‎شاناز ئیبراهیم ئەحمەد

‎مانگی ئازار، مانگی نشوستی‌و هەستانەوە

  2020-03-20 22:37      59 جار بینراوە        کۆمێنت

‎قەدەری ئێمە وابووە، بەهۆكارگەلی سیاسیی‌و هەرێمیی‌و نێودەوڵەتی، گەلەكەمان‌و بزووتنەوە سیاسییەكەی، هەمیشە لەهەڵكشان‌و داكشاندا بووە، ئازارو خەنین، توڕەیی‌و پێكەنین، نشوستی و سەركەوتن، وەك دوانە یەكتریان تەواوكردووە، بەڵام لەپاش هەموو شكستێك بە بەهێزی جارێكی تر هەڵساوینەتەوە، هەر ئەوەش نهێنی مانەوەی كورد بووە لەم جوگرافیا تەنراو بە دوژمنە.
‎مانگی ئازار، مانگی كۆبوونەوەی بەشێكی گرنگی رۆژمێری ئازارو سەركەوتنەكانمانە، مانگی كەوتن‌و هەستانەوەیە، ئەو مانگەیە لە رۆژەكانی ئەوەلییەوە بە یادو یادەوەریی دەست پێدەكات‌و بە یادەوەریش كۆتایی دێت، لەو رۆژانەدا رانیە وەك ئۆڵۆمپیادی هەستانەوەو كوردایەتی بەسەركردایەتی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان مەشخەڵی روبەڕووبونەوە هەڵدەگرێ‌و لەماوەیەكی كەمدا ئەو ناوچەیە لە دڵڕەقترین رژێمی سەدە پاكدەكاتەوە، لەدوای ئەو رۆژەوە شار بە شارو شارۆچكە بە شارۆچكە مەشخەڵەكە وەردەگرن، تا دواجار  لە 21ی ئازاردا هاودە‌م لەگەڵ نەورۆزدا وەك دوا ئەڵقەی كوردستان كەركوكی قودسیش ئاگری ئازادی و نەورۆزی كاوەكانی یەكێتی لەبەرامبەر زوحاكی بەعسدا هەڵدەكات .
‎و هەر لەو مانگەدا هەڵەبجە بۆ ئەبەد برینێك دەخاتە دڵمانەوە، كیمیابارانێكی دڕندانە شارێك خاپور‌و خەڵكەكەشی كۆمەڵكوژ دەكات، ئەو برینە گەورەیەی كە جیهان لەبەرامبەریدا بێخەم‌و بێ هەڵوێست بوو.
‎هەر لەو مانگەدا بەشێك لەمیدیاكانی یەكێتی یادی دامەزراندن دەكەنەوە، ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستان، هەر خۆی شۆڕشێكە بەتەنها، هەر خۆی نەبەردیی‌و جوامێرییەكە.
‎ئەمڕۆش وا نەورۆزو سەری ساڵی كوردی‌و جەژنی نەتەوەییمانە، لەبەرامبەر هەموو بۆنەكان، وێڕای دڵخۆشی و پیرۆزباییم لە بۆنە پڕ جۆش‌و خرۆشەكانی سەركەوتن و دڵتەنگی و نیگەرانی هەمیشەییشم لەبەرامبەر بۆنە پڕ ئازارەكانی ئازار، بەداخەوەم كە ئەمساڵ بەهۆی هەڕەشەیەكی گشتگیرتر، كە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنایە، نەتوانرا یادو یادەوەرییەكانی مانگی ئازار بكرێنەوە، بۆ ئێمە مانگی ئازار هەمیشە ساتەوەختی ئامادەسازییە بۆ بەڵایەك، بەڵام هەڕەشەی ئەمجارەی كۆڕۆنا، تەنها شەڕی كورد نییەو هەموو جیهان پێكەوە شەڕی كۆتاییهێنان بەو ڤایرۆسە دەكات، ئومێد دەكەم، بەجێبەجێكردنی رێنماییە تەندروستییەكان‌و خۆپارێزی‌و مانەوە لەماڵەكانماندا، خۆمان لەو ئازار‌و مەترسییەش بەدوور بگرین‌و ساڵێكی تر هەموومان بە تەندروستییەكی باشەوە یادی بۆنەكانمان و مێژوی سەركەوتنەكانمان بكەینەوە و سەری رێز بۆ قوربانیانی گەلەكەمان دابنەوێنین و ئاگری نەورۆزی سەركەوتن لەسەرتاسەری كوردستانی گەورەدا بكەینەوە ،هەر بەم شێوەیەش دەتوانین وەفای خۆمان بۆ رابردووی ئەم نەتەوە مەزنە دەرببڕین .
‎دووبارە جەژنی نەورۆز لە ھەموولایەك پیرۆزبێ 

* ‎ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
‎٢١ی ئازاری ٢٠٢٠

 

وتاری زیاتر


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو