فەرید ئەسەسەرد

عەللاوی و كابینەكەی

  2020-02-17 17:54      109 جار بینراوە        کۆمێنت

تا دوێنێ خۆی بە پاڵێوراوی خۆپیشاندەرەكان دەزانی، خۆپیشاندەرەكانیش بە نوێنەری خۆیان دادەنا و دەیانوت لە مەیدانی تەحریر لە نێو پێنج كاندیددا دەنگمان پێداوە، كەچی ئێستا خۆپیشاندەرەكانی مەیدانی تەحریر خەتی راست و چەپی بەسەردا دێنن و لە ژێر وێنەكەی دەنووسن: گەل نایەوێ و رەتی دەكاتەوە.

محەمەد تۆفیق عەللاوی سەرقاڵی پێكهێنانی كابینەكەیەتی و هەوڵی رازیكردنی هەموو لایەنەكان دەدا. ئەوەی كە عەللاوی پاڵێوراوی خۆپیشاندەرانە، درۆیەكی گەورەیە، تەنانەت زۆربەی خۆپیشاندەرەكان هەر ناویشیان نەبیستبوو. بە كردەوە، پەیدابوونی عەللاوی زادەی سەودایەكە لە نێوان موقتەدا سەدر سەرۆكی فراكسیۆنی سائیرون و هادی عامری سەرۆكی فراكسیۆنی فەتح. نزیكبوونەوەی عامری و سەدر لەو كاتەدا بەڵگەی ئەوەیە كە دەستەبژێری شیعە، پاش زیادبوونی فشاری خۆپیشاندان و لەقبوونی دەسەڵاتیان و تەنگهەڵچنین بە دەوڵەت، هەستیان بە مەترسیی دۆخەكە كرد، بۆیە سەدر كە هەر لە سەرەتاوە دەستی لە خۆپیشاندانەكاندا هەبوو و شەقامی دژی نەیارە شیعەكانی خۆی بەكاردەهێنا، وازی لە یارییەكە هێنا و لە خۆپیشاندەرەكان هەڵگەڕایەوە.
كوشتنی قاسم سلێمانی لەسەر دەستی ئەمریكییەكان رۆڵێكی سەرەكیی لە گۆڕینی تێڕوانینی شیعەكاندا هەبوو. ئەم رووداوە ریزی شیعەكانی تۆكمەتر كرد و برەوی بەو تیۆرییە دا كە لاوازكردنی رۆڵی ئێران سەرەتای لاوازكردنی رۆڵی شیعەی عیراقە. ئەمەش ژینگەیەكی گونجاوی بۆ رێكەوتنی سەدر و عامری پێكهێنا، بەتایبەتی كە لەو ماوەیەدا خۆپیشاندەرەكان هەموو كاندیدێكیان رەت دەكردەوە، بەبێ ئەوەی هیچ ئەلتەرناتیڤێك پێشكەش بكەن. ئەمەش شیعەكانی بردە سەر ئەو باوەڕەی كە خۆپیشاندەران مەبەستیانە دۆخە شڵەژاوەكە درێژە بكێشێ و وڵات هەر لە گێژاودا بێت.
سەدر لە سیاسەتی راگەیەنراویدا سێ ئەركی بۆ حكومەت داناوە: یەكەم، داوای حكومەتێكی تەكنۆكراتی ناحزبی دەكا. دووەم، دەیەوێ حكومەت چارەسەری پەرەسەندنی گەندەڵی بكا و بەرنامەیەكی بۆ چاكسازی هەبێ. سێیەم، داواكارە كاری پێویست بۆ دەرهێنانی هێزە بیانییەكان بكرێ. لەم سەروبەندەدا عامری دژی ئەوە نییە كە كابینەی تازە كار بۆ بەدیهێنانی ئەم ئەركانە بكا.
سەركەوتنی عەللاوی لە ئەركەكەیدا شتێكی مسۆگەر نییە. لەلایەك، كورد دژی حكومەتی تەكنۆكرات نییە، بەڵام رازیبوون بە دوورخستنەوەی نوێنەرانی حزبەكان كارێكی ئاسان نییە. هەرچەند عەللاوی بەڵێنی داوە كە كابینەكەی نوێنەرانی هەموو پێكهاتەكان لەخۆبگرێ، بەڵام دوورخستنەوەی حزبەكان كابینەكەی لە فاكتەری هێز بێبەش دەكات، بەتایبەتی كە لە كۆمەڵگایەكی سیاسی وەك كۆمەڵگای عیراق، حكومەتێكی سەرتاپا تەكنۆكرات هیچ مانایەكی نابێ.
بە دڵنیاییەوە شیعەكان ئەو مەرجەیان بۆ عەللاوی داناوە كە دەبێ كار بۆ دەرهێنانی هێزە بیانییەكان بكات. جگە لەوەی كە ئەمە ئەركەكەی عەللاوی ئاڵۆز دەكا، هیچ بەڵگەیەكیش لەسەر ئەوە نییە كە عەللاوی لەم كارەدا سەركەوتوو دەبێ. هەروەها هەوڵی عەللاوی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی بێكاری و كزیی خزمەتگوزاریی گشتی و بەگژاچوونەوەی گەندەڵی، رەنج و ماندووبوونێكی زۆری دەوێ.
عەللاوی لە سیاسەتمەدارانی پێش خۆی بەتواناتر نییە و بەڕێوەبردنی وەزارەتێك بەس نییە بۆ دەركەوتنی وەك سیاسەتمەدارێكی بەتوانا، بەڵام هەڵبژاردنی عەللاوی پاساوی خۆی هەیە. پێش هەموو شتێك، عەللاوی شیعەیە، دیندارە بەڵام توندڕەو نییە، بە بەراورد لەگەڵ پیاوانی ئایینی، مۆدێرن و كراوەترە، هەروەها وەك لێپرسراوێكی گەندەڵ ناوی دەرنەكردووە. رەنگە خاڵی دوایی، بایەخی خۆی هەبێ. بۆیە، دەشێ ئەركە راستەقینەكەی، نەهێشتنی هیچ پاساوێك بێ بۆ بەردەوامبوونی ناڕەزاییە جەماوەرییەكان، جگە لەوەی كە ئەو پەیوەندیی خزمایەتیی لەگەڵ هەر یەك لە ئەیاد عەللاوی و موقتەدا سەدر هەیە.
هەموو ئەم فاكتەرانە، دەشێ یارمەتیدەر بن بۆ هاندانی شیعەكان بۆ پشتیوانی كردن لە عەللاوی بۆ ئەوەی ئەو ئەركانە جێبەجێ بكا كە زۆرتر لە بەرژەوەندیی شیعەكاندان. لەلایەكی ترەوە، سەدر لە سایەی كابینەی عەللاویدا كار بۆ بەهێزكردنی پێگەی سیاسی خۆی دەكا و بیر لە ئایندەیەكی گەشتر بۆ خۆی دەكا، بەتایبەتی كە یەكێ لە ئەركە سەرەكییەكانی عەللاوی، ئاساییكردنەوەی بارودۆخی عیراقە بۆ رێخۆشكردن بۆ هەڵبژاردنی گشتی لە نزیكترین دەرفەتدا.
عەللاوی ناتوانێ كابینەیەكی بەهێز دروست بكا و بە دڵنیاییەوە ناتوانێ خۆی لە هەژموون و فشاری حزبەكان راپسكێنێ. فاكتەری بەهێز لە مەسەلەكەدا ئەوەیە كە بارودۆخی عیراق پێویستی بە هێوركردنەوە و چاكسازی و راماڵینی گەندەڵییە، هەروەك پێویستی بە سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان پێكهاتە سەرەكییەكانە بۆ ئەوەی متمانەیەكی سەقامگیرتر لە نێوانیاندا بێتەدی.
بە شێوەیەكی گشتی، كۆدەنگی لەسەر ئەوە هەیە كە كابینەكەی عەللاوی لە دۆخێكی دژواردا پێكدەهێنرێ و زۆر كۆسپ و تەگەرەی لەبەردەمدایە.

وتاری زیاتر








كوردو په‌یمانی ناتۆ‬ فەرید ئەسەسەرد
2019-11-11 18:05      161 جار بینراوە







ئیسرائیل بەرەو پاشاگەردانی ‬ فەرید ئەسەسەرد
2019-09-23 16:50      164 جار بینراوە



نەوت و قەرزەكان‬ فەرید ئەسەسەرد
2019-07-29 16:07      129 جار بینراوە










یاری لەگەڵ زلهێزەكان‬ فەرید ئەسەسەرد
2019-03-29 13:13      158 جار بینراوە


گەڕانەوە بۆ ئەدەنە‬ فەرید ئەسەسەرد
2019-02-11 19:51      187 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو