لوقمان غەفوور

بۆ WHO شكستی هێناوه‌!

  2020-04-12 15:14      64 جار بینراوە        کۆمێنت

دوای 72 ساڵ لەدامه‌زراندنی، رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی (WHO) تووشی شه‌رمه‌زاریی گه‌وره‌ بووه‌، له‌دوای له‌ناوبردنی سویرێژەو دڕكەو مێكوتەو چه‌ندین نه‌خۆشی قورسی ترو خه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌م سه‌ركه‌وتنانه‌، لەئێستادا بوون بەدروستكه‌ری گه‌نده‌ڵی بۆ رێكخراوه‌كه‌.
له‌ 30 دیسێمبه‌ری 2019، دكتۆر لی وین لیانگ پزیشكی به‌توانای چینی هۆشداریدا له‌وه‌ی كه‌ نه‌خۆشییه‌ك هاوشێوه‌ی هه‌وكرددنی توندی سییه‌كان (سارس) لەئارادایه‌ كه‌ ساڵی 2003 بوو به‌ بروسكه‌یه‌ك بۆ هه‌موو دنیا، به‌رپرسێكی وه‌ك لیانگ هه‌ستی بەترسی كوشنده‌یی په‌تاكه‌ كرد، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی چین پاداشتیان نه‌كرد، به‌ڵكو بانگیان كرد بۆ نووسینگه‌ی ئه‌منی گشتی وۆهان و تۆمه‌تی ئه‌وه‌یان دایه‌ پاڵ كه‌ لێدوانه‌كانی درۆینه‌ن و دووریان خسته‌وه‌ لەخزمه‌تی گشتی.
حزبی شیوعی چینی چه‌ند په‌رستیارێكیان ده‌ستگیركردو ته‌مبێكردنیاندا به‌گوێی هه‌ر كه‌سێك لەتۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان پروپاگه‌نده‌ بكات و تووشی لێپێچینه‌وه‌ش ده‌بێت.
به‌درێژایی مانگی جێنیوه‌ری 2020، پزیشكییه‌ چینییه‌كان دركیان به‌وه‌ كرد كه‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ لەمرۆڤه‌وه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ مرۆڤ، به‌ڵام 14ی جێنیوه‌ری رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی رایگه‌یاند، كه‌ هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی ئاشكرا نییه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی كۆرۆنا ڤایرۆس لەكه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكی تر.
دوو هه‌فته‌ دوای ئه‌م قسانه‌، تیدۆرس ئادهانووم گێبریسوس به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی له‌گه‌ڵ شین جین بینگ كۆبۆوەو سه‌رسامی خۆی ده‌ربڕی بۆ به‌رپرسانی چین كه‌ رێوشوێنی باشیان گرتۆته‌به‌ر بۆ كۆنترڵكردنی ڤایرۆسه‌كه‌، لەكاتێكدا رۆژانه‌ به‌ 10 هه‌زار كه‌س له‌ وۆهان ده‌مردن.
دوابه‌دوای ئه‌م سه‌ردانه‌ د.لی وینگ لیانگ له‌گه‌ڵ هه‌ستێكی نائارامدا، بێده‌نگ نه‌بوو لەناڕه‌زاییه‌كانی، به‌ڵام له‌چاوان ونبوو. له‌ناكاو راگه‌یه‌نرا كه‌ تووشی كۆرۆنا ڤایرۆس بووەو گیانی سپاردووه‌.
كاتێك له‌ 23ی جێنیوه‌ری 2020 لیژنه‌ی فریاگوزاری سه‌ر بەڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی گفتوگۆی كرد كه‌ كۆرۆنا ڤایرۆس لەحاڵه‌تی ئیمێرجنسی گشتیدایه‌، كه‌چی (تیدۆرس) ره‌تیكردۆته‌وه‌و هانی ئه‌ندامانی لیژنه‌كانی تری رێكخراوه‌كه‌ی داوه‌ حاڵه‌تی ئیمێرجسی رانه‌گه‌یه‌نرێت و بیانووی ئه‌وه‌ی هێناوه‌ته‌وه‌ كه‌ ژماره‌كان نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌وه‌ی حاڵه‌تی ئیمیرجنسی رابگه‌یه‌نرێت. به‌ڵام چاودێرانی نێوده‌وڵه‌تی به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كلایككه‌ره‌وه‌ داتا پڕ كه‌موكورتییه‌كانی ته‌ندروستی چین-یان ره‌تده‌كرده‌وه‌ كه‌ له‌و كاته‌دا به‌پێی چین هێشتا مردن نه‌گه‌یشتبووه‌ 20 كه‌س، له‌كاتێكدا یه‌كه‌م هه‌واڵ له‌ كه‌ناڵی سی ئێن ئێن بڵاوبۆوه‌ له‌ 16ی جێنیوه‌ری بڵاوبۆوه‌، به‌رپرسانی چین وایان بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ تا ئه‌وكاته‌ 2 كه‌س مردوون.
ئه‌م بێ باكییه‌ی به‌رێوه‌به‌ری رێكخراوه‌كه‌ وایكرد ده‌وڵه‌تانی دنیا دوابكه‌ون لەخۆئاماده‌كردن به‌رامبه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كەو سنووری وڵاته‌كه‌یان بەكراوه‌یی به‌رامبه‌ر چین هێشتبووه‌وه‌، جۆن ماكیزی ئه‌ندامی لیژنه‌ی فریاكه‌وتنی سه‌ر بەڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی بەداوای لێبوردنه‌وه‌ بەتۆڕی دی ده‌بلیوی ئه‌ڵمانی ده‌ڵێت: "شكستمان هێنا به‌هۆی راپۆرته‌ لاوازه‌كانی حزبی شیوعی چینییه‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ی بەهه‌ڵه‌دا برد".
دوای ئه‌وه‌ی 30 جێنیوه‌ری (تیدۆرس) به‌ناچاری حاڵه‌تی ئیمێرجنسی راگه‌یاند، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا لەپیاهه‌ڵدانی چین به‌رده‌وامبوو، له‌ 20 فێبریوه‌ری چه‌له‌حانێی ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ میدیادا ده‌كرد كه‌ رێوشوێنه‌كانی چین وایكردووه‌ ڤایرۆسه‌كه‌ بەجیهاندا بڵاونه‌بێته‌وه‌، له‌كاتێكدا له‌ 23 ی فێبریوه‌ری چین له‌وپه‌ڕی تووشبوون و مردندا بوو به‌پێی ئه‌و داتا ناڕاستانه‌ی كه‌ خۆی بڵاویده‌كرده‌وه‌.
(تیدۆرس) ترسی نه‌بوو له‌وه‌ی رووبه‌رووی سه‌ركرده‌كانی جیهان ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ وابه‌سته‌یه‌ بەمه‌سه‌له‌ی مردن و ژیانه‌وه‌. دواجار ئه‌مریكا لەگه‌مه‌ی تیدۆرس تێگه‌یشت، بۆیه‌ له‌ 31 ی جێنیوه‌ری سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ هاتوچۆی هاووڵاتیانی چین-ی بۆ ئه‌مریكا راگرت، هه‌رچه‌نده‌ كاتێكی دره‌نگ وه‌خت بوو، به‌ڵام (تیدۆرس) لێدوانێكی سه‌یری داو وتی: "راگرتنی گه‌شته‌كان له‌چینه‌وه‌ بۆ ئه‌مریكا دڵه‌ڕاوكێ و ترس زیادده‌كات، له‌گه‌ڵ سوودێكی كه‌می ته‌ندروستی".
به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی زانكۆی ساوسامبتۆن-ی ئینگلته‌را، رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی چاوپۆشی كردووه‌ له‌ به‌لارێدابردنی زانیاری كاربه‌ده‌ستانی سیاسی چین و ئه‌و گوێ پێنه‌دانه‌ی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ، به‌هۆی په‌ره‌سه‌ندنی ڤایرۆسه‌كەو 20 ئه‌وه‌نده‌ی مردنی تووشبووان له‌ چین.
حكومه‌تی چین باوه‌ری وایه‌ به‌باشی ئه‌م كه‌سه‌ی وه‌به‌ریهێناوەو تیدرۆس-یان چاندووه‌ لەئیداره‌ی رێكخراوه‌كه‌ له‌ساڵی2017ه‌وه‌. بۆ ئه‌وان گونجاوتره‌ كه‌ كه‌سێكی چه‌پی باڵشكاو بێت و سیاسه‌تی ئه‌وان جێبه‌جێ بكات، رۆڵی چالاكوانێكی سیاسی بگێڕێت نه‌ك كه‌سێك لەڕێكخراوێكی مرۆیی، تیدۆرس یه‌كه‌م كاری سه‌ركردایه‌تی كه‌ بۆ چین-ی دووپاتكرده‌وه‌ ئه‌وه‌ بوو پابه‌ندبوو بەسیاسه‌تی "یه‌كپارچه‌یی چین" و به‌شداربوونی (تایوان)ی لەكۆبوونه‌وه‌كانی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی ره‌تكرده‌وه‌.
له‌كاتێكدا تیدۆرس بووه‌ بەشاردنه‌وه‌ی كه‌مته‌رخه‌مییه‌كانی چین، ئه‌مریكا دوو ئه‌وه‌نده‌ی چین بودجه‌ بۆ رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی دابینده‌كات، كه‌واته‌ كۆنگرێس ده‌توانێت لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر كاریگه‌ری چین له‌سه‌ر رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی، بكات و ئه‌مریكاش ته‌مویلی رێكخراوه‌كه‌ دیاریبكات وه‌ك رێگه‌یه‌ك بۆ شه‌فافیه‌تی رێكخراوه‌كه‌ له‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ چین ده‌یكات. هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ ئه‌مریكا پشكی شێری به‌خشیوه‌ بەڕێكخراوه‌كه‌ له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی، كه‌چی لەكه‌یسی كۆرۆنا ڤایرۆسدا رێكخراوه‌كه‌ لەئه‌ركی سه‌ره‌كی خۆی لایداو جیهانیش باجه‌كه‌ی دا.

وتاری زیاتر

بۆچی نرخی نه‌وت سفره‌؟‬ لوقمان غەفوور
2020-04-21 01:16      80 جار بینراوە







نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو