردن".
بڕواننه‌ لاپه‌ڕه‌ (96). له‌په‌راوێزی لاپه‌ڕه‌كه‌دا ده‌نوسم:
"شۆرشی رۆشنبیری سودی گه‌یاندۆته‌ سه‌نگاپوره‌. ئه‌مه‌یه‌ جیاوازی سه‌ركرده‌یه‌كی دیموكرات‌و سه‌ركرده‌یه‌كی تۆتالیتار. تێگه‌یشتن له‌بازاڕی ئازادو سه‌پاندنی بازاڕی داخراو، دوو روانگه‌ی زۆر جیاوازن بۆ ده‌وڵه‌تمه‌داری".
ئه‌م سه‌ركرده‌یه‌، وڵاته‌كه‌ی نزیكی چین بووه‌. له‌هه‌مان ژینگه‌ی سیاسی‌و روداوه‌كاندا بووه‌. ره‌وتێكی توندڕه‌وی كۆمۆنیستی په‌یڕه‌و چینیش له‌ناویاندا هه‌بووه‌، كه‌چی (لیی كوان یو) دوای شه‌واره‌ی تیۆری نه‌كه‌وتووه‌و خه‌می ئابوری‌و دیموكراسی‌و گۆڕانكاری ریالیستی خواردووه‌. لێره‌دا ده‌بێ‌ دان به‌و راستییه‌دا بنێین كه‌:
ئایدیۆلۆژه‌ت، هی دونیایی یان دینی، كاتێك بڤه‌ بێ‌ ره‌خنه‌ی لێبگیرێ. یان سه‌رۆكی حیزب‌و ده‌وڵه‌تێك، بكرێته‌ كاریزمای ره‌هاو چوارده‌وری به‌ هه‌لپه‌رست‌و سوپاو موخابه‌رات بته‌نرێ‌‌و پیاهه‌ڵدان بكرێته‌ خووی حیزبایه‌تی، دیاره‌، ئه‌نجامه‌كه‌ی، به‌ كاره‌سات ده‌شكێته‌وه‌!! ئێستا له‌كۆریای باكور هه‌مان په‌روه‌رده‌ی قێزه‌ون ده‌بینرێ‌!!

 

وتاری زیاتر







كاریگەریەكانی پۆست كۆرۆنا‬ مەلا بەختیار
2020-03-28 14:13      47 جار بینراوە






گەلۆ.. كوردان! نەورۆزتان پیرۆز‬ مەلا بەختیار
2020-03-20 19:18      47 جار بینراوە


















نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو