جەبار میرزا رۆستەمی

توركیاو ئەگەری دەركەوتنی نەخشەی سیاسی نوێ

  2020-04-11 19:03      221 جار بینراوە        کۆمێنت

لەسەردەمی كۆتاییهاتنی فەرمانڕەوایی عوسمانی و سەرەتای دەستپێكردنی دەسەڵاتی كۆماری لەتوركیادا، نەخشەی سیاسی ناوخۆی ئەو دەسپێكە لەسەر بنەمای باڵادەستیی جەمسەری فاشیزمی سیكۆلار دامەزرا، بەجۆرێك هیچ بوارێك بۆ جەمسەرو بیركردنەوەی پێچەوانەو جیاواز لەو ئاراستەیە رێگەی پێنەدەدرا، بەڵكو هەر خودی دیموكراسی و هەڵبژاردنیش لەچوارچێوەی تەنها یەك جەمسەرو ئاراستەی باو پەیڕەو دەكرا.
دیارە توركیا بەهۆی كۆمەڵێك فاكتەر لەلایەن رۆژئاواو پاشان پەیمانی ناتۆ پشتیوانیی كوێرانەو رەهای لێدەكرا، بۆیە هەم لەئاستی دەرەوەدا سیاسەتێكی بزێوی پەلهاوێژی پیادەدەكردو هەمیشە لەگەڵ دراوسێكانیدا لەناكۆكی و ململانێدا بووە، لەئاستی ناوخۆشیدا سیاسەتێكی توندی سەركوتكەرانەی بەردەوامی لەهەمبەر بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردو ئەرمەن و هەر جوڵەیەكی نەتەوەیی و رۆشنبیری ئازادو هەروەها فكری هاوتەریب بەئیسلام بەشێوەیەكی شێلگیرانە بەگەڕخستووە.
پاشان لەگەڵ تێپەڕبوونی دەیان ساڵ لەو دۆخە باوە درێژخانەیەو پەیدابوونی گۆڕانكاری لەسەر ئاستی لەهەموو جیهان، ئەوا لەناوخۆی توركیاش زەمینەی ئاڵوگۆڕی لەسەرخۆی نەخشەی سیاسی لەبەرژەوەندی رەوتی نوێی بیری سیاسی هاتە پێش و سەرەنجام پارتی دادو گەشەپێدان بەسەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان جڵەوی فەرمانڕەوایی گرتە دەست و بەچەند قۆناغێك توانی دەستووری دەوڵەت و فۆڕمی ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی لەسەر تێرمی بیركردنەوەی خۆی بگۆڕێت. هەموو ئەو ئاڵوگۆڕو دەستكەوتانەشی بەهۆی پیادەكردنی سیاسەتی كرانەوەو چارەسەری دیموكراسیانەو دەرخستنی نیەتی نەهێشتنی كێشە ناوخۆیی و دەرەكییەكان و بەرنامەی چاكسازی دارایی و گەشەپێدانی ئابووری، توانی سەركەوتن بەدەستبهێنێت و لەبەرامبەر ركابەرەكانیشیدا زۆر بەهێزو خاوەن جەماوەر دەربكەوێت.
بەڵام لەكاتێكدا پارتی دادو گەشەپێدان پێگەی خۆی قایم كردو ئەردۆغانیش لەترۆپكی ئەو دەسەڵاتەدا بەشێوەیەكی تاكڕەوانە كەوتە جێبەجێكردنی ستراتیژی چەسپاندنی نەخشەی سەڵتەنەتی عوسمانی نوێ، دیارە بۆ ئەو ئامانجەش هەموو توانا دەستووری و سەربازی و ئابوورییەكانی دەوڵەتی خستەگەڕو لەئاستی ناوخۆدا بەشێوازێكی ئاشكرا كەوتە سەركەوتكردنی نەیارەكانی و بواری دیموكراسی و ئازادی بەڕادەیەكی ترسناك بەرتەسك كردەوە، بەتایبەتی لەسەر داواو خواستی پارتی نەتەوەپەرستی توركیاو دەوڵەت باخچەلی كەوتە دژایەتی پرۆژەی چارەسەری و تەواوی نەتەوەی كورد لەناوخۆی توركیاو ناوچەكەشدا، هەروەها لەسەر ئاستی دەرەوەش دەستی خستە ناو سووریاو لیبیاو عیراق و پەلی هاویشتە قەتەرو ئەفریقیاو بوو بەمایەی ئاڵۆزی و سەرئێشە بۆ ئاسایشی ناوچەو جیهان و تەنانەت توركیا لەئێستادا وەك كاراكتەرێكی نێگەتیڤ لەناو پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا تەماشادەكرێت یاخود باسدەكرێت.
هەڵبەتە ئەو ستراتیژو ئاراستەی سیاسییەی ئەردۆغان و پارتەكەی لەگەڵ ئەوەی بووەتە جێگای رەخنە لەئاستی ئەوروپاو ناتۆو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەوا لەئاستی ناوخۆشدا رووبەڕووی ناڕەزایی و بەرهەڵستكاری بووەتەوەو ئابوورییەكەی بەڕێژەیەكی بەرچاو رووەو داڕووخان هەنگاو دەنێ و لەئاستی سیاسیشدا خودی پارتی دادو گەشەپێدان چەندین پارتی لێ جیابووەتەوەو كەسایەتی كاریگەری وەك ئەحمەد داود ئۆغلۆو عەلی باباجان و دەیان كاراكتەری دیاری گۆڕەپانی سیاسیی توركیا لەهەڵبژاردنی ئایندەدا بەجیاو لەبەرامبەر پارتی دادو گەشەپێداندا دادەبەزن، ئەوە جیا لەوەی كوردو ئەرمەن و رەوتی خزمەت و پارتی گەلی كۆماری سەنگەر لەئەردۆغان و ئاكپارتی دەگرن و پێشبینی دەكرێت ئەردۆغان و پارتەكەی پاشەكشەیەكی بەرچاو بكەن و جڵەوی دەسەڵات لەدەستبدەن و نەخشەیەكی سیاسی نوێ لەتوركیا بێتە ئاراوە.
كەواتە كورد دەبێت لەئێستاوە ژیرانە داشەكانی خۆی بجووڵێنێ و هێزە نەتەوەیی و جەماوەرییەكەی خۆی بەباشی بەكاربهێنێ و لەهاوكێشەی داهاتوودا هەوڵ چوونە ناو ئەو هاوپەیمانێتییە چاوەڕوانكراوە گەورەیە بدات كەتوانای چوونە دەسەڵاتی هەیە، چونكە ئەو نەخشە سیاسییە نوێیەی لەدەرەنجانی ئەو گۆڕانكارییانە دێتە ئاراوە، ئەوا پێویستی بەلیست و پێگەی كورد دەبێت بۆ پرۆسەی تەواوكاری، بۆیە لەو قۆناغەدا پێویستە كورد بەڕەچاوكردنی ئەزموونەكانی و پێشووی و بە لەبەرچاوگرتنی واقیعی هەنووكەیی ئەوا وەك كاراكتەرێكی چالاك و یاریزانێكی وریاو بەئەجێنداو نەخشەیەكی روونەوە لەگەڵ ئەو هێزە ئۆپۆزسیۆنە گونجاوەی ئێستادا بچێتە ناو ئەو گەمە ئاڵۆزو هاوكێشەیەی كەچاوەڕێ دەكرێت بەرقەرار بێت، نابێت لایەنە كوردییەكان لەو قۆناغەدا وەك هێزی نەتەوەیی بەرهەڵستی تەواوی سیستم و پرۆسەكە بكەن، بەڵكو پێویستیان بەپەیڕەوكردنی سیاسەتی خۆگونجاندن هەیەو پێویستە بەیەكگرتوویی وەك یەك هێزی سیاسی هەوڵی چوونەناو پرۆسەكە بدەن و لەچوارچێوەی هاوپەیمانیەكی گونجاودا ببنە بەشێك لەو هێزانەی كەجەمسەری دەسەڵات پێكدێنن لەناو نەخشەی سیاسی نوێی توركیادا.

وتاری زیاتر





نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو