ئاوات كۆكه‌یی

یادی نه‌مر خه‌لیل دۆسكی سه‌ركرده‌

  2020-02-29 14:38      70 جار بینراوە        کۆمێنت

كۆتایی مانگی شوبات یادی كۆچی دوایی سه‌ركرده‌یه‌كی دیكه‌ی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستانه‌، سه‌ركرده‌یه‌ك كه‌له‌ده‌ڤه‌ره‌ ره‌نگینه‌كه‌ی كوردستان له‌شاری دهۆك-ی سه‌ر بڵند هاتۆته‌ دنیاوه‌و له‌ته‌مه‌نی لاوێتییه‌وه‌ ئاشنایی رێكخستنه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بووه‌و تیایدا بۆته‌ هه‌ڤاڵێكی دڵسۆزی حزبه‌كه‌ی و دڵسۆزیش به‌دۆزی ره‌وای كورد.
له‌چله‌كه‌یدا
هه‌ڤاڵ مام جه‌لال له‌باره‌ی ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌وه‌و له‌چله‌ی ماته‌مینییه‌كه‌یدا وتویه‌تی: كاكه‌ خه‌لیل دۆسكی ناوبانگێكی خۆش و سه‌روه‌رانه‌یه‌ كه‌ له‌ مێژووی گه‌له‌كه‌ماندا به‌خه‌تی زێڕین تۆمار ده‌كرێت، له‌مه‌شدا ده‌رس و په‌ندی بایه‌خدارو گرنگ هه‌ڵدێنجێ و فێرده‌بێ، كه‌ دڵسۆزیی هه‌تاسه‌ر بۆ گه‌ل و نیشتمان، خۆڕاگرتنی و كۆڵنه‌دان له‌رۆژه‌كانی سه‌ختی خه‌بات و شۆڕشدا په‌رۆش و گوێڕایه‌ڵی بۆ پێشڕه‌وه‌كه‌مان كه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌ وه‌ك كاكه‌ خه‌لیل له‌ ژیانی كورتی خۆیدا، به‌ڵام پڕ له‌سه‌روه‌ریی فیداكاری و جوامێری و دلێریدا توانیویه‌تی، هۆی ته‌خلیدكردنی مرۆڤ و هێشتنه‌وه‌ی له‌مێژووی گه‌له‌كه‌ی و له‌ناو دڵ و بیری هه‌ڤاڵ و ناسیاوه‌كانیشدا هه‌روه‌ك كاكه‌ خه‌لیل دۆسكی نه‌مر.
هه‌ربۆیه‌ش له‌ده‌ستدانی له‌ناكاو له‌ناوه‌ختی ئه‌و رۆڵه‌ قاره‌مانه‌ی گه‌له‌كه‌مان و شۆڕشه‌كه‌مان و یه‌كێتییه‌كه‌مان مایه‌ی خه‌م و په‌ژاره‌یه‌كی زۆرو داخ و خه‌فه‌تێكی جه‌رگ ته‌زێن بوو بۆ هه‌موومان، بۆ هه‌موو هه‌ڤاڵان و نه‌یارانی كاكه‌ خه‌لیل.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا، هه‌ڤاڵ مام جه‌لال له‌چله‌ی سه‌ركرده‌ی نه‌مر خه‌لیل دۆسكیدا وتویه‌تی: ده‌با یادی ئه‌و رۆڵه‌ دڵسۆزو خه‌باتگێڕو جوامێرو دلێره‌ی گه‌له‌كه‌مان بكه‌ینه‌ سه‌رچاوه‌ی وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی هه‌موو مرۆییه‌كانی تریشمان، هه‌موو شه‌هیدانی رێگه‌ی رزگاری و دیموكراسی كوردستان و عیراق و هه‌موو خۆشه‌ویستییه‌كانی تریشمان له‌سه‌روه‌ری و نه‌مری بۆ كاكه‌ خه‌لیل خۆشه‌ویستی هه‌مووان.
سه‌ركرده‌یه‌ك له‌خه‌باتی شارو شاخدا
سه‌ركرده‌ی نه‌مر خه‌لیل دۆسكی له‌ساڵی 1954 له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی نیشتمانپه‌روه‌رو خاوه‌ن هه‌ڵوێستی كوردانه‌ له‌ شاری دهۆك له‌دایك بووه‌، قۆناغه‌كانی خوێندنی سه‌ره‌تای و ناوه‌ندو ئاماده‌یی له‌دهۆك ته‌واوكردووه‌، ساڵی 1975 سه‌ركه‌وتوانه‌ كۆلێژی پۆلیسی عیراق ته‌واو كردووه‌و بۆته‌ ئه‌فسه‌ر.
ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ له‌پاڵ خوێندن و ژیانی ئاساییدا، ئاگاداری هه‌لومه‌رجی ناوخۆی وڵات بووه‌و هه‌ستی به‌زوڵم و چه‌وساندنه‌وه‌ی سه‌ر گه‌له‌كه‌ی كردووه‌، گیانی به‌ره‌نگاری له‌لای دروستبووه‌و وه‌ك كه‌سێكی خاوه‌ن هه‌ڵوێستی نیشتمانی چۆته‌ ناو ریزه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی رزگاری گه‌لی كورد، بۆیه‌ له‌ساڵی 1978 په‌یوه‌ندیی به‌ڕێكخستنه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ كردووه‌، ئازایه‌تی و كارامه‌یی به‌كاره‌كانی سه‌رده‌می خه‌باتی نهێنیه‌وه‌ دیاربووه‌.
دوای ساڵانێك كاركردنی دڵسۆزانه‌ له‌ڕێكخستنه‌ نهێنیه‌كاندا له‌ساڵی 1985 روویكردۆته‌ شاخ و بووه‌ به‌پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی نوێ، به‌هۆی لێوه‌شاوه‌ییه‌وه‌ هه‌ر زوو كراوه‌ته‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی عه‌سكه‌ریی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌زۆربه‌ی شه‌ڕو داستانه‌كاندا دژی سوپای رژێمی به‌عس به‌شداریكردووه‌و ئازایه‌تی نواندووه‌، به‌تایبه‌ت له‌شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال بۆ سه‌ر دۆڵی جافایه‌تی و باره‌گای سه‌ركردایه‌تی شۆڕش و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان.
خه‌مخۆری هێزی پێشمه‌رگه‌
هه‌ڤاڵ خه‌لیل دۆسكی سه‌ركرده‌یه‌كی قاره‌مان و فه‌رمانده‌یه‌ك به‌توانا بوو، له‌راپه‌ڕینه‌كه‌ی ساڵی 1991دا كاریگه‌رانه‌ به‌شداریكردووه‌و لێپرسراوی سه‌ربازی ناوچه‌ی بادینان بووه‌. له‌دوای دامه‌زراندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌ته‌ لێپرسراوی ئاسایشی پارێزگای دهۆك تامانگی كانوونی دووه‌می ساڵی 1994، له‌هه‌مانكاتدا ئه‌ندامی مه‌ڵبه‌ندی چواری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بووه‌ له‌بادینان.
دواتر بۆته‌ ئه‌ندامی فه‌رمانده‌یی گشتی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و له‌مانگی 7/1996 پله‌ی سه‌ربازیی به‌رزكرایه‌وه‌و كرا به‌لیوا.
ساڵی 2001 له‌دووه‌م كۆنگره‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌ڵبژێردرا به‌ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و هه‌مانكات پۆستی وه‌زیری گواستنه‌وه‌و گه‌یاندنی له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێدرا.
هه‌ڤاڵی كۆچكردووه‌ له‌ژیانی سیاسی و رێكخراوه‌یی و پێشمه‌رگایه‌تی و ئیداره‌یشدا كه‌سایه‌تییه‌كی ئازاو دڵسۆزو سه‌ر راست و جوامێر بووه‌، له‌ناو هاوڕێكانیدا خۆشه‌ویست و رێز لێگراو بوو، بۆیه‌ له‌ده‌ستدانی ئه‌و پیاوه‌ زیانێكی گه‌وره‌ بوو له‌یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هێزی پێشمه‌رگه‌ كه‌وت، چونكه‌ له‌ڕووی تواناو زانستی و سه‌ربازییه‌وه‌ كه‌سێكی لێهاتوو بوو، باش ده‌یزانی چۆن هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌ره‌و نیزامی به‌رێت و رێوشوێنی مه‌شق و راهێنانی سه‌ربازییانه‌ دیاری بكات. ئه‌و پیاوه‌ فه‌رمانده‌و ئه‌فسه‌رێكی پڕ له‌زانستی سه‌ربازی بوو به‌هه‌مان گیانی پێشمه‌رگایه‌تی سه‌رده‌می شاخ دڵسۆزی گه‌ل و خاكه‌كه‌ی بوو.
ماڵئاویی
دوای ساڵانێك له‌خه‌بات و تێكۆشان، سه‌عات 4ی ئێواره‌ی رۆژی 29/2/2004 دوای ململانێیه‌كی سه‌خت له‌گه‌ڵ نه‌خۆشیدا، له‌نه‌خۆشخانه‌ی ئازادی شاری دهۆك كۆچی دوایی كرد، پاشان له‌ 1/3/2004 له‌ڕێوڕه‌سمێكی شایسته‌دا ته‌رمه‌كه‌ی به‌خاك سپێردرا.
*ئەم بابەتە پێشتر و لە یادی کۆچی هەڤاڵ خەلیل دۆسکی لە کوردستانی نوێ-دا بڵاوکراوەتەوە.

وتاری زیاتر





نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو