تابان گەرمیانی

نابێت كەسوكاری ئەنفالكراوان ئەمە قبوڵ بكەن

  2020-02-22 16:42      77 جار بینراوە        کۆمێنت

لەدوای زیاتر لەسێ دەهە لەبێسەروشوێنكردنی (182000) مرۆڤی كوردو دوای ئەوەی كە دەركەوت لەپرۆسەی رەشی جینۆسایدكردندا هەر هەموو زیندەبەچاڵ كراون، ساڵ نییە ژمارەیەك لەو مرۆڤانەمان لەگۆڕی بەكۆمەڵی بیابانەكانی خوارووی عیراقدا نەدۆزرێنەوە، كە بەداخەوە زۆربەیان بەبێ ناونیشان و ناسنامە دەهێنرێنەوەو بەبەرچاوی هەزاران كەس لەكەسوكارو خزم و خەڵكی دەڤەرەكانیان، دەخرێنە ناو گۆڕێكی بێ ناونیشانەوەو هیچیتر!. ئەم بۆنەو رێوڕەسمانەش، بەداخەوە، نەك‌ كۆتایی بەچاوەڕوانیی كەسوكاری قوربانییان ناهێنێ، بەڵكو بەجۆرێكی تر، نەوە لەدوای نەوە، لەچاوەڕوانیدا دەیانهێڵێتەوەو هەموو ساڵ و بگرە هەموو كاتێك چاویان لەهێنانەوەی ئێسك و پروسكی رۆڵەكانیانەو چاوەڕێی كاروانی هێنانەوەی ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانەن بۆ كوردستان، ئیتر بەبێ ئەوەی هیچ سەرەداوێكیش لەسەر ناسینەوەیان بدۆزرێتەوە، بۆیە بەڕاستی چیتر ئەمە مایەی قبوڵ كردن نییە، نابێ ئەمجارە لەئاست ئەو شێوازە لەهێنانەوەی تەرمی كەسوكارەكانمان بێدەنگ بین و پێویستە پێش هێنانەوەو بەخاكسپاردنیان، پشكنینی ورد بۆ ئێسك و پروسكی رۆڵەكانمان بكرێت. پێویستە ناسنامەیان ئاشكرا بكرێت و لەسەر كێلی گۆڕەكانیان ناویان بنووسرێت، هەر هیچ نەبێت وەك بە دڕندەیی رۆحیان لێسەنرایەوە، بێ گۆڕیش نەكرێن و لەخاك و نیشتمانەكەی خۆیاندا هەریەكەو ناوو ناونیشانێكیان هەبێت. بێگومان ئەمە، بەپلەی یەك، ئەركی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانە كە خەم و بەرپرسیارێتی ئەم كەیسە بگرێتە ئەستۆو لەڕێگەی تەكنیكی پشكنینی DNA ەوە، ناسنامە بۆ ئەو ژمارانە لە تەرمی ئەنفالكراوانمان بدۆزنەوە كە لەمانگی 7ی 2019وە، لەسەماوەدا دۆزرانەوەو بڕیارە بۆ 14/4 ی یادی ئەمساڵی مەرگەساتی ئەنفال، بهێنرێنەوە كوردستان. 
*ئەندامی سەركردایەتیی (ی.ن.ك(

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو