د.كاروان عەلی

ئه‌ودیو كۆرۆنا

  2020-03-14 19:16      65 جار بینراوە        کۆمێنت

كۆڕۆنا په‌تاو به‌ڵایه‌كه‌ به‌رۆكی مرۆڤایه‌تیی گرتووه‌، به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێت، هه‌فته‌یه‌ك یان مانگێكی تر كۆنتڕۆڵ ده‌كرێ و سه‌رده‌مه‌كه‌ی كۆتایی پێدێت. كاریگه‌رییه‌كانی كۆڕۆنا په‌تایه‌كی ئاسایی نه‌خۆشیی تێپه‌ڕاندووه‌، بۆته‌ دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیش و وه‌رچه‌رخانی له‌ژیانی مرۆڤایه‌تیدا كردووه‌، چیتر ئه‌و ژیانه‌ی تا مانگێك پێش ئێستا پێی ئاشنا بووین، نایبینینه‌وه‌، به‌شێكی زۆری كه‌لتوورو دابونه‌ریتمان، ره‌فتارو هه‌ڵسوكه‌وتی رۆژانه‌مان، بیركردنه‌وه‌مان، فه‌رهه‌نگ و ته‌نانه‌ت واتاو تێگه‌یشتنمان بۆ زۆر چه‌مك و زاراوه‌ش، نه‌ك هه‌ر له‌كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانیدا، به‌ڵكو له‌زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كانی جیهاندا گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا هاتووه‌و زیاتریش ده‌گۆڕێت و ئه‌سته‌میشه‌، هه‌رهیچ نه‌بێت تا ماوه‌یه‌كی درێژ، وه‌كجارانیان لێبێته‌وه‌.
ئه‌گه‌ر یه‌كێك پێشتر له‌سه‌ر ده‌ستشۆر چه‌ند ده‌قه‌یه‌ك بمایه‌ته‌وه‌و له‌بری جارێك و دووان، چه‌ند جارێك ده‌ستوده‌موچاوی بشوشتابایه‌، ئه‌وا پێیان ده‌گوت كه‌سێكی وه‌سواس (Obsessive)، چاره‌سه‌ری ده‌روونیان بۆ پێشنیاز ده‌كرد، ئه‌مڕۆ، له‌سای كۆڕۆنادا، ئه‌مه‌ بۆته‌ نه‌ریتێكی ژیرانه‌و خۆپارێزو ته‌ندروستیی پێویست! جاران، له‌نێو گرووپ و كۆمه‌ڵێك هاوڕێیاندا، ئه‌گه‌ر كه‌سێك ماسكێكی ببه‌ستایه‌ یان ده‌ستی بخستایه‌ته‌ سه‌ر ده‌مولوتی، گومانی بوونی بۆنی ناخۆش دروستده‌بوو، هه‌مووان ده‌كه‌وتنه‌ گومانه‌وه‌و بارێكی شه‌رمنانه‌ی ناخۆش دروستده‌بوو، به‌ڵام ئه‌مڕۆ، ماسك به‌ستن و ده‌مولوت داپۆشین، هیچ پاساوێكی پێویست نییه‌.
جاران، سه‌ره‌ڕای ساردبوونه‌وه‌ی بۆنده‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، به‌ڵام میوانداری و تێكه‌ڵییه‌ك هه‌رمابوو، له‌مه‌ودوا، به‌هۆی ئه‌زموونی كۆڕۆناوه‌، ئیتر ستایلی میواندارییش گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا دێت، ناكرێ و نابێ به‌شێوازه‌كه‌ی جاران، هه‌مووان له‌پاڵ یه‌كترو له‌سه‌ر شانوملی یه‌كتر، هه‌رچه‌نده‌ كه‌سی نزیكی یه‌كدییش بین، دانیشین و كه‌ڵه‌كه‌ بین! دووریی نێوان مرۆڤه‌كان، ده‌بێته‌ راستی و هه‌مووان پێوه‌ی پابه‌ند ده‌بین.
دیارده‌ی له‌ئامێزگرتن و ماچومووچی پیاوان له‌گه‌ڵ یه‌كتری و ژنانیش بۆ یه‌كتری، سنووردارتر ده‌بن. په‌نجه‌ خستنه‌ لووت و ده‌میش ئه‌گه‌ر پێشتر لای ئێمه‌ ته‌نها له‌ڕووی ئاكارو نه‌ریته‌وه‌ قێزه‌ون بووبێت، ئیتر له‌مه‌ودوا به‌هۆكاری ته‌ندروستیی، بێزراوتر ده‌بێت. ناشتوانین یان ده‌ترسین ئامێز به‌ منداڵاندا بكه‌ین ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی وه‌ك په‌پوله‌ یان فریشته‌ سه‌یریان ده‌كه‌ین! وریاو چاوكراوه‌تر ده‌بین، خۆمان زیاتر خۆشده‌وێت. مرۆڤ خۆپه‌رستتر ده‌بێت له‌جاران، به‌ڵام خۆپه‌رستییه‌كه‌ سوودی ده‌وروبه‌ریشی ده‌بێت.
رابردوو، وه‌ك خۆی به‌رده‌وام نابێت، گۆڕانكارییه‌كان زۆربه‌ی بواره‌كانی ژیانمان ده‌گرێته‌وه‌، نه‌ریتی نوێ و هه‌ڵسوكه‌وتی نوێ له‌ خه‌ڵك و له‌خۆشماندا ده‌بینین. ده‌بێ له‌ئێستاوه‌، هزرو ده‌روونمان ئاماده‌ بكه‌ین بۆ ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی له‌ژیانماندا له‌سایه‌ی كۆڕۆنادا دێنه‌ ئاراوه‌.

وتاری زیاتر


لێگەڕێن خەڵک فریای خۆی بکەوێت‬ د.كاروان عەلی
2020-03-13 21:18      77 جار بینراوە



نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو