مەلا بەختیار

بەشی دوانزەهەم: هەڵسەنگاندنی كتێبی (من العالم الثالث الی الاول)

  2020-03-02 09:37      62 جار بینراوە        کۆمێنت

سۆسیالیزم‌و سیستەمی سۆسیالیستی، دوو سەدەیە، بگرەو بەردەی فەلسەفی‌و ئایدیۆلۆژی لەسەرە. سەدەیەكیش تێپەڕی بەسەر یەكەمین ئەزمونی سۆسیالیستی (با واز لە كۆمەڵەی پاریس1871 بێنین) لە شۆڕشی ئۆكتۆبەرەوە-1917، سیستەمی سۆسیالیستی بە رێبازی جیاوازی رابەرەكان، تاقی دەكرێتەوە (شورەوی، رۆژهەڵاتی ئۆروپا، چین، كوبا، كۆریا)، بەڵام یەك سیستەم نەیتوانیوە بیسەلمێنێ‌، دوای سەد ساڵ، لە بونیاتنانی سیستەمی سۆسیالیستی سەركەوتوو بوبێ‌. كە ئەمەیان جێی داخە. بەڵام دەستەواژەی داخ، یەك دونیا دیالۆگ‌و رەخنە هەڵدەگرێ‌. ئێرە جێی نییە! دیقەوت بدەین (لیو كوان یو)ی بونیاتنەری سەنگاپورەی مۆدێرن، لەمەڕ سۆسیالیزم دەڵێ‌ چی: "باوەڕمان بە سۆسیالیزم وەكو میتۆد كرد كە هەموو كەسێك پشكی لە سەروەت‌و سامان هەبێ‌. بەڵام لەئاكامدا تێگەیشتین كە هاندەری خۆیی (ژاتی)‌و خەڵاتی تاك بۆ ئابوری بەرهەمهێن زۆر گرنگە. چونكە تواناو لێهاتویی ئادەمیزاد وەكو سروشت چونیەك نییە. هەروەها تێگەیشتین كە ئەگەر سەربەستی تەنها بە بازاڕی ئابوری بدرێ‌ بۆ هەڵسەنگاندنی خزمەتەكان‌و بەرەنجامەكانی، سەرەنجام كەمایەتیەكی كەمی سودوەرگرمان دەبێ‌. كەمێكیش سودوەرگری ناوەنجی‌و ژمارەیەكی زۆریش زەرەرمەند. ئەمەش هەستی دڕدۆنگی‌و پەژارەی كۆمەڵایەتی، ئاكامی نەبونی دادپەروەری دەخوڵقێنێ‌". بڕوانە لاپەڕە (136).
چەند بلیمەتیە، تێگەیشتن لە سروشتی مرۆڤ‌و ناخ‌و ئارەزووە خەفەكراوەكانی مرۆڤ. هەر سەركردەو فەلسەفەو سیاسیەك، لەم راستییە دەرونیانەی مرۆڤ، تێنەگات، لەدەسەڵاتدا شكست دەخوات، تەنانەت ئەگەر فەلسەفەی وەكو ماركسیزمیش بێ‌. لەم راستییە بەڵگەنەویستانەی سروشت‌و ناخی مرۆڤەوە، سەرۆكی سەنگاپورە، بیری لە دادپەروەری كۆمەڵایەتی (سۆسیالیزم) كردۆتەوە، نەك تەنها لە تێزی پەتیی فەلسەفیەكانەوە. لەم تێگەیشتنە دەرون شیكارییەی مرۆڤەوە، سەرۆكی وڵاتەكە دەڵێ‌: "خولیای سەرەكیم لە پلەی یەكەمدا ئەوە بووە، هەموو هاوڵاتییەك لە نیشتمان‌و لە پاشەڕۆژ، پشكی هەبێ‌. كۆمەڵێكم دەویست هەموو كەسێك خانوی خۆی هەبێ‌. دەمبینی جیاوازیی گەورە لەنێوان نهۆمە هەرزان‌و بێفەڕ‌و بێخزمەتەكان‌و كۆشكە باشەكان هەبوو، كە خاوەنەكانیان لافی پێوە لێدەدەن. باوەڕم وابوو ئەگەر هەموو هاوڵاتییەك خانوی خۆی هەبێ‌ سەنگاپورە زیاتر سەقامگیر دەبێ‌. بۆیە دوای سەركەوتنمان لە هەڵبژاردنی 1963 كە هێشتا سەنگاپورە بەشێك بوو لە مالیزیا (وەكو ئێستای هەرێمی باشورو عێراق) لە هەیئەتی نیشتەجێبون‌و پەرەپێدان داوام كرد بەرنامەی موڵكدارێتی شوقەكانی نیشتەجێبون رابگەیەنن".
ئەو بەرنامەیە، لەڕوی تاك‌و خێزان‌و كۆمەڵایەتیەوە، سەرەتای وەرچەرخانێكی سیاسی گەورە بووە بۆ وەرگرتنی رای گشتی‌و متمانەی كۆمەڵایەتی. چۆن؟
با وەڵامی ئەو پرسیارە بۆ بەشی سیانزەهەم هەڵبگرین.

 

وتاری زیاتر







كاریگەریەكانی پۆست كۆرۆنا‬ مەلا بەختیار
2020-03-28 14:13      48 جار بینراوە






گەلۆ.. كوردان! نەورۆزتان پیرۆز‬ مەلا بەختیار
2020-03-20 19:18      47 جار بینراوە


















نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو