فەرید ئەسەسەرد

لە پەراوێزی بودجەی ساڵی 2018 دا

  2017-12-04 12:07      70 جار بینراوە        کۆمێنت
بودجەی ساڵی 2018 ی عیراق كە حكومەتی عەبادی دایناوە، یەكەم بودجەیە كە پاش ریفراندۆمەكەی كوردستان دادەندرێ. هەر وردبونەوەیەك لەو بودجەیە دەری دەخا كە بەغدا هەموو كارتەكانی لە مستی خۆی كۆكردۆتەوە‌و بێ منەتییەكی زۆری بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان نیشانداوە. ئەمەش ئەو بۆچونە پشت راست دەكاتە كە پێش ریفراندۆم دەخرایە روو سەبارەت بەوەی كە ئەنجامدانی ریفراندۆم بەو پەلەپەلییە‌و بەبێ ئامادەكاریی پێویست، پێگەی هەرێم لەپاش ریفراندۆم بێهێز دەكا‌و هیچ كارتێكی بۆ مانۆری سیاسی بەدەستەوە ناهێڵێ. سیاسەتی سەركێشی‌و لێكدانەوەی چەوت هەمیشە ئەنجامی خراپی دەبێ، وەك لە كوردستاندا دەیبینین.

بەپێچەوانەی بودجەی ساڵانی رابردووەوە، هیچ پشكێك بۆ هەرێمی كوردستان دیاری نەكراوە. مەسەلەی دیاریكردنی پشكەكە بۆ رێژەی دانیشتوان بەپێی پارێزگاكان هێڵدراوەتەوە. بەم پێیه‌، لەسەر بنەمای رێژەی دانیشتوانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان رێژەی 6/12% دیاری كراوە. هەر لەم بودجه‌یەدا حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشێوەی «حكومەتی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان» ناوی هاتووە كە ئەمەش لەگەڵ دەقی ماددەی 117ی دەستور رێكناكەوێ كە بەناو ناوی «هەرێمی كوردستان» ی تێیدا هاتووە.

هەروەها بەهەمان پێودانگی بودجەی ساڵانی 2015‌و 2016 ‌و 2017، دیسان ئەو مەرجە دانراوەتەوە كە ئەگەر حكومەتی هەرێم نەوت رادەستی حكومەتی فیدرال نه‌كات، مافی وەرگرتنی بودجە لەدەست دەدا. ئەمەش خۆی لەخۆیدا تەگەرەیەكی ترە، چونكە لەمەوبەر حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵ دووجار، هەم لە ساڵی 2014 پێش دانانی بودجەی ساڵی 2015‌و هەم لە ساڵی 2015 پێش دانانی بودجەی ساڵی2016، لەسەر ئەوە رێك كەوتون كە نەوتی هەرێم بەرامبەر بە وەرگرتنی بودجە بێ. هەردوو جاریش حكومەتی هەرێم رێككەوتنەكەی جێبەجێ نەكردووە‌و ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی كە مەسەلەكە بگەڕێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم.

دەبێ حكومەتی هەرێم بزانێت كە هەلومەرجی پاش ریفراندۆمە شكستخواردووەكە تەواو جیاوازە‌و هەرێم بەرگەی ئەوە ناگرێت كە جارێكی تر بگەڕێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم چونكە بەغدا چیتر رازی نابێ هەرێم بەشێوەی نیمچە دەوڵەت هەڵسوكەوت بكات.

كاتی ئەوە هاتووە دان بەوەدا بنرێ كە لە ساڵانی رابردوودا حكومەتی هەرێم‌و لەناو حكومەتی هەرێمدا وەزارەتی سامانە سروشتییەكان‌و وەزیرە ونەكەی، ئەو لایەنە بووە كە تەگەرەی خستۆتە بەردەم گەیشتن بە پێكهێنانی ئەنجومەنی نەوت‌و گازی فیدرال‌و یارمەتیی دەركردنی یاسای نەوت‌و گازی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق نەداوە، چونكە لەو سەردەمەدا سەرمەستی پرۆژەی سەربەخۆیی ئابوری بووە‌و پێی وا بووە لە ساڵی دووەمی پیادەكردنی سیاسەتی سەربەخۆیی ئابوریدا پشكی 17%ی بە عیراق وەرگیراو تێدەپەرێنێ، لە قۆناغی یەكەمدا پشكەكە دەگەیەنێتە 25% لە قۆناغی دووەمدا دەیگەیەنێتە سەرووی 30%. هیچ كام لەم خەمڵاندنانە راست دەرنەچوون‌و لەئاكامدا هەرێم 17%ی پشكی لە عیراق وەرگیراوی لەدەستدا‌و لەسەریشی قەرزار بۆوە‌و كار گەیشتە رادەی لەدەستدانی توانای دابین كردنی موچەی كارمەندەكانی خۆی.

لەساڵانی رابردوودا فیدرالیزمی پەیڕەوكراو لە هەرێمی كوردستان، لە هیچ شوێنێكی جیهان‌و لەهیچ دەوڵەتێكی فیدرالدا نمونەی نەبووە. لەو ماوەیەدا هەرێم پابەندبونێكی دارایی بەرامبەر بە حكومەتی فیدرال نەبوە. بەپێی ئەو سیستمەی لە عیراقدا پەیڕەو دەكرێ، هەموو پارێزگاكان بەشێوە‌و بڕی جیاواز بەشدارن لە دابین كردنی داهات بۆ حكومەتی فیدرال لەوانە بە دابین كردنی داهاتەكانی نەوت، گومرگەكان، كارگە حكومییەكان، باج. لەناویاندا تەنها هەرێمی كوردستان بە هیچ داهاتێك بەشدار نەبوە لە زیادكردنی داهاتی حكومەتی فیدرال. بۆیە، لەم سەروبەندەدا، جەخت كردنی بەغدا لە ساڵی 2014 بەدواوە لەسەر رادەست كردنی نەوتی هەرێم بە حكومەتی فیدرال. بەشێكە لە سیاسەتێكی پەیڕەوكراو كە بەپێی دەستور هەموو هەرێم‌و پارێزگاكان دەگرێتەوە.

ئەم شێوازەی مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا كەڵكی نەماوە‌و پێویستە لەسەر هەرێم رەفتاری خۆی بگۆڕێ. لەم هەلومەرجەی ئێستادا گەورەترین دوو تەگەرە لەبەردەم چاك كردنەوەی پەیوەندییەكانی بەغدا‌و هەرێم، نەوت‌و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆمە.
لەم رووەوە پێویستە گوتاری سیاسیی هەرێم سەقامگیر‌و بنیاتنەر بێ. بەڵام ئەوەی كە دەیبینین وا نیە. لەكاتێكدا سەرەك وەزیرانی حكومەتی هەرێم لە كۆشكی ئەلیزێ لە فەرەنسا لێدوان دەدا‌و دەڵێ "ریفراندۆم كۆتایی هاتووە" ‌و داوای دانوستان «بەپێی دەستور‌و لە چوارچێوەی عیراقێكی یەكگرتوو» دەكات‌و رایدەگەیەنێ كە هەرێم «رێز» لە بڕیاری دادگای فیدرال دەگرێ كە ریفراندۆمی بە نادەستوری ناو بردووە‌و ئەنجامەكانیشی هەڵوەشاندۆتەوە، لەهەمان كاتدا گوتارێكی تر بەرامبەر بەم گوتارە نەرمە فەرمییەی حكومەتی هەرێم هەیە كە ریفراندۆم دەكاتە «كاردانەوەیەك» لە دژی ساڵی 1937 ی سەعد ئاباد‌و داوا لە هەرێم دەكا بەناوی خۆڕاگرییەوە هەڵوێستی توند بنوێنێ‌و بانگەشە بۆ ئەوە دەكات كە هەرێم لە لاوازییەوە داوای دانوستان ناكا. مەسەلەكە پەیوەندیی بە لاوازی‌و هێزەوە نیە. مەسەلەكە پەیوەندیی بەوەوە هەیە كە جگە لە دانوستان هیچ بژاردەیەكی تر نیە.

وتاری زیاتر




كوردستانی پاش ریفراندۆم ‌‬ فەرید ئەسەسەرد
2017-10-02 13:56      73 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو