د.ئاراز رەمەزان

میدیا لەسەردەمی كۆرۆنادا

  2020-03-02 14:47      101 جار بینراوە        کۆمێنت

هەواڵ و زانیارییە نەرێنییەكان، دەربارەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا، لەمیدیاكاندا و بەتایبەتریش لەناو تۆڕەكانی سۆشیال میدیادا، بۆتە دەرەنجامی بڵاوكردنەوەی ترس و تۆقاندنێكی زۆر، ئەوەش كاریگەری نەرێنی زۆری لەسەر پانتایی گشتی لەوڵاتاندا دروستكردووە. 
وەك پسپۆڕێكی میدیا لەوە تێدەگەم، كە راستگۆیی رۆژنامەنوس بریتییە لەبڵاوكردنەوەی فاكت و زانیاری و راستیەكان وەك ئەوەی هەن، زۆرجاریش ئەركی رۆژنامەنووسە مەترسیەكان دەربخات، بەڵام بۆ كێ؟ چۆن و بەچی میتۆدێك؟ لەگەڵ ئەوەشدا لەهەموو بارودۆخێكدا ئەمە دروست نییە رۆژنامەنوس یاخود دامەزراوەكانی راگەیاندن بیكەن، بەتایبەت لەوەها بارودۆخێكدا كە سۆشیال میدیا تەواوی پانتایی گشتی تەنیوەو بڵاوكردنەوەی زانیارییەكان بەجۆرێك خێرابون كە لەماوەی چەند خولەكێكی كەمدا ئەم جەشنە لەمیدیای نوێ دەتوانێت، فیدباكی زۆر نەرێنی دروست بكات، هەروەكچۆن لەسەرەتای هەفتەی رابردوودا بوە فاكتەری دروستكردنی لۆدی زۆر لەسەر بەنزینخانەكان و لەئێستاشدا بەشێوەیەكی بەردەوام كاریگەری لەسەر بازاڕی دەرمان و كەلوپەلە تەندروستییەكان بەتایبەتیش ماسك و شامپۆی كحولیك و پاكژكەرەوەكان دروستكردوە نەك تەنیا لەكوردستان بەڵكو لەكۆی ئەو وڵاتانەی كەیسی ڤایرۆسی كۆرۆنایان تێدا دەركەوتووە. 
 كاریگەرییە نەرێنییەكانی میدیا بەگشتی و سۆشیال میدیا وایكردوە، كە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتی كە لەوڵاتی ئێرانەوە گەڕاونەتەوە هەرێمی كوردستان، بەرێگەی نایاسایی بێنەوەو خۆیان رادەستی لیژنە تەندروستییەكان نەكەن، ئەوەش بەشێكی زۆری پەیوەندی بەو ترسە دەرونیەوە هەیە كە میدیاو سۆشیال میدیا خوڵقاندویانە. كە لەدواجاردا ئەم كاردانەوەیەی هاووڵاتیان وا دەكات مەترسی لەسەر ژیانی گشتی و تەندورستی گشتی دروست ببێت، چونكە دەبوایە باشترو بەپلانی ستراتیژی تر دامەزراوەكانی میدیا كاریان كردباو كاربكەن لەم قەیران و كارەساتە مرۆییانە رووبەروی مرۆڤایەتی یانیش رووبەروی وڵات دەبنەوە.
بۆ حكومەت، هەماهەنگی لەگەڵ میدیا نییە؟
لەماوەی ساڵانی رابردوودا لەهەرێمی كوردستان و عێراقدا چەندین قەیرانی نەتەوەیی و نیشتمانیی سەریانهەڵداو تێپەڕین، وەكو كوردو حكومەتی كوردی و میدیای كوردی نەمانتوانی لەگەڵ قەیرانەكان بەستراتیژێكی هەڵە تێبپەڕێنین، لەوانە قەیرانی جەنگی تێرۆریستانی داعش، قەیرانی دارایی لەساڵانی 2014 – 2017و چەندین قەیرانی تری مرۆیی، بەڵام لەبەرئەوەی لەكوردستان وەزارەتی ناوخۆ و بەگشتی حكومەت هەماهەنگی رێكخراوی لەگەڵ دامەزراوەكانی میدیا نییە بۆیە ستراتیژیەتی كاركردن لەپێش و لەكات و لەدوای قەیرانەكانیش بەویست و بەرژەوەندی كەناڵەكان دەبێت، نەك ستراتیژێكی نەتەوەیی و نیشتمانیی، هەربۆیە پێویستە حكومەت بەگشتی پەیوەندییەكی باشتری لەگەڵ دامەزراوەكانی میدیا هەبێت لەكوردستان، هەربۆیە پێویستە ئەنجومەنێكی نیشتمانی میدیایی لەكوردستان هەبێت، هەروەكچۆن لەزۆر وڵاتی تریش هەیە بەس نەك ئەوەی كە لەماوەی رابردوودا لەكوردستان كاری لەسەر دەكرا، بەڵكو ئەنجومەنی میدیا پێویستە ئەنجومەنێكی پڕۆفێشناڵ بێت و بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی و ژیانی گشتی و تەندروستی گشتی كاربكات و ستراتیژیەتی میدیایی رێكبخات.
لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر بنەمای تاك، وەك رۆژنامەنوس، وەك بەكاربەرێكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، دەتوانین كاریگەری نەرێنی دروست بكەین و ترس و تۆقاندن كۆتایی پێ بهێنین، و ببین، بە سەرەتایەك بۆ بنیادنانی رۆژنامەوانی بەرژەوەندی گشتی (Public Interest Journalism) كە لەكورترین واتایدا بریتییە لە هەموو ئەو كێشەو شتگەلانەی كە بۆ هەموو كەسێك لەكۆمەڵگادا گرنگە، هەربۆیە رۆژنامەنووسان دەتوانن بەگرتنەبەری بنەماكانی رۆژنامەوانی بەرژەوەندی گشتی، لەئێستادا كاربكەن بۆ رووبەرونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ 19، كە لەزیاتر لە 50 وڵاتی جیهان بڵاوبۆتەوە، لێرەدا دەتوانرێت بەرەچاوكردنی بەرژەوەندی گشتی رۆژنامەنوسان تەنانەت ئاگاداری زمانی نوسین و دەربڕینەكان بن، كە زۆرجار دەبنە هۆی بڵاوكردنەوەی ترس و تۆقاندن، وەكو ڤایرۆسە كوشندەكە.... هتد، لەبەرامبەردا دەتوانرێت پەیامی ئەرێنی و نمونەو چیرۆكی ژیان و راستی ناو (quarantine )ەكان كە شوێنی چاودێریكردنی ئەو كەسانەن كە نیشانەكانی نەخۆشیەكەیان لێدەرنەكەوتووە بەڵام لەبەرئەوەی لەو وڵاتانەوە هاتونەتەوە كە نەخۆشیەكەی تێدایە بۆیە لەم شوێنەدا دەخرێنە ژێرچاودێری پزیشكیەوە، بۆئەوەی پەیوەندیان سنوردار بكرێت، نمونە گەلی ئەرێنی زۆر هەن، هەر لەگەڕانێكی زۆر كورتدا بۆم دەركەوت كە بەپێی داتای وێبسایتی (worldometers.info) هەموو ساڵێك نزیكەی 290 هەزار بۆ 650 هەزار مرۆڤ لەجیهاندا بەهۆی ڤایرۆسەكانی ئەنفلۆنزای وەرزی (واتە هەڵامەت)ەوە دەمرن، كە رۆژانە 795 بۆ 1781 كەس دەكات. ئەم رێژەیەش زۆر لە رێژەی مردن بە ڤایرۆسێكی وەك كۆرۆنا چەند سەد بەرامبەر زیاترە.
بۆیە لەم قۆناغەدا رۆژنامەنوسان باشتروایە بەرەچاوكردنی بنەما ئێتیكییەكان كاری رۆژنامەوانی و بەگرتنەبەری رەگەزو بنەماكانی كاری رۆژنامەوانی بەرژەوەندی گشتی كە لەداهاتوویەكی نزیكدا لەوتارێكدا زیاتری دەربارە دەنوسم، زیاتر كار بۆ هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان بكرێت و رێنمایی خۆپارێزیان ئاڕاستەبكرێت، كار لەسەر چیرۆك و نمونەی ئەرێنی بكرێت.

 

وتاری زیاتر



كێ بنێردرێتە ‌حكومەت‬ د.ئاراز رەمەزان
2019-06-18 18:08      157 جار بینراوە

بنیادنانی نەتەوە‬ د.ئاراز رەمەزان
2018-08-08 11:11      159 جار بینراوە

یەكێتی، چەتری دیموكراسییە‬ د.ئاراز رەمەزان
2018-07-19 14:11      145 جار بینراوە

دانوستان بەر لەبەغدا‬ د.ئاراز رەمەزان
2018-05-30 20:57      265 جار بینراوە

داهاتووی ئەمریکا لەعیراق!‬ د.ئاراز رەمەزان
2018-05-23 11:46      303 جار بینراوە

بەرەو بەغدا‬ د.ئاراز رەمەزان
2018-05-16 13:50      241 جار بینراوە

بەڵێ بۆ 162‬ د.ئاراز رەمەزان
2018-05-09 13:16      258 جار بینراوە


مەعریفەی سیاسیی لەكوردستان‬ د.ئاراز رەمەزان
2018-04-05 17:08      255 جار بینراوە

بەرەو هەڵبژاردنێكی سەخت‬ د.ئاراز رەمەزان
2018-02-28 17:38      276 جار بینراوە


میكانیزمی كاندید هەڵبژاردن‬ د.ئاراز رەمەزان
2018-02-07 14:54      321 جار بینراوە



كۆستی ریفراندۆم‬ د.ئاراز رەمەزان
2018-01-17 10:25      216 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو