قادر عەزیز

داستانی کۆرێ

  2020-04-12 14:34      137 جار بینراوە        کۆمێنت

رێکه‌وتنی ژێر خێوه‌ته‌که‌ی (ێه‌فوان) بۆ وه‌ستاندنی شه‌ر لەنێوان هاوپه‌یمانان و رژێمی به‌غدا، ده‌رفه‌تێکی بەڕژێمدا که‌ بپرژێته‌وه‌ سه‌ر داگیرکردنه‌وه‌ی شارو شارۆچکه‌ رزگارکراوه‌کانی باشووری عیراق و کوردستان، بەتایبه‌تیش که‌ له‌م رێکه‌وتنه‌دا مافی به‌کارهێنانی فرۆکه‌ی هه‌لیکۆپته‌ر بەڕژێم درابوو، که‌ ئه‌مه‌ش هاوکێشه‌ی هێزی لەشه‌ڕه‌کاندا بەقازانجی رژێم گۆڕی، ئه‌وه‌ بوو رژێم لەڕێگه‌ی به‌کارهێنانی هه‌لیکۆپته‌ر توانی لەماوه‌یه‌کی که‌مدا راپه‌رینی خه‌ڵکی باشووری عیراق زۆر بەدڕندانه‌ سه‌رکوت بکات و دواتریش درێژه‌ به‌ په‌لاماردانه‌کانی بۆسه‌ر شارو شارۆچکه‌کانی کوردستان بدات، که‌ توانی بەهه‌مانشێوه‌ی باشووری عیراق به‌شی زۆری ئه‌و شارو شارۆچکانه‌ش لەماوه‌یه‌کی که‌مدا کۆنترۆڵبکاته‌وه‌، هێزه‌کانی به‌ره‌ی کوردستانیش ئه‌وکاته‌ به‌هۆی که‌میی کاته‌کەو نه‌بوونی پلانێکی تۆکمه‌ وه‌ک پێویست توانای به‌رگری هێزه‌کانی رژێمیان بۆ سه‌ر شاره‌کان نه‌بوو.
خه‌ڵکی کوردستانیش لەترسی تۆڵه‌کردنه‌وه‌ی هێزه‌کانی رژێم و وه‌ک ره‌تکردنه‌وه‌یه‌کیش لەگه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی داگیرکه‌ر بۆ کوردستان شاره‌کانی چۆڵکردو له‌کۆره‌وێکی ملیۆنیدا خۆی گه‌یانده‌ سنووره‌کانی هه‌ردوو وڵاتی ئێران و تورکیا، وێنه‌ تراژیدیایه‌کانی کۆره‌وی خه‌ڵکی کوردستان له‌سه‌ر سنووره‌کان رای گشتی دونیای هه‌ژاند، بۆیه‌ زۆری نه‌برد لەژێر ئه‌و فشاره‌دا ئه‌نجومه‌نی ئاسایش بریاری (688) بۆ دروستکردنی ناوچه‌ی ئارام و دژه‌ فرینی کوردستان ده‌رکرد، رژێم دوای کۆنترۆڵکردنه‌وه‌ی شاره‌ گه‌وره‌کانی کوردستان و هاوکات له‌گه‌ڵ ده‌رچوونی بریاری (688) هێزه‌کانی بۆ گه‌یشتنه‌ سنووره‌کان جوڵاند، لەهه‌ولێر دوای داگیرکردنه‌وه‌ی پیرمام و سه‌ری ره‌ش هێزه‌کانی لەئاماده‌باشیدابوو بۆ کۆنترۆڵکردنه‌وه‌ی شه‌قڵاوەو جاده‌ی هاملتۆن، لەبه‌رامبه‌ردا سه‌رکردایه‌تی به‌ره‌ی کوردستانی ده‌بوایه‌ بەهه‌ر نرخێک بێت پێشڕه‌ویی هێزه‌کانی رژێم بوه‌ستێنێ، بۆ ئه‌مه‌ش باشترین شوێن گه‌لی کۆرێ بوو، ئه‌وه‌بوو لەدوای چه‌ند کۆبوونه‌وه‌یه‌ک له‌ ر‌واندزو سارداوو دواجاریش لەباڵه‌کیان نه‌خشه‌ی شه‌ره‌که‌ بڕیاری لێدرا، کاک مسعود بارزانی به‌رپرسی به‌ره‌ی کوردستانی بوو لەهه‌ردوو پارێزگای هه‌ولێرو دهۆک، کاک کۆسره‌ت و کاک سامی عبدالرحمان و کاک فازڵ میرانی و به‌نده‌ش وه‌ک سه‌رکردایه‌تی به‌ره‌ هاوکاری بووین.
دوا کۆبوونه‌وه‌ی به‌ره‌مان لەڕۆژی (10/4/1991) لەگوندی (باله‌کیان) لەماڵی حسین ئاغای گونده‌که‌ بوو، زانیاری ته‌واو هه‌بوو که‌ به‌یانی رژێم هێرشه‌که‌ی ده‌ستپێده‌کات، بۆیه‌ دوای ته‌واوبوونی کۆبوونه‌وه‌که‌ من یه‌کسه‌ر به‌ره‌و خه‌لیفان به‌ڕێکه‌وتم بۆئه‌وه‌ی ئه‌و هێزه‌ی له‌وێ هه‌مانه‌ له‌گه‌ڵ هێزێکی پارتی گه‌ل بەسه‌رپه‌رشتی کاک پاڵه‌ که‌ لەباره‌گاکه‌ی ئێمه‌ بوون له‌گه‌ڵ خۆم ببه‌م بۆ به‌ره‌ی شه‌ره‌که‌، ئه‌وه‌بوو دانی ئێواره‌که‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو هێزه‌که‌ چووینه‌ (حوجران) که‌ شوێنی کۆبوونه‌وه‌ی هێزه‌کانی به‌ره‌ی کوردستانی بوو، که‌ گه‌یشتینه‌ حوجران کاک کۆسره‌ت که‌ سه‌رپه‌رشتی به‌ره‌ی شه‌ره‌که‌ی ده‌کرد هێزه‌کانی دابه‌شکردبوو، لەڕۆژهه‌ڵاتی گه‌لی کۆرێ هێزه‌کانی یه‌کێتی و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی و ئه‌و هێزه‌ هاوبه‌شه‌ی ئێمه‌ش زه‌حمه‌تکێشان و پارتی گه‌ل جێگیرکران، رۆژئاوای به‌ره‌که‌ش بەهێزه‌کانی پارتی و شیوعی و سۆسیالیست سپێردرابوو، وه‌ک چاوه‌ڕوان ده‌کرا به‌یانییه‌که‌ی (11/4/1991) کاتژمێر (5) هێرش و په‌لاماره‌که‌ی رژێم ده‌ستیپێکرد.
ده‌بابه‌کانی رژێم لەپێشه‌وه‌ی هێرشه‌که‌دا بوون، به‌ڵام زۆری نه‌برد هێرشه‌که‌ی رژێم له‌سه‌ر ده‌ستی قاره‌مانانه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ تێکشکێندراو چه‌ندین ده‌بابه‌ش لەشه‌ڕه‌که‌ سووتاو ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرا، هێزه‌کانی یەكێتی که‌ کاک کۆسره‌ت و شه‌هید حەسەن کوێستانی سه‌رپه‌رشتیان کرد رۆڵێکی گه‌وره‌یان لەیه‌کلاییکردنه‌وه‌ی شه‌ڕه‌که‌دا هه‌بوو، هه‌روه‌ک هێزه‌که‌ی زه‌حمه‌تکێشانیش شان بەشانی هێزه‌کانی یەكێتی رۆڵی کاریگه‌ریان لەشه‌ڕه‌که‌دا بینی، ته‌نانه‌ت لەگه‌یشتنه‌ سه‌ر ده‌بابه‌کانیش، له‌بیرمه‌ لەگه‌ڕانه‌وه‌یاندا له‌ناو یه‌کێ لەده‌بابه‌کاندا برێکی زۆر لەپاکه‌تی سۆمه‌رو جل و میکیاجی ژنانه‌یان هێنابوو، دیاربوو سه‌ربازه‌کانی رژێم لەتاڵانکردنی دوکانه‌کانی هه‌ولێردا ده‌ستیان که‌وتبوو، ده‌بێ بگوترێ که‌ ئه‌م داستانه‌ گه‌وره‌یه‌ بەخوێنی (11) شه‌هیدی قاره‌مان نووسرایه‌وه‌ ، که‌ (9) پێشمه‌رگه‌ی یه‌کێتی و (2) پێشمه‌رگه‌ی بزووتنه‌وه‌ بوون، هه‌روه‌ک لەشه‌ڕه‌که‌دا دکتۆر سه‌ردار که‌ سه‌رپه‌رشتی هێزه‌که‌ی زه‌حمه‌تکێشانی ده‌کرد برینداربوو، به‌مجۆره‌ شه‌ری کۆرێ وه‌ک نه‌خشه‌ی بۆ کێشرابوو شه‌رێکی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ بوو لەوه‌ستاندنی پێشڕه‌ویی هێزه‌کانی رژێم لەکوردستاندا، دیاره‌ لەناوچه‌ی سلێمانیش هێزه‌کانی یەكێتی به‌هه‌مانشێوه‌ پێشڕه‌ویی هێرشه‌کانی رژێمیان وه‌ستاندبوو، سه‌رکه‌وتنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان له‌م شه‌ڕانه‌دا بۆ دواجار هاوکێشه‌ی هێزی بەقازانجی کوردو هێزی پێشمه‌رگەو به‌ره‌ی کوردستانی گۆڕی و رژێمی ناچار بەدانیشتن و گفتوگۆ کرد.
شکستی گفتوگۆش دواجار چه‌ندین هه‌نگاوی گه‌ورەو مێژوویی به‌دوای خۆیدا هێنا له‌ناویاندا کشانه‌وه‌ی ئیداراتی رژێم لەکوردستان و هه‌ڵبژاردن و پێکهێنانی په‌رله‌مان و حکومه‌تی کوردستان و راگه‌یاندنی فیدرالیزم. 
لەیادی (29) ساڵه‌ی داستانی مێژوویی کۆرێدا سڵاو لەگیانی پاکی شه‌هیدانی کوردستان و لەهێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان، سڵاو لەیه‌کده‌نگی و یه‌کڕیزی گه‌لی کوردستان و هێزه‌ سیاسییه‌کانی که‌ سه‌رکه‌وتن و ده‌سکه‌وته‌ گه‌وره‌کان هه‌میشه‌ به‌رهه‌می ئه‌و یەكێتی و یه‌کڕیزییه‌ بووه‌.

وتاری زیاتر



نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو