ماجد خەلیل

كاری خۆبەخشیی

  2020-03-17 10:43      69 جار بینراوە        کۆمێنت

تێبینیمكردووە، لە هەر هەرێمو وڵاتێكدا، لە هەر كەلتورو كیشوەرو كەویرێكی ئاوەداندا، مرۆڤەكان نیازی نمایش و تاوی تەقلید تەوقیسەریانی گرتەوە، ئیتر سوكو ئاسان هەردو قۆڵت هەڵماڵەو هەردوو دەستت بە كحول بشۆ. 
بەدرێژایی دنیاو دیرۆكی مرۆڤایەتی، رێكخراوی ناحكومی و گروپ و گرۆهی فشار، وەختێ هاتونەتە پێش، كە حكومەت و حەرەكەی دامەزراوەیی سفر بێت، ئیدی وان هاتونەتە پێشەوە. سفربێت یانی ڕمابێت، وەك فەڕەنسای دیگۆل، ئەوێ دەم سێ سەد رێكخراو خۆیان راگەیاند، بەڵام لە بەریتانیادا رێكخراوێك راستنەبوویەوە.
 نایشارمەوە، بەس نامەوێ بەسەرماندا تێپەڕێ، كاری خێرخوازی، خۆبەخشی، خەڵكگەرایی، هەوڵێكە بۆ سستكردنی سیاسەتی میریی، یان پەیژەی پەسنێكی ساختەكارین بۆ میریی، تابەسانایی خەڵكیی بندەستو چەوساوە بكەنە پارەو پۆڕی خوراو! بەڵێ بەم میتۆدو میراتەی ئێرە كەمپین  و كەلایێنی خۆبەخشەكان، كاردو كارێكی كولی بڕینەوەی قەیرانەكانە.
 لە هیچ وڵاتێكی دنیادا نەبووەو نابێ، بۆ تەدارەكی تارمایی كارەساتێكی پێشبینیكراو رێكخراو راستبنەوە، بۆنمونە لە ئیتاڵیادا كە كلاسیكیترین تا مۆدێرنترین زانكۆی جیهانی لێیە، مامۆستایەكی زانكۆ نەیوت من خۆبەخشم بابێم بەهانای خەڵكەوە، بەڵكو لێگەڕاون بزانن دامەزراوەی میریی چ قوڕێكی خەستی ڤاتیكان و رۆما دەكەن بەسەردا. 
 كاكە برا میریی هەیە، وەزارەتی تەندروستی هەیە، هێندەی چین كە ملیارێكە ئەرتەشو پۆلیسو ئاسایش هەیە، هێندەی هەورازەكانی هیمالایا بن شاخو داخ و دیوار هەیە.
 تۆ گەر دەكرێ داكەوە لەماڵۆ، ئیدی ئەوە هەموو شتێكە، گەر دەكرێ دانەوێ بۆ رێنوماییەكان.
 ئەی زەلامەزەنگین و زەبەلاحەكانی زەمینی من، یانی چی نەخۆشخانەو بیمارستانتان بە دەڕۆژ قوتكردەوە؟ ئاخر بۆ؟ ئەی حكومەت كاری چیە؟ ئەی بۆ لە ئەمریكا كە رۆحی سەرمایەدارییە زەنگینەكان وا ناكەن؟ دەزانین، لەوێ، چەند یاریزان و فاشن و ئەستێرەیەكی هونەر خۆیان باداو بەردیان خستە سەر بەردی رووبەڕوو بوونەوەی قەیرانی كرۆنا، كریستیانۆ و كیمكارداشیان و كێ و كێ، بەڵام ئەوان ئیمانی سەرمایەداریی رەهان، ئەوان گرێبەستیان هەیە لەگەڵ میریی، ئەوان سیستەم ڕێی داون. ئەوان لەو ڕێگەیەوە حسابات و حیكایەتی باج و بەزمی خۆیان حەلدەكەن.
 بەڵام لێرە لەبیرمانە تا لە هەولێردا خێرخوازێ مزگەوتێكی كردەوە، بوویە یەكێ لە زەنگینترین زەڕدارەكانی رۆژهەڵات. 
كردەوكاری خۆ بەخشی، ناڵێم نمایشی لە پشتەوەیە، بەڵام وەك هەڵمەتی چاندنی نەمام و تۆوی بەڕووی دەبینم كە سی ساڵە دانەیەكی سەوز نەبووە.
ئەم رێكخراوانە لە راپەریندا پێویست بوو، نەبوون. كە مێزی منداڵی باخچەی ساوا فەرهودكرا.
 ناشڵێم ئەوانەی رادەگەیەنن، راستناكەن، دەزانم دڵسۆزو هاوڕێمن، بەڵام سۆزو سیفەتی هەیەجانێكی كاتی تاویاندەدا، نازانن ئیتاڵیا بیست ملیۆن یۆرۆ تەرخاندەكا، نازانن تكا دەكا كەس لەماڵ نەیەتە دەرێ، بەخۆبەخشو خۆخۆرەوە، موچەكەی لە كونی سۆپاوە بۆ دەكاتە ژوورێ، لێرەش باس لە زەمبیلەی زەیتی زەیتون و برنجی بەسمەتی دەكرێ بۆ هەژارەكان. 
كەلتوری خۆبەخشی و خێرخوازی پێویستی بە توراسێكی تێری دیموكراسی هەیە، كە ئێمە نیمانەو دەستنوقاوین، پێویستی بە فەرهەنگو فەلسەفەی وردی كارەوە هەیە كە ئێمە لێی نازانین، پێویستی بە پەروەردەیەكی پشتئەستور هەیە بە پلان كە ئێمە نیمانە. ئێمە دەغدەغەی دەردی ناو و ناوبانگ كاسی كردووین، ئەزمونمان هەیە چلۆن پیاوی شاشەو تیڤییەكان بوونە ئەندام پەرلەمان و وەزیرو گزیر، دەمانەوێ بە چاندنی نەمامێ، بە بەرزكردنەوەی دروشمێ، بە دانانی پۆستی پلەیەكی پانمان بۆ تەختبێ.
 بۆ زانیاریتان، لە وڵاتانی دوواكەوتووی وەك ئێمەو مانان، رێكخراوەكان، خۆبەخشەكان، خەمخۆرەكان، فاشن و فەیلەسوفەكان زۆرو زەبەندن، بەڵام ماتڵ میری نەیپەرژاوەتە سەر رێكخستنیان، بازووی بەهێزی گەندەڵی و گەمەی چەپاندنی میللەت دەرچوون. 
من نازانم، كاری خۆبەخش چ پێویستییەكی بە دانانی ریزی بڕوانامەو سیڤی تۆوە هەیە، بۆ وادەكەی لە نیازپاكیتان غایەلەی غەیبەتێك مێشكمان بتەنێ.

 

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو