مەلا بەختیار

هەڵسەنگاندنی كتێبی (من العالم الثالث الی الأول)

  2020-03-29 17:47      76 جار بینراوە        کۆمێنت

بەشی بیست‌و نۆهەم
(چارەسەركردنی كێشەی پێكهاتەكان.. بەخزمەت نەك بەچەوساندنەوە)
وڵاتانی فرە پێكهاتەی ناكۆك، بەدرێژایی مێژوو، كێشەیان هەبوەو هەیە، چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشە سیاسی‌و كۆمەڵایەتییەكانیان، ئەركێكی بنچینەیی حكومەت‌و هێزە سیاسیەكانە، ئاشكراشە، كێشەی زۆری نەتەوەكانیش هەیە، ئێستاش چارەسەر ناكرێ‌. بەڵكو تاوانیشیان بەرامبەر دەكرێ‌. لەوانە: كورد، بلوج، ئازەری، ئەمازیغی، تامیلی، ئەرمەنی، چەركەسی..تاد.
لەسەنگاپورەدا، بەسیستەمی كارای دیموكراسی‌و نیشتەجێكردن‌و خوێندن، زۆربەی ئەو كێشانەیان چارەسەركردووە، هەر كە (پارتی گەل) هاتۆتە سەر كار، كێشە دوای كێشەی چارەسەر كردووە، لەناو ئەماندا: مەلاوی، چینی، سەنگاپوری، ئیسلامی، مەسیحی‌و بوزی هەبوون، بۆ چۆنیەتی چارەسەر ئەمانەی خوارەوەیان كردووە، وەكو سەرۆكەكەیان دەنووسێ‌:
"هەندێك كاروباری هەستیار هەن، ناكرێ‌ ئاشكرا مشتومڕیان لەسەر بكرێ‌، وەكو كۆبوونەوەی مەلاویەكان لەشوێنی نەشیاوی بێ‌ خزمەتگوزاری لەدەرەوەو ناوەوەی ئەو ناوچانەی كۆلۆنیالیزم ناویان لێنان (ئۆردوگای مەلاویەكان). دوای سەربەخۆیی 1965 ویسترا ناوچەیەكیان بۆ تەرخان بكرێ‌ بەخۆڕایی، كەچی كەمترینیان قبوڵیان دەكرد، هەرچەندە ناوچەكەشیان قوڕاوی‌و كوخی لەدار دروستكراو بوون، كارەباو ئاویان نەبوو".(ل266-267)
كێشەی گەورەی ئەم جۆرە پێكهاتانە ئەوەیە كە دەیان ساڵ لەشوێنێكدا كۆدەبنەوە، دابونەریتی پێكەوەژیان، سۆزی نەتەوەیی، كەلەپووری‌و كۆمەڵایەتی بەهێزیان دەبێ‌. بڕوانن چییان بۆ كردون هەتا قایلیان بكەن:
"بەپێی پلانی درێژخایەنمان بۆ بونیاتنانەوەی سەنگاپورەو دابینكردنی خانوو بۆ هاووڵاتی، بڕیارماندا مەلاوییەكان دابەش‌و تێكەڵاویان بكەین لەگەڵ چینی‌و هیندی‌و خەڵكانی دیكەش، لەكاتی دابەشكردندا پێویست بوو شێروخەتیان بۆ بكەین بۆ دابەشكردنی شوقەكان".(ل267)
گرفتی گەورەیان، لەو ئاوەدانكردنەوەدا، رووخاندنی مزگەوتێكی لەتەختە دروستكراو بووە. دەڵێ‌:
"كاتێك ویسترا مزگەوتەكە بڕوخێندرێ‌، موسڵمان كۆبوونەوەو دەیانگوت: ئەم كارە دژایەتی ئیسلامە، دوای بێنەو بەردەیەكی زۆر، چەندین مزگەوتیان بۆ دروستكرا، ئینجا رازی كران"(ل267)
سەرەڕای ئەو هەوڵانە، پاشماوەی كێشەكان چارەسەرنەكراوە، دەڵێ‌:
"هەرچەندە رەگەزەكانمان تێكەڵكرد، بەڵام هەر لەشوێنی تایبەتی كۆدەبوونەوەو ئاڵوگۆڕیان بەشوقەكانیان دەكرد، هەتا پێكهاتەكان لەیەك نزیك ببنەوە، ساڵی 1989 ناچاربووین رێژەی رەگەزەكانمان لەسەر كۆمەڵە خانووەكان دیاری كرد، بۆ مەلاویەكان (25%)‌و بۆ هیندیەكان (13%)‌و...هەروا بۆ رەگەزەكانی تریش.
ئەم دیاریكراوییە، رەگەزەكان، بۆڕبۆڕێنی رەگەزایەتی لەسەر كڕینی شوقەكان كەمكردەوەو نرخیشی دابەزاند".(ل269)
لەپێشەوە، بەخزمەتگوزاری دەستیان پێكردووە، پاشان بەڕێكخستنەوەی شارستانی‌و كۆمەڵایەتی، بەزۆرە ملێ كارەكەیان، تەنانەت لەگەڵ مزگەوت‌و موسڵمانەكانیش نەكردووە، كە بنەمای ژیان‌و گوزەران گۆڕدرا، بیركردنەوەش دەگۆڕدرێ‌، رق‌و كینەی رەگەزو پێكهاتەش كەم دەبێتەوە.. ئیتر وزەكان بۆ فەرمانگەو خوێندن‌و پێشكەوتن تەرخاندەكرێ‌.
لەبەشی ئایندەدا، بۆ پشكی هەڵبژاردن‌و خوێندنی زانستی پێكهاتەكان، دەنووسین. نموونەی جوانن.

وتاری زیاتر









وڵاتانی عەرەبی سەدەیەك شكست‬ مەلا بەختیار
2020-05-14 10:56      61 جار بینراوە


وڵاتانی عەرەبی سەدەیەك شكست‬ مەلا بەختیار
2020-05-10 00:09      54 جار بینراوە

وڵاتانی عەرەبی سەدەیەك شكست‬ مەلا بەختیار
2020-05-09 22:56      71 جار بینراوە




وڵاتانی عەرەبی سەدەیەك شكست‬ مەلا بەختیار
2020-05-04 14:43      42 جار بینراوە




وڵاتانی عەرەبی سەدەیەك شكست‬ مەلا بەختیار
2020-04-28 16:52      70 جار بینراوە


وڵاتانی عەرەبی سەدەیەك شكست‬ مەلا بەختیار
2020-04-26 01:12      62 جار بینراوە


وڵاتانی عەرەبی سەدەیەك شكست‬ مەلا بەختیار
2020-04-25 15:08      60 جار بینراوە

وڵاتانی عەرەبی سەدەیەك شكست‬ مەلا بەختیار
2020-04-24 22:15      55 جار بینراوە






نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو