مەلا بەختیار

بەشی حەوتەم: هەڵسەنگاندنی كتێبی (من العالم الثالث الی الاول)

  2020-02-19 11:07      102 جار بینراوە        کۆمێنت

كاتێك وڵات پێشدەكەوێ، سەرۆكی سەنگاپورە، ئاسۆی پێشكەوتنی فراوانتر دەبێ، ئەویش لەڕێی فێربوونی زیاترو پێگەیاندنی زاناو پسپۆڕەوە.
لەلاپەڕە (103)دا دەڵێ‌: "پێویست بوو متمانە بە بەرپرسان‌و فەرمانبەرە لاوەكانمان بكەین كە دەستپاك‌و راستگۆ، زیرەك، خاوەن وزە، هاندەرو توانای جێبەجێكردنیان هەبوو، گەرچی كەموكوڕییان لە ئەزموندا هەبوو. هەڵبژاردەی باشترین زاناكانمان لەناو خوێندكارەكانمان بۆ بەناوبانگترین زانكۆكانی بەریتانیا، كەنەدا، ئوسترالیا، نیوزلەندا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیاو ژاپۆن، نارد. پاشان كە توانیمان بۆ ئەمریكاشمان ناردن. لەڕێی ئەمانەوە كۆمپانیاكانیان دامەزراندوەو هێڵی ئاسمانی سەنگاپورەیان پێشخستووە".
دەشڵێ‌: "كاتێك زانیمان پرۆژەو كۆمپانیاكانمان سەركەوتون، ئازادی زیاترمان دانێ‌‌و لە كۆتی وەزارەتەكانمان دورخستنەوەو گرنگترین كۆمپانیاو بوارەكانی ئابورییان سەربەخۆ كردووە. سەرەنجام، بەم سیاسەتە، پرۆژەو كۆمپانیاكانیان توانای زیاترو سودی پترو كێبەركێی زۆرتریان كردووە".
لەپەراوێزی هەمان لاپەڕەدا نوسیومە: "پشت بەخۆبەستن، ژێرخانی ئابوری هاوچەرخ، بازاڕی ئازادی راستەقینە، پێگەیاندنی تواناو ئەقڵ، دروستكردنی كادری كارامەو فێربوونی بەردەوام، هاوكات چاودێری پاكی‌و هەستی نیشتمانپەروەری.. ئەمە ئەنجامە كاریگەرەكەیەتی".
لە لاپەڕە (104)دا، زۆر بەجوانیی بەدوای نهێنی سەركەوتنەكانیان گەڕاوە، سەرەنجام گەیشتۆتە ئەوباوەڕە كە (متمانە) وای كردووە، وەبەرهێنەرانی بێگانە بڕوایان پێ بكەن‌و لە ریزی سەنگافورەدا بوەستن بۆ دروستكردنی كۆمپانیاو پرۆژەكان‌و پاڵاوگە نەوتیەكان.
دەشڵێ‌: "كاتێك، قەیرانی نەوت ساڵی (1973) سەریهەڵدا، بڕیارمدا كە لە خستنە بازاڕی نەوتی پاشەكەوتكراو درێغی نەكەین. ئەگەر واشمان بكردایە، دوو ساڵ كیشەی پاشەكەوتی نەوتمان لەوكاتەدا نەدەبوو، بەڵام لەگەرمەی قەیرانەكەشدا، رێگەم نەدا (متمانە) بدۆڕێنین‌و سیاسەتی ئابوری نەوت، وەكو خۆی بەردەوام بوو".
دیقەت بدەن، لەئاكامی متمانە لەدەستنەدانی لەكاتی قەیران، بۆ قازانجی كاتیی، دەڵێ‌: "پیشەسازی نەوتمان بەوپەڕی متمانەوە پەرەیسەندو گەیەندرایە پترۆكیمیاویی لەكۆتایی حەفتاكان. لەنەوەدەكانیشدا، سەنگافورە پاڵاوتنی نەوتی گەیاندە (2 , 1 ملیۆن بەرمیل) لەرۆژێكدا. دوای هیوستن (ئەمریكا)‌و رۆستردام (هۆڵەندا) سەنگاپورە بۆتە سێهەم ناوەندی پاڵاوتنی نەوتی جیهان. هەروا بۆتە سێهەم زەبەلاحترین بازرگانی نەوت دوای نیویۆرك‌و لەندەن".
منیش لە پەراوێزی كۆتایی لاپەڕەی (105)دا، لەسەر ئەو سیاسەتە نوسیومە: "متمانە.. ناونیشانی نهینییەكانی سەركەوتنی سەنگاپورە بووە. وەكو سەرۆكەكەیان دەڵێ‌. متمانەش لەناو بازاڕی ئازاد، دەوڵەت‌و سیستەم‌و چاودێری دەوێ‌. دیارە بەرتیلخواردن‌و سەرانە سەندن‌و هەڵپەی كاربەدەستەكانیشیان بۆ شەریكی كۆمپانیاكانیان، رێنەدراوەو گەندەڵیی نەبووە. خزمەتی نیشتمان‌و خەڵك، بەتایبەتی كرێكاران‌و پێگەیاندنی زانستییانەی كرێكاری تەكنیكی، بەردەوام هەبووە. بۆیە وڵاتەكە گەیەندراوەتە لوتكەی پیشكەوتن".
ئەو ئەزمونە لە متمانەو پاكێتی، لە گەرمەی قەیرانی سومەتەنیدا، بەراورد بكرێ‌ بە بازاڕی كوردستان، پێچەوانەی سەنگاپورەیە، كە یەك دڵۆپ نەوتیشیان نییە. بەداخەوە، كۆمپانیا نەوت فرۆشەكان‌و ویستگەكانی سوتەمەنی- بەنزین، لەكوردستاندا، هەمیشە پاشەكەوتیان هەیە، هەتا لەكاتی قەیراندا، یان كاتێك حكومەتی عێراق سوتەمەنی لەكوردستان دەبڕێ‌.. بازرگانەكانی سوتەمەنی لەكوردستاندا، رێك لەوكاتانەدا، نەوت‌و بەنزین‌و گازۆیلی پاشەكەوتكراویان، دادەبەزێننە بازاڕ ‌و بەنرخێكی گران دەیفرۆشنە خەڵكە هەژارەكە.
كوردستان.. بە خەبات‌و قوربانیدان، بە ئەنفال‌و كیمیاباران، بە راگواستن‌و تەعریب، رزگاری بووە. سەنگاپورە لەدۆخێكی سیاسی تایبەتیدا سەربەخۆیی وەرگرتووە، قوربانییەكی زۆر زۆر كەمی داوە، كەچی بەهۆی "متمانە"وە، خەڵك‌و كۆمپانیاو بازاڕیان.. ئاوها رێك‌وپێك بووە. گرانفرۆشی نەبووە!! لەكوردستانیشدا، ئەوەتا مانگی رێبەندانە، كەچی خەڵك نەوتی نییە.. رێگە لە تەنكەرە گاز دەگیرێ‌.. بۆئەوەی سەرانەی زیاتر بچێتە گیرفانی باندەكان!!

 

وتاری زیاتر









كاریگەریەكانی پۆست كۆرۆنا‬ مەلا بەختیار
2020-03-28 14:13      51 جار بینراوە






گەلۆ.. كوردان! نەورۆزتان پیرۆز‬ مەلا بەختیار
2020-03-20 19:18      49 جار بینراوە
















نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو