مەلا بەختیار

به‌شی چوارده‌هه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنی كتێبی (من العالم الثالث الی الأول)

  2020-03-04 16:22      33 جار بینراوە        کۆمێنت

به‌خوێندنه‌وه‌ی من، سه‌رۆكی سه‌نگاپوره‌، جگه‌ له‌ تێگه‌یشتنی ستراتیژی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ ئابوری‌و سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، تێگه‌یشتنێكی قوڵیشی بۆ خودی مرۆڤ هه‌بووه‌. خودی مرۆڤ، له‌ڕووی ده‌رونیه‌وه‌، تێگه‌یشتنی له‌ تێگه‌یشتنی كێشه‌ گشتیه‌كانی كۆمه‌ڵ‌و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی قورستره‌. زۆر دره‌نگ، هێزه‌ چه‌په‌كان، له‌ سه‌ده‌ی رابوردودا، له‌ دڕدۆنگی ده‌رونی مرۆڤ وردبونه‌وه‌. ئه‌ویش له‌سه‌رده‌می ستالیندا، شیكاریی سایكۆلۆژی تا ساڵه‌ها، به‌ پروپاگه‌نده‌ی سه‌رمایه‌داری ده‌زانرا. هه‌تا (پاڤلۆڤ) له‌به‌رامبه‌ر (فرۆید)دا، تیۆری ده‌رونی مه‌تریالیستی ساغكرده‌وه‌، ئیدی، ورده‌ ورده‌، په‌سه‌ند كرا! ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا، له‌ سه‌ده‌كانی حه‌ڤده‌وه‌، له‌ دونیای سه‌رمایه‌داریدا، له‌ باری ده‌روونی مرۆڤ ‌و كێشه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌یان كردووه‌و له‌باشترین زانكۆكانیشدا، خوێندراوه‌ته‌وه‌. ده‌مێكه‌، سایكۆلۆژیه‌ت، ته‌نانه‌ت پاراسایكۆلۆژیش، زانستێكی سه‌ربه‌خۆیه‌.
سه‌رۆكی سه‌نگاپوره‌، وه‌كو كۆمه‌ڵناس بووه‌، مرۆڤ شوناسیش بووه‌. سه‌یر بكه‌ن چۆنی مرۆڤ ناسیووه‌:
"دوای ئه‌وه‌ی تێبینیم كرد كه‌ هاوڵاتی ماڵ‌و موڵكی خۆیان به‌راورد به‌ ماڵی كرێ‌، باشتر ده‌پارێزن‌و پێشده‌خه‌ن، گه‌یشتمه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ كه‌ خۆشویستنی موڵكدارێتی لای مرۆڤ، غه‌ریزه‌یه‌كی ره‌سه‌نی ناخی مرۆڤه‌. له‌كاتی خۆپیشاندانه‌كانی سه‌نگاپوره‌ له‌ په‌نجاكان‌و سه‌ره‌تای شه‌سته‌كاندا، خه‌ڵك به‌ردی ده‌گرته‌ شوشه‌ی سه‌یاره‌كان‌و وه‌ریانده‌گێڕان‌و ده‌یانسوتاندن، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی بوون به‌ خاوه‌ن موڵك‌و ماڵی خۆیان، هه‌ڵسوكه‌وت‌و هه‌ڵوێستیان له‌ خۆپیشاندانه‌كانی ناوه‌ڕاستی شه‌سته‌كاندا گۆڕدرا. له‌مه‌وه‌، كه‌ بینیم خه‌ڵك چۆن موڵكه‌كانیان ده‌پارێزن، سورتر بوم له‌سه‌رئه‌وه‌ی هه‌موو خێزانێك موڵك‌و ماڵی خۆی هه‌بێ‌..تاد". بڕواننه‌ ل(147).
به‌نده‌ له‌په‌راوێزی هه‌مان لاپه‌ڕه‌دا، ئه‌مه‌م نوسییوه‌:
"غه‌ریزه‌ی شه‌خسی‌و ئاره‌زووی موڵكدارێتی، خاڵێكی گه‌وهه‌ریی گه‌وهه‌ری مرۆڤه‌.. ده‌بێ‌ تێیبگه‌ین".
به‌ڵێ‌.. سه‌ره‌نجامی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ له‌ ناخی مرۆڤ و ئاره‌زووه‌كانی له‌ موڵكدارێتی، متمانه‌یه‌كی فراوانیان له‌ناو خه‌ڵكدا دروستكردووه‌. سه‌ره‌نجام، ساڵی (1965) ته‌نها (420 هه‌زار) كه‌س به‌شداری سندوقی پاشه‌كه‌وتیان كردووه‌، كه‌چی به‌هۆی متمانه‌وه‌ ساڵی (1980) به‌شداران گه‌یشتۆته‌ (2 ملیۆن‌و 800 هه‌زار) كه‌س، سه‌رمایه‌كه‌شیان گه‌یشتۆته‌ (85 ملیار) دۆلاری سه‌نگاپوره‌.
ئه‌م سیاسه‌ته‌، جگه‌له‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت‌و سیسته‌می دارایی به‌هێزده‌كات‌و له‌ قه‌یرانه‌كان دوریانده‌خاته‌وه‌، كێشه‌ی گوزه‌رانی خه‌ڵكیش چاره‌سه‌ر ده‌كات‌و ده‌سته‌به‌ر ده‌هێنێته‌ دی.
له‌كوردستاندا، نه‌ك هاوڵاتی، ته‌نانه‌ت سه‌رمایه‌دارانیش متمانه‌یان به‌ سیسته‌می دارایی‌و بانكه‌كان نییه‌. حكومه‌تیش، كێشه‌ی دارایی زیادكردووه‌، كه‌می نه‌كردووه‌.

وتاری زیاتر









كاریگەریەكانی پۆست كۆرۆنا‬ مەلا بەختیار
2020-03-28 14:13      51 جار بینراوە






گەلۆ.. كوردان! نەورۆزتان پیرۆز‬ مەلا بەختیار
2020-03-20 19:18      49 جار بینراوە
















نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو