ئەكرەم ئەمین

لەقەیرانەکاندا، به‌رهه‌می ناوخۆیی لاوازترین خاڵی هه‌رێم

  2020-04-13 17:38      58 جار بینراوە        کۆمێنت

ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی یه‌كێكه‌ لەبنه‌ماو كۆڵه‌كه‌ سه‌ركییه‌كانی ده‌وڵه‌ت، یه‌كێك لەڕه‌گه‌زه‌ گرنگه‌كانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییش به‌رهه‌مهێنانی ناوخۆییه‌، كه‌ ده‌توانرێت بۆ چه‌ند یه‌كه‌یه‌ك پۆلێنبكرێت:
1. به‌رهه‌می ماددی: وه‌ك كاڵاو خواردن و پیشه‌سازی..
2. به‌رهه‌می مه‌عنه‌وی: وه‌ك په‌روه‌ردەو چاودێری ته‌ندروستی و به‌رگریی و ئاسایش ..
به‌رهه‌می ناوخۆ لاوازترین خاڵ...
ئه‌وه‌ی من مه‌به‌سته‌ لێره‌دا تیشكی بخه‌مه‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌هێنانی ماددیه‌ (كاڵاو خواردن و پیشه‌سازی) كه‌ زۆر كات وه‌ك چه‌ك دژمان به‌كارهێنراوه‌ له‌لایه‌ن وڵاتان به‌تایبه‌تی دراوسێكان، ئه‌وه‌ش هه‌ركاتێك ویستبێتیان فشاربخه‌نه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان. دیاترین فشاره‌كان دوای ئه‌نجامدانی ریفراندۆم وڵاتانی دراوسێ هه‌ڕه‌شه‌ی داخستنی دەروازه‌كانیان كرد، هه‌ندێكیان جێبه‌جێیان كرد كه‌ بووه‌ هۆی گرانبوونی خۆراك و كاڵا له‌ناو هه‌رێم، نه‌یارانی هه‌رێم زۆر باش ده‌زانن كه‌ لاوازیی هه‌رێم زیاتر له‌ چ روویه‌كه‌وه‌یه‌، بۆیه‌ هه‌ر كاتێك بیه‌وێت كاری له‌سه‌ر ئه‌كه‌ن و هه‌رێم ته‌نگه‌نه‌فه‌س ئه‌كه‌ن.
كۆرۆناو به‌رهه‌می ناوخۆیی...
له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م هه‌نگاوی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ خۆپارێزیی لەڤایرۆسی كۆرۆنا داخستنی سنووره‌كانی بوو له‌گه‌ڵ وڵاته‌ دراوسێكانی، ئاسته‌نگی ئه‌وه‌ی بۆ دروستبوو كه‌ چۆن خۆراك و كاڵاو پێداویستی دابینبكرێت؟ ئه‌مجاره‌ش نه‌بوون یان كه‌می به‌رهه‌می ناوخۆیی لاوازترین خاڵی هه‌رێم بوو، چونكه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو خۆپارێزییه‌كان له‌لایه‌ن هه‌رێم و هاووڵاتیانه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و پرسیارە ده‌كرا ئه‌ی باشه‌ كه‌ هه‌موو كه‌لوپه‌ل و خۆراكه‌كان لەوڵاتانی ده‌رەوه‌ دێت و زۆرترین تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنایان هه‌یه‌، كه‌ واته‌ خۆپارێزییە‌كه‌ به‌هه‌ده‌رده‌ڕوات، ئەوە روونە کە ئەوان سنوور دابخەن یان هەرێم سنووریان لەسەر دابخات هەر ئاستەنگ بۆ هەرێم دروستدەبێت.
هاندانی به‌رهه‌م و پرۆژه‌ی ناوخۆیی...
ئه‌گه‌رچی پێشتر زۆر داواكراوه‌ لەکابینە یەک بەیەکەکانی حکومەتی هەرێم كه‌ هه‌وڵی باشترو زیاتری به‌رهه‌می ناوخۆیی بدرێت، به‌ڵام تائێستا لەهه‌وڵێكی سه‌ره‌تایی بەولاوە شتێکی ئەوتۆ نه‌كراوه‌، بۆیە پێوییتە به‌رنامه‌ی مه‌ودا درێژو ئه‌ساسی بۆ هانی وه‌به‌رهێنه‌ره‌كان و پرۆژه‌ی بچوك و مامناوه‌ند به‌شێوه‌یه‌كی جددی بدرێت نه‌ك ته‌نیا بڕیاربێت و هیچی تر.
لایه‌نه‌ باشه‌كانی بووژانه‌وه‌ی به‌رهه‌می ناوخۆیی...
1. زیاتر پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی بەتایبه‌تی ئاسایش خۆراك، گوێنەدان بەهەڕەشەی داخستنی سنوورەکان.
2. ره‌خساندنی هه‌لی كار بۆ بێكارانی ناوخۆ.
3.  باشتر چاودێریكردنی به‌رهه‌مه‌كان له‌ڕووی ته‌ندروستی و جۆرایه‌تی و چۆنایه‌تییه‌وه‌.
4. له‌كاتی زیادبوون لەپێداویستی ناوخۆیی ده‌توانرێت هه‌نارده‌ی ده‌رەوه‌ بكرێت.

وتاری زیاتر

بەهۆشهاتنەوەی نه‌وت‬ ئەكرەم ئەمین
2020-05-09 19:09      42 جار بینراوە

نانت خواردووە؟‬ ئەكرەم ئەمین
2020-05-04 17:56      72 جار بینراوە

خواردن و پلانی ئابوورییانە‬ ئەكرەم ئەمین
2020-04-27 21:04      52 جار بینراوە


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو