جەبار میرزا رۆستەمی

پێویستە كورد خۆی بۆ پێشهاتەكانی عیراق ئامادەبكات

  2020-04-04 17:09      208 جار بینراوە        کۆمێنت

عیراق ئێستا لەدۆخێكی ناهەمواری نزیك لەكارەساتدایە، لەلایەك دابەزینی نرخی نەوت و لەلایەكی دیكەوە بڵاوبوونەوەی خێرای پەتای كۆرۆنا تەنگیان پێ هەڵچنیوە، سەرباری ئەم دۆخەش لەڕووی سیاسییەوە لەبەردەم پێشهاتێكی چاوەڕوانكراوی ئاڵۆزدایە، چونكە یەكلاییبوونەوەی ململانێی سەختی نێوان دوو جەمسەری گەورە لەسەر ئایندەی فەرمانڕەوایی عیراق زۆر نزیكبووەتەوە.
خواستی ستراتیژی ئەمریكا لەعیراق زۆر روونەو بەئاراستەی پێكهێنانی حكومەتێكی نیشتمانیی سەقامگیر كاردەكات، كەئەو حكومەتە هەموو بەرژەوەندییەكانی خۆی و هاوپەیمانەكانی دابینبكات و بەتەواویش لەژێر هەژموونی ئێران دەریبهێنێت، دیارە ئەو ستراتیژەش لەگەڵ بوونی دەسەڵاتی سەربازی حەشدی شەعبی ناگونجێت، بۆیە ئەگەری راماڵینی ئەو واقیعە بەرجەستەیە بۆ ئەمریكییەكان دەشێت كراوەترین  بژاردەی چاوەڕوانكراو بێت كە بەگەڕبخرێت.
لەبەرامبەردا خواستی ستراتیژی حەشدی شەعبی كەنوێنەرایەتی جەمسەری هیلالی شیعی و هاوپەیمانی ئێران دەكەن دەیانەوێت فەرمانڕەوایەتییەك لەعیراق بچەسپێنن كە بەتەواوی لەژێر ركێفی خۆیاندا بێت و هەموو هێزەكانی هاوپەیمانان لەعیراق وەدەربنێن و خۆیان خاوەندارێتی راستەقینەی عیراق بكەن و سیستەمێكی ناوەندیی بەرقەرار بكەن كە تەنها خۆیان بەشێوەی زۆرینە تیایدا باڵادەست بن لەهەموو روویەكەوە.
بۆیە پێكهێنانی حكومەتی نوێ و توانای بەردەوامبوونی لەعیراقدا بووەتە پرۆسەیەكی ئاڵۆز، چونكە ئەگەر حكومەتێك لەبەرژەوەندی جەمسەری حەشدی شەعبی پێكبێت، ئەوا مەحاڵە ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی پەسەندی بكەن، ئەگەر حكومەتێكی لەبەرژەوەندی جەمسەری ئەمریكا دروستبێت ئەوا مەحاڵە جەمسەری حەشدی شەعبی پەسەندی بكەن، كەواتە لەو حاڵەتەدا كەڕێك ئێستا عیراق لەم قۆناغی بەریەككەوتنی ئەو دوو جەمسەرەدایە، لەسەر یەكلاییكردنەوەی پێكهێنانی حكومەت و ئایندەی ستراتیژیی ئەم دەوڵەتە، بۆیە یان دەبێت هەردوو جەمسەر تەوافوق بكەن لەسەر فۆڕمێك كەئەمە بەپێی لێكدانەوەی هەموو ناوەندە سیاسییەكان دوورە، یان پێچەوانەی ئەوە پێشبینی تێكچوونی دۆخەكەو پێكدادانی یەكلاییكەرەوەی توند لەهەموو پێشبینییەك نزیكترە، چونكە بواری سیناریۆو بژاردەی ئەڵتەناتیڤی دیكە زۆر بەرتەسك بووەتەوە.
كەواتە كورد لەواقعێكی وا چاوەڕوانكراودا پێویستە بەیەكڕیزی و یەكجەمسەریی خۆی بۆ هەر پێشهاتێك لەعیراق ئامادەبكات و بۆهەر ئەگەرو بژاردەیەك ئەویش سیناریۆو نەخشەڕێگای پێشوەختی هەنووكەیی و ستراتیژیی نیشتمانیی هەبێت، بەتایبەتی بۆ ناوچە دابڕێنراوەكانی ماددەی (140) پێویستە پلانی كتوپڕ ئامادەو سازبكرێت، چونكە پێشهاتێكی چاوەڕوانكراوە.
 

 

وتاری زیاتر





نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو