د.مه‌دیحه‌ سۆفی

پەتای کۆرۆنا (کۆڤید-١٩)

  2020-03-22 19:08      178 جار بینراوە        کۆمێنت

ئەگەرچی زانست لەمڕۆدا گەیشتووەتە ئاو ئاستەی کە تاڕادەیەك تەندروستیی خەڵك بپارێزێ، لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە بارودۆخێك دێتەکایەوە، کە زانست دەستەوەستان دەکات و بەهرەو هەوڵەکانی مرۆڤ بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو حاڵەتەدا رۆڵی سەرەکی دەبینن، وەکو ئەم پەتاو درمەی لەم کاتەدا بەهۆی ڤایرۆسی کۆڕۆنا (کۆڤید-١٩)وە لە تەواوی جیهاندا بڵاوبۆتەوە.
زانست بوارێکی دینامیکییە، هەمیشە لە گۆڕاندایە، بەڵام  هۆکاری زۆرێک لە نەخۆشییە درمییەکانیش هەر ئەو ڤایرۆسانە نین کە هەن و جیاکراونەتەوە و چارەسەریان بۆ دیاریکراوە، بۆ نموونە ئەم ڤایرۆسی کۆڕۆنایە، ڤایرۆسێکی نوێیە و بە بواری زانستی پزیشکی ئاشنا نییە، بۆیە لەکاتی سەرهەڵدانی درمێکی لەو جۆرەدا، دەبێ سیفات و هەڵکردن و ژینگەی ئەو ڤایرۆسە ئاشکرا بکرێت و هەروەها  دەرەنجامەکانی بە چەندەها جۆر تاقیکردنەوە لە تاقیگە، تۆمار بکرێت و زانیاریی لەو بارەوە کۆبکرێتەوە.
ئێستا هەرچی سەنتەر و ناوەندی زانستی پزیشکی و لابوری مایکرۆبایۆلۆژی و ڤیرۆلۆژی هەیە لە تەواوی وڵاتە پێشکەوتووەکاندا، سەرقاڵی گەیشتنن بە سەرەداوێك کە بتوانن لەوێوە رێگەچارەیەك بۆ لەناوبردن و وەستاندنی بدۆزنەوە.
کۆمەڵە ڤایرۆسی کۆڕۆنا، بۆ یەکەم جار لە شەستەکاندا دۆزرایەوە. تووشی مرۆڤ و هەندێک جۆری ئاژەڵ دەبێت؛ بۆنموونە باڵندە و شێردەرەکان.
تووشبوون بەم ڤایرۆسە مرۆڤ تووشی نەخۆشیی وەکو سەرمابردەڵەیی و تاولەرز و بەتایبەتی هەندێک نەخۆشیی ترسناكی کۆئەندامی هەناسەدان دەکات. ئەم جۆرە ڤایرۆسی کۆڕۆنایەی ئێستا بڵاوبۆتەوە، جۆرێکی نوێیە بە ناوی (کۆڤید-١٩) و هێشتا بواری پزیشکی ڤاکسینی بۆ دانەهێناوە، بۆیە چارەسەر و بەرپێگرتنەکەی، نە ئاسانە و نە دەزانرێت تا کەی بەردەوام دەبێت.
چۆن نەخۆشی کۆڕۆنا تەشەنەی کرد؟
*یەکەم نەخۆشی تووشبوو بەم ڤایرۆسە، لە ٨ی کانونی یەکەمی ٢٠١٩ لە وڵاتی چین لە شاری وۆهان تۆمارکرا.
*لە ٣١ ی کانونی یەکەمی ٢٠١٩ دا، ئەم نەخۆشییە بە فەڕمی لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO)دا وەکو (درم) ڕاگەیەنرا.
*لە ١ ی کانونی دووەمی ٢٠٢٠ دا، بازاڕێکی گەورە لە شاری وۆهان لە چین داخراوە، بە بازاڕی ئاژەڵ ناوبراوە.
*لە ٧ ی کانونی دووەمی ٢٠٢٠ دا، ئەم فایرۆسە جودا کرایەوە و سیفات و بۆماوەکانی دیاری کرا، لە نێودەوڵەتیدا وەکو ڤایرۆسێکی نوێ تۆمار کرا.
*لە ١٣ ی کانونی دووەم ٢٠٢٠ دا، یەکەم حاڵەتی ئەم نەخۆشییە، لە دەرەوەی چین تۆمار کرا.
ناوەندی کۆخ بۆ نەخۆشییە درمییەکان لە ئەڵمانیا بەبەردەوامی تەواوی زانیارییەکان دەخەنەڕوو و ھۆشداری دەدەن لەوەی کە:
-ئەم نەخۆشییە بە هەند وەربگرن
-بە دڵنیاییەوە زیاتر بڵاودەبێتەوە
-ئاگاداریی دەستشوشتن و خۆپاراست ببن
-وا بە ئاسانی ناتوانین کۆنتڕۆڵی بکەین
-تێکەڵاوبوون کەم بکەنەوە، یا ھەر نەبێ
بڵاوبوونەوەی ئەم درم و پەتایەی لە ئێستادا هەیە بە ناوی (کۆڕۆنا = کۆڤید١٩) پسپۆڕ و شارەزاکانی مایکرۆبیۆلۆژی بەرەو گەڕان و دۆزە دۆزەی زانستی بردووە، بەڵام. ئەگەرەکانیان لە توێی ئەزمووندا هێشتا سەری نەگرتووە، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئەو ڤایرۆسە، نەناسراوە و نازانرێت بۆ ماوە و دژەکانی چۆن کاردانەوەیان دەبێ لە کارلێکردنەکانی نێو تاقیگەدا و لەگەڵ دژە تەنەکاندا.
هەندێك لە نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە، لێکچوونی هەیە لەگەڵ پەتا و لەرزوتای ئاسایی، بەڵام بە گشتی نیشانە دەرکەوتووەکانی بریتین لە:
کۆکین.
– تا لێهاتن.
– قوڕگ ئێشە.
– هەناسە توندی.
هەر وەکو نیشانەکانی سەرەتای تووشبوون بە هەڵامەتە، بەڵام لە هەندێک حاڵەتی تونددا سك ئێشە و سكچوونیشی لەگەڵ دەبێت و  لە قۆناغەکانی کۆتایی هەندێک حاڵەتیش کۆئەندامی هەناسەدان زۆر هەراسان دەکات و لەبەر ئەوەی :
*ئەم ڤایرۆسە نوێیە، سیفاتەکانی نەزانراوە
*بە کایەی تەندروستی نائاشنایە
*هێشتا ڤاکسینی (لقاح)ی تایبەتی بۆ نەدۆزراوەتەوە
*لە ئێستادا چارەسەکەی بەردەست نییە.
بۆیە جگە لە خۆپاراستن، هیچ رێگایەکی تر نییە بۆ تووشنەبوون بەم نەخۆشییە، لە ١١ ی ئازاردا رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ تەندروستی، ئەم پەتایەی  بە درمێکی نێودەوڵەتی ئەژمار کرد.
هەندێ لەو رێنماییە گرنگانەی کە پێویستن وەک خۆپارێزیی:
-دەستشوشتنی بەردەوام، خۆ بەدوورگرتن لە یەکتری (زۆر  گرنگە).
-لە کاتی پژمیندا، دەم نەخرێتە نێو هەردوو لەپی دەستەوە، بەڵکو بخرێتە نێو ئانیشكەوە.
-ئەم درمە لە رێی پژمین، تەوقەکردن، بەریەك کەوتن لەگەڵ یەکتردا بڵاو دەبێتەوە.
-رێژەی مردن لەم نەخۆشییەدا دەگاتە ٢٪، بە پێی رای شارەزایان، چین درەنگ زانیاریی لەم بارەوە راگەیاندووە.
-چارەسەرەکان وا بە خێرایی ئامادە ناکرێن.
-هەڵگری ئەم ڤایرۆسە دەبێ بۆ دوو هەفتە لە خەڵك داببڕێن و بخرێنە کەرانتێنەوە.
-نەچوونە شوێنی قەڕەباڵغ، باشترین خۆپاراستنیش مانەوەیە لە ماڵەوە و دەرنەچوونە دەرەوەیە، تا کۆنتاکتەکان کەمتر ببنەوە.
بۆ ئاگاداریی هەموو هاووڵاتیان، باشترە بۆ ماوەی چەند هەفتەیەك، ئەگەر بکرێ، مانەوە لە ماڵەوە و دوورکەوتنەوە لە بازاڕ و کۆبوونەوە و بۆنەکان، قەدەغەکردنی سەرجەم ئەو چالاکییە وەرزشی و هونەرییانەی، خەڵکێکی زۆری تێدا ئامادە دەبێت. لە ئەوروپا زۆربەی ئەو چالاکییانە راگیراون، ئەم ڤایرۆسە بە بەتایبەتی مەترسیی لەسەر ئەو کەسانە هەیە کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، لەبەرئەوەی سیستمی بەرگریی ئەو نەخۆشانە لاوازن و توانای بەرگریکردنیان نییە.
دەبێ ئەوەش دووبارە بکەینەوە، کە پڕژەی کۆکین و پژمین و نزیکبوونەوەی زۆر لە یەکتر، راستەوخۆ ئەو نەخۆشییە دەگوازێتەوە، راگرتنی پاکوخاوێنی بەگشتی، رۆڵی سەرەکی دەبینێ، بەپێی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ئێستادا نزیکەی ٢٥ جۆر لەو ڤاکسینانە هەن، بۆ تاقیکردنەوە و زانینی ئاستی کاریگەرییان، تا بتوانرێت وەکو ڤاکسینی چارەسەر بەکاربهێنرێت، بەڵام ئەم هەوڵانە کات و پشووی دەوێت، تا دەگەنە دەرئەنجامێکی تەندروست.
ئێستا وڵاتەکانی وەکو چین، ئیتاڵیا، ئێران، کۆریای باشوور، ئەم ڤایرۆسەی بە شێوەیەکی بەربڵاو تێدا تەنیووەتەوە، تەنانەت بڵاوبوونەوەی لە هەندێک وڵاتی ئەوروپایی وەکو ئەڵمانیا و فەڕەنسا زۆر بەخێرایی بووە، دەبێت بۆ ماوەی چەند هەفتەیەك تەواوی خوێندنگە و چالاکییەکان رابگێرێت و تێکەڵبوون کەم بکرێتەوە.
 ئایا بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی رۆڵی دەبێت یا نا؟
 وەڵامی ئەم پرسیارە هێشتا روون نییە و زاناکان لەگەڵ وڵامەکەیدا کۆك نین، هەموو جیهان سەرقاڵی تەشەنکردنی ئەم ڤایرۆسەیە، زۆر وڵات هۆشداریی پێشوەختی راگەیاندووە، بابەتێکە دەبێت جەخت لەسەر پەیڕەوکردنی رێنماییەکان بکرێتەوە و خۆپاراستن باشترین و تەنها رێگەیە، هەر تەندروست بن.
*هاوسەرۆکی رێکخراوی سەوزی ئەوروپی – کوردستانی

وتاری زیاتر




نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو