لەتیف نێروەیی

سەرۆك مام جەلال و راپەڕینی دەڤەری بادینان

  2020-03-14 23:11      62 جار بینراوە        کۆمێنت

لەبەرئەوەی تائێستا هیچ لێكۆڵینەوەیه‌كی زانستی و سەرتاسەری لەسەر راپەڕینی ئازاری ساڵی 1991ی باشووری كوردستان نەكراوە ، زیاتر ئەوكەسانەی كە قسە لەسەر راپەڕین دەكەن ئەوانەن كە خۆیان لەسنوورێكی دیاریكراو بەشداریان لەڕاپەڕیندا كردووە یانیش وەك شایه‌تحالێك بەچاوی خۆیان رووداوەكانی ڕاپەڕینیان بینیوە ، میدیای هەندێ لایەنی سیاسیش هەوڵی ئەوە دەدەن بەپێی بەرژەوەندی حزبی خۆیان رووداوەكانی ڕاپەڕین ڕەنگڕێژ بكەن، ئەولایەنانەش كە لەو سەردەمەدا هێشتا دانەمەزرابوون دەیانەوێ ڕاپەڕین بێ بەرنامەو بێ خاوەن بكەن، بۆیە زۆر پێویسە یەكێتی زیاتر لەهەموو هێزو لایەنێكی دیكەی سیاسی كوردستان خۆی بكان بەخاوەنی ئەم مژارەو لەڕێی كەسانی مێژوونووسەوە هەولی نووسینەوەی مێژوی ڕاپەڕین بدات و توێژینەوەی زانستیش لەسەر ڕاپەڕین بكرێت، چونكە ئەوانەی كارەكتەری سەرەكی داڕشتنی بەرنامەی ڕاپەرین و جێبەجێكردنی بەرنامەكەی بوون هەندێكیان لەژیاندا نەماون و بەشەكەی دیكەشیان تەمەنیان لەهەڵكشاندایە . 
سەبارەت بەڕاپەرینی دەڤەری بادینانیش بەهۆی دووری و هەڵكەوتەی جوگرافیی دەڤەرەكەو هەروەها لەبەر ئەو هۆكارانەی كە لەسەرەوە باسمانكردووە یەكێتی نەك نەیتوانیوە مێژووی ڕاپەرینی ئەو دەڤەرە وەك خۆی بنووسێت، بەڵكو نەیتوانیوە دوو فاكتەری سەرەكی كە پەیوەستن بەسەركەوتن و تایبەتمەندی راپەڕینی دەڤەرەكە بەڕایگشتی و تەنانەت بە كادیرو ئەندام و جەماوەری خۆی ئاشنا بكات ئەو فاكتەرانەش بریتین لە...
یەكەم : رۆڵی سەرۆك مام جەلال لەڕاپەرینی دەڤەری بادینان دوای رزگاربوونی ئەو دەڤەرە هەڤال مام جەلال لەڕێی سنووری سوریاوە وەك یەكەم سەركردەی باڵای بەرەی كوردستانی گەیشتە دەڤەری بادینان و راستەوخۆ سەرپەرشتی میحوەری (دهۆك – نەینەوا )ی دەكرد كە یەكێك بووە لەمیحوەرە رۆز گرنگ و ستراتیژییەكان بۆ ڕژێمی عیراقیش میحوەرێكی زۆر چارەنووسسازبوو لەبەر ئەم هۆكارانەی خوارەوە: 1. دەڤەری بادینان تاكە دەروازەو رێگای سەرەكی و كەناڵی پەیوەندیكردنی زەمینی عیراقی بوو بەرەو توركیاو جیهانی ئەوروپا بەگشتی.
2. دوای رزگاربوونی دهوك و نزیكبوونەوەی هێزی پێشمەرگەو جەماوەری راپەریوی بادینان لەپارێزگای نەینەواو رزگاركردنی هەندێ قەزاو ناحیەی سەربەو پارێزگایە وەك دووەم گەورەترین پارێزگای عیراق و وەكو گەورەترین پارێزگای سوننەنشین، بۆیە ڕژێم راپەرینی بادینانی بەمەترسییەكی گەورە دەزانی لەسەر خۆی و بۆ ئەو مەبەستە هێزێكی زۆر رەوانەی ئەو سنوورەكراو رۆژانە بەردەوامبوو لەسەر هێرش و پەلامارەكانی خۆی بۆ سەر هێزی پێشمەرگەی كوردستان و بەكۆپتەرو تۆپخانەكانیش بوردومانی شاری دهۆك و دەوروبەری دەكرد، بەهۆی ناهاوسەنگی چەكی قورس، هەروەها بەهۆی ئەوەی میحوەری نێوان (دهۆك-موسڵ )شوێنێكی دەشت وتەختەو هەڵكەوتەی جوگرافی ئەو سنوورە لەبەژەوەندی هێزەكانی عیراقیدابوو، لەگەڵ بوونی قەڵای گەورەی سەربازی لەو پێدەشتە هێزەكانی رژێم بەپشتیوانی كۆپتەری جەنگی رۆژانە بەردەوامبوون لەسەر هێرشەكانی خۆی، بەڵام بەهۆی حزوری مەیدانی سەرۆك مام جەلال لەو دەڤەرە هێزی پێشمەرگەو جەماوەری ناوچەكە بەورەیه‌كی بەرزو ئیرادەیەكی بەهێزەوە رووبەڕووی هێرشەكانی رژێمی بەعس دەبوونەوە، دواجار لێدوانێكی بۆشی باوك وەك سەرۆكی ئەمریكا لەبەرژەوەندی رژێمی عیراقیدا شكایەوە كاتێ رایگەیاند كەپشتگیری راپەرین ناكەن و ئەوە پرسێكی ناوخۆیی عیراقەو ئەمریكا دەست ناخاتە ناو كاروباری ناوخۆیی عیراق، لەهەمانكاتدا سەرۆك مام جەلال بەناوی سەركردایەتی بەرەی كوردستانییەوە زنجیرەیەك كۆبوونەوەی جەماوەری لەشاروشاروچەكانی دەڤەری بادینان ئەنجامدا بەتابەتی لە(زاخۆ، دهۆك، ئامێدی و شێلادزێ) و لەو كۆبوونەوانانەدا بەمەبەستی گەیاندنی پەیامی یەكێتی و بەرەی كوردستانی و بەرزكرنەوەی ورەی جەماوەرو پتەوكردنی گیانی تەبایی و یەكریزی و لێبوردەیی و پاراستنی سەرو ماڵی هاووڵاتیان و ئاشناكردنی جەماوەری كوردستان بەدوا گوڕانگارییەكان وتاری پێشكەشدەكرد، هەروەها لەنزیكەوە گوێی لەداواكاری و بۆچوونی هاووڵاتیانی دەڤەرەكە دەگرت.
هەرلەبادینان و لەدوای لێدوانێكی رۆژنامەوانی بۆشی باوك كاتێ رایگەیاند ئەمریكا پشتگیری لەڕاپەرینی باشووری كوردستان ناكات و ئەوە پرسێكی ناوخۆیی عیراقە سەرۆك مام جەلال لەدهۆك لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا نیگەرانی خۆی بۆ ئەو هەڵوێستەی ئەمریكا دەربڕی . 
لەدوای لێدوانەكەی سەرۆكی ئەوسای ئەمریكا رژێمی عیراق دەستكراوەتربوو بۆ ئەنجامدانی هێرشی فراوان و سەرتاسەری بۆسەر شاروشاروچكەكانی هەرێمی كوردستان هەر لەخانەقینەوە تاوەكو زاخۆ بەتایبەتی چڕكردنی هێرشە زەمینییەكان لەمیحوەی (فایدە)و بۆردومانكردنی ناو شاری دهۆك كە دەیانزانی سەرۆك مام جەلال لەناو دهۆكدایە ، بەم هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونەدا رۆڵی مەیدانی و مێژویی سەروك مام جەلال لەڕاپەرینی دەڤەری بادینان دەردەكەوێت كەوەك تاكەسەركردەی باڵای بزاڤی رزگاریخوازی گەلی كوردستان و بەرەی كوردستانی بەشداری لەڕاپەڕینی دەڤەری بادینان و سەرپەرشتی میحوەری (دهوك – نەینەوا )ی دەكرد، وەكو تاكە سەركردەش لەچوار شارو شاروچكەی ئەودەڤەرە كوبوونەوەی جەماوەری ئەنجامداوە لەگەڵ سازدانی زنجیرەیه‌ك دیداری دیكەی تایبەتی لەگەڵ نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكان و كەسایەتییە كومەڵایەتیەكانی دەڤەرەكەو هەندێجاریش بەهۆی بوردومانی هێزەكانی ڕژێمی بەعسەوە بوسەر شاری دهوك ژیانی خۆی خستووەتە مەترسییەوە. 
ئەم بەشدارییە كاریگەرەی سەرۆك مام جەلال لەڕاپەرینی دەڤەری بادینان سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە كە سەرۆك مام جەلال كرنگییەكی تایبەتی بەدەڤەری بادینان دەدا، بۆیە كاتێ قسە لەسەر ڕاپەرینی دەڤەری بادینان دەكرێت ئەگەر باس لەڕۆڵی سەرۆك مام جەلال نەكرێت ئەوا بێگومان ئەم پرسیارانە بێ وەڵام دەمێننەوە، ڕاپەرینی بادینان بەسەرپەرشتی كام سەركردەی بەرەی كوردستانی بەرێوە چوو؟  لەدوای راپه‌رین كام سەركردەی كورد كۆبوونەوەی جەماوەری لەشارو شاروچەكانی دەڤەری بادینان ئەنجامدا ؟  كام سەركردە بەناوی بەرەی كوردستانییەوە لەبادینان پەیامی لێبوردەیی و ئاشتی و تەبایی و یەكڕیزی گەلی كوردستانی گەیاندە جەماوەری دەڤەری بادینان؟ هەروەها كام سەركردەی كوردستان لەبادینان لێدوانی رۆژنامەوانی دەدا لەسەر دوا گۆڕانكارییەكانی راپەڕین؟ 
بەداخەوە ئێمە وەكو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تائێستا نەمانتوانیوە نەك جەماوەری كوردستان، بەڵكو كادیرو ئەندامانی خۆشمان بەم حەقیقەتە مێژوویی و پرشانازییە ئاشنابكەین، كە سەرۆك مام جەلال و یەكێتی رۆڵی سەرەكییان هەبووە لەڕاپەڕینی دەڤەری بادینان .
دووەم : پارتیزان و شانە چەكدارەكانی یەكێتی و ئەو سەرۆك هۆزانەی كە پەیوەندیان بە یەكێتییەوە كردبوو رۆڵێكی سەرەكییان هەبوو لەسەرخستنی دەڤەری بادینان، ڕاپەڕینی بادینان لەسێ میحوەرو قوڵەوە دەستیپێكرد بەم شێوەیەی خوارەوە...
1. میحوەری ئاكرێ : وەك دەروازەی ڕاپەڕینی دەڤەری بادینان ڕاپەڕین بەسەرپەرشتی سەركردەی نەمری گەلەكەمان  (لیوا خەلیل دۆسكی )و بەهاوكاری و هەماهەنگی شەهیدی فەرماندە (عەشقی سورچی )و هەڤاڵەكانی لەئاكرێ دەستی پێكردو دواتر بەرەو دەوروبەری ئاكرێ و پاشانیش شێخان و دەوروبەری تەشەنەی كرد، لەسنووری شێخان شەهیدی فەرماندە (عەلی كۆخی) رۆڵی سەرەكی هەبوو لەڕاپەڕینەكەداو لەشێخانەوە بەرەو ئەتروش و دهۆك پێشڕەویان كرد.
2. میحوەری ئامێدی : لەم میحوەرە پارتیزانەكانی یەكێتی لەناوچە شاخاوییەكانی دەڤەری نێروەو ڕێكان و لەڕێی گەلێ باڵنداوە بەرەو شێلادزێ و دێرالوك و ئامێدی بەسەرپەرشتی شەهیدی فەرماندەو پارتیزان (حسن سلیم نێروەیی)و بەهاوكاری شەهید عەلی شەعبان ئامێدی سەرۆك هۆزی دیاری دەڤەری ئامێدی دەستی پێكردو بەرەو دهوك پێشڕەویان كرد .
3. میحوەری زاخۆ : لەم میحوەرە ڕاپەڕین بەسەرپەرشتی شەهیدی فەرماندە (سادق عمر سندی ) و هەڤاڵەكانی لە دەركارەوە بەرەو زاخۆ دەستیپێكردو دواتر بەرەو دەشتی سلێڤانی و سێمێل پێشڕەویان كرد 4. لەناودهۆكیش بەپێی ئەو بەرنامەیەی كەلەلایەن رێكخستنەكانی نهێنی و شانەی چەكدارو بەهاوكاری و بەشداری ئەو سەرۆك هۆزانەی كە نامەی یەكێتییان پێ گەیشبوون و بڕیاریاندابوو بەشداری لەڕاپەریندا بكەن بەسەركەوتوویی دەستی پێكرد .
بەمشێوەیە ڕاپەرینی بادینان سەركەوتنی بەدەستهێناو سەرتاسەریبوونی راپەرینی سەلماندو بوو بەپاڵپشتێكی بەهێزی مەیدانی و مەعنەوی بۆ دەستپێكردن و سەركەوتنی ڕاپەڕینی شاری كەركوك . هەروەها لەئەنجامی رزگاربوونی هاووڵاتیان و سەركەوتنی راپەرینی دەڤەری بادینان كۆتایی بەبەرنامەو بڕیارو ستەم وسیاسەتی ڕژێمی بەعس هێنا كەڕژێم هەموو هەوڵەكانی خۆی خسبووەگەڕ بەمەرامی بەتەواوەتی دابڕاندنی دەڤەری بادینان لەناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان.
ڕاپەرینی بادینان بۆ بەسەرچاوەی كۆتاییهێنان و هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارو سیاسەتانەی ڕژێم كە بەزۆر بەسەر دەڤەری بادیناندا سەپێرابوون و هەندێ گۆڕانكاری ئەرێنی بەدوای خۆیداهێنا وەكو 
* هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری بەزۆر سەپاندنی پرۆسەی خوێندن بەزمانی عەرەبی لەقوتابخانە سەرەتاییەكان تا دەگاتە پەیمانگاكانی ئەو پارێزگایە .
* كۆتاییهێنان بەساسەت و پڕۆسەی تەعریبكردنی دەڤەری بادینان لەسنووری ئاكرێ و شێخان و سێمێل و دەشتی سلێڤانی تادەگاتە ئیبراهیم خەلیل لەسنووری زاخۆ .
* هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری بەزۆر سەپاندنی ناسنامەی نەتەوەی عەرەب بەسەر كوردانی ئێزدیدا.
* بەهەمانشێوە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری بەزۆر سەپاندنی ناسنامەی نەتەوەی عەرەب بەسەر مەسیحییەكانی پارێزگای دهوك .
* كۆتاییهێنان بەداگیركاری خودی سەدام حسێن و كەسە نزیكەكانی كە دەستیان بەسەر زەویوزاری هاووڵاتیاندا گرتبوو لە(سەرسنك ، زنجیرە شاخی گارە، ئاشاوا، ئێنیشكێ، سوارەتۆكا )و چەند شوێنیكی دیكە كە دەیان كۆشك و تەلاریان لەسەر زەویوزاری هاووڵاتیان دروستكردبوون .
* كۆتاییهێنان بەسیاسەت و بەرنامەی گۆڕینی دیمۆگرافیای پارێزگای دهۆك .
* پووچەڵكردنەوەی سیاسەتی دابڕانی پارێزگای دهۆك لەشارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان . بەرزو پیرۆزبێت یادی راپەڕینی بادینان

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو