د.كاروان عەلی

ئابووریی جیهان لەسەردەمی كۆڕۆنادا

  2020-03-16 09:35      51 جار بینراوە        کۆمێنت

پێشتر، لەگەڵ سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆڕۆنا، وا دەردەكەوت كەنەخۆشییەكی ناوچەییەو تەنها هەرێمێكی چینی گرتۆتەوە، بۆیە بۆچوونەكان وابوون كەتەنها كاریگەیی سلبیی لەسەر ئابووریی چین دەبێت، بەڵام كاتێك بەخێرایی پەتاكە پەڕییەوەو سنوورەكانی تێپەراند، قوربانیی زۆری لێكەوتەوە. بۆپاراستنی گیانی خەڵك و رێگرییكردنیش لەتەشەنەسەندنی ڤایرۆسەكە، لەزۆربەی وڵاتانی جیهان، بەتایبەتیش وڵاتە پیشەسازی و پێشكەوتووەكان، كۆمەڵێك رێوشوێن گیرانەبەر، كە زۆربەیان گورزی جەرگبڕبوون بۆ جومگە ئابورییەكان، بۆ نموونە، زۆربەی كۆمپانیا بەناوبانگەكانی جیهان لەبواری تەكنەلۆجیا، ئۆتۆمبێل، فڕۆكەوانی، هاتوچۆی دەریایی و جلوبەرگ و هتد لەكاركردن وەستان، چالاكییە وەرزشییەكانی ئەوروپاو وڵاتانی تر هەڵوەشێنرانەوە، كۆبوونەوەی جەماوەری و پڕۆسەی خوێندن وەستان، مۆڵەكان چۆڵبوون، بازاڕی دراوو نەوت داڕووخان، ئەمانە هەمووی لەماوەی هەفتەیەك و دووان روویانداو بەهۆیەوە، خەڵكێكی زۆر بێ كار بوون و دەبن. 
ئەو وڵاتانە هەرچەندە زۆریان خاوەنی ئابووریەكی بەهێزن، بەڵام رەنگە بتوانن مانگێك و دووان كەلێنە ئابورییەكان پڕكەنەوە بەتایبەتیش كەبەشی زۆری بودجە لەكەرتی تەندروستیدا خەرج دەكەن. لەحاڵەتێكیشدا ئەگەر پەتاكە درێژە بكێشێ، كە دوورنییە تا ساڵێكی تر بەردەوام بێت وەك چۆن ئەمڕۆ رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بەپشت بەستن بەدۆكیومێنتێكی تەندروستیی گشتیی ئینگڵتەرا ئاشكرایكردووە، ئەوا ئەوەندەی تر ئابورییەكەیان و ژیانی خەڵك پەرێشان دەبێت.
لەهەرێمی كوردستان، كە نە خاوەن ئابووری و سەروەرییە، نە دەوڵەتداریی و ژێرخانی دراوو پیشەسازییشی نییەو گەندەڵییش پەرێشانی كردوە، زۆر گرنگە خەڵك لەپاڵ لایەنە تەندروستیەكە، وریابێت و دوور بڕوانێت، چونكە ئەو داڕووخانە ئابوورییەی كە جیهان دەگرێتەوە، بە خراپییش لە كوردستان دەدا، كێشەی قوڵ لە مووچەو داهاتی تاك دروستدەبێت.
هیوادارین بەو رۆژە نەگەینەوە، چونكە تەنها هاووڵاتی ئاسایی زەرەرمەند دەبێت، بەڵام گرنگە هەمووان بە وردیی بارودۆخەكە لەبەرچاو بگرن.

وتاری زیاتر

ئه‌ودیو كۆرۆنا‬ د.كاروان عەلی
2020-03-14 19:16      65 جار بینراوە

لێگەڕێن خەڵک فریای خۆی بکەوێت‬ د.كاروان عەلی
2020-03-13 21:18      77 جار بینراوە



نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو